کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نقاشی قهوەخانە"، دارابی و مانەوەی لە ئاڵمان

17:09 - 1 گەلاوێژ 2719

دوای ڕووخانی نیزامی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری نیزامی کۆماری ئیسلامی، دارابی پاش ماوەیەک بە قسەی خۆی بۆ خوێندن ڕوو لە وڵاتی ئەڵمان دەکا، بەڵام لەوێش دەست لەو هەڵەشەیی هەڵناگرێ و ناچێتە ژێر نەزم و یاساکانی ئەو وڵاتە. ناوبراوی خۆی لە لاپەرەی ٧٤ی کتێبەکەیدا ئاوا باس لە هەڵسوکەوتی خۆی دەکا: «بە هۆی سەرپێچی کردن لە شۆفیری بۆ یەک ساڵ ئیجازەی شۆفیریم لە لایەن پۆلیسەوە زەوت کرا، بەڵام لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا زیاتر لە هەموو کاتێکی دی شۆفیریم کرد...». ئەو هەر لەو لاپەرەیەدا باس لە کڵاو لەسەرنانی پۆلیسی ئاڵمان دەکا کە چۆن توانیویەتی بە حۆقەبازی لە دەستیان ڕابکا. نموونەیەکی دیکە لە کارەکانی دارابی لە ئاڵمان هێرشکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خویندکارانی زانکۆ بووە و لە ڕاستیدا هەر ئەو نموونەیە بوو بە هۆی ئەوە پۆلیسی ئاڵمان بۆ ماوەی دە ساڵ کار و کردەوەکانی ناوبراو لە ژێر چاودێریدا بگرێ و لە پەرەوندەی میکۆنووسدا زیندوو بکرێتەوە. دارابی لە لاپەڕەی ٧٧ی کتێبەکەیدا دەگێڕێتەوە: «ساڵی ١٩٨٢ ڕەسمەن موجاهیدینی خەڵق لە بەرامبەر نیزامی کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستا و هەر ڕۆژە ئێمە هەواڵێکمان لە تیرۆری کوێری موجاهدین لە نێوخۆی ئێران دەبیست... هەواڵمان پێ گەیشت کە موجاهدین بە هاوکاریی لایەنگرانی «پەیکار» و «چریکی فیداییانی خەلق « لە حەوت-هەشت دانە لە کوڕەکانی حیزبوڵڵایی وەفادار بە نیزامی کۆماری ئیسلامییان داوە و لە هایم کەمپی نیشتەجێبوونی خوێندکاران دەریان کردوون. ئەوان سکاڵایان لای پۆلیس تۆمار کردوە بەڵام پۆلیس گوێی پێ نەداون، هەر بۆیە بڕیارمان دا لە هەموو ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی دەوروبەری فرانکفۆرت هاوڕێیانمان بانگ بکەین و لە حوسێنییەی فرانکفۆرت کۆیان بکەینەوە... ڕادەمان گەیشتە سەد کەس.... لە سەرەتادا هەموو لایەنی قەزیەکەمان لێک داوە و بەسەر دە گرووپی دەکەسی دابەش بووین و هەر گرووپە ناوێکی بۆخۆی دیاری کرد وەک «میثم «، «عمار « و «مقداد» ... خۆمان گەیاندە هایم کە دوازدە قات بوو و هەر تاقمەی وەزیفەی بوو بچێتە قاتێک و بچێتە ئەو ژوورەی کە مەبەستمان بوو وکەسانی هێرشبەری تێدا بوون.... لە ژوورەکانیاندا بە دار و گۆپاڵ پەلامارمان دان و دەرگا و پەنجەرە و تەلەویزیون و تەلەفون و تەواوی کەڵوپەلی خویندکارەکانمان شکاند.... قەرارمان بوو کە دوایەش ڕانەکەین هەتا پۆلیس دەگاتی و پێیان بڵێین کە وەڵامنەدانەوە