کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراسی و چەشنەکانی

17:22 - 1 گەلاوێژ 2719

دێموکراسی و چەشنەکانی (چەشنەکانی دێموکراسی و کۆتایی) چەشنی دێموکراسی لە هەر وڵاتێک پێوەندیی هەیە بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری، هەروەها پێکهاتەی سیاسی و شێوەی بەرێوەبردنی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە. بەپێی پێوەر و پێوانەی جیاواز، چەشنەکانی دێموکراسی وەکو دێموکراسیی ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ یان نوێنەرایەتی، دێموکراسیی فرە‌ئەتنیکی، لیبڕاڵ، کۆمەڵایەتی، سەنعەتی، پیشەسازیی و هتد دیاریی دەکرێ. لێرەدا ئێمە تیشک دەخەینە سەر سێ چەشنی دێموکراسیی ڕاستەوخۆ، دێموکراسیی نوێنەرایەتی و بە تایبەتیی دێموکراسیی فرە‌ئەتنیکی. بەو پێیە کە کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە و لە سەر خاکی کوردستانیش نەتەوە و گرووپی ئایینیی جۆراوجۆر دەژین، لەوە دەچی لە قۆناخێک لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە کیان و دەوڵەتی کورد، دێموکراسیی فرە‌ئەتنیکی و ئەزموونی شێوەی بەرێوەبردنی ئەم چەشنە دێموکراسییە لە کوردستانی سەربەخۆدا بۆ ئێمە گرینگییەکی زیاتری هەبێ. دێموکراسیی ڕاستەوخۆ مەبەست لە دێموکراسیی ڕاستەوخۆ شێوەی بەڕێوەبردنی ئەو سیستمە سیاسیانەیە کە شارۆمەندان بە چەشنێکی ڕاستەوخۆ و بێ هەڵبژاردنی نوێنەرێک بەشداری لە ڕەوتی دیاریکردنی یاساکانی وڵاتدا دەکەن. نموونەی مێژوویی ئەم چەشنە دێموکراسییە لە یوونانی کۆن لە نێوان ساڵەکانی ٥٠٧ ی پێش زایین هەتا ٣٢٢ پێش زایین دیتراوە. لە ئاتێن خەڵک، ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بەشداری لە ئەنجومەنی ئەو وڵاتەدا، ڕۆڵیان لە دیاری و پەسەندکردنی یاساکان، سیاسەتە نێوخۆیی و بیانییەکان، دادوەری، شەڕ و ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و هتد دەکرد. ئەفلاتوون وەکوو ڕەخنەگری سەرسەختی ئەم چەشنە دێموکراسییە پێی وابوو بە جێگای پسپۆرانی سیاسی، کەسانێک سەبارەت بە ژیانی سیاسی و هتدی وڵات بڕیار دەدەن کە هیچ تێگەیشتنێکیان لەم بوارانەدا نییە و بە جێگای پشتبەستن بە عەقڵ، لە ژێر کاریگەریی هەستدا، جەماعەتی فریودەر و هەڵخەڵەتێنەر کەڵکیان لێ وەردەگرن. بەشێکش لە توێژەران پێیان وابووە ئەم چەشنە دێموکراسییە تەنیا لە وڵاتێکی چکۆڵە و کەم حەشیمەتدا دەتوانێ بەڕێوە بچێ. لە سەدەی هەژدەدا ژان ژاک ڕۆسۆ لایەنگری پێکهێنانی دەستەڵاتدارەتیی خەڵک لە چەشنی ئەوەی ئاتێن و دەنگدانی تەواوی شارۆمەندە نێرینەکان لە دیاریکردنی یاساکان لە پارلەمان، بەڵام بێ بەشداریی ئەوان لە بواری بەرێوەبردنی کارەکاندا بوو. ئەو لە سەر ئەم باوەڕەش بوو، کە ئەم چەشنە سیستەمە تەنیا لە دەوڵەت _ شارێکی زۆر چکۆڵەدا وەدی دێ. دێموکراسیی نوێنەرایەتی یان ناڕاستەوخۆ دێموکراسیی نوێنەرایەتی یان ناڕاستەوخۆ باوترین چەشنی دێموکراسی‌ لە جیهانی ئەمڕۆدایە. خەڵک لە ڕێگای هەڵبژاردنی نوێنەر، ناڕاستەوخۆ بەشداری لە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەکەن. لە زۆربەی ئەم کۆمەڵگەیانەدا حیزبەکانن کە نوێنەرانی خۆیان بۆ بەشداری لە پارلەمان و بە دەستەوەگرتنی دەستەڵاتی سیاسی بەربژێر دەکەن و خەڵک لە نێو ئەواندا، نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن. لەم چەشنە وڵاتانەدا خەڵک لە ڕێگای ڕێکخراوە مەدەنییەکان، یەکیەتییە پیشەیییەکان ‌و ڕێکخراوە سیاسییەکان بەشداری لە ژیانی سیاسیی خۆیاندا دەکەن. بە پێی ئەم دێموکراسییە، هەڵبژێردراوەکانی خەڵک پێویستە پارێزەری بەرژوەندی، ئاوات و ویستی شارۆمەندە ئازادەکان بن. بەو پێیە کە بەربژێری ڕەوتی هەڵبژاردن پێویستی بە پارە، کاتی ئازاد و شیاو بۆ پێ‌ڕاگەیشتن بە کارو بارەکانی هەیە، بەکردەوە تەنیا کەسێک ئەو دەرفەتەی بۆ دەرەخسێ کە ئەندامی حیزبێکی خاوەن پارە و ڕێکخراوەیەکی بە هێز بێ کە ئەندام و کارگێری مزبەر و کارا، ئۆرگانی بە هێزی ڕاگەیاندن و هتدی هەبێ. بەم پێیە، شارۆمەندان نوێنەرانی خۆیان لە نێو ئەو بەربژێرانەی هەڵدەبژێرن کە پێشتر لە لایەن حیزبەکانەوە دیاریی‌کراون. یەکێک لە خاڵە پێویستەکانی بەربژێر لەم چەشنە دێموکراسییەدا هەبوونی سیمایەکی شیاو و توانایە کە بەباشی بۆ ئەم چەشنە کاروبارە پەروەردە و ئامادە کرابێ. لە وڵاتێکی سەرمایەداریدا بە هۆی بوونی چین و توێژی جۆراوجۆر و ناهاوسەنگی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەر کەسێک توانای گەیشتنی بەم پلەیەی نییە و ئەم دەرفەتە بە کردەوە لە دەست گرووپێکی باش پەروەردەکراو و ڕۆشنبیردا قەتیس دەمێنێتەوە. بێ‌گومان ئەگەر تاکێکی سەربەخۆی ناحیزبی بەربژێری پارلمان و سەرۆککۆماریی بێ، بە هۆی نەبوونی دەرفەتی ماڵی و ئینسانی بۆ بانگەشەکردن و هتد ئەگەری سەرکەوتنی ئەگەر نەڵێین نزیک بە سیفر، لە نزمترین ئاست دایە. دێموکراسی فرە‌ئەتنیکی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، کەمتر وڵاتێک دەبیندرێ کە پێکهاتەیەکی یەک ئەتنیکی هەبێ. لە قاڕرەی ئورووپا بەپێی پێوەری ئەتنیکی نزیک بە ٩٠ گەل دانیشتووی ٣٦ وڵاتن، واتە ژمارەی گەلە ئوروپاییەکان نزیک بە دوو جار زۆرتر لە ژمارەی وڵاتەکانە. بەم پێیە زۆربەی ئەم وڵاتانە بە چەشنێک تووشی کێشە جۆراوجۆرە ئەتنیکی‌یەکانن.(1) ئەم حاڵەتە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و دوور گەلێک ئاڵۆزتریشە. لە نێوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدە زۆربەی زانایانی زانستی کۆمەڵایەتی لە سەر ئەم باوەڕە بوون دابەشبوونی کۆمەڵگە بە گرووپە جۆراوجۆرە ئەتنیکییەکان بەربەستێکی گەورە بۆ گەیشتن و جێبەجێکردنی دێموکراسییەکی سەقامگرتوویە. جان ستوارت میل بیرمەندی سیاسی لە ساڵی ١٨٦١ز. پێی وابوو «لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا ئەگەری پێکهێنانی ڕێکخراوە ئازادەکان تا ڕادەیەک کەمە، بە تایبەتی کاتێک ئەم گرووپە ئەتنیکییانە پێکەوە جیاوازیی زمانییشیان‌ هەبێ.[....] ڕووداو، کردەوە و سیاسەتی وەکیەک(هاوشێوە) بە چەشنی جۆراوجۆر کاریگەرییان لەسەر ئەوان هەیە و، هەر نەتەوەیەک زۆرتر ترسی‌ لە زیان پێگەیشتن بە هۆی نەتەوەیەکی دیکەوە هەیە هەتا حوکمڕانی گشتی، واتە دەوڵەت.»(2) بە پێی بیرۆکەی ستوارت میل بڕیاردانی دێموکراتیک تەنیا لە حالەتێکدا دەتوانێ کارامە بێ، کە ئەو جیاوازییانەی قەرارە لە ناو بچن، زۆر نەبن. بەم پێیە ئەگەر بۆ دێموکراسی، کۆمەلگەیەکی تەواو هاوچەشنیش زۆر پێویست نەبێ، بەڵام لانی‌کەمێک لە یەکیەتی و تەبایی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێویستە. هەتا ئێستا چوار شێواز بۆ چارەسەرکردن و لەنێوبردنی جیاوازیی قەومی دیتراوە: کوشتاری قەومی و دەرکردن واتە سڕینەوەی قەوم یان نەتەوەیەک، پارچەپارچەکردنی وڵات وەکوو ئاکامی شەڕ و گشتپرسی یان هەوڵدان بۆ ئەنتگراسیۆن. ئەم حاڵەتانە دەتوانن بە جۆرێک لە جۆرەکان ببنە هۆی کۆمەڵکوژی، تواندنەوەی کەمینەکان، یان هەڵوەشانەوەی وڵاتێکی چەند ئەتنیکی. دێموکراسی فرە‌ئەتنیکی هەوڵ‌ و شێوازێکە بۆ پێکهێنانی بارودۆخێکی شیاو بۆ پێکەوەژیانی گرووپە جۆراوجۆرە ئەتنیکی، فەرهەنگی و ئایینیەکان، بێ ‌هەڵوەشانەوەی ستروکتوری جوغرافیای سیاسی و تێکچوونی یەکپارچەیی ئەرزیی ئەو وڵاتانە. لەم چەشنە سیستمە سیاسییەدا چەند گرووپی ئەتنیکی، هەروەها ئایینی یان فەرهەنگی بەشداری لە دەستەڵات و بڕیارە سیاسییەکانی وڵاتدا دەکەن. تایبەتمەندییەکانی ئەم چەشنە دێموکراسییە بریتین لە: * بەشداریی نوێنەرانی سەرەکی ئەتنیکەکان لە ڕەوتی بڕیاردان، * هەبوونی ڕادەیەکی زۆر لە مافی خودموختاریی نێوخۆیی، * دابەشکردنی دەستەڵات بە پێی گرینگیی گرووپەکان، * هەروەها مافی ڤێتۆکردن لە لایەن کەمینەکانەوە. لەم دێموکراسییەدا، لەوەدەچێ شێوەی بریاڕدان بە تایبەتی لە بواری بەڕێوەبردندا شکڵی جۆراوجۆری ڕێکخراوەیی هەبێ. باوترین چەشن، پێکهێنانی دەوڵەتێکی بەرفراوانی هاوپەیمان لە دێموکراسیی پارلمانی وەکو بێلژیک، مالێزی و دەستەڵاتی بەڕێوەبردنی حەوت کەسی لە سویس ‌دایە‌. لە سویس ئەم ٧ کەسە نوێنەری تەواوی گرووپە ئایینی و زمانییەکان، هەروەها چوار حیزبی سەرەکیی ئەو وڵاتەن. سەرۆک کۆمار بە نۆرە لێیان هەڵ دەبژێردرێ و سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەرییەکە لە نێو حەوت ئەندامی شووڕای فیدراڵیدا دەسوورێتەوە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرنگایەتیی دەستەڵاتی بەرێوەبەریی و ڕێبەریی کاریزماتیک. لەوەدچێ زۆر جار سویسییەکان تەنانەت زانیارییەکی وردیان سەبارەت بە سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان نەبێ. سیستمی سیاسیی سویس لە چەشنی کۆنفیدراڵ و ناکۆجێیە و شارۆمەندی لە سەرەتادا لە کۆمۆن، پاشان کانتۆن و لە کۆتاییدا لە حکوومەتی ناوەندی یان فیدراڵ لە بێرن سەرچاوە دەگرێ. واتە کاتێک لە سویسییەک پرسیار بکرێ خەڵکی کۆێیە، لە سەرەتادا بۆ وێنە دەڵێ خەڵکی کۆمۆنی فراوئن‌کاپلێن، پاشان خەڵکی کانتۆنی بێرن و لە کۆتاییدا خەڵکی سویسە. سویس وڵاتێکی پلورالیستییە و چوار زمانی ئاڵمانی، فەرانسەیی، ئیتالیایی و ڕۆمانیایی زمانە فەرمییەکانی ئەم وڵاتەن و بە پێی ماددەی ٧٠ی قانوونی فیدراڵ - ئاڵمانی، فەرانسەیی و ئیتالیایی هاوکات زمانی فەرمی و ئیداریی دەوڵەتی فیدراڵن و تەواوی یاسا و ڕێساکان بەم زمانانە چاپ و بڵاو دەبنەوە. پێکهێنانی هاوپەیمانی لە سیستمی سەرۆک کۆماریدا هەرچەند تا ڕادەیەک لە سیستمی پارلەمانی چەتوونترە، بەڵام ئەگەری دابینکردنی هەیە. بۆ وێنە لە لوبنان پلە و پایەکانی دەستەڵات لە نێوان گرووپە نەتەوەیی و ئایینیەکان دابەش کراوە. سەرۆک کۆمار بۆ مسیحییە مارۆنیەکان، سەرۆک وەزیری بۆ موسڵمانە سوننەکان و سەرۆکی پارلەمان بۆ موسڵمانە شیعەکان لەبەرچاو گیراوە. لە دێموکراسیی فرە‌ئەتنیکیدا، پەسەندکردنی بڕیارە گشتییەکان لە لایەن نوێنەرانی گرووپە جۆراوجۆرە ئەتنیکی و ئایینیەکانەوە بە ئاکام دەگا، بەڵام بڕیاردان لە کاروباری نێوخۆیی هەر ناوچەیەکی ئەتنیکی لە دەستەڵاتی نەتەوەکانی ئەو ناوچانەدایە. ئەگەر چڕ بوونەوەی گرووپە ئەتنیکییەکان باری جوگرافیایی هەبێ، لەوانەیە خودموختاریی ئەوان لە شێوەی فیدراڵیدا جێبەجێ ببێ، کە لەودا سنوورەکانی فیدراڵ لە گەڵ سنوورە ئەتنیکییەکان پێ بە پێی یەکترن و لە ئاکامدا یەکەی ئەرزی(بەشەخاک)ی دیاریکراو بۆ هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی، بە تەواوی وەک یەک یا زۆرهاوشێوەی یەکتر دەبن. وەکو سویس کە زۆربەی کانتۆنەکانی یەک زمانین، یان ئەیالەتی کوبێک لە کەنادا کە زۆربەی دانیشتووانی فەرانسەیی زمانن. لە کاتی تێکەڵبوونی ئەتنیکەکان لە باری جوگرافیاییەوە خودموختاری شکڵی نائەرزی بە خۆیەوە دەگرێ. بۆ وێنە بە پێی یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٩٦٠ی قێبرس، دوو پارلەمانی هاوبەشی جیا بۆ یوونانیەکان و تورکەکانی ئەم وڵاتە پێکهاتوون کە دەستەڵاتی یاسادانانی تایبەتییان لە بواری ئایینی، فەرهەنگی و پەروەردەکردن هەیە. دەنگدەرانی یوونانی و تورک جیا لە یەک، دەنگ بە پارلەمانی خۆیان دەدەن. لە دێموکراسیی فرە‌ئەتنیکی‌ هاوڕێژەیی پێوەرێکی سەرەتایی بۆ نوێنەرایەتی سیاسی، وەدەستهێنانی پلە و پایەی فەرمی و دیاریکردنی سەرچاوە میللییەکانە و دابەشکردنی پلەکانی پارلەمان و دەوڵەت دەتوانێ بە پێی ڕێژەی دانیشتووان و گرینگی تاقمە ئەتنیکییەکان بێ. کەڵک وەرگرتن لە سیستمی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی ڕێژەیی، گشتیترین و شیاوترین شێوەی دیاریکردنی نوێنەرایەتی ئەم گرووپانە لە پارلەماندایە، ئەم حاڵەتە بۆ وێنە لە سویس و بلژیکدا دەبیندرێ. شێوەکانی نیوەهاوڕێژەیی دەتوانێ مافی نوێنەرایەتی کەمینەکان مسۆگەر کات (بۆ وێنە لە لوبنان). لەو وڵاتانەی کە گرووپە ئەتنیکییەکان لە ناوچەیەکی تایبەتی جوگرافیایی‌دا جێگیرن(وەکوو کانادا) سیستمی یەکەکانی هەڵبژاردنی نوێنەر لەوەدەچێ هاوڕێژەییەکی شیاو پێک بێنێ. لەبەرچاوگرتنی ژمارییەکی دیاریکراو لە کورسییەکانی پارلەمان بۆ گرووپە ئەتنیکییەکان بە پێی ڕێککەوتنێکی نافەرمی (بۆ وێنە لە مالێزی) شێوەیەکی دیکە بۆ دابینکردنی مافی کەمینەکانە. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم چەشنە دێموکراسییە، مافی ڤێتۆکردن لە لایەن کەمینەکانەوەیە‌ و ئەم حاڵەتە لە پێوەندی لەگەڵ بابەتە گرینگ و بنەڕەتییەکان وەکو بڕیاردان سەبارەت بە سیستمی هەڵبژاردن، پەسەندکردنی قانوونی باجدان، سیستمی شارەدارییەکان و هتد دەبیندرێ و زۆرتر بە پێی ڕێککەوتنی نافەرمیی‌ گرووپە ئەتنیکییەکانە نەک ڕێسا فەرمی و قانوونیەکان یاخود یاسای بنەڕەتی وڵات. وێرای لەبەر چاوگرتنی ئەم تایبەتمەندییانەی دێموکراسیی فرە‌ئەتنیکی، لەوەدەچێ مەترسی سەرکوتکردنی تەواوی گەل و کەمینەکانی دیکە لە لایەن گەلێکی دیکەوە هەرچەند بە ئەندازەی دەوڵەتێکی یەک نەتەوەییش نەبێ کە لەسەر بنەمای قەومییەتەوە پێک هاتبێ، بەڵام وەکوو ئەگەرێک بە تەواییش ڕەت‌ ناکرێتەوە و تەنانەت ئەم مەترسییە هەیە کە چەند گروپی ئەتنیکی پاش بە دەستەوەگرتنی دەستەڵات دەست بکەن بە چەوساندەوەی گرووپە ئەتنیکییەکانی دیکە. سەرەڕای ئەوەش تایبەتمەندیی ئەم چەشنە دەوڵەتانە قبووڵکردن و بە فەرمی ناسینی جیاوازیی ئەتنیکیی گرووپە قەومی و نەتەوەییەکان و بەشداریی ئەوان لە چارەنووسی سیاسی خۆیان و گشت کۆمەڵگەدایە. لەوەدچێ لە وڵاتە فرە ئەتنیکییەکاندا ناتەبایی و جیاوازیی فەرهەنگی، ئایینی، قەومی، زمانی، ئایدیۆلۆژی یان کۆمەڵایەتی و ئابووری، هەروەها کێشە لە ڕەوتی هەڵبژاردن و دەنگدان بەستێنێک بۆ پێکهاتنی زۆرینەیەکی سەرکەوتوو و کەمینەیەکی هەمیشە دۆڕاو، هەروەها ڕێخۆشکەری سەرەڕۆیی زۆرینە، لێکدابڕان و تەنانەت شەڕی نیوخۆیی بێ. لەم حاڵەتەدا چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای سازان و وتووێژ هەتا گەیشتن بە رێککەوتن و خۆپارێزی لە بڕیاردان بەپێی دەنگی زۆرینەیە، دەتوانێ شێوازێکی شیاو بۆ پێشگیری لە سەرهەڵدانی ڕووداوە ناخوازیارەکان بێ. تەنانەت لە پارلەمان و شووڕای فیدراڵی ئاڵمانیش وەکو وڵاتێکی یەک نەتەوەیی، زۆر جار کێشەی نێوان دوو حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی زۆرینە لە ڕێگای سازان و پێکهاتنەوە چارەسەر دەکرێ. سەرەڕای ئەوە کە دێموکراسیی فرەئەتنیکی، شێوازێکی مەدەنی بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە نەتەوەییەکانە، بەڵام ئەستەمە بۆ وێنە کێشەی کورد هەتا دەستەبەرنەبوونی مافی چارەی خۆنووسین و پێکهێنانی کیان و دەوڵەتی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئەم چەشنە دێموکراسییەدا بە یەکجاریی چارەسەر بکرێ. بەڵام دابینکردنی دێموکراسییەکی ڕاستەقینە دەتوانی بارودۆخی پێویست و یاسایی بۆ کار و چالاکیی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیییەکان بە بیرو ڕای جۆراوجۆرەوە، گشتپرسییەکی دێموکراتیک و دەنگدانی ئازادانەی خەڵک بۆ مانەوە یان نەمانەوەی ئەوان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا. پێک بێنێ. واتە بڕیاری کۆتایی بدرێتە دەست خەڵک هەتا ئەوان بە پێی ئاگایی و بەرژوەندی نەتەوەیی خۆیان دەنگ بە دادێی ژیانی سیاسی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن. بۆ وێنە لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی سکاتلەند لە ١٨ی سپتامبری ٢٠١٤ کە بە پێی ڕێککەوتنی دەوڵەتی سکاتلەند و بریتانیا بەرێوەچوو، لە سەتا ٥٥ی خەڵکی سکاتلەند بە پێچەوانەی ئەو شتەی چاوەڕەوانی دەکرا، دەنگیان بە جیانەبوونەوە لە بریتانیا دا، و حیزبی نەتەوەیی سکاتلەندیش وێرای قبووڵی ئاکامی ڕێفراندۆمەکە درێژە بە چالاکیی خۆی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەدا. لە ٢٨ مارسی ٢٠١٧ پارلەمانی سکاتلەند دەنگی ئەرێنی بە جیابوونەوە لە بریتانیا داوەتەوە. لێرەدایە کە ناسیۆنالیزم و دێموکراسی پێوەندییەکی بە هێزیان بۆ چارەسەریی کێشەکان هەیە و بە پێی وتەی گیا نۆدیا وەزیری پێشووی پەروەردە لە گورجستان» بیرو هزری ناسیۆنالیزم بێ دێموکراسی وەدی نایە - لە ڕاستیدا بە خەیاڵیشدا نایە، و دێموکراسی هیچ کاتێک ناتوانێ بێ ناسیۆنالیزم بوونی هەبێ. ئەم دووانە بە چەشنێکی گەلێک ئاڵؤز لێک‌ئاڵاون و ناتوانن بێ یەکتری بژین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێکەوەژیانیان تا ڕادەیەکی زۆر لە گرژییەکی هەمیشەیی ‌دایە.»(3) زۆر جار تێکەڵاوبوونی نەتەوەکان لە بواری جوگرافیایی وەکو هۆیەک بۆ پێکەوە ژیانی بە ناچاری نەتەوە و گەلە جۆراوجۆرەکان لەگەل یەک و پارێزکردن لە هەوڵ و چالاکی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لە قەڵەم دەدرێ. لە نێو تاقمێک لە حیزب و کەسایەتییەکانی کوردیش هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد تەنانەت لە چوارچێوەی فیدراڵیزمی جوغرافیایی و دیاریکردنی سنووری نیشتمانیی کورد وەکوو ڕێخۆشکەری شەڕی نیونەتەوەیی گەلە دراوسییەکان پێناسە دەکرێ و باس لە تەواوبوونی کاتی دەوڵەت‌سازی و ناسیۆنالیزمی کورد لە سەدەی ٢١ و چارەسەریی کێشەی کورد و گەلانی دیکە لە چوارچێوەی مافی شارۆمەندیدا دەکرێ. جان ستوارت میل لە کتێبی «حکوومەتی هەڵبژاردە» پێی وابوو گەلەکانی مەجارستان وەکو مەجار، سلۆواک، کروات، سێرب، ڕۆمانیایی و (لە ناوچەگەلێک) ژێرمەنەکان لە باری جوگرافیاییەوە وەها لێک‌گرێدراون کە هیچ ئەگەرێک بۆ جیاکردنەوەی ناوچەیی ئەوان، هەروەها هیچ ڕێگایەک بێجگە لە پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە و پەیرەوی کردنیان لە ماف و یاساکانی بەرامبەر نییە» بەڵام ئەمڕۆکە، هەرکام لەم نەتەوانە سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکی کەمیان وەکوو کەمینە لە چوارچێوەی چەند وڵاتیشدا دەژین، دوڵەت و کیانی نەتەوەیی خۆیان پێک هێناوە. مەجارستان بە پێی پەیمانی ئاشتی تریانۆن لە ساڵی ١٩٢٠ لە سەتا ٧١ی زەوی و سەتا ٥٨ی دانیشتووانی خۆی لەدەست دا. مەجارستان ئەمڕۆ لە باکوورەوە لەگەڵ سلۆواکی، لە ڕۆژهەڵات و باشوروی ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڕۆمانی، لەباشورەوە لەگەڵ سێربستان و کرواسی، لە باشوری ڕۆژئاوا لەگەڵ سلۆوانی و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئوتریش، هەروەها لە باکوری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئۆکرائین هاوسنوورە. جوغرافیایی سیاسی وڵاتەکان لە دوو سەدەی ڕابردوودا بە پێچەوانەی ویست و خواستی نەتەوە باڵادەست و حکوومەتە سەرەڕۆکان زۆرتر بە پێی ئاڵوگۆڕە سیاسیی‌ جیهانی و ناوچەییەکان بە تەواویی گۆڕدراوە. « لە ساڵی شۆڕشی فەڕانسە (١٧٨٩) لە هەموو جیهاندا ٢٣ دەوڵەت هەبوو. لە پێش شەڕی یەکەمی جیهانی (١٩١٤) ژمارەی دەوڵەتانی قارەی ئەفریقا نەدەگەیشتە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک، هەمووی ئەم قاڕەیە موستەعمەرەی وڵاتانی بەریتانیا، پورتەقاڵ، بلژیک، فەرانسە و و هولەند و ... بوون؛ ئێستا ژمارەی وڵاتانی ئەم قاڕەیە پتر لە ٥٠ وڵاتە. لە کاتی دروستبوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥ ژمارەی ئەو وڵاتانەی بوون بە ئەندام لەو ڕێکخراوە نەدەگەیشتە ٦٠ وڵات لە دەیەی ٥٠، ٦٠ و ٧٠ی زایینی پتر لە سەد وڵاتی تازە هاتنە سەر نەخشەی جوغرافیا، ئێستا ١٩٧ وڵات لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەنی کورسین. داگیرکەرانی ئەو وڵاتانە ناچار بوون لە ئاست ئیرادەی نەتەوە سەربەخۆخوازەکان هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشە بکەن. داگیرکەرانی کوردستان نە لە بریتانیا، نە لە فەڕانسە، نە لە ئامریکا و نە یەکیەتی سۆڤییەت بە هێزتر نین کە ناچار کران هیندوستان، ئەلجەزایر، ڤێتنام و ئەفغانستان بەجێ بێڵێ.(5) پچڕاندنی ئەو پەتە(بەندە) سیاسییانەی کە خاکی نەتەوەیەک بە پێچەوانەی ویستی خۆی بە نەتەوەیەکی دیکە دەلکێنێ مافێکی ڕەوا و ئینسانیە. ئەم پێداویستیە بە شێوەیەکی جوان لە بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمریکا لە ساڵی ١٧٧٦ز گەڵالە کراوە» کاتێک لە ڕەوتی ڕووداوەکانی مرۆڤایەتی، نەتەوەیەک بۆ وەدەستهێنانی شوێنی جیا و بەرابەری خۆی لە نێوان هێزەکانی گوێ زەوی، کە بە پێی یاساکانی سروشت و سرشتی خودا ڕێگەی‌پێدراوە ناچار بە پچڕاندنی ئەو پەتە سیاسییانەی دەبێ کە ئەوانی بە نەتەوەیەکی دیکە لکاندوە، پێویستە ئەوان بە پێی ڕێزلێنانی شیاو لە بیڕو ڕای مرۆڤەکان ئاماژە بەو هۆیانەی بکەن کە ناچاریان بە جیابوونەوە دەکا». بەم پێیە مافی بە دەوڵەتبوون مافێکی ڕەوا و ئینسانیە، بەڵام پێویستە هۆی جیابوونەوەکە، شی بکرێتەوە و بڕیاری کۆتایی بە پێی دێموکراسی نەک بە ڕێکخراوەیەکی تایبەتیی بەڵکوو بە خەڵک بسپێردرێ. کۆتایی پرۆفسۆر ساموێل هانتینگتۆن ڕاوێژکاری سیاسەتی بیانی و مامۆستای دەوڵەتیی زانستگای هاروارد لە بابەتێک بە ناوی «هەوراز و نشێوی شەپۆلەکانی دێموکراسی» لە ساڵی ١٩٩١ باس لە سێ شەپۆلی دێموکراسی‌ سازی لە جیهان دەکا. دەستپێکی یەکەم بەرزەشەپۆلی دێموکراسی لە ساڵەکانی ١٨٢٠ی ز بە پێی پەرەگرتنی پانتایی مافی دەنگدان بۆ بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو. ئەم شەپۆلە نزیک بە سەدەیەکی خایاند و هەتا ساڵی ١٩٢٦ز هۆی سەرهەڵدانی ٢٩ حکوومەتی خەلکسالار بووە. بەدەستەڵات گەیشتنی موسولینی لە ساڵی ١٩٢٢ لە ئیتالیا سەرەتای دەستپێکی شەپۆلێکی پێچەوانە و دابەزینی ژماری حکوومەتە خەڵکسالارەکان بە ١٢ وڵات لە ساڵی ١٩٤٢ بووە. سەرکەوتنی وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دووهەمی جیهانی دەستپێکەری شەپۆلی دووهەمی دێموکراسی بووە، شەپۆلێک کە دەچوو ژماری حکوومەتە خەلکسالارەکان لە ساڵی ١٩٦٢ بە ٣٦ وڵات بگەیەنێ. ڕەوتێکی پێچەوانە کە لە ساڵی ١٩٦٠ دەستی پێکرد و هەتا ١٩٧٥ دەوامی بوو، هۆی دابەزینی حکوومەتە دیموکراتەکان بە ٣٠ی وڵات بوو. شەپۆلی سێهەم لە ساڵەکانی ١٩٨٠-١٩٧٠ هاوکاتە لەگەڵ دامەزرانی حکوومەتە دێموکراتیکەکان لە یوونان، سپانیا و پورتۆغاڵ، وڵاتەکانی ئەمریکای لاتین، هەروەها کۆرەی باشوور، تایلەند و فلیپین لە ئاسیا و پاشان ڕووخانی یەکیەتی سۆڤییەتی و بەرەی هاوپەیمانی لە ڕۆژهەڵاتی ئووروپا و سەرهەڵدانی چەندین وڵاتی سەربەخۆی تازە لە سەر نەخشەی جیهاندا. هەرچەند پێش ساڵی ١٩٩٠ بەلانی‌کەم دوو خەڵکسالاریی شەپۆلی سیهەمی واتە سوودان و نیجێریە ڕۆتی پێچەوانەی خۆیان بەرەو دیکتاتۆری تەواو کردبووە، بەڵام بەلانی‌کەم لە نیوان ساڵەکانی ١٩٧٤ هەتا ١٩٩٠ ٣٠ وڵات ڕەوتی چوونە نیو دێموکراسیان تێپەراند و بە پێی ئامارێک، هەتا ساڵی ١٩٩٥ لە ١٩١ وڵاتی جیهان، ١١٤یان خاوەنی تایبەتمەندییەکانی دێموکراسی بوون. گۆڕانکارییەکانی جیهانی سەردەم وