کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات" لە چەند سەردێڕێکدا

16:51 - 1 گەلاوێژ 2719

تەنیا دێموکراسییە کە کلیلی چارەسەریی دروستی کێشەکانە تێگەیشتنی حیزبی دێموکرات بۆ دێموکراسی بە پلەی یەکەم تێکەڵ بە تێگەیشتن لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵک و کۆمەڵگە و لە پلەی دووهەمدا تێکەڵ بە تێگەیشن لە چۆنیەتیی بەرەپێشچوونی ڕەوتی خەبات لە حیزبدا کراوە. گومان لەوەدا نییە کە لە هەموو حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسییدا کێشەی فکری، تەشکیلاتی و ڕاهبوردی کە هەر هەموویان زادەی تێگەیشتن و بیروبۆچوونی جیاوازی ئەندامان و پێکهێنەرانی ئەو حیزب و سازمانەن، هەیە و دەبێ. حیزبی دێموکراتیش وەک هەموو رێکخراوێکی سیاسی، کێشەی جۆراوجۆری فکری، تەشکیلاتی و ڕاهبوردی هەبووە کە ڕاست بە پێچەوانەی ڕێکخراوە ئیدئۆلۆگ و دوگمەکان، پێڕەویکردن لە دێموکراسی وەک «کلیلی چارەسەریی کێشەکان»، توانیویەتی لە قەیرانی چاوەڕواننەکراو بیپاڕێزێ. شەهید دوکتور قاسملوو لەم پێوەندییەدا دەڵێ: «بوونی بیروبۆچوونی جیاواز لەنێو ڕیزەکانی حیزبدا نە تەنیا بە خراپ نازانین، بەڵکوو بە کلیلی چارەسەرکردنی درووستی گیروگرفتەکانی دەزانین کە دەبێتە هۆی بەرەپێشچوونی حیزب». حیزبی دێموکرات کە «دێموکراسی» بە یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی پێکێنانی خۆی دەزانێ، چ لە بەرنامەی سیاسیی خۆیدا بۆ چۆنیەتی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە ئێران کە باوەڕی وایە ئەو ئێرانە پێش هەموشتێک دەبێ «دێموکراتیک» بێت، چ لە مناسباتی دەروون تەشکیلاتیی خۆیدا پێداگری لە سەر دەکا و بەشێکە لە ماهییەتی سیاسی و رێکخراوەیی ئەم حیزبە. بۆیە لە هیچ حاڵەتێکدا حیزبی دێموکرات ئامادە نییە واز لە خەبات بۆ دێموکراسی و خەباتی دێموکراتیک لە پێناو ویست و داخوازییە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بهێنێ و، لە مێژە ڕاشکاوانە لە لایەن شەهید دوکتور قاسملوو، ڕێبەری ئەم حیزبەوە ڕاگەیاندراوە کە؛ «هەرگیز خەبات بۆ دێموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی یان خەباتی چینایەتی. چونکە ئەوە هۆی بنەڕەتیی پێکهاتنی حیزبی دێموکراتە و تا حیزبی دێموکرات ماوە، دێموکراسی مەبەست و ئامانجیەتی». بەرەنگاریی پێشمەرگانە (چەکداری) هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک لە حیزبی دێموکراتدا تەنیا «دژکردەوەیەکی ئیجباری» بووە و لە بڕگە و زەمەنی جیاوازدا و بەناچاری، چەک و «بەرهەڵستکاریی چەکدارانە» تەنیا رێگایەکی مومکین بووە. بەتایبەت دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران _کە نەتەنیا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو گوێ لە ویست و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات بگرێ، بەڵکوو بە دەرکردنی فەرمانی «جیهاد» وڵامی دانەوە_ ڕاگەیاندنی «بەرەنگاریی پێشمەرگانە» لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، وڵامێکی لۆژیکی و شۆڕشگێرانە بوو. لەم پێوەندییەدا دوکتور قاسملوو دەڵێ؛ "ئێمە زۆر جارمان ڕاگەیاندووە کە لایەنگری ئاشتیخوازانەی چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردین. زۆر جار وتوومانە کە میللەتی کورد شەڕخواز نییە، میللەتی کورد شەڕی ناوێ، بەڵام میللەتی کورد داوای حەقی مەشرووعی خۆی دەکا. ڕامانگەیاندووە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو وەختێک ئامادە بووە و ئامادەیە بۆ ئەوە لە ڕێگای ئاشتییەوە میللەتی کورد بە ئاواتی خۆی بگەیێنێ و وەزعێکی وا پێک بێنێ کە میللەتەکەمان پاش وەرگرتنی خودموختاریی خۆی بتوانێ ژیانێکی بەختیار بۆ خۆی درووست بکا. ئەوە ئێمە نەبووین، پێشمەرگە قارەمانەکان نەبوون کە ئەو شەڕەمان دەست پێکرد." ئەم شێوە خەباتە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا کە لێکدانەوەی جۆراوجۆر و جیاوازی بۆ کراوە، لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە شێوازێکی ڕەوا و بەرحەق لە خەبات دێتە ئەژمار و خەباتی چەکداریی لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بە «لاپەڕەیەکی زێڕین» لە تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەزانێ. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: "کاتێک لە وڵاتێکدا سەرەڕۆیی دەسەڵاتدار بێ، ئازادییەکان پێشێل بکرێن و مافە ئینسانییەکان بایەخیان بۆ دانەنرێ، خەڵکی ئەوینداری ڕزگاری و عەداڵەت رێگایەکی دیکەیان بێجگە لە پەنابردن بۆ چەک نامێنێتەوە. مادام ڕێژیمی خومەینی دەرەتانی خەباتی سیاسی لە نێوخۆی وڵاتی بۆ نەهێشتووینەوە و شێوەی ئەسڵیی خەباتمان چەکدارییە، زۆر بە جێیە کە بەشی هەرەزۆری تێکۆشانی ئێمە بۆ ڕێکوپێککردن و بەهێزیکردنی چەندی و چۆنیی پێشمەرگەکانمان تەرخان بکەین و زۆربەی ئیمکاناتی حیزبیش لە خزمەتی هێزی پێشمەرگەدا بێ." دژایەتی لەگەڵ تێرۆریزم حیزبی دێموکرات کە خۆی گەورەترین قوربانیی دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، نەتەنیا خۆی وەک رێکخراوێکی سیاسیی چەکدار -کە خوێناویترین خەباتی بەرانبەر بەم ڕێژیمە بەڕێوە - قەتی پەنا بۆ کردەوەی تێرۆریستی نەبردوە، بەڵکوو ئەم کردەوەیەی لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە و لە هەر شکڵ و شێوازێکدا بووبێ، ڕەت کردۆتەوە و ڕاشکاوانە مەحکوومی کردوە. دژایەتیی حیزبی دێموکرات لە گەڵ تێرۆریزم لە باوەڕێکی قوڵ و ئوسوولییەوە سەرچاوە دەگرێ کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پرسی «ڕەوای»ی و «مەشرووعییەت»ی ویست و داخوازییە سیاسییەکانەوە هەیە. حیزبی دێموکرات لەو باوەڕە دایە کە ئەو بزووتنەوانەی کە پشتیان بە ئیرادەی میللەتی خۆیان ئەستوورە و لە پشتیوانیی خەڵک لە سیاسەت و تێفکرینەکانیان پشتیوانی دەکەن، هیچ پێویستییەکیان بە پەنابردنەبەر تێرۆرێزم و ڕەشەکوژی نییە و، بە دڵنیاییەوە ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەم کردەوە نائەخلاقییە، خۆیان بەتاڵ لە پشتیوانیی گەڵدا دەبینن. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو، دەڵێ: «ئەو بزووتنەوانەی بە ڕێگای دێموکراتیدا دەڕۆن و لایەنگری و پشتیوانیی خەڵکیان لە گەڵە، پێویستییەکیان بە پانابردن بۆ تێرۆریزم نییە. حیزبی ئێمە لە گەڵ ئەوەی خومەینی چەندین جار دژی ئێمە لە شێوەکانی تێرۆریستی کەڵکی وەرگرتوە، قەت پەنای بۆ وەها کارهایەک نەبردوە. ئێمە تەنیا حیزبی ئێران بووین کە بە بارمتەگرتنمان لە سەفارەتی ئامریکا لە ساڵی ١٩٧٩ مەحکووم کرد. ئێمە هەمیشە تەیارە ڕفاندن و بۆمب دانانەوەمان مەحکووم کردوە». هەوڵدان بۆ بەنێونەتەوەیی کردنی مەسەلەی کورد لە ڕاستیدا خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەستێنی دێپلۆماسی و پێوەندییەکانی ئەم حیزبە بە ڕووی دنیای دەرەوەدا، قەرزباری شەهید دوکتور قاسملوویە. ڕوانینی دوکتور قاسملوو بۆ «زات»ی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد و پێوەندییە شەخسییەکانی لەگەڵ حیزب و کەسایەتییە بیانییەکان، لە درووستبوونی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات بە دنیای دەرەوە، دوو هۆکاری هەرە ئەساسی بوون. پێش هەموو شتێک دوکتور قاسملوو باوەڕی وابوو کە «مەسەلەی کورد، مەسەلەیەکی نێوخۆیی نییە». ئەم ڕوانین و خوێندنەوەیەش لە تێڕوانینی شەهید دوکتور قاسملوو بۆ «زات» و «نێوەرۆک»ی بزووتنەوەی کوردەوە سەرچاوەی دەگرت. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: «مەسەلەی کورد لە هەموو ئەبعادی خۆیدا بەو شێوەیە کە هەیە لە واقعدا پرسی چەندین میلیۆن کوردە کە دەبێ مەترەح بکرێ. ویستەکانمان ڕەوا، ئینسانی و دروستن. پێم وایە ئەگەر بەم شێوەیە لە مەسەلەکە بڕوانین و بچینە پێشی سەرکەوتنمان زیاتر دەبێ. موهیمییش ئەوەیە کە پەیامەکانی خۆمان کە ڕوا و دیموکراتیکن لە دەرەوە بەباشی وەربگیردرێ. دەبێ بە هەموو ئەو کەسانە کە گوێیان لە قسەکانی ئێمەیە، بڵێین کە داوای کورد زۆر سادە و ڕەوایە. کورد مافی نەتەوەیی خۆی دەوێ کە لە بەیاننامەی جیهانیی مافی ئادەمیزاددا هاتووە و شتێکی زیادی ناوێ. بۆیە داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس، مەسەلەیەکی نێوخۆیی نییە. زۆر دەوڵەتان وەک دەوڵەتی ئێران کە باسی کورد دەکرێ، دەڵێن؛ ئەوە مەسەلەیەکی نێوخۆییە و کەس حەقی نیە دەستی تێوەر بدا. کەوابوو ئێستا کە ئێمە داوای خودموختاری دەکەین، مەسەلەیەکی نێوخۆیی نییە و بەشێکە لە مافی ئادەمیزاد. بۆیەش ئەو دەوڵەت و رێکخرا و شەخسییەتانە کە خۆیان بە لایەنگری مافی ئینسان دەزانن پێویستە لە داوا ڕەواکانی کورد پشتیوانی بکەن». باوەڕمەند بە مەلەسەی ژنان بۆ یەکەم‌ جار لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتی گەلی کورد و لە کۆماری کوردستاندا، ژنی کورد بە شێوەی ڕەسمی و لە چوارچێوەی رێکخراوێکی تایبەتدا ئێعتراف بە ماف و ئازادییەکانی کرا. گرینگیدان بە ژنان لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پێشکەوتن و گەشەی ئازادییە کۆمەڵاتییەکانەوە هەیە. حیزبی دێموکرات وێڕای ڕێزگرتن لە بیروباوەڕ و کلتووری کۆمەڵگەی کوردستان، بەرانبەر بە دیاردە باوە دواکەوتووەکانی دژە ژنی وەک: «ژن بە ژنە»، «گەورە بە چووکە»، «بایەخوێن» و «بەزۆر بە شوودان» هەڵوێستی ڕوونی هەبووە و هەوڵی داوە ژنی کورد بە بیانووی جۆراوجۆری بێ‌بنەما مافی زەوت نەکرێ. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکرات تەنانەت زۆر پێش لە دانانی یاسا پێشکەوتووەکانی وڵاتانی ئورووپایی، بە کردوە و بە دەرکردنی یاسا و بڕیار، مافی وەک یەکی لە گەڵ پیاوان بۆ ژنان پەسەند کردوە کە دەکرێ ئاماژە بە مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێران بکەین. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمێکدا بە ڕەسمی لە ئامانجە گشتییەکانی خۆیدا باوەڕ بەوە دەهێنێ کە، «ژن و پیاو لە هەڵبژاردن و هەڵبژێردراندا مافیان وەک یەکە» کە، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئورووپایی، ژنان مافی دەنگدانیان پێ ڕەوا نەزانراوە. حیزبی دێموکرات دژ بە تێفکرینی ئەبزاری بۆ ژنان، لە سۆنگەی پرسی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان و ئازادییە دێموکراتیکە کۆمەڵایەتییەکانەوە، تێفکرینێکی دادپەروەرانەی بۆ ماف و ئازادییەکانی ژنان هەیە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: «لە تێکۆشانی حیزبی و سیاسیی ئێمەدا، دەبێ جێگایەکی تایبەتی بدرێ بە ژنان. وەک دەزانن حیزبی ئێمە مافی بەرابەریی تەاو لە گەڵ پیاوان بۆ ژنان دادەنێ. بەڵام دانانی ماف لەگەڵ پیادەکردنی ئەو مافە لە کۆمەڵدا مەودایەکی زۆریان لە بەیندا هەیە. دەبێ ئەو مەودایە بەرەبەرە لەبەین بچێ. بە بیروڕای حیزبی ئێمە هەرچی ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوترە و بزووتنەوەکە پێشکەوترە و شانسی سەرکەوتن نزیکترە». تێکەڵکردنی ئەخلاق و سیاسەت بایەخدان بە ئیدەئالە ئینسانییەکان و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی شێوازێکی دیکە لە کاری سیاسی کە دوور بێت لە تێڕوانینی «ڕەواییدان بە ئامرازی ناپەسەند لە پێناو ئامانجەکاندا»، ڕێبازێکی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکراتە. ئەم حیزبە کە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم و سەرهەڵدانی ڕووداوە شەرمهێنەرەکانی وەک هۆلۆکاست لە دڵی ئورووپا و قەڵاچۆی نەتەوە بەشخوراوەکان بە دەستی باوەڕە ئیمپراتۆرخوازەکانی عوسمانی و سەفەوی و لە سەردەمی سڕینەوەی جۆڕاوجۆرییە جوانە ئینسانییەکان لە سەردەمی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەیی ڕەزاخاندا بوونی خۆی ڕاگەیاند، بایەخدان بە ئەخلاق و مەعریفەی کرد بە بنەمای کار و تێکۆشانی خۆی. حیزبی دێموکرات کە پشتی بە گەلەکەی و ئەقڵییەتی دێموکراتیکی خۆی قاییمە، هیچ کات وڵامی سیاسەت و ڕوانینە پڕ لە درۆ و دوور لە ئەخلاقییەکانی ڕێژیم و نەیارانی بە بێ‌پڕنسیپی نەداوەتەوە. بۆیە شەهید دوکتور قاسملوو بەرانبەر بە هەموو ئەو جنێو و بۆختان و قسە سووکانەی بە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان دەکران قورس و قاییم و بە باوەڕبەخۆبوونێکی تەواوە دەڵێ: « ئێمە بێ‌ئوسوولی و جنێوفرۆشی لە سیاسەتدا ڕەت دەکەینەوە، بۆ جێگرکردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا تێ دەکۆشین و یەکەم حیزبی ئێرانی بووین کە ئەخلاقمان واریدی سیاسەت کردوە». یەکێک لە شانازییە هەیە گەورەکانی دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو کە قەت لە دووپاتکردنەوەی ماندوو نەدەبوو ئەوە بوو کە، ئەوەندەی دەگونجێ دەبێ بایەخ و ئیدەئالە ئینسانییەکان لە تێکۆشان و کاروباری ڕۆژانەی بزووتنەوەدا ڕەنگدانەوەیان هەبێ. حیزبی دێموکرات