کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان، "حیجابی زۆرەمڵی" و بەڵای "گەشتی ئیڕشاد" لە وەرزی گەرمای ساڵدا

04:29 - 31 پووشپەڕ 2719

یەکێک لەو کێشانەی ژنان لە ئێران لە وەرزی گەرمادا بەرەوڕووی دەبنەوە، "گەشتی ئیڕشاد"و بیانوو پێگرتنی ناوەندە ئەمنیەتییەکانن لەسەر مەسەلەی خۆداپۆشین. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە هەوڵی دا ئێرانی دوای شۆڕش وەها دروست بکرێتەوە کە پێناسەی وڵاتێکی تەواو "ئیسلامی" وەربگرێ و سەرەڕای ئەوەی ئەمە پێچەوانەی ویست و داخوازیی گشتیی خەڵکی ئێران بوو؛ بەڵام بە زەبری چەک و سەرکوت سەپاندنی و کردنی بە یاسا. ئەوەش ئەم "یاسا"گەلەی پێشێل کردبێ سزا دراوە. حیجابی زۆرەملێ یەک لەوانە. هێشتا مانگێک لەسەر کەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ڕانەبردبوو لە ئایەتوڵڵا خومەینی لە کۆبوونەوەی لەنێو مەلاکانی شاری "قوم"دا ڕایگەیاند کە ژنان دەبێ خۆیان داپۆشن و بە حیجابی ئیسلامییەوە بێنە دەرێ و لە شوێنە ئیداری و گشتییەکاندا دەربکەون. ئەم قسانەی خومەینی کە وەک فیتوا و بڕیار و پاشان قانوونی حکومەتی چاوی لێکرا، بوو بەهۆی چەند سەرهەڵدانێکی ژنان کە پێیان وابوو بەشیان بە سەرکەوتنی شۆڕشەوە هەیە و دەبێ ئەوانیش مافەکانیان بەڕەسمی بناسرێ. ئەوان دەیانگوت حیجاب بابەتێکی تاکایەتییە و ناکرێ سووکایەتی بە کەسێک بکرێ یان بەگژیدا بچییەوە هەر لەبەر ئەوەی سەری دانەپۆشیوە، وە خۆداپۆشینیش بە مانای پاکی نایە. خۆپیشاندانەکانی ژنان سەرکوت کران، بەرەبەرە ڕێ لە ژنانی سەرڕووت گیرا لە شوێنە گشتییەکان دەربکەون و هەر ژنێک لە ئیدارە دەوڵەتییەکاندا بە چارشێو و سەرپۆشەوە نەچووبایە سەر کارەکەی وەدەر دەنرا و ئیدی لەو کاتەوە حیجابی زۆرەملێ بۆتە کوتکێک کە بەردەوام پێی لەسەری ژنان دەدرێ. حیجابی زۆرەملێ وەک نموونەی هەرە دیاری توندوتیژیی حکوومەتی بووەتە بێ مافییەکی گشتی بۆ ژنان. وەک باسکرا بە هەزاران ژن لە سۆنگەی دژایەتییان لەگەڵ ئەم بڕیارە کارەکانیان لەدەست دا، مەرجی وەرگرتنی زۆر لە هەل و دەرفەتە کارییەکان بە خۆداپۆشینی ژنان بەسترایەوە و پاشان ئەم توندوتیژییە لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی ژناندا چەسپێندرا. خۆداپۆشینی ژنان بەڵام سەرەڕای چوار دەیە سیاسەتی سەرکوت و خەرجکردنی ساڵانە سەدان میلیارد تمەن بۆ بەناو "فەرهەنگسازی" بۆ بڕەودان بە حیجاب، لای ژنان هەروا شتێکی نامۆ و داسەپاوە. ژنان لە هەر دەرفەتێک کەلک وەردەگرن بۆوەی لە دژی بوەستنەوە و بۆ ئەوەش تا ئێستا زۆر ڕێگەیان بڕیوە. ئەم پێشکەتنانەش لە چەند دیمەن و ڕەهەندێکدا بەڕوونی دەبیندرێن کە دەکرێ وەک سەنگەری مقاومەت و پاشەکشەکردن بە فەرهەنگی داسەپاوی دەسەڵات وێنای بکەین، وەک: ژنان و بڕەودان بە فەرهەنگی دووچەرخەسواری، ژنان و شاخەوانی، شان و ئاژووتنی ئوتومبیل و فڕێدانی لەچکە و سەرپۆشەکانیان، ژنان و ڕووتێکردنی زیاتر لە وەرزش و، ژنان و ئازادی نواندنیان لە مێترۆکاندا و... هەوڵەکانی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەی حیجابی زۆرەملێ ڕێک بەرەوڕووبوونەوەیە لەگەڵ فەرهەنگ و کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی دەسەڵات. ژنانی ئێران نایانەوێ کۆیلە بن و ماف و ئازادییەکانیان لێ زەوت بکرێ و بۆ ئەوەش ئامادەن تێچووی زۆر و قورسی گیران و کەوتنە بەندیخانەش بدەن.