کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆشایی ڕێبەریی سیاسی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هۆکارەوە تا چارەسەر*

17:20 - 1 گەلاوێژ 2719

باسەکەم بە ناردنی سڵاوی وەفا و ئەمەگناسی بۆ ڕێبەری شەهید د.قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵلا قادری‌ئازەر لە ٣٠ ساڵەی تیرۆرکرانیان‌دا و، بە ئاواتخواستنی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بکوژی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ و هەزاران تیکۆشەر و شۆڕشگێری دیکەی کورد و ئێرانی، دەست پێدەکەم. تێبینم لە سەر چەمک و دەستەواژەی بۆشایی ڕێبەریی سیاسی ئەم پانێلەی سمینارەکە، کە من تێیدا بەشدارم تەرخان کراوە بۆ باس لە بۆشایی ڕێبەری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای تیرۆری د.قاسملوو دا. هەر بۆیە دەمەوێ لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم ئایا بە تیرۆری د.قاسملوو، بۆشایی ڕێبەریی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بوو؟ ئەم پرسیارە کاتێک باشتر وڵامی خۆی وەردەگرێتەوە کە لە بیرمان بێت، هەم ئەو حیزبەی د.قاسملوو ڕێبەرایەتیی دەکرد، دوای ئەویش لە سەر خەبات و تێکۆشان بەردەوام بووە -ئەگەر چی ئیستا لە تویی دوو حیزبدا بەردەوامە- ق هەم ئەو بیر و باوەڕ و بایەخانەی قاسملوویان پی دەناسرێتەوە، وێڕای خۆشەویستیی ئەو ڕێبەرە لە نێو هەر دوو بەشی دێموکراتدا، بەدی دەکرێن. بۆ ئەوەی مەبەستی دەستەواژەی «بۆشایی ڕێبەریی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان» ڕوونتر بێتەوە، دەبێ ئەم تێبینییەش بکەین کە ناکرێ بڵێین بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بێ ڕێبەریی سیاسییە. ئەو حیزبانەی مێژوویەکی درێژیان لە ڕێکخستن و ڕێبەریی ئەو بزووتنەوە‌دا هەیە، یا تێیدا بەشدارن، بەتایبەتی حیزبی دێموکرات، بەشێکی هەر ئەسلی لەو ڕێبەرییە سیاسییەن و، بە کردەوە دەبینین هەم لە نێوخۆ و لە لایەن خەڵکەوە، هەم لە لایەن تارانەوە، هەر وەها لە لایەن دنیای دەرەوەش، بە شێوەیەکی ڕێژەیی حیزبەکان وەک هێزێک کە نوێنەرایەتیی بزووتنەوە و خەباتی دژ بە کۆماری ئیسلامی دەکەن و کاریگەریی سیاسییان لە سەری هەیە، سەیر دەکرێن. من بە نۆرەی خۆم ئەم چەمکە بەم جۆرە پێناسە دەکەم کە لە ئێستای بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کەسایەتییەک بەدی ناکەم کە «بەتەنیا» بووبێتە نماد یا هێمای ڕێبەری سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات. وەک هێزی سیاسییش، تاقە هێزێک بەدی ناکەم کە بڵێم «بە تەنیا» ڕێبەرایەتیی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا. بە بەراوردکردنێکی دۆخی ئەم ٢٠ ساڵەی دوایی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ سەردەمی لە ژیاندابوونی د.قاسملوو، مەبەستەکەی خۆم ڕوونتر دەکەمەوە. کاتێک د.قاسملوو لە ژیاندا بوو و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوو، هەم حیزبەکەی بە مەودایەکی زۆرەوە، گەورەترین هێزی سیاسیی نێو گۆڕەپانی خەبات بوو، هەم کەسی یەکەمی ئەو حیزبە لە ئاستی کوردستان، ئێران و ناوچە و جیهاندا، وەک ناسراوترین و موعتەبەرترین سەرکردەی سیاسیی کوردستان، چاوی لێدەکرا. هەر دووی ئەم ڕاستییانە لە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو‌دا گۆڕانیان بەسەردا هاتوە. واتە هەم حیزبەکەی، ئەو حیزبە یەکگرتوو و بە هیزەی جاران نەماوە- لەگەڵ ئەوەی هەر یەک لەو دوو دێموکراتە لە ڕیزی هێزی یەکەمی ڕۆژهەڵات دان-، هەم ڕێبەرێکی بە توانای وەک د.قاسملوو لە رەئسی حیزب و بزووتنەوەکەدا نییە. هۆکارەکانی دروستنەبوونی تاکەکەسێک وەک هێمای ڕێبەری سیاسی گومان لەوە دانیە کە کاتێک ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی نەخشەی تێرۆری دوکتور قاسملوویان دادەڕشت، دەیانزانی قاسملوو کاریگەرترین و گرنگترین سەرکردە و کەسایەتی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دایە. ئەوەشیان دەزانی کە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد جێگای ئەو ڕێبەرەیان بۆ پڕ نابێتەوە و ئەمە گەورەترین زەبرە کە دەتوانن بیوەشێنن. بۆ چی لەم ٣٠ ساڵەدا، قاسملوویەکی دیکە دروست نەبووەتەوە؟ من وا بیر ناکەمەوە کە مرۆڤی دیکە بەو توانا و بەهرە و لێهاتووییانەی د.قاسملوو، لە دایک نابنەوە. دەکرێ کەسانێک بە بڕوانامەی زانستیی بەرزتر لە د.قاسملوو، لە قاسملوو شارەزاتر لە دیپلۆماسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، زمانزانتر لەو کەسایەتییە، هەر ئێستا هەبن، یا لە داهاتوو‌دا پەیدا ببن. بەڵام لە خۆدا کۆکردنەوەی هاوکاتی هەمووی ئەو تایبەتمەندییانە و کۆمەڵێک بەهرە و ئیعتیبار و ئەزموونی دەوڵەمەندی سیاسی و حیزبایەتی، تەنیا لە پڕۆسەی خەبات و تێکۆشان و ڕێبەریکردنی چەندین ساڵە‌دا، بۆ کەسایەتییەک مسۆگەر دەبێ. تازە دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ، سەردەمی ئیستا و سەدەی ئیستا لەگەڵ سەردەم و سەدەی پێشوو جیاوازییەکی گەورەی هەیە. سەرهەڵدان و شکڵگرتنی ڕێبەرێکی کاریزما، لە سەردەمی ئیستادا زۆر سەختترە لە سەردەمی پێشوو. تاکی سەردەمی پێشوو (چ لە نێو حیزب و چ لە نێو کۆمەڵ) پشکێکی کەمتری لە خوێندن و خۆ پێگەیاندن، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، پیوەندیگرتن بە دنیای دەرەوە، سوود وەرگرتن لە بەهرەکان و ماف و ئازادییەکانی خۆی پێ دەبڕا. خۆ فیداکردنی تاک لە پێناوی کۆدا، بایەخێکی هەرە بنەڕەتیی کاری شۆڕشگێرانە و خەبات و تێکۆشان لە سەردەمی پێشوودا بوو. لە ئاکامدا، ڕێبەران هاسانتر لە ئێستا دەیانتوانی حیزب ئیدارە بکەن. بە تایبەتی ئەگەر توانا و لێهاتوویی زۆریان هەبایە، زووتر دەبوونە جێگای سەرنج و متمانە و، حیزب و جەماوەرەکەی لە پشتیان ڕادەوەستان. لە سەردەمی ئێستا‌دا تاکەکان چاو و گوێیان کراوەترە، هاسانتر دەتوانن ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان نەقد بکەنەوە. توانایەکی زیاتریان هەیە بۆ هەڵسەنگاندن و نرخاندن، تەنانەت بۆ کێشەخوڵقاندن بۆ حیزبەکانیان. کولتووری حیزبایەتی و کاری سیاسی، گۆڕانی بە سەردا هاتوە. تاک هەموو شتێکی خۆی لە پێناوی بەرژەوەندیی حیزب و گشتیدا وەلانانێ. ئەم ڕاستیانەش ئەرکی ڕێبەریکردن لە لایەن تاکەکەسیان زۆر دژوار کردوە. لەگەڵ ئەوەی تەئکید دەکەمەوە کە د.قاسملوو، «سەرۆک» نەبوو و، حیزبەکەی بە شێوەی تاکەکەسی بەڕێوە نەدەبرد، بەڵکوو لە رەئسی ڕێبەرییەکی بە کۆمەڵدا بوو. پێویستە دوو خاڵی دیکەش هەرلە پێوەندی لە گەڵ دروستنەبوونەوە یا هەڵنەکەوتنەوەی ڕێبەرێکی وەک د.قاسملوو، ئاماژە پێ بکەم: یەکەم؛ ململانێیەکان و ناکۆکێیە نێوخۆییەکانی نێوحیزبەکان و لەتبوونەکان و لێکدابڕانەکانیش، هۆیەک بوون بۆ دروستنەبوونی ڕێبەرێکی بەهێز کە ببێتە هێمای ڕێبەرێکی سیاسیی زۆر دیار بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەهۆی ئەم جۆرە ناکۆکی و کێشانە، ئەگەر نیمچە ڕێبەرانێکیش لەو ساڵانەدا دروست بووبن، زۆر شکاو و شکێنراون و، لە ئیعتیبار و بایەخ و سەنگ و قورساییان کەم بۆتەوە. دووهەم؛ وانییە کە لەم ٢-٣ دەیەی دواییدا، لە لایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هەوڵی دروستکردنی ڕێبەر یا سەرکردەیەک بۆ ڕۆژهەڵات، نەدرابێ. لە نێو زۆربەی حیزبەکاندا هەوڵ دراوە کەسانێک تا ڕادەی