کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرژەوەندیی پشتگیری لە جووڵانەوەی کورد!

16:55 - 1 گەلاوێژ 2719

22ی پووشپەڕ رۆژێکی لەبیرنەکراو و تاڵ بۆ کورد بەتایبەت لە رۆژ‌هەڵاتی کوردستانە. 22ی پووشپەڕی ئەمساڵ ٣٠ ساڵ بەسەر تێرۆری دکتۆر قاسملوو، سکرتێری حیزبی دێمۆکرات و ناسراوترین ڕێبەری کوردەکانی ڕۆژهەڵات تێپەڕی. دوکتۆر قاسملوو پاش بەشداریی لە کۆنگرەی ئەنترناسێوناڵی سۆسیالیست کە لە سوئێد بەرێوە چوو، بۆ وتووێژ و چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتیی کوردەکانی ئێران و، درێژەی وتووێژەکان دەگەڵ نێردراوانی دەوڵەتی ئێران چوو بۆ وییەن. قاسملوو لەسەر ئەساسی ئەو فکرە کە هەر لە بنەڕەت ڕا کورد خوازیاری شەڕ و کوشت و کوشتار نییە و، لە لایەکی دیکەش ڕاست لەو کاتانەدا کە ڕێژیمی ئێران پاش هەشت ساڵ شەری وێرانکارانە دەگەڵ ئێراق تازە ئاگربەس و کۆتاییهێنان بە شەڕی قبوول کردبوو و، واویدەچوو کە پێویستی بە بڕێک ئارامی و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی وێرانی خۆی هەبێ، بۆ نیشاندانی نیازپاکیی زیاتری کوردەکان و بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی کوردستانیش بگرێتەوە، هەوڵی سازان و ڕێککەوتنی دەدا. هەر بەو مەبەستەش بێ لەبەرچاوگرتنی باری ئەمنیی دانیشتنەکان دەگەڵ بەڕواڵەت دیپلۆماتەکانی ڕێژیمی ئێران چووە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەو بە نییەتی باش و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کوردستان و چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی کورد لە ئێران ڕێگای وتووێژی گرتە بەر. لایەنی بەرانبەریش واتا دەسەڵاتدارانی ئێران لە جیاتی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە، وەک سیاسەت و ئیدە و رەوشتی نەگۆریان، کە کوشتن و تێرۆر و لەنێوبردنە، پڵانیان بۆ کوشتنی قاسملوو و هاورێیانی داڕشتبوو. تێرۆری وییەن، نە یەکەم پیلانی تێرۆریستیی دەسەڵاتدارانی ئێران بوو و، نە لە دوای ئەم تێرۆرەش کۆتاییان بە سیاسەتی حەزفی فیزیکیی نەیاران و جیابیرانیان هێناوە. لە ماوەی هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان لە ئێران، هەتا ئیستا زیاتر لە شەست هەزار کەس لە کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. زیاتر لە 400 کەس لە چالاکانی سیاسیی کورد لە باشوری کوردستان، بێ لەبەرچاوی گرتنی سەروەریی وڵاتی جیران لە لەلایەن تیرۆریستەکانی ئیرانەوە تێرۆر کراون. بەدەیان کەس ڕفێندراون و بێسەروشوێن کراون. لە زۆر وڵاتی ئوروپایی و تەنانەت وڵاتانی بەشەکانی دیکەی جیهانیش کردەوەی تیرۆریستی بەهۆی بەکرێگیراوانی سەر بەو ڕێژیمە لە دژی تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی کراون. تێرۆر و لەنێوبردنی نەیاران و جیابیران بە هۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شتیکی شاراوە نیە و هەموان لێی ئاگادارن. کوردەکان و نیشتمانەکەیان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراون و، ئەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەچێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی بەردەوام و بێ ‌پسانەوەیان هەیە. ئەگەر لە ڕابردوودا هەوڵ دەدرا تەنانەت دەنگدانەوەی خەباتەکەشیان کپ بکرێ، ئیستا ئەم خەباتەیان بۆ ناشاردرێتەوە. ئەوانەی پێشتر قاسملوویان ناسیوە، دەزانن کە کەسایەتی و بیر و ئەندیشەی ئەو پیاوە دەیتوانی لە چارەسەرکردنی زۆر لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا یارمەتیدەر بێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەی چۆن بوو کە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی وڵاتی ئوتریش، کاتێک ئەو ڕێبەرە سیاسییە کوردە لە ڤییەن تیرۆر کرا، بە بەرچاوی هەموو جیهان و تەنیا لە پێناوی بەرژەوەندە ئابووری و بازرگانییەکانی دوو وڵات، کە بێگومان ئەوەندە زۆریش نەبوون کە هەموو بایەخە مرۆڤایەتیەکانیان بۆ ژێرپێ بخرێ، تێرۆریستەکانی ناردەوە تاران؟ ئایا نەدەبوو وڵاتانی ئوروپایی کە ناوەندی دەسەڵاتی دێمۆکراتیکی جیهانن، و بۆ خۆیان دەڵێن لەسەر مافی مرۆڤ بە جوابن، لە ئاست ئەم ساتوسەودا شەرماوییەدا نارەزایەتیان دەربڕیبا؟ بڵێی کوردەکان بتوانن ئەم غەدرەی دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش لەبیر خۆیان بەرنەوە؟ سێ ساڵ پاش 22ی پووشپەڕی 68 کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە بنکە و ماکەی تێرور و کوشت و کوشتار. ئەم ڕێژیمە نەک هەر لە نیوخۆی وڵاتدا ژیانی لە خەڵک کردوە بە جەهەننەم، بەڵکوو بۆ بنیادنانی دەسەڵاتێکی رەشی مەزهەبی، چاوی تەماحی بڕیوەتە وڵاتانی دیکەی ناوچە. بەبەرچاوی هەموو گەورە هێزەکان دەست لە کاروباری نیوخۆیی وڵاتانی ناوچە وەردەدا و ئیددیعای بەش و دەسەڵاتی هەیە. ئەوان لەهەر جێگایەک بن، کوشتن و ژێر پێنانی بایەخەئینسانیەکان بەدیاری دێنن، و کوردیش ئیستا لەو چوار وڵاتەی دراوسێدا بە گشتی بوونەتە قەڵخان و دەبەرانبەر تێرۆر و تێرۆریسم و دەسەڵاتە دواکەوتۆکاندا پێشەنگی خەبات و قوربانیدانن. بۆیە ناڕەوایە ئەگەر ئەم فیداکارییانە بێ وڵام بن و خەبات و قوربانیدانی ئێمە لە پێناوی ئەو بایەخ و ئامانج و پرەنسیپانەی کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی جێگای ڕێزن، نەبیندرێ و بە تەنیا بهێڵدرێتەوە. هەموو لایەک باش شارەزان کە کورد ئیستا گەورەترین میللەتی بێ وڵاتی جیهانە و بە توندترین شیوەی مومکین سەرکەوت دەکرێ و پێش بە چوونە پێشی دەگیرێ. حەق وایە و دەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە کە کورد بایەخی زیاتری پێ بدرێ و پشتی خەباتە ڕەواکەی بگیرێ. لە ٣٠ ساڵەی تێرۆری قاسملوو و هاوڕێیانیدا جارێکی دیکە وێڕای ڕێزگرتن لە خەباتی ئەو کەسایەتییە گەورە، پەیمانی وەفاداری نوێ دەکەینەوە کە لەجاران زیاتر لەسەر خەباتی رەوای گەلەکەمان شێلگیرتر بین و، تا وەدیهاتنی ئاوات و ئارەزوەکانی ئەو ڕێبەرە شەهیدەمان، دریژەدەر و پێشـمەرگەی ڕێگا و ئامانجەکانی بین. بەرەو جیهانێکی بێ کوشتار، بەرەو داهاتوویەکی بەدوور لە سەرکوت و سڕینەوە و بێمافی بۆ نەتەوەی کورد.