بە سکاڵای دۆستانی ئێمە وەڵامەکەی ئاوا دەبێ. پۆلیس هات و لە تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەواندا پازدەکەسی ئێمە بەتوندی بریندار بوون و لە پۆلیسیش چەند کەسێک بریندار بوون. پۆلیس چەند کەس لە ئێمەی گرت و ڕۆیشت. ئێمە کە نزیک بە نەود کەس مابووینەوە بڕیارمان دا بە خۆپێشاندان و شوعاری مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو بنکەی پۆلیس بچین کە لەپڕ زیاتر لە سەد پۆلیسی دەمامکدار بە ئابڵۆقەیان داین و دوای لێدان وکوتان چەند کەسێکی دیکەشیان لێ دەستبەسەر کردین کە ئەمن یەک لەوان بووم...» ئەو ڕووداوە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو لە ڕۆژنامەکانی ئەو کاتی نێوخۆی ئاڵمان و ئیدارەی گشتیی پۆلیسی شاری ماینتس. دواجار پۆلیس لە ڕێکەوتی ٧/ ٥/ ١٩٨٢دا بڕیاری دەرکردنی کازمی دارابی لە ئالمان و ناردنەوەی بۆ ئێرانی دەرکرد، بەڵام هادی خامنەیی کە ئەوکات نوینەری مەجلیس بوو، دەچێتە ئالمان و لەگەڵ ئاڵمانییەکان دەسازین کە پازدە کەس دەر بکرێن و بنێردرێنەوە بۆ ئێران، بەڵام با ئەوە بە ویستی خۆیان بێ. بەمجۆرە کازم دارابی لە ناردەوە بۆ ئێران ڕزگاری دەبێ، چونکە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کەسانی وەک «کازم دارابی»یان لە ئاڵمان و ئورووپادا پێویست بووە. پەرویز دەستماڵچی لە کتێبی «تێرۆر بە ناوی خودا»دا بەمجۆرە باسی ئەو ئەم ڕووداوە دەکا: «... باڵوێزخانەی ئێران ئاوا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان و دەزگای بەرێوەبەریی ئەیالەتی رێک دەکەون کە پێویستە بە سەرنجدان بە وەزعییەتی کەسەکەن و خوێندنیان، هەتا کۆتایی خوێندن لە ئاڵمان بمێننەوە. لێرە دایە کەباڵوێزخانەی ئێران لە شاری «بۆن» بە لایەنگری لە دارابی دێتە مەیدان، چونکە بۆ دەرکردنی دارابی هیچ بەربەستیکی قانوونی نەبوو. دارابی ئەو کات سەڵت بوو و ژنی نەهێنابوو، هەروەها خوێندنێشی دەست پێنەکردبوو. باڵوێزخانەی ئێران لە بۆن بە هێشتنەوەی دارابی بەدوای ئامانجی تایبەتیی خۆیەوە بوو. باڵوێزخانەی ئیران لە ڕێکەوتی ١١ی سێپتامبری ١٩٨٦ و ٢٦ی ژوئەنی ١٩٨٧ دوو نامە بۆ دەوڵەتی ئاڵمان دەنێرێ و هەوڵ دەدا بۆ دارابی و خویندکارەکانی دیکەش کە ئیجازەی کاتی و مەرجداریان بۆ مانەوە لە خاکی ئالماندا پێبوو ، ئیقامەی هەمیشەییان بۆ وەرگرێ. لە ڕوانگەی دادگاوە هۆکاری ئەو کارەی باڵوێزخانەی ئێران نیشانەی ئامادەیی دارابی بووە بۆ هەنگاونان لە پێناو ئامانج و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیدا.» هەر لە سەر ئەو بابەتە روئیا حەکاکیان لە کتێبی «پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە» لە لاپەرەی ٩٥دا دەنووسێ: «بێوگرافیی