کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەبا ئه‌و په‌ڵه‌ ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسمانی ڤییه‌ن نەمێنێ

17:06 - 1 گەلاوێژ 2719

(دەقی وتاری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە کۆبوونەوەی بەردەم پارلمانی ئوتریش‌دا) خانمان و ئاغایانی بەڕێز! دۆستانی خۆشەویست! سپاستان ده‌که‌ین بۆ به‌شدارییتان لەم‌ ڕێوڕەسمە کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی سی ساڵه‌ی تێرۆری ڕێبه‌ری مه‌زنی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوکتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو و هاوڕێیانی گیراوە. سی ساڵ لەمەو بەر لە گەڕەکی سێی شاری ڤییەن، سێ سیاسەتمەداری کورد، دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری‌ئازه‌ر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، لەسەر مێزی وتووێژ لەگه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامی؛ که‌وتنه‌ به‌ر دەستڕێژی گوللەی دیپلۆمات تێرۆریستانی ئەم ڕێژیمەوە و گیانیان لەدەست دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و جینایه‌ته‌ی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی نه‌ یه‌که‌م جینایه‌ت و نه‌ دوایین جینایه‌تیشیان بوو. مێژووی چل ساڵەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پڕە لە جینایەت و کوشتن و برین. لە لای زۆربەی خەڵک ئاشکرایە کە لەو ماوەیەدا به‌ سه‌دان هه‌زار ئینسان یا ئێعدام کراون و یا بە شێوەگەلی دڕندانه‌ لەنێو براون. لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩١ تا ١٩٩٧ تەنیا لە کوردستانی عێراق پتر لە ٤٠٠ کەس لە ئەندامانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە ئاکامی چالاكییه‌ تێرۆریستییه‌كانی ئەم ڕێژیمەدا كوژراون. لە ئێراندا لەلایەن دەزگای دادی ئەم وڵاتەوە حوکمی وەک سەنگسار کردن بۆ کەسانێک کە تووشی پێوەندی سازکردن لەگەڵ کەسانێک بێجگە لە هاوسەرەکانی خۆیان دەبن، دەستبڕین لە ئاکامی دزی کردن، لێدان بە قامچی و زۆر شێوازی سزادانی دیکە و ته‌نانه‌ت له‌ سێداره‌دان لەبەر چاوی خەڵکدا، زۆر بە ئاسایی بەڕێوە دەچێ. سیستمی بەڕێوەبەرایەتیی ئێران سیستمێکی خەلافەتییە که‌ ڕێبەرییه‌که‌ی لە دەستی مەلاکان دایە و ڕێبەری سەرەکیی ئەم حکوومەتە بە «وەلی فەقیهـ» دەناسرێ و، خۆی به‌ نوێنەری خوا له‌ سه‌ر زەوی ده‌زانێ و؛ به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی بێسنوره‌وه‌ لە لوتکەی ئەو سیستمەدا جێگیر بووه‌. یاسای سزادانی ئه‌و سیستمه‌ لە خوێندنەوەیەکی تایبەتی لە ئایینی ئیسلام و ئایینزای شێعەی دوازدە ئیمامی سەرچاوە دەگرێ؛ کە پێبەندییەکی کرداری بە یاسا مرۆڤدۆستانە و نێونه‌ته‌وه‌ییەکانەوە نییه. سزادانی دژبه‌رانی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەشکەنجە و ئازارێکی زیاترەوە دەکرێ. ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم لە لایەن ئەم حکوومەتەوە بە «مفسد فی‌الارض» و «محارب» ناو دەبرێن، کە بۆ ئەم کەسانە بەپێی یاسای سزای ئیسلامی چوار شێوە سزادان دیاری کراوە؛ کوشتن بە گوللە، هەڵاواسین بە دارەوە، بڕینی قۆڵی چەپ و ڕانی ڕاست و یان بەپێچەوانەوە و، چوارەمیش دوورخستنەوە. ئه‌مڕۆ ئێمه‌ لێره‌ کۆ بووینه‌تەوه‌ بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی یه‌کێک له‌ سامناکترین جینایه‌ته‌کانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. لە ١٧ی ٧ی ١٩٨٩دا گرووپێک لە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و عەبدوڵڵای قادری‌ئازه‌ر و دوکتور فازڵ ڕه‌سووڵیان له‌سه‌ر مێزی وتووێژ تێرۆر کرد. ئەو سێ دیپلۆماته‌ کورده‌ به‌و هیوایەوه‌ له‌گه‌ڵ به‌ناو نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامی دانیشتبوون که‌ چاره‌سه‌رێکی سیاسی و ئاشتیخوازانە بۆ مەسه‌لەی کورد له‌ ئێراندا ببیننه‌وه‌. به‌ڵام مخابن به‌رنامه‌ی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی شتێک نه‌بوو جگه‌ له‌ ناردنی گرووپێکی کۆماندۆیی تێرۆریست بۆ لەداو خستنی دوکتور قاسملوو و هاوڕییانی. له‌ هه‌مووی ناخۆشتر و چاوەڕواننەکراوتر کرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئەو کاتی ئۆتریش بوو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و جینایه‌ته‌ سامناکه‌دا. هه‌رچه‌ند لە ڕۆژی یەکەمدا تێرۆریستەکان لە لایەن پۆلیسی ئۆتریشەوە دەستبەسەر کران و بردران بۆ لێپرسینەوە؛ بەڵام لە دواییدا بێ ‌ئه‌وه‌ی بدرێن به‌ دادگا و لێپرسینه‌وه‌ی قانوونییان له‌گه‌ڵ بکرێ، ڕادەستی باڵوێزخانەی ئێران لە ولاتی ئۆتریش کران و پاشانیش بەڕێ کرانەوە بۆ تاران. کردەوەی نه‌شیاو و دوور له‌ مافویستیی دەوڵەتی ئۆتریش و وەزارەتی دادی ئەم وڵاتە، بوو بە هۆی درێژەدانی کردەوەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە لە وڵاتانی دیکە. که لە یەکێکی دیکە لە بەرچاوترین تێرۆرەکاندا‌ دوکتور سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە شاری بێرلینی ئاڵمان بوونە قوربانیی دەستی تێرۆر و بێدەنگیی دەوڵەتانی بەرژەوەندیخواز. ئێستاش ڕێژیم به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌سه‌ر تێرۆر و کوشتنی دژبەرانی خۆی به‌رده‌وامه‌. دوای هاتنە سەرکاری حەسەنی ڕۆحانیش وەک سەرۆککۆمار که‌ زۆر به‌ڵێنیی ‌درۆی دابوو، بارودۆخی مافی مرۆڤ له‌ ئێران بەرەو ئاقارێکی خراپتر لە پێشوو ڕۆیشتوه‌. ئاماری زیندانییانی سیاسی و هەروەها ئێعدام کردن چۆتە سەرترەوە. پشتیوانی له‌ ڕێکخراوه‌ تێرۆریستییه‌کان له‌ عێراق و سووریە و لوبنان‌ و یه‌مه‌ن به‌رده‌وامه‌. کردەوە تێرۆریستییەکانی دژبە گەلی کورد به‌گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌تایبه‌تی به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر به‌رده‌وامه‌؛ وه‌ک دانانه‌وه‌ی بۆمب له‌ بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی له‌ ساڵی ٢٠١٧دا که‌ بووە هۆی شەهید بوونی ٥ کەس لە کادر و پێشمەرگەی ئەم حیزبە، مووشه‌کباران کردنی کۆبوونه‌وه‌ی کومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب له‌ کۆیه‌ی کوردستانی عێڕاق له‌ ساڵی ٢٠١٨دا که‌ 16 شەهید و پتر لە ٤٠ برینداری لی کەوتەوە؛ لە دیارترین و نوێترین کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەم ڕێژیمەن. له‌ باره‌ی بەرنامەی ئه‌تۆمییه‌وه‌ کاربه‌ده‌ستانی ئێران ڕووی خۆش بە وڵاتانی ڕۆژاوایی نیشان دەدەن و، لەگەڵ ئەوان لە وتووێژدان، بەڵام لەژێرەوە خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمین. ماوەی ساڵێکە کە وڵاتی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتۆتە دەرەوە و ئێرانی لە باری ئابوورییه‌وە بەتوندی گه‌مارۆ داوە، سپای پاسدارانی وەک تێرۆریست ناساندوە. سپای پاسداران لەراستیدا ڕۆڵی سەرەکیی لە هەموو کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕیژیمدا لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەگێڕێ. نه‌ته‌وه‌ی کورد بە کردەوە نیشانی داوە کە لایه‌نگری ئاشتی، پێکه‌وه ‌ژیان و دێموکراسییە و، دژبە تێرۆر و شەڕ و ناعەداڵەتییە. حه‌ق وایه‌ هه‌ر به‌م پێیه‌ش وڵاتانی ئازاد و دێموکرات و نه‌ته‌وه‌ پێشکه‌وتووەکان لەم ڕێگایەدا پاڵپشتی بن و به‌ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی دۆسییەی ڕێبه‌ری کوردان دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی،‌ له‌ڕاستیدا بەم کارە ڕێز لە پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی پەنجا میلیۆنیی بێبەش له‌ هه‌موو مافێکی ئینسانی دەگیرێ‌. هەر لەبەر ئەوەش وەبیر حکوومەتی ئۆتریش دهێنینەوە کە ئه‌رکی یاسایی و ئینسانیی خۆی لە بەرامبەر ئەم نه‌ته‌وه‌ زوڵم لێکراوه‌دا بەباشی ڕاپەڕێنێ. ئێمە داوا لە وەزارەتی دادئەستێنیی وڵاتی ئۆتریش دەکەین کە دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری ڤییەن وه‌گه‌ڕ بخاته‌وه ‌و پێداچونەوەی جیدیی بۆ بکا، بەو مەبەستەی ڕێژیمی ئێران لە تاران ناچار بکرێ کە جینایەتکارەکان بۆ دادگاییه‌کی عادڵانه‌ تەحویلی وڵاتی ئۆتریش بدا. ده‌با عه‌داڵه‌ت بەڕێوە بچێ و ئه‌و په‌ڵه‌ ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسمانی ڤییه‌ن نەمێنێ. سه‌رکه‌وتوو بن له‌ به‌دواداچوونی عه‌داڵه‌تدا! به‌ڵێ بۆ دنیایه‌کی پڕ له‌ ئازادی، عه‌داڵه‌ت و ئاشتی! نا بۆ تێرۆریزم، دیکتاتۆری و جەنایه‌ت