کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کاتێکدا کە گرژیی نێوان ئێران و ئەمریکا پەرەدەستێنێ، حیزبوڵڵا خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل ئامادە دەکا

23:08 - 29 پووشپەڕ 2719

دەیلی بیست – جێس ڕۆسێنفێلد وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور بەیروت – جادە ئارام و پانەکەی ناوچەی شاخاویی ناوخۆی لوبنان زۆر دوورە لە گرژیی کەنداوی فارس، شوێنێک کە سەرۆک کۆمار ترامپ دەڵێ ئەمریکا چەند حەوتوو پێش ئێستا ١٠ خولەک لە شەڕ دوور بوو. هەمان شوێن کە ئەو ڕۆژی پێنج شەممە  گوتی کە وڵاتە یەکگرتووەکان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێرانیان خستۆتە خوارەوە. بەڵام ئەگەر هەرکات شەڕ دەست پێ بکا، ئەو گرد و دۆڵانەی نزیک سنووری ئیسڕائیل خێرا دەبنە هێڵی شەڕ. و بە گوێرەی فەرماندەکانی حیزبوڵڵا، ئەو ساتەوەختە دەتوانێ بەو زووانە بێ. کاتێک کە ترامپ باسی شەڕی کرد، ئەو مەبەستی شەڕێکی تەقەکردن بە شێوەی نەریتیی بوو. بەڵام بۆ ئێران و هاوپەیمانەکانی، ئەوە شەڕی ئابووریی ترامپ بە گەمارۆ خنکێنەرەکانییەتی کە ناوچەکە دەگەیەنێتە لێواری ناکۆکی سەربازیی. ئامانجەکانی ئابلۆقەکانی ترامپ هەر دێتو تێکهەڵچوونی سەربازیی وەک تاقە ڕێگای بەرپەرچدانەوە دێڵێتەوە. لێرە لە لوبنان، فەرماندەکانی حیزبوڵڵا هاوپەیمانی نزیک و بریکاری ئێرانن، و ئەوانیش بوونە ئامانجی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکان. ئەوان هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر ئەو زەختە درێژەی هەبێ، ئەو شاخە دژوارانە شوێنێک کە حیزبوڵڵا شەڕی خوێناویی پارتیزانیی بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی ٢٥ ساڵەی ئیسڕائیل لە ساڵی ٢٠٠٠ و داگیرکاریی ٢٠٠٦بەڕێوەبردن دەتوانێ سەرلەنوێ ئەوە شەڕە دەست پێ بکاتەوە. ئەوان دەڵێن کە ئەوجار شەڕەکە گەلێک کاولکەرتر دەبێ. هێزەکانی حیزبوڵڵا، لە شەڕی ناوخۆی سورییە ڕاهێنانی شەڕیان کردووە، لە سنووری ئیسڕائیل خەریکی دامەزرانن، نە تەنیا لە لوبنان بەڵکو لە سورییەش لەوبەری بەرزاییە داگیرکراوەکانی گۆلان. شەڕکەرانی حیزبوڵڵا کە قسەیان بۆ دەیلی بیست دەکرد دەڵێن ڕێکخراوەکەیان بە هۆی گەمارۆکان زەرەرمەند بووە و ئامادەی شەڕن، ئەگەر و کاتێک کە ئێران بە پێویستی بزانێ. فەرماندە سەمیر، ئەفسەرێکی حیزبوڵڵا کە بەرپرسی ٨٠٠ شەڕکەر لە سنووری ئیسڕائیل و لوبنانە دەڵێ، "گەمارۆکان ئێمەیان ناچار کردووە خۆ بۆ بەرەی ئیسڕائیل ئامادە بکەین." ئەو لە بەکار هێنانی نێوی ڕاستەقینەی خۆی خۆ دەبوێرێ چونکە ئیجازەی نییە لەگەڵ میدیاکان وتووێژ بکا. ئەو دەڵێ، "ئەوجار ئێمە یەکەم تەقە دەکەین." لە دوای چوونە ناو شەڕی سورییە لە ٢٠١٢ بۆ پشتگیریی لە ڕێژیمی ئەسەد، حیزبوڵڵا لەبنەڕەت ڕا  گۆڕاوە و بۆتە هێزێکی شەڕکەری ناوچەیی. ئەو ڕێکخراوە شیعەیە لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئیلهام وەردەگرێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان خستوویەتیە ناو لیستەی تێرۆرەوە. کاتێک کە ترامپ ساڵی ڕابردوو باسی هۆیەکانی چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانی کرد، کە بووە هۆی قەیرانی هەنووکەیی، ئەو باسی پشتیوانیی ئێران لە میلیشیاکانی کرد  کە بوونە هۆی پەرە ئەستاندنی دەسەڵاتی لە ناوچە کە وڵاتە یەکگرتوەکان بەتەمایە کۆتایی پێ بێنێ، حیزبوڵڵا ئامانجی سەرەکییە لەو بەینە دا. بەڵام زەختەکە هەر دێتو زیاتر دەبێ و دەبێتە هۆی هاندانی بەکرێگیراوانی ئێران. حیزبوڵڵا هێشتا لە سورییە خەریکی شەڕە لە کاتێکدا کە خەریکی ڕاهێنانی میلیشیای هاوپەیمانی ئێرانە لە عێراق و یەمەن. فەرماندەکە دەڵێ ڕێکخراوەکەی و ئێران ناکۆکییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانە فەلەستینییەکان لەسەر مەسەلەی سورییە وەلا ناون، کاتێک کە شۆڕشی سورییە بووە هۆی شەڕێکی ناوچەیی خویناویی ئەوان لەبەرەی جیاواز دابوون، بەڵام ئێران دووبارە دەستی کردووە بە ڕاهێنانی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین. لە ژوورێکدا کە بەسەر ئەو دۆڵانەدا دەڕوانێ کە لەگەڵ گردەکانی ئەوێ تیکەڵ دەبێتەوە و ئەو لەوێ بوو بە کەسێکی خاوەن ئەزموون، کەمینی بۆ سوپای ئیسڕائیل دادەنا، سەمیر دەڵێ شەڕی داهاتوو وەک هیچکام لە شەڕەکانی پێشو ناچێ. ئەو جەخت لەسەر گرینگیی پێگەکانی حیزبوڵڵا لە ئەو بەشەی گۆلان کە لە ژێر دەسەڵاتی سورییەدان دەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی بوار بۆ کردنەوە بەرەیەکی دیکە دژی ئیسڕائیل، و خۆ بە توانایی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چەکی دژی فڕۆکە و دژی هێزی دەریایی ڕادەنێ، چەکهایەک کە لە سورییە دەستیان کەوتوون لەگەڵ هێزی شەڕکەری ڕاهاتوو. ئەو فەرماندەیە گوتی، "ئێمە پێش شەڕی سورییە بە ئاوات بووین کە بەرەیەکی دیکە لە گۆلان بکەینەوە بەڵام هێڵی سووری دیاریکردبوو."  مەبەستی ئەوە بوو کە ڕێژیمی ئەسەدی پێش شەڕ، سنووری بۆ چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دیاری کردبوو. ئەو گوتی، "ئێستا هیچ هڵێکی سوور بوونی نییە." ئەو فەرماندەیە ددان بەوە دادەنێ کە شەڕێکی تازە دەبێتە هۆی وێرانیی بەربڵاو لە ئیسڕائیل و لوبنان، بەڵام گەمارۆکانی ئابووری ئێران ئیفلیج دەکەن و پشتیوانیی ئابووریی ئێران بۆ حیزبوڵڵا زۆر کەم دەکەنەوە کە دەبێتە هۆی وەڕاستی گەڕانی مۆتەکەیەکی ڕاستەقینە. بە گوێرەی سێ شەڕکەر کە دەیلی بیست قسەی لەگەڵ کردن، هەر ئێستا مووچەی شەڕکەرانی حیزبوڵڵا بۆتە نیوە. بەڵام لەکاتێکدا کە ئەوان لە بواری ئابورییەوە زەرەمەند بوون، پێداگرن کە ڕێکخراوەکەیان لە ڕوانگەی سەربازییەوە بەهێزە. فەرماندە