هیچ کات لە گەڵ زیندانییەکان بە خراپی ڕەفتاری نەکردوە. لە پێوەندی و هەڵسوکەوت لە گەڵ خەڵکدا پەنای بۆ فشاری زۆرەملی نەبردوە. قەت بارمتەی نەگرتوون، هیچ کات فڕۆکەی نەڕفاندووە یان لە شوێنی گشتی دا بۆمبی بۆ دوژمن دانەناوەتەوە و شەڕێ نەکردوە. واقعبینیی سیاسی یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە حیزبی دێموکرات لە هەموو بزووتنەوە سیاسییەکانی پێش خۆی لە کوردستان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم حیزبە لە ڕوانگەیەکی «واقعبینانە»وە ڕوانیویەتە «سیاسەت». کاتێک کە «کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان» دەگۆڕدرێ بە «حیزبی دێموکراتی کوردستان»، ڕێبەریی حیزب بە تایبەت پێشەوا قازی محەممەد ڕوانگە و تێفکرینێکی واقعبینانەتر پێڕەو دەکەن و بە سەرنجدان بە دۆخی سیاسیی ئەو کاتی ئێران، ناوچەکە و زەرفییەتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستان هەنگاو دەنێن. لە قۆناغەکانی دواتری خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کە چەند جارێک «لاڕێ»بوونی تێدا ڕووی داوە، گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی درووستی خۆی لە جۆری سیاسەتکردن و تێفکرین لە چۆنیەتی هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکان، هەمیشە وەک زەروورەتێکی سیاسی سەیر کراوە. بۆ ئەم مەبەسەتە هەوڵ دراوە بە ڕوانین و خوێندنەوەیەکی «بوێرانە» لە سەر مێژووی بزووتنەوەکانی کورد و جۆری سیاسەتکردن و لێکدانەوەی ئاکامەکان، بەردەوام وەبیر بهێنرێتەوە کە سیاسەت عیلم و زانستە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو ڕوو بە قوتابیانی لە زانکۆی حیزبی دێموکراتدا دەڵێ: «با ئێعتراف بکەین کە لە تاریخی میللەتەکەماندا کورد سیاسەتەکەی ئەوە بووە، یا هەموو شتێک یا هیچ شتێک، نەتیجەکەی بۆتە چی؟! بۆتە «هیچ». لە سیاسەتدا زۆر جار هەیە دوو هەنگاو دەچیە، شتێک وەردەگری، لە پاشان دیسان خەبات دەکەی بۆ شتێکی دیکە، ئەوە سیاسەتە. ناویان ناوە هونەری مومکین. سیاسەت هونەری مومکنە. لە سیاسەتدا ڕەش و سپی نییە، هەموو شتێک و هیچ شتێک، هەرکەس ئاوا سیاسەت بکا سەرناکەوێ». لە حیزبی دێموکراتدا، سیاسەت پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە مەفهوومی «بەرپرسیارێتی»یەوە هەیە، بەرپرسیاربوون بەرانبەر بە چارەنووسی نەتەوەیی و نیشتمانیی میللەتێک. کەوابوو تێگەیشتن لەم بەرپرسیاریتییەیە کە رێبەریی حیزبی دێموکراتی ناچار بەوە کردوە کە درووست سیاسەت بکا و خۆی دوور بگرێت لەوەی کە پێ دەگوترێ «خەیاڵ و ئارەزوو». "واقعبینیی سیاسی" لە حیزبی دێموکراتی کورستاندا بەرهەمی دوو ئەسڵی «لێهاتوویی لە تەحلیل» و «ئازایەتی لە بڕیاردان»ە. رێبەریی ئەم حیزبە بە پێڕەویکردن لە «ئەقڵی بە کۆمەڵ» و خۆ بە بەرپرس زانین بەرانبەر بە چارەنووسی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان، لێهاتووانە هەوڵی تێگەیشتن لە رووداو و گۆڕانکارییە دوور و نزیکەکان و، کاریگەرییان لە سەر بزووتنەوەی کورد داوە. لە قۆناغێکی دیکە لە خۆ بە بەرپرس زانین بەرانبەر بە خەڵک و بزووتنەوە و گرتنە پێشی سیاسەتێکی درووستی واقعبینانە، ئازایانە