کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی نیڵدانی کورەی خەبات

16:53 - 1 گەلاوێژ 2719

پێویستیی نیڵدانی کورەی خەبات (لە یادی 30ی ساڵەی تێرۆری د.قاسملوودا) دوابەدوای دڕووست بوونی مڕۆڤایەتی و پەرینەوەی لە چاخی ژیانی کێوێتی و دڕووست کردنی ژیانی ژیارمەند، ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان مڕۆڤەکان هاتە ئاڕاوە، کە بیرمەندانێکی وەک ڕۆسۆ، ڵاک، دریدا و هابز و ... بە جوانی ئاماژەیان پێداوە . لە ڕاستیدا ئەم گواستنەوە و دڕووستکردنی رێکەوتنە خۆی لە چوارچێوەی ئەم شوعارە باوەدا دەبینێتەوە کە دەڵێ: دابینکردن و گەرەنتی کردنی پێداویستیە ئەساسییەکانی تاک و گۆمەڵگە بە پاڕاستنی ئەوانی دیکە لە پێناو پاراستنی خۆت . هەر وەک دەبینیین لە هەر یەک لە قۆناغەکانی ژیان وەک: چاخی دڕووست بوونی خێل، پاشایەتی، ئیمپراتوری و ڕۆشەنگەری تاکوو قۆناغی دەوڵەت_نەتەوە، تاکەکان بە پێدانی هێزی تاکەکەسی خۆیان بە دەسەڵاتی سەرووتر کە سەڕۆک خێل، پادشا، ئێمپراتۆر یا حاکمییەت لە چوارچێوەی یاسادا بووبێ، دەسەڵاتیان لە نێوان تاکەکان گواستووەتەوە بۆ نێوان کۆمەڵگە و حکوومەت و دوو چەمکی «ئەرک» و «ماف» لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییە لە ناخی یاسای وڵاتدا بۆ هەر دوو لایەن پێناسە کراوە و هەر کامیان دەبی جێبەجێی بکەن . پاش هەڵوەشانەوەی ئێمپراتۆڕە سیاسی و دینییەکان و درووست بوونی دەوڵەت_نەتەوە و، پاش چەند شەڕی گەوڕەی جیهانی و دامەزراندنی ڕێکخراوەی سیاسی، ئابووری و... لە جیهاندا و پێگەیشتوویی زیاتری تاکەکانی جیهانی مڕۆڤایەتی لە ڕێگای زانست و مۆدێرنیزاسیۆن، ئیدی تێگەیشتن لە مافەکان و دەستەبەری دەسەڵاتێکی ئازاد لەپێناو ژیانێکی پر لە ئەمنییەت و ئاوێتە بە خۆشبژێوی و؛ ئازاد بوون لە موماڕەسەی بەهاکانی خۆیان؛ هەموو کات وەبەر یەککەوتن لە نێوان حکومەت و خەڵکدا دروست بووە و دەشبێ. چونکی حکومەت دەیهەوێ بە قۆرغی مافە بنەڕەتییەکانی تاکەکان زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێنیتەوە و لە لایەکی دیکەش خەڵک دەیانەوێ ئەمنیەت، ئازادی و دادپەروەرییان هەبێ و ئەساسی هەر دەوڵەتێک بەرامبەر بە خەڵکەکەی جێبەجێ کردنی ئەم سێ بنەرەتەیە. بۆیە لە وەها دۆخێکدا ئەم وەبەریەککەوتنە لە نێوان خەڵک و حکوومەتە تۆتالیتێر و فێندەمێنتالیستەکان چڕتر دەبێ و ئاکامەکەشی یان گەیشتن بە ئازادی و سەربەستییە یا چۆکدادان و خۆبەدەستەوەدان. هەڵبەت دەسەڵاتە ملهورەکانی وەک کۆماری ئیسلامیش بە میکانیزم گەلی جۆراوجۆری وەک: نەخوێندەوار هێشتنەوە و پەرەپێدان بە هەژاری و بێکاری و ... وا دەکەن خەڵکی وڵات هەموو کات برسی و هاوکات زراوچووی دەزگای سەرکوت و دەسەڵاتیان بن. چ خاسمە ئەم حکوومەتە تۆتالیتێرە بە بیری فێندەمێنتاڵە هەموو کات ویستوویەتی مەزهەب ئاوێتەی دەزگا داپلۆسێنەرەکەی لە پێناو دەسەڵاتدا