سەمیر دەڵێ، "ئێرانییەکان گوتوویانە یا هەموومان نەوت دەفرۆشین یا هیچ کەس ناتوانێ نەوت بفرۆشێ"، کە نیشان دەدا بەرژەوەندیی حیزبوڵڵا چۆن بە هی ئێرانەوە بەستراوەتەوە. هەر وەک ئەو دوو شەڕکەرەی کە قسەیان بۆ دەیلی بیست کرد، ئەو باسی نیگەرانییەکانی حیزبوڵڵا وک شتێکی ناوچەیی دەکا نەوەک ناوخۆیی، کە وەڵامی ئاکارەکانی هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتوەکان لە خۆرهەڵاتی ناڤینە نەوەک ئاکاری ئیسڕائیل لەسەر خاکی لوبنان. فەرماندەکە دەڵێ، "ئەگەر هەر مووشەکێک بەر ئێران بکەوێ، وای هەڵسوکەت لەگەڵ دەکرێ کە ئیسڕائیل ئەو کارەی کردبێ." سەرەڕای پەرەگرتنی ناسەقامگیریی لە ناوچەدا پاش کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و دەستپێکی چەسپاندنی ئابلۆقەکان، بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی "ئەوپەڕی زەخت" ئێران ناچار دەکا کە ملکەچ بێ. بەڵام بە گوتەی ئەحمەد موسەللی، پرۆفیسۆری زانستی سیاسی و پسپۆڕی جووڵانەوە ئیسلامییەکان لە زانکۆی ئەمریکایی بەیروت، زەختە ئابوورییەکانی واشینگتۆن کاریگەریی پێچەوانەیان هەیە. موسەللی بە ئاماژە بە ئێران و بەکرێگیراوە ناوچەییەکانی دەڵێ، "تۆ دەبینی کە ئەو تەوەرە خۆی لە شەڕی مان و نەماندا دەبینێ، کە وابوو ئەوان خۆ کۆدەکەنەوە و تەوەرەکە بەهێز دەکەن." ئەو ئاماژە بە حیزبوڵڵا دەکا کە چۆن بە ئاشکرا نفوزی سیاسی خۆی لە لوبنان زیاتر کردووە و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن و عێراق هەنگاوی هێرشبەرانەیان ناون. موسەللی دەڵێ، "ئێران بێدەنگ نابێ و خۆی لە ناوخۆوە لەناو نابا. و تەنیا ڕێگای ئەوان پەرچەکرداری سەربازییە، ئەوان بژاردەیەکی دیکەیان نییە." ئەو هیچ گومانی لەوەدا نییە کە ئەوە ئێرانە کە بڕیاری بەرپەرچدانەوە ناوچەییەکان دەدا نەوەک حیزبوڵڵا یا بریکارێکی دیکە کە بە دەستپێشخەریی خۆی بیهەوێ شتێک بکات. مووشەکبارانەکانی نێوان ئیسڕائیل و غەززە لە بەرەبەری هەڵبژاردنی ئیسڕائیل لە مانگی مای نموونەیەکی باشیان لە گۆڕانی تاکتیکەکاندا پێشان داین. فەرماندە سەمیر ئاماژە بە هەڕەشەیەک لە لایەن جیهادی ئیسلامیی لەبارەی هێرشی مووشەکیی بۆ سەر شاری حەیفا لە باکوور دەکا، کە بەڕیوە نەچوو. هەڕەشەکە ئاڵوگۆڕێکی ئاشکرا لە لێدوانی ئەو تاقمە ئیسلامییە فەلەستینییەبوو کە پێشدا هەڵوێستی "بێدەنگیی لە بەرامبەر بێدەنگیی" هەبوو، دەستەواژەیەک کە لە لایەن سوپای ئیسڕائیلەوە کەڵکی لێوەردەگیرا بەو مانایە کە ئەوان دەستپێشخەری دوژمنکاریی سەربازیی نابن. ئەو خۆ بە توانایی تەقە کردن لە ئیسڕائیل لە باشوور یا باکوورەوە هەڵدەنێتەوە کە بڕیارەکەی بەدەست ئێرانە و دەڵێ، " ئەوە پەیامێک بوو لە لایەن ئێمە و ئێرانەوە. جیهادی ئیسلامیی هەرگیز پێش پەیوەندیکردن بە ئێرانییەکانەوە تەقە ناکا." "ئەسیر"، جەنگاوەرێکی