بڕیاریان داوە و ئەوەی بە درووست و قازانجی خەڵکیان زانیوە، ڕایانگەیاندوە. مافی دیاریکردنی چارەنووس حیزبی دێموکرات لە دەلاقە و مەفهوومی «سەروەریی نەتەوەیی»یەوە پێناسەی «مافی دیاریکردنی چارەنووس» دەکا. بەو مانایە کە هەر شکڵێک لە ئیدارەی سیاسی، چ خودموختاری بێت چ فیدراڵی یان هەر شێوازێکی دیکە، بتوانێ مافی دانانی چارەنووس بۆ کورد دابین بکا، ئەو بە باشی دەزانێ و ئەم «خودموختار»بوونەی پێ جۆرێک لە سەروەریی نەتەوەییە. ئەم تێفکرینە لە «ماف» و «خۆسەروەربوون»ە ئەوەندەی گرینگی بە نێوەرۆک دەدا، کەمتر خولیای فۆڕم و ڕواڵەتە. لە پێوەندی لە گەڵ ئەم ڕوانینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ «مافی دیاریکردنی چارەنووس»، شەهید دوکتور قاسملوو لە شێکردنەوەی درووشمی بنەرەتیی ئەو کاتی حیزب، (دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان)دا دەڵێ: «ئەگەر خودموختارییەکی ڕاستەقینەمان دەست کەوت بەو مانایەیە کە «مافی چارەنووس»، جێبەجێ کراوە. مەسەلە ئەوە نییە کە ئێمە نوێنەرێکمان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێ و ئاڵای تایبەتی و دراوی خۆمان هەبێ. هەر ئێستا زۆر میللەت ئەوانەیان هەیە – بەتایبەت لە ئافریقا کە پێشتر داگیرکرابوون و ئێستا ئازاد کراون – بەڵام هیچ هەست بەوە ناکەن مافی دانانی چارەنووسیان هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە بوونی شکڵی ڕواڵەتیی سەربەخۆیی یان ئیستقلال، مانای ئەوە نییە کە میللەتەکە مافی دانانی چارەنووسی دەست کەوتبێ. عەکسی ئەوەش هەر ڕاستە.» `ئەمە تا ئێرە بەشێک لە ڕوانگە و تێفکرینی حیزبی دێموکرات بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسە کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە «جێبەجێبوونی ئەو ئیدئالانەوە هەیە کە حیزبی دێموکرات لە شێوازی خودموختاری یان فیدرالیدا گەڵاڵەی کردوون و وەک بەرنامەی سیاسیی ئەم حیزبە فورموولە کراون. بەشێکی دیکەی ئەم تێفکرینە باوەڕ بە «ڕەوابوونی جیابوونەوەی میللەتانی زوڵمێکراو»ە لەو وڵاتانەی کە مافەکانیان تێدا زەوت دەکرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم پێوەندییەدا جیابوونەوە بە بڕیارێکی ڕەوا و مەشرووع دەزانێ. بەڵام کە دەگاتە سەر پرسی «جیابوونەوە»ی بەشەکانی کوردستان لەو دەوڵەتانەی کە بەسەریاندا دابەش کراون، پێی وایە چیدیکە «جیابوونەوە» هیچ مەفهوومێکی نامێنێ و ڕاشکاوانە باس لەوە دەکرێ کە ئەمە «یەکگرتنەوە»یە. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانیشەوە؛ «مافی یەکگرتنەوە لە مافی جیابوونەوە زیاترە». شەهید دوکتور قاسملوو لەم پێوەندییەدا دەڵێ؛ «مافی دانانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد، یانی هەموو کوردستان نە لەیەک جودابوونەوەیە، بەڵکوو بە پێچەوانە، یەکگرتنەوەیە. پێکەوە یەکگرتن مافی جیابوونەوە نیە، مافی یەکگرتنەوەیە، جوودابوونەوە لە میللەتەکانی دیکەیە. لە واقع‌دا حەقی یەکگرتنەوە تەنانەت لە حەقی جودابوونەوە زیاترە. کەوابوو ئێمە وەک نەتەوەی کورد ئەو حەقەمان هەیە کە ڕۆژێک یەک بگرینەوە، چونکە دابەشبوونی کوردستان، دابەشبوونێکی دەسکردە».