کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەشبگیری و پەلەقاژەی دەسەڵات

05:34 - 30 پووشپەڕ 2719

هەرچەند کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای قۆرخکردنی دەسەڵاتەوە بە سیاسەتێکی توندوتیژ و توتالیتێرییەوە یان بە قەولی خومەینی ئینقلابی، بناغەی ڕێژیمێکی درۆزن و دژە مرۆیی لەسەر ژیانی بە میلیۆنان کەس خەڵکی ئێران دانا، بەڵام لە بەر هۆکارگەلی جیا جیا و لەوانە هۆکاری مەزهەبی و ناسیاسی بوونی خەڵکی ئێران بە ڕاددەی پێویست، نەخوێندەواری، سانسۆر، شەڕ، نەبوونی زانیاری و هەواڵ و درۆی شاخداری بەرپرسانی ڕێژیم و لەوانە قسەکانی خومەینی و چەندین هۆکاریتر، بەشی زۆری خەڵکی ئێران نەک هەر دژایەتییان نەبوو لەگەڵ ڕێژیم بەڵکوو بە گیان و دڵیش پشتیوانییان لێدەکرد. بەڵام خەڵکی کوردستان بەپێچەوانەی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران، هەر لە سەرەتاوە دژایەتیی خۆی لەگەڵ لە دایکبوونی ڕێژیمێکی مەزهەبی ڕاگەیاند؛ هەر بۆیەش کەوتە بەر پەلاماری دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و شەپۆلی ڕەشەکوژی و گرتن و ئێعدام و تیربارانی  هەڕەمەکی کە کەسێکی وەکوو خەڵخاڵی دەبێتە ئاشنای قیزەونی هەموو ماڵێکی ئەم نیشتمانە. بەڵام ئاکامێکی ڕیشەیی بۆ دڵنیابوون لە کوردستان دەس نەکەوت. چل ساڵە ئەم ڕێژیمە بە شێوازگەلی جۆراوجۆر خۆسەپاندنی خۆی بەسەر خەڵکی کوردستاندا تاقی کردۆتەوە، ڕەنگە بە پێی هەلومەرج و بارودۆخ، گەلی کورد و بزووتنەوەکەی تاکتیکی خۆی گۆڕیبێت بەڵام ستراتیژی خەباتی بزووتنەوەی کورد نەک بە گوشاری کۆماری ئیسلامی بەڵام بە پێی بەرژەوەندی و هەلومەرج گۆڕانی کاتی بەسەردا هاتووە و لە بنەمادا لە داخوازییە بنەڕەتییەکانی پاشگەز نەبۆتەوە و هەوڵی پێگەیاندنی کۆمەڵگەی کوردی داوە، لەولاشەوە کۆماری ئیسلامی هەوڵی کزکردن و لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردیی داوە و چەندین ڕێگاشی بۆ دەستەمۆکردنی کۆمەڵگەی کوردی تاقی کردۆتەوە و سەرمایەگوزاری زۆریشی لەسەر کردووە، بەڵام وەک دەڵێن (ماڵ لەسەر خاکی خەڵک بکەی خەوەکەشت لێ تێکدەچێ) .کۆماری ئیسلامیش خەوێکی ئاسایی لەسەر خاکی کوردستاندا نەکردووە و نایکات . بێجگە لە هەوڵە ژێربەژێر و نادیارەکانی، هەوڵگەلێکی بەرچاو و نەزۆکی لە ڕێگای میدیا و قەڵەمبەدەستە دەستەمۆکانییەوە بۆ ئەوەیکە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان لە بەرچاوی خەلک بخا و  بۆ بەرتەسککردنەوەی داخوازییەکانی گەلی کورد لەوانە خوێندنی زمانی کوردی لە زانکۆی کوردستاندا و بە دانانی کونسێرتی جۆراوجۆر و کار و چالاکیی بەناو فەرهەنگی و هتد...کە پیلانی بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی کوردستان لەم بارودۆخە لەرزۆکەی خۆیدا کێشابوو بەڵام زۆری پێنەچوو کە خەڵکی نیشتمان‌دۆستی کوردستان لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی تیرۆری دوکتور قاسملوودا جارێکی دیکە سەلماندیان کە پیلانی دوژمن ناتوانێ خەڵکی کورد هەڵخەڵەتێنێ وبە شێوەیەکی بەربڵاو لە لوڕستانەوە تا ماکۆ خەوی ڕێژیمیان شڵەقاند هەر بۆیە بە شڵەژاوییەکی لە ڕادەبەدەرەوە کەوتە پەلەقاژێ و دەستی کرد بە ڕەشبگیری لە شارەکانی کوردستان بە پێی ئامارەکان هەر لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا زیاترلە چل کەس بە بێ هیچ هۆکارێک دەسبەسەر کراون و تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانیان دراوەتە پاڵ. هەندێک لەوانە تەنیا لەبەر پۆشینی جلوبەرگی کوردی دەسبەسەرکراون. ئەمە جارێکی تر ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد کە گەلێک زیندوو بێ هیچ داگیرکەرێک ناتوانێ کاتژمێرێکیش بە بێ دڵەڕاوکێ و ترس لەسەر خاکەکەی ئاسوودەبێ، کە بە خۆشییەوە بە پێچەوانەی چل ساڵ سەرکوت و تێچووی زۆری سەربازی و پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنی بەربڵاو هەستی نەتەوایەتی و شوناسخوازی خەڵک بە تایبەت خەڵکی کورد و بەتایبەتیتریش ئەو ناوچانەی کە کۆماری ئیسلامی زۆرتر سەرمایەی بۆ دانابوون وەکوو کرماشان و ئیلام  و بەرچاوتریش وەکوو کوردەکانی خۆراسان ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشان دایەو پتەوتر دەبێ؛  ئەمەش  سەری لە تێئۆریسیەنەکانی ڕێژیم شێواندووە و دەستیان داوەتە ڕەشبگیری لاوانی کورد کە بە دڵنیاییەوە ئەمەش هیچ کاریگەری لەسەر خەڵکی کورد نابێ بەڵکوو شێلگیرتریان دەکات بۆ گەیشتن بە داخوازییە ڕەواکانیان .