بە ئەزموونی حیزبوڵڵا دوای چەند ساڵ لە شەڕی خوێناوی سورییە کە وێدەچێ شەڕی بێ کۆتایی بێ  گەڕاوەتەوە بۆ لوبنان. ئەو کەڵک لە ناوێکی خوازراو وەردەگرێ چونکە چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆیان نییە لە گەڵ میدیاکان قسە بکەن. کاتێک کە ئێمە لە بەیروت یەکتر دەبینین، ئەو دەڵێ وەکوو زۆر لەو چەکدارانە، کە دوای پەرە گرتنی دەسەڵاتی ئەسەد لە ڕووبەرێکی بەرچاو لە سورییەدا، گەڕاونەوە لوبنان ئەرکە سەربازییەکانی کۆتاییان پێ نەهاتووە بەڵکو گوازراونەوە بۆ باشوور بۆ بەرەی سنووری ئیسڕائیل. ئەسیر دەڵێ، " ئەو کەسانەی کە مەئمورییەتەکانیان لە سورییە کۆتایی پێدێ، دەچن بۆ باشوور" و باسی خۆی و فەرماندەکانی دەکا کە چۆن دوای تەشەنە کردنی گرژییەکان لە کەنداو مەئمورییەتی نوێیان پێدراون."هەندێک لە یەکەکان لە سورییە ماون بەڵام بەشێکی زۆر گەڕاونەوە بۆ لوبنان و یا گۆلان، بە هەزاران کەس گەڕاونەوە." سەرکەوتنی سەربازیی لە سورییە باوەڕبەخۆبوونی ئەسیری بەهێز کردووە و ئەو ئاماژە بە گرژییەکانی گەرووی هورموز وەک سەرچاوەی نوێ ناکۆکی لە گەڵ ئیسڕائیل دەکا. ئەسیر دەڵێ، " فەرماندەکان دەڵێن ئەگەر پڕیشکێکی ئاگر لە هورموز هەبێ، پڕیشکێکی ئاگر لە لوبنانیش دەبێ." بەڵام، موسەللی دەڵێ ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل، ئەگەرچی بوونی هەیە، وەک ڕووداوێکی گەلێک نزیک نابینێ. ئەو گومانی لەوەدا هەیە کە حیزبوڵڵا لە حاڵی حازردا خوازیاری شەڕ بێ. بە بۆچوونی ناوبراو ئێران ئێستا زۆرتر سەرقاڵی وەڵامدانەوە لە ناوچەی کەنداو و عێراقە. موسەللی دەڵێ، "سورییە و لوبنان کاتێک تووشی شەڕ دەبن کە ئوروپا و ئێران بە تەواوی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکشێنەوە." ئەو پێی وایە کە شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل جارێ زۆر دوورە، " مەسەلەی ئیسڕائیل شتێکی گەورەیە." ئەو ئاماژە بە تێچووەکانی شەڕی ٢٠٠٦ دەکا و درێژە دەدا، " کەوابوو زەختێک بوونی هەیە، ئەگەری شەڕ هەیە بەڵام من پێم وانییە ئەوە نزیک بێ." ئەو دەڵێ ئەگەر ئابلۆقەکان سووکتر بکرێن، گرژییەکانیش کەم دەکەنەوە. بەڵام بە ئاماژە بۆ حیزبوڵڵا دەڵێ، " ئەوان ئامادەن ؟ بەڵێ ئەوان ئامادەن." بەراوردی موسەللی لە بارەی مارشی لەسەرخۆ بەرەو حەمامی خوێنی ناکۆکی ئیسڕائیل-لوبنان کە کاولکەرتر دەبێ لەوانی پێشوو لە وتەکانی "فەرماندە ئەیمەن"، ئەفسەرێکی حیزبوڵڵا کە لە بەیروتە و فەرماندەی یەکە شەڕکەرەکان لە سورییەشە، دەنگ دەدەنەوە. ئەو دەڵێ، " ئەمریکا دەزانێ کە ئێمە چ شەڕکەرێکمان هەن، کەوابوو حیزبوڵڵا و ئێران وەبیر دونیا دێننەوە کە شەڕ دەتوانێ چەندە خراپ بێ." لە کاتێکدا کە باسی بوونی هێڵێ سوور لەبارەی هەر جۆرە هێرش بۆ سەر ئێران دەکا، ئەو پێداگرە کە ویستێکی بەهێز بۆ خۆ بواردن لە