و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی وڵات ببێتە گۆڕستانێکی زیندوو. کە چاو لە مانیفێستی کۆماری ئیسلامی لەو سەردەمدا کە ڕێبەرانی ئێستای ئۆپۆزیسیونی ڕێژیمی پاشایەتی بوون و قسەکانی خومەینی لە کاتی دوورخرانەوەی بۆ فەڕانسەدا لە ڕۆژنامەکانی ئەم وڵاتەدا دەخوێنیەوە، دەبینی دنیایەکت بۆ بۆ وێنا دەکا، کە یۆتۆپیاکەی ئەرەستوو و سۆقرات و سوسیالیزمەکەی مارکس و هاوبیرانیشی دەستی لە دوو نادەن. گەڕانەوەی شکۆ بۆ تاکەکان، عەداڵەت، ئازادی، سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و... گۆشەیەکی بچووک بوون لەم بەهەشتەی خومەینی و هاوبیرەکانی ئاڵاهەڵگری بوون. بەڵام پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و جێگیر بوونی کۆماری ئیسلامی ئەوەی بەهۆی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمەوە بە خەڵک بڕا بریتی بوون لە: زیان و زەرەکانی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق، کپکردنی هەرچەشنە دەنگێکی ئازادیخوازی، دابەشکردنی خەڵک بە خودی و غەیرەخودی و بێبەشکردنی غەیرەخودییەکان لە هەموو مافێک، بەتاڵانبردنی هەموو بەها و بایەخەکانی تاکەکان بە خوڵقاندنی دوژمنی دەرەکی، بێبەشکردنی خەڵک و تاک و کۆمەڵگە بە هەموو جۆراوجۆرییەکانی لە هەر جۆرە ماف و ئازادییەک، بەرەڕووبوونەوەی کۆمەڵگە لەگەڵ بێکاری، گرانی و جۆرەها خەسار و زیانی کۆمەڵایەتی و.... حکومەتی ملهوڕ و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دروستبوونیەوە هەتا ئێستا و لەپێناو پاڕاستنی سیستمەکەی بە بەردەوامی چەند ڕێگەی گرتووەتە بەر: وەک، ترساندنی کۆمەڵانی خەڵک بەهۆی دەزگای سەرکوت و داپڵۆسێنەرەکەی. هەروەها، برسی کردنی خەڵک بۆ ئەوەی دەرەتانی بیرکردنەوە لە ماف و ئازادییەکانیان و هەلی بەرهەڵەستبوونیان پێ نەدەن. لەو نێوەدا ڕوانگەی ڕێژیم بۆ کوردستان جیاوازتر بووە. کوردستانی دەوڵەمەند بە ئاو و خاکی بەپیت و جۆرەها کانزا و سەرچاوەی سروشتیی ژێر زەوینی و بە سامانی مرۆیی پتر لە 10 میلیون کەسی هەمیشە وەک ناوچەیەکی داگیرکراو و کۆلۆنی سەیر کراوە. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەموو هەوڵی ڕێژیم لەسەر ئەم بنەمایانە بووە کە ئەوەندەی بۆی دەکرێ سەرچاوەکانی بەتاڵان ببا، خەڵکەکەی لە شوناسی نەتەوەییان داببڕێ و خەڵک و کۆمەڵگەی کوردی تووشی نەخۆشی و داهێزان بکا. لەوەها دۆخێک دایە کە ئەڕک و ئامانجی هەر تاکێکی ئازادیخوازی ئێرانی و بەتایبەت کورد ئەوەیە کە بەدژی سیاسەتی تێرۆر و داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامی بوەستنەوە و پەرە بە مافخوازیی خۆیان بدەن. ساڵیادی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو دەرفەتێک و هەلێک و بیانوویەکە بۆ بەگوڕترکردنی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و یەکسانیدا کە ئامانجی هەرە بەرزی قاسملووی نەمر بوو.