دارابی بۆ نۆربێرت بووە ڕێنیشاندەرێک. دارابی ساڵی ١٩٨٢ بە هۆی کوشتنی خوێندکارێکی ئێرانی لە خەوتنگەی خوێندکارانی شاری ماینزدا، گیرابوو و ماوەیەکی کورت لە زینداندا بوو. ساڵی ١٩٨٣م، یەکیەتیی خوێندکارانی موسوڵمانی ئێرانی لە بێڕلینی دامەزراندبوو کە دواتر ناوەندەکەی بوو بە مزگەوتی گەورەی شیعە مەزەبەکان. ساڵی ١٩٨٧ پاش شەش مانگ خوێندن لە زانکو و رەدبوونەوە لە ئەزموونی کۆتاییدا و دەرکردنی لە زانکۆ، دەستی بە کاروکاسبی کرد.» پەرویز دەستماڵچی لە کتێبی «تێرۆر بەناوی خودا»دا باس لەوە دەکا کە دارابی لە ساڵی ١٩٨٢ ئەندامی ئەنجوومەنی ئیسلامیی خوێندکاران _ بێرلینی رۆژئاوا (VIS) بووە کە لایەنگری ڕێژیمی ئێرانە و لەو ئەنجوومەنەدا چالاک بووە. ناوبراو ساڵی ١٩٨٤ئەندامی هەئیەت رەئیسەی ئەو ئەنجوومەنە بووە و هەروەها لە تەشکیلاتی سەرانسەریی ئەو ئەنجوومەنە لە ئورووپا _یەکیەتیی ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی خوێندکارانی ئورووپا (UISA)_ وەک ئەندامی بەرێوەبەری چاڵاک بووە...» ئەو چەند نموونەی سەرەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کازم دارابی هەروەک لە بەڵگەنامەکانی دادگادا بەدروستی ئیشارەی پێکراوە ئەندامی چالاکی وەزراتی ئیلاعات و ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی بووە. ئەگەر وا نەبووبێ چۆنە ئێران خۆی بە خاوەن سەروەری دەزانی و بۆی گرینگە کە دەوڵەتەکانی دیکە ئەو سەروەرییە بپارێزن، بەڵام بە پێچەوانەوە لە کەس یا کەسانێک پشتیوانی دەکا کە قانوونەکانی وڵاتی ئاڵمانیان پێشێل کردوە و تەنانەت بە هێزی مرۆیی گەورەوە بەرەوڕووی پۆلیسی ئەو وڵاتە بوونەتەوە و نەزمی کۆمەڵگەیان تێک داوە. بە کورتی کەسێک بەو شێوەیە گەورە ببێ و کاری کردبێ و دەرسی خویندبێ و بێ ئەوە بیری لە ئاکامی کارەکانی کردبێتەوە  و نەک لێیان پەژیوان نەبێ و شانازییان پێوە بکا؛ چۆن دەتوانی بڵێ پۆلیسی ئاڵمان لە بابەت تیرۆری میکۆنوس لەخۆڕا گرتوویانم و دادگا بە بەبێ تاوان سزای داوم؟ کازم دارابی لە تەواوی ئەو کتێبەدا هەوڵ دەدا بیسەلمێنی کە کەسێکی سەربەخۆ بووە و هیچ پێوەندیی تەشکیلاتی، جیا لە ڕووحیی بە کۆماری ئیسلامییەوە نەبووە، بەڵام لە جێ جێی ئەو کتێبەدا بێ ئەوەی لە یادی بێ پێشتر چی گوتوە، لەبارەی ئەمە هەر جاری بە گێڕانەوەی بابەتێک دەیسەلمێنی کە نەک هەر کەسیکی سازمانی بووە بەڵکوو لەگەڵ بالوێزخانە و کونسوولی ئێران لە ئالمان پێوەندیکی توندوتۆڵی کاریی هەبووە. بۆ نموونە لە لاپەرەی ٩٥ی کتێبەدا لەژێر سەردیری شەڕی ئێران و عیراق ئاوا باس لە کارەکانی خۆی دەکا بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆی ئەویش توانیبێتی ئەرکی خۆی لەبەرانبەر ئەم شەڕەدا جێبەجێ کردبێ: «... ئێران لە شاری کۆلن دەفتەرێکی هەبوو بۆ بونیادی جانبازان کە لە بینای «خانە ایران» دامەزرابوو. ئەو دەفتەرە کاروباری پێوەندیدار بە چارەسەری بریندارانی شەری دەکرد... لە ڕۆژەکانی سەرەتای ژیانی هاوبەشیمدا بووم کە حاجی حوسێن موزەفەر، بەرپرسی ئەو ناوەندە پێوەندیی پێوە گرتم و پرسی ئێمە هیندێک جار دەمانهەوێ بریندارەکانی شەڕ بەڕێی بێڕلین بکەین، ئەتۆ ئامادەی لە بردن و هێنانی ئەوان لە فرۆکەخانەوە بۆ شار و نەخۆشخانە و بەپێچەوانەوە یارمەتیمان بدەی؟ ڕوونە کە پێشوازیم لەو پێشنیارە کردبوو، چونکە هەلێک بوو دەمتوانی بەو کارە بچووکە قەرزی خۆم بە مەیدانەکانی شەر بدەمەوە...» ڕەنگە حاڵەتی وا بۆ هەرکەسێک کە وڵاتەکەی لە حاڵی شەڕدایە بێتە پێش و تاک ئەمە بە وەزیفەی نیشتمانی خۆی بزانی، بەڵام دارابی خۆی بە قەرزداری مەیدانەکانی شەڕ دەزانێ، چونکە لە بیروزەینی ئەودا شەڕ تەنیا ڕێگاچارەی گرفتەکانە و لە ڕێگای شەڕەوە دنیای ئیسلام دەتوانی شکۆی ڕابردووی خۆی بە دەست بێنێتەوە. هەر بۆیە لە خۆی بە گلەییە کە بۆ لە مەیدانەکانی شەردا نییە. ئەم ئەرکانەی ئەو باسی دەکا بەدەر لە وەزیفەیەکی نیشتمانی بووە و و خۆی بە موریدی خومەینیی سەرۆکی زانیوە کە هەمیشە شەڕی بە نێعمەتی خوا دەزانی. لایەکی دیکەی مەسەلەکە ئەوەیە کەسێک لە وڵاتی ئورووپایی بێ یا کاری هەیە یا دەرس دەخوێنی و یا بە هۆکارێک بێکارە. بەڵام دارابی بە قسەی خۆی هەم کاری هەبووە و هەم هەوڵی داوە بخوێنێ. لەو وڵاتانە و لەو هەڵومەرجەدا کەس ناتوانی بە کەیفی خۆی کار بەجێ بێڵێ و بە دوای کاری دیکەدا بروا مەگەر ئەوەی ئەو کارانەی دیکەی بۆ داپۆشێنی کاریکی دیکە بووبێ، واتا کەسی ئاسایی ناتوانی هەموو کاتی خۆی بۆ ئەو جۆرە کارانە تەنانەت ئەگەر خزمەت بە وڵات و گەلەکەی خۆیشی بێت تەرخان بکا؛ بەڵام دارابی هەر بە قسەی خۆی لە دوای قەبوولی پێشنیارەکە، ئەو کارە بۆتە یەکیک لە کارە سەرەکییەکانی ژیانی و لە لاپەرەی ٩٥ دا دەڵێ: «لەوە دواوە ئەو کارە ببوو بە یەکێک لە کارە ئەسلییەکانی ژیانی من...» دارابی هەر لەسەر ئەو بابەتە لە بیرەوەریەکی دیکە لە لاپەرەی ٩٦دا دەڵێ: «لە تەنیشت کارکردن بۆ بریندارانی شەر کە دەهاتنە ئاڵمان، لەگەڵ کوڕەکانی تورک و لوبنانی و پاکستانیدا کومێتەیەکمان پێک هێنا بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەلی وەک دەرمان، پەتۆ، خێوەت، تەخت و تەنانەت وەرگرتنی یارمەتیی ویشکەپووڵ. دوای ئەوەی کۆمان دەکردنەوە بەڕێی بەرەکانی شەرمان دەکردن.... ناوەندی چالاکییەکانی لەو بابەتە یەکیەتییەکانی ئەنجومەنی ئیسلامی و مزگەوتی هامبورگ بوو کە ئەمن لە هەموویاندا هەبووم ...» هەر لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئیشارە بە ڕاپۆرتی دەزگای ئیتلاعاتی بریتانیا بکەین کە لە ڕێکەوتی ٨/١/١٩٩٢ بۆ کۆمیسیۆنی تایبەت بە تیرۆری میکۆنووس ناردوویەتی. لەو ڕاپۆرتەدا باس لە پێوەندیی کەسێک بە ناوی حەسەن عەلی شەحرور وکازم دارابی دەکا کە لە بەرپرسانی حیزبوڵڵایە لە بێڕلین. هەروەها باس لە پێوەندیی شەحرور بە یوسف ئەمین دەکا و لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا بە تەئکیدەوە هاتوە کە بەپێی زانیاریی باوەرپێکراو دارابی مەئمووری دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانە و ئەفسەر فەرماندەی ناوبراو لە باڵوێزخانەی ئیران لە بۆنە. لە ڕاپۆرتیکی ئیداری (٢٢ی ئاوریلی ١٩٩٣بە ژمارە پۆستی٢٧٣٠) کە بۆ دوکتور کورت، دادئەستێنی گشتی لە دیوانی بەرزی ئەلمان نێردەراوە و لە پەروندەی میکۆنووسدا سەبت بووە لە چەندین جێگادا باس لە کار و چالاکیی کازمی دارابی و ئەندامەتیی ناوبراو لە سپای پاسداراندا دەکا: «... لانیکەم لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠دا کازم دارابی وەک مەئمووری سازمانی ئیتلاعاتی ئێران لە وەزراتی ئیتلاعات وئەمنییەتی ئێران «واواک» دەستی بەکار کردوە ..... دارابی لە تەنیشت چالاکییەکانی بۆ سازمانی ئیتلاعاتی ئێران لە ڕێگای ئەندامەتی لە ئەنجوومەنەکانی ئیسلامیی نیشتەجی لە ئورووپا لە بڕیارەکان و ڕێکخستنی یەکیەتییەکانی ئەنجوومەنی ئیسلامیی خوێندکاران لە ئورووپا کە لایەنگری ڕیژیمن، دەستی باڵای هەیە...» یەکیەتیی ئەنجوومەنی خویندکارانی ئیسلامی لە ئورووپا بەکارهێنانی توندوتیژی لە پێناو ئامانجی سیاسییدا قبوول کردوە. بۆ نموونە داکۆکی لە فتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی دەکا و لە ڕابردوودا ئەندامانی ئەو یەکیەتییە لە تێکهەڵچوونە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ ئۆپۆزیسیوندا دەستیان هەبووە. دیارترین نموونە هێرش بۆ سەر خەوتنگەی خویندکاران لە ئاوریلی ١٩٨٢ لە ماینسە کە بوو بەهۆی برینداربوونی خوێندکارانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و خەساری ماڵیی زۆر لە خەوتنگەکە کەوت ...» ئەوانە و دەیان نموونەی دیکە وەک بەڵگەیەکی ڕوون هەن کە پێمان دەلێن دارابی یەکێک لە مۆرە چالاکەکانی ئیتلاعات و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی بووە، چونکی کەسێک کە تەنیا لایەنگر بێ، کار وکردەوەکانی لە ڕادەی لاینگریدا دەمێنێتەوە و ئەو کارانەی دارابی لە ئاڵمان بۆ کۆماری ئیسلامی کردوونی لە ڕادەی توانا و سەڵاحییەتی لایەنگرێکدا نییە؛ بەڵکوو ئەو کارانە لە ڕادەی کەسێکی خاوەن سەڵاحییەت دایە کە لە کاتی پێویستدا توانای بریاردانی هەبێ و یا دەستی بگاتە ناوەندی قەرار. درێژەی هەیە...