شەڕ هەیە، کە دەتوانێ ئاشکراکەری هۆی باسی گەرم لەبارەی تیکهەڵچوونی بەمزوانە لەگەڵ ئیسڕائیل بێ واتە قەناعەت هێنان بە وڵاتە یەکگرتووەکان کە دەست لە ستراتێژیی هەنووکەیی خۆی گەڵگرێ." ئیسڕائیلیش وێناچی ئێستا خوازیاری ناکۆکی لەگەڵ لوبنان بێ. لە کاتێکدا کە نەتانیاهو  سیاسەتی هێرش بۆ سەر ئێران و حیزبوڵڵای لە سورییە گرتۆتە بەر، ئەو خۆی لە شەڕیکی دیکە لە لوبنان بواردووە. تەنانەت کاتێک کە تونێلەکانی حیزبوڵڵا بۆ  ئیسڕائیل لە مانگی ژانویە ئاشکرا بوون، هیچ کردەوەیەک دژی لوبنان نەکرا. بە پێچەوانەی شەڕی ئیسڕائیل لە غەززە، کە تێچوویەکی کەمی بۆ سەربازانی ئیسڕائیل و خەڵکی مەدەنی هەبووە و دەنگدەرانی بەرەو نەتانیاهو و پاڵناوە، شەڕەکانی لوبنان تێچووی گەورەی سەربازی و مەدەنی بۆ ئیسڕائیل بەدواوە بووە، کە زۆرجار بوونە هۆی ڕوووەرگێڕانی دەنگدەران لە دەسەڵاتداران. کاتێک کە پرسیار کرا کە ئاخۆ بۆچوونی نەتانیاهو و لەبارەی هاندانی چالاکانەی سەپاندنی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ ببێتە هۆی هەڵایسانی ناکۆکی لەگەڵ حیزبوڵڵا، ئۆفیسی سەرۆک وەزیران خۆی لە لێدوانی فەرمیی بوارد. ئەڕتەشی ئیسڕائیلیش خۆی لە دانی لێدوان لەبارەی بۆچوونی لەبارەی گرژییە هەنووکەییەکان لە سنووری لوبنان یا ئاخۆ پلەی هۆشیاریی، دوای ئەوەی کە ئێران بەرامبەر بە ئابلۆقەکان پەرچەکدردار بنوێنێ، دەگۆڕێ بوارد، ئەوان گوتیان، " ئەو مەسەلەیە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بە تەلەفۆن یا بە لێدوانێک بتوانن شی بکەنەوە." دوای ئەوەی کە سێ شەممەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی وڵاتە یەکگرتووەکان  ئابلۆقەی نوێی بەسەر چەند ئەندامی حیزبوڵڵا لە پارلمانی لوبنان سەپاند، هەڕەشەی لەناوبردن لە نێوانی سەرۆکی حیزبوڵڵا حەسەن نەسڕوڵڵا و سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو (کە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی خەبات دەکا)، ئاڵووێر کراون. لە لێدوانێکدا بە بۆنەی سێزدەهەمین ساڵوەگەڕی شەڕ لە گەڵ ئیسڕائیل لە ٢٠٠٦، نەسڕوڵڵا زۆر لەسەر پەرە گرتنی تواناییە سەربازییەکانیان ڕۆیشت و هەڕەشەی کرد کە شەڕێکی دیکە دەتوانێ "ئیسڕائیل بەرەو نەمان ببا." نەتانیاهو  ڕۆژی یەکشەممە لە وەڵامدا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر حیزبوڵڵا هێرش بکا " گورزێکی سەربازیی تێکشکێنەر" لە لوبنان  و حیزبوڵڵا دەوەشێنێت. ئەگەرچی حیزبوڵڵا و ئیسڕائیل نایانهەوێ ئێستا دەست بە تەقە بکەن، هەر دێتو زۆرتر ئاشکرا دەبێ کە بڕیارەکە لە لایەن سیاسەتەکانی واشینگتۆن و چۆنییەتی بەرپەرچدانەوەی ئێران دیاری دەکرێ. هەرچۆنێک بێ، بە گوتەی ترامپ، چەند حەوتوو لەوەپێش وێدەچوو شەڕێک، کە لەوانەیە لە کەنداو تا مەدیتەرانە بگرێتەوە، تەنیا ١٠ خولەک دوور بوو.