هێمای سەرکردە و ڕێبەرێکی سیاسی نەک هەر بۆ ئەو حیزبە بەڵکوو بۆ ڕۆژهەڵات، زەق بکرێنەوە. لە گەڵ ئەوەی ئەم جۆرە هەوڵانە جۆرێک ملبەملەی زیانبار و نەخۆشی و دیاردەی تاکپەرستییشیان لە نێو ئەو حیزبانە‌دا پەرە پێداوە و، کولتوور و بنەماکانی حیزبایەتیشیان لە پێناویدا کراوە بەقوربانی، بەڵام ئەو هەوڵانە نەبوون بە هۆی دروستکردنی سەرکردە و ڕێبەری سیاسی و نمادێک بۆ هەموو ڕۆژهەڵات. هەر لە جێدا، ڕێبەرانێک کە لە حیزبەکەی خۆیاندا بە شێوەیەکی ناسروشتی و لە پڕۆسەی ململانێیەکی ناسالمی نێوخۆییدا بووبنە «ڕێبەر»، وەرگیرانیان لە بازنەیەکی گەورەتر و گشتیدا وەک «ڕێبەر» هاسان نییە. بەرهەم نەدان و ناسەرکەوتوویی ئەم هەوڵانەش (هەوڵی ڕیبەرسازی)، دوو هۆی هەبووە: هۆی یەکەم؛ سەرکردە و ڕێبەر لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشان و نواندن و سەلماندنی تواناکانی ڕێبەری لە لایەن خودی کەسەکە و، داننانی کۆی حیزب و هەروەها جەماوەر بە قابلییەتەکانی سەرکردەبوونی دروست دەبێ نەک بە دەستی ئەنقەست و بە پوستێرسازکردن و دروشمدان و نمایشی سەیروسەمەرەی پلان بۆ دانراوی ژمارەیەک ئەندام و لایەنگری حیزبەکە بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. هۆی دووهەم؛ هەر وا کە لە چەمی قووڵ و گەورە و لە دەریا‌دا نەهەنگ دەدۆزرێتەوە نەک لە جۆگە و تەنکاواندا، ڕێبەری گەورەش لە حیزبی گەورەدا دروست دەبێ نەک لە حیزبی بچووکدا. کەمایەسیی ڕێبەریی سیاسی لە ڕۆژهەڵات چۆن چارەسەر دەکرێ؟ ئێمە باس لە «ڕێبەریی سیاسی» بۆ ڕۆژهەڵات دەکەین. گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتیش، جگە لە حیزبە سیاسییەکان و ئەندامانیان، ئەکتەر و بەردەنگی دیکەشی تیدایە. بەردەنگە سەرەکییەکەی ئەو ڕێبەر یا ڕێبەرییە سیاسییە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە سەرنجدان بەو فاکتەرەیە کە من دەمەوێ باس لە چارەسەری کەمایەسیی ڕێبەریی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەم. بێ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ململانێ حیزبییە زیانبارەکانی ئێستا، بێ بەخۆداچوونەوە و یەکگرتنەوە و کەوتنەوە سەریەکی حیزبە لەتبوو و لێکدابڕاوەکان، بە دوای ئەم دووهەنگاوەشدا، بێ یەکگرتنی حیزبە سیاسییەکان لە چوارچیوەی هاوپەیمانەتییەکی سیاسیدا، لە‌گەڵ کۆی ئەمانەشدا، بێ خوێندنەوەی ویست و زەرفییەت و تواناکانی خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات بۆ کاری سیاسی و خەبات بۆ مافەکانیان و بێ ڕاکێشانی پشتیوانییان، ڕێبەرییەکی سیاسی کارا و جێگای متمانەی خەڵک، دروست نابێ. لە دڵی ئەم ئاڵوگۆڕانەی پێویستە بکرێن، دەکرێ ڕێبەرێیەکی سیاسی، شکڵ بگرێ و ڕۆڵی مێژوویی خۆی بنوێنێ. ئەو ڕێبەرییە بە تایبەتی لە سەرەتادا، ناتوانێ تاکەکەسی، یا تاکەکەس بێ. دەکرێ لە کۆمەڵێک سیما لە حیزب و ڕێکخراوی جیاواز، یا هەڵقووڵاو لە هەناوی چەند شێواز و بوار و مەیدانی خەبات، پێک بێ. دووریش نییە لە ڕەوتی چوونە پێشی ئەو هەنگاوانەدا، کەسایەتییەک لە نێویاندا ببێ بە بەرجەستەترین هێمای ڕێبەری سیاسی. بەڵام دڵنیام ئەو کەسە، ئەوە نابێ کە بوون بە سەرکردە و ڕێبەری هەرە دیاری ڕۆژهەڵات، ئارەزووی لە مێژینەیەتی. بەڵکوو کەسایەتییەک دەبێت بەو هێمایە کە دەتوانێ زۆرترین ڕۆڵی هەبێ لە دروستکردنی یەکگرتوویی و هاوپەیمانی لە ئاستی حیزبە سیاسییەکان و، لە ڕاکێشانی پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ لای ئەم هاوپەیمانییە و، لە پێک بەستنەوە و گرێدانەوەی خەڵک و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. *** * بۆ سمیناری مەجازیی «کورد قوربانیی تیرۆریزم»ئامادە کراوە