کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور قاسملوو، ڕێبازێک بۆ ڕووناکبیری کورد

17:14 - 1 گەلاوێژ 2719

لە بەشی یەکەمی باسەکەماندا کە کورتەمێژوویەکی ڕەوتی ڕووناکبیریی کورد بوو، باسەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندە کۆماری کوردستان و کاراکتێری پێشەوا قازی محەممەد. کۆماری کوردستان (حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی پێشەوای نەمر) توانیان ببنە بناغە و ڕەگی رووناکبیری، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت لە بەشەکانی تری کوردستان. هەڵبەت بۆن و بەرامەی نوێخوازی ئێرانی گرتەوە؛ شۆڕشی هزری، نوێ بوونەوە، هێنانە ئارای چەمکگەلی جۆراوجۆری فەلسەفی و سیاسی، خۆ ڕێکخستن دەگەڵ جیهانی دەرەوە، پێوەندییە دیپلۆماسییەکان، دامەزراندنی یەکیەتییە جۆراوجۆرەکان، بڕەو دان بە زانست و فێر بوون، ڕاگەیاندن، کولتوور، هونەر (ڕۆژنامە، شانۆ، وێژە، قوتابخانە بە زمانی زگماکی و...) وەک کەرەسەی سەرەکیی ڕووناکبیری ڕۆڵێکی مەزنی گێڕاوە. لە پەنا دامەزراندنی هەندێک حیزب و ڕەوتی سیاسی و ڕووناکبیری لە کوردستان (کۆڕی زانیاریی کورد، ناوەندی ڕۆشنبیری و کلووپەکان، ڕمێنی ڕۆژنامە، چیرۆک، ڕۆمان، شێعر و...)، هەر لە درێژەی خەباتی بەردەوام و نەپساوەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کەسایەتیی مەزنی د.عەبدولڕەحمان قاسملوو (١٣٠٩-١٣٦٨) کە قورسایی و بارستایی زانست و تێگەیشتنی ئەم زاتە لە سەردەمی خۆی و تەنانەت ئێستاشدا بە ئیعترافی کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان و تەنانەت دوژمنیش، بە تەنیا، کانسێپتی ڕووناکبیری بەتایبەت لە بواری سیاسی و ڕەهەندی فکریی کوردەوە دەگەڵ جیهانی نوێ و مۆدێڕن بردە یەک ئاست! ئەو، بوێرانە ڕەخنەی لە هێز و دەستەڵات و نەریتە کەونەکانی کۆمەڵگەی خۆی دەگرت، کەوابوو لایەنی سەرەکیی تەوفیری ڕووناکبیرێک دەگەڵ خەڵکی ئاسایی و ئەو بەناو ڕووناکبیرانەی تر ئەو خۆ هەڵاواردن و ئەیاخ کردنی نەریتە کلاسیکەکان و ڕەخنە و بەگژدا هاتنی ئەو دەستەڵاتانەیە کە مافی خەڵک پێشێل دەکەن. د.قاسملوو وەک میناکی ڕووناکبیرانی هەرە پێشکەوتوو و خوێندەواری سەردەمی خۆی بووە، ئەگەرچی بە ڕوانینێکی چەپی تۆخ (کۆمۆنیستی) هاتە مەیدانی سیاسەت و تێفکرینی فەلسەفی، بەڵام هەر وەک «ئایزایا بێرلین» (١٩٠٩-١٩٩٧ ز) بیرمەندی لیبڕاڵی لیتوانی بە جۆرێک دەکرێ پێکیان بگرین. بۆ کاک دوکتور ئازادییەکانی تاک و دێموکراسی گەلێک پڕبایەخ بوون، بەڕێزیان هزری ئابووریی سیاسی و بەشێک لە ئەندێشەکانی دامەزراندنی سۆسیالیزمێکی کوردانەی خۆی لە «کورتە باسێک لەسەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک» لە ساڵی ١٩٨٣ـوە نووسیوە. بەڕاستی پڕزەحمەت بوو کە لە سەردەمی شەڕی سارد لەلایەک سۆسیالیست بی و لەلایەکی تریش، ڕەخنە لە یەکیەتیی سۆڤیەت بگری! بۆ یەکەم جار بوو کە لە ڕەوتێکی سیاسیی کوردیدا، مەفاهیمی هزری و فەلسەفیی نوێ ببنە ئامانج و شرۆڤەیان لەسەر بکرێ. نەمر دوکتور هەر وەک «جان ڕاڵز» (١٩٢١-٢٠٠٢ز) لەمەڕ، ئەسڵی بەرابەری، جیاوازی و ئازادی دەدوا. ئەسڵی بەرابەری: لە سۆسیالیزمدا کار دەبێ پێوانەی داهات و ڕەوشی کۆمەڵایەتی بێ. ئەسڵی ئازادی: دژی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەکە و باوەڕی قەلبی بە ئازادی و دێموکراسی هەیە. ئەسڵی جیاوازی: ئەگە کار وەک پێوەر لەبەرچاو بگیرێ دەبێ هەندێک کاری تایبەت وەک پزیشکی، کە بە نیسبەت ڕۆژنامە فرۆشی ئەرکی قورستر و گرینگترە، هەر بۆیە دەبێ دەرفەت و هاوکاریی زیاتری بکرێ. سۆسیالیزم دەبێ داهاتە نەتەوەییەکانی بە شێوەیەکی عادڵانە دابەش بکات. دوکتور قاسملوو بە ئیلهام وەرگرتن لە «لینکۆڵن» بەدوای جۆرێک لە دێموکراسییەوە بوو کە لەژێر سەردێڕی «ئاستی ماگزیمۆمی دێموکراسی» (زۆرترین ئاستی دێموکراسی) پێناسە دەکرێ و بەم شێوەیەیە «حکوومەت لە، بە و بۆ خەڵک» بەم جۆرە کە باشترین نوێنەرەکان، بەرزترین بەشداری و عیداڵەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بێ. ڕەوانشاد قاسملوو بە دوای مۆدێلێکی سێهەم لە سۆسیالیزمدا دەگەڕا کە بە «سۆسیالیزمی دێموکراتیک» ناوی هێناوە کە لە وڵاتی کوردان بوەشێتەوە و بە کولتوور و ئابووری و سیاسەتی تایبەت بە خۆی پێناسەی بۆ بکرێ. شەهیدی هەردەم زیندوو د.عەبدولڕەحمان قاسملوو ساڵی ١٣٤١ (١٩٦٢) لە پڕاگ پێتەختی چێکۆسلۆڤاکی (ئەوکات) دوکتورای لە زانستە ئابوورییەکان وەرگرت و هەتا ساڵی ١٣٤٩ لەو زانستگەیەدا وانەی «ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و بیرۆکەی گەشەی ئابووری» دەگوتەوە. هەر لەو ساڵیدا بوو کە کتێبی «کوردستان و کورد»ی ئامادە کرد کە لە ساڵی ١٩٥٧ـەوە کاری لەسەر کردبوو و ساڵی دواتر ١٩٦٣ لەلایەن وەشانی ئاکادێمی زانستی چێکۆسلۆڤاکی لە پڕاگ بە زمانی چێکی بڵاو بۆوە و هەر زۆر زوو ئەم بەرهەمەی بە زمانەکانی ئینگلیسی، عەڕەبی، لەهستانی، سلۆڤاکی، فەڕانسەیی، فارسی و کوردیی سۆرانی و (کوردیی کورمانجی) وەرگێڕدراوە و بڵاو کراوە. ئەم کتێبە کە بە ڕوانگەیەکی ئابووری و سیاسی، نووسراوە وەک یەکەم توێژینەوەی جدی لەسەر مێژوو، ئابووری، جوغڕافیا، پرسی کورد و ... لە نەوعی خۆی نووسراوە و هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێ؛ بە سەرچاوەیەکی باش لە بوارگەلی جۆراوجۆری کورد و کوردستان دەژمێردرێ. کاک دوکتور هەر بە تەنیا ڕووناکبیرێکی سیاسی و سەرکردەیەکی حیزبی نەبوو کە ئەمەیان ڕەنگبێ وەک ڕخنەیەک بۆ سەر سەربەخۆیی کەسایەتییە سیاسییە ڕووناکبیرەکان بێتە ئەژمار، بەڵکوو کەسێک بوو لە کەشێکی تووش، سارد، بەستەڵەک و زوخم هاویشتووی تاریک و بوومەلێڵی ژینگەی نەتەوەی کورد بە گشتی و کوردی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، ببووە خۆر و ڕەوشەنگەری زانست و ماف و ژینی سەربەستی دەگەشاندەوە. نەمر قاسملوو ئەگەرچی لە بنەماڵەیەکی پۆشتە و دەوڵەمەندی ئاغا گەورە ببوو و لە ئورووپا خوێندبووی و لە پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرزدا بوو و سەواد و پووڵ و پارەی لێ دەڕژا! بە خوێندنەوەیەکی واقعیی خۆی دە گۆمی شین و مەندی سیاسەت هاویشت و بووە درێژەدەری ڕێبازی سەربەستیی گەل و نیشتمانەکەی. ئەو لەو تیپە ڕووناکبیرە بەڵێندەر و پێشکەوتووانە بوو لە خزمەت خەڵک و نیشتمانی خۆیدا بوو؛ بۆ ڕۆشنگەریی ماف و داخوازیی ئازادیخوازانەی نەتەوەکەی خاوەن بڕیار و ڕای خۆی بوو و بەرژەوەندیی تاکیی خۆی قوربانیی باوەڕەکەی کرد. شەهید قاسملوو پێشەکی بۆ «تاریک و ڕوون»ی نەمر مامۆستا هێمن دەنووسێ! (١٩٧٤)، تاریک و ڕوون دەقێکی تەواو ئەدەبی و لەخۆگری دەیان دەسکە شێعری پوخت و پاراو و وێژەیین کە «هێمن» هۆنیویەتەوە، بەڵام قاسملووی سیاسی و ئابووری زان وەهای شەن و کەو دەکا و باڵە کەوی پێدەکا هەر دەڵێی بۆخۆی خوڵقێنەری شێعرە، ئەو شێعر باش دەناسێ و ڕێبازە ئەدەبییەکانیش چاک لێک دەکاتەوە و وەک ڕەخنەگرێکی وێژەیی دەیسەلمێنێ کەسێک ڕووناکبیر بە مانای دەقیقی وشەیە. لە بەشێک لە پێشەکیی تاریک و ڕووندا دەنووسێ: «هێمن شاعیرێکی ڕیئالیسته، ڕیئالیزمی ڕەخنەگرانه لـه نـێوەرۆکی شـێعرەکانی هـێمندا بەتـەوای بـەرچاو دەکـەوێ. هـێمن بـاره هەره گرینگ و ئەساسییەکانی تەبیعەت و ژیان و ئادەمیزاد به چاوێکی ڕەخنەگرانە و شاعیرانه باس دەکا و کۆمەڵ بۆ بەرەوپێش چوون هـان دەدا. هێمن زۆرجار له هێندێ شێعری خۆیدا له ناتورالیزم نیزیک دەبێتەوه، ئەوەی که دەیبینێ باسی دەکا و به چـاوی ڕەخنـه سـەیری تەبیعەت یان کۆمەڵ ناکا. هـەر وابزانـه دەیـهەوێ تابڵۆیـەکی تەبێعـەت بکێشـێ و بیخاتـه بـەرچاوان. بـەڵام شـێعری وای کەمـه، وادیـاره خۆشی ئاگای لێیه که له ڕیالیزم دوور کەوتووه، زوو ناتورالیزم بەردەدا و دەگەڕێتـەوه سـەر ڕیئـالیزم کـه سـەبکی بنـەرەتیی نـێوەرۆکی شێعرەکانیەتی. ئەو ناتورالیزمه به تایبەتی له «بەهاری کوردستان» و «له بیرم مەکه» و چەند شێعری تردا خۆی دەنوێنێ.» «ژیراڵد چاڵیاند»ی فەڕانسەیی ساڵی ١٩٧٧ سەرپەرستیی ئامادە کردن و چاپی کۆمەڵێک وتاری مێژوویی-سیاسیی کورد دەکات بە ناوی» Les kurdes et le Kurdistan « کەتێدا زانایانی سیاسیی وەک «ئارچی ڕۆزوێڵت»، «کەنداڵ نەزان» و «دوکتور قاسملوو» ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسی کورد (کۆمەڵگە، ئابووری، سیاسیەت و دیرۆک)ی ئەو گەلە بە وردی باس کردوە. یەکێک لە وتارەکانی کاک دوکتور لەسەر کوردەکانی ڕۆژئاوایە بە ناوی «کوردەکانی سووریە» کە بە حەق وتارێکی شیکاری و فرە ڕەهەندی زانستی و نوێی لەسەر کوردەکانی سووریە ئامادە کردوە. ئەمە جیا لەو دەیان وتارەیە کە لە کۆتایی دەیەی ٤٠ی هەتاوی لە ڕۆژنامەی «کوردستان»ی حیزبی دێموکراتی کوردستان بڵاو کردۆتەوە و سەدان کۆبوونەوە، کۆنفڕانس و سیمیناریشی پێک هێناوە. کاک دوکتور لە سەردەمێکدا وەک ڕووناکبیرێکی کاریزما دەستەڵاتی مەزنترین حیزبی کوردی (لە بواری تەشکیلات و هێزەوە) گرتە دەست کە شەڕی سارد لە گەرمەی خۆیدا بوو، جیهان بەسەر دوو جەمسەری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دابەش ببوو، شەڕێکی گەورە لە نێوان ئێران و عێراق لەئارادا بوو، سێ ئیدۆلۆژیی مەزنی سەدەی بیستەم ملیان دەبەر ملی یەکتر نابوو و حکوومەتێک بە ئیدۆلۆژیی تۆخی ئیسلامی و بە باوەڕێکی نوێ دامەزرابوو. ڕێبەرایەتیی حیزبێکی چەپی ناسیۆنالیست لەنێو جیهانبینیی تۆخی کۆمۆنیستی و ئیسلامیی شیعی، نە هێندەی تاڵ کردبوو تفی کەن نە هێندەش شیرین کە قووتی دەن! لەو سەردەمدا کە بەشێکی بەرچاو لە بەناو ڕووناکبیران لە پێناو پۆست و پارە شاباشی بارەگای دەستەڵاتیان دەدا و نەزۆکانە بە لێوەلەرزە پرسی ئازادی و دێموکراسییان باس دەکرد و ماف و ویستی خەڵکیان بن گۆم دەکرد، مێرانە لە مەیدانی خەبات ململانێی دەکرد. لە چاخی دوای پاڵەویی دووهەم و هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سێ ڕەوتی، ڕووناکبیریی چەپ، نەتەوەیی و ئۆلی لە بوورسدا بوون کە کاریان بۆ وێژەمانی سۆسیالیزم، ناسیۆنالیزم و ئیسلام گەرایی دەکرد. لە بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی ڕووناکبیرانی ئەو سەردەم کە کاک دوکتور ئەگە نەڵێم پێشەنگ، با یەکێک لەو ڕووناکبیرە پێشڕەوانە بێ، کە خاوەن ئارمانج و شۆڕشگێڕ بوون بە تایبەت لە تیپی ڕووناکبیرانی چەپ و ناسیۆنالیزم-ـەکان. دوکتور قاسملوو دروشمی ڕۆشنگەری هەر بەتەنیا لە «بەڵێندەر و ڕێنوێن» بوون گۆڕی بۆ «ڕەخنەی دەستەڵات» و «بە کردەوە هاتنە نێو مەیدانی خەبات» بە دژی زاڵمان. ژان پۆل سارتر دەڵێ: «ڕووناکبیر ویژدانی وشیاری کۆمەڵگەیە و پێی وایە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بە دژی دەستەڵات تەنانەت واژۆ کردنێکی ئیعترازیش بەشێک لە فەلسەفەی ڕووناکبیرییە.» لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێران بەو هەمووە پلۆرالیزمە ئەتنیکی و ئایینییەوە و هەروەها، دەمارگرژی، نەزانی، داگیرکاریی سیاسی، بەگژ یەکتردا هاتنی ئێلیتی کۆمەڵگە بە دژی یەکتر، فرە چەمکی ڕەها و ... خەبات و تێکۆشانی بە کردەوە و ڕەخنەگرانەی زانستی بوو کە دوکتور قاسملوو ڕێچکەی هەڵدێر و مۆری بۆ سەرجەم ئازادیخوازان و گەلی کورد شەق کرد! بەو هەمووە ئەزموون و چالاکییانەی، بە ڕوونی دەردەکەوێ کاک دوکتور زۆرتر وەک ڕووناکیدەرێک کەڵکەڵەی هەڵخستنی ڕووناکبیری لە مێشک دایە و بە چالاک بوونەوەی ئەم هەوێتییەیە کە بەدوای مافی کورداندا دەگەڕێ و لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتیش گرینگی بە چاند و وێژە و زانست و هونەر و تەنانەت وەرزشیش دەدا؛ ئەمانە هەمووی بەڵگەن بۆ ڕووناکبیریی فرە ڕەهەندی ئەو زاتە مەزنەی کورد. ڕەنگبێ بەرچاوترین ڕەخنە کە دەکرێ لەو زاتە مەزنەی کورد و حیزبی دێموکراتی کودرستان بگیرێ ئەوەیە کە لە ڕەوتی بەستنی کۆنگرەی هەشت «لیستەی فیکس»ی، داهێنا کە بەداخەوە حیزبی پێ لەت بوو و دووهەم و دوامینیش ئەوە بوو بە ئەهوەنی و بێدەنگی چووە باوەشی مەرگ و کورد و ئازادیخوازانی چەپی جیهانی تازیەبار کرد. کەسایەتیی ڕووناکبیر و سیاسیی شەهید دوکتور قاسملوو ئەوەندە پڕلایەنە کە دەتوانین لە هەموو بەشەکانی زانست تەنانەت بە هونەری شەڕیشەوە موتاڵای لەسەر بکرێ و ببێتە هەوێنی تێزی زانستیی خوێندکاران. قاسملوو ڕێبازێکە لە ڕووناکبیری، زانست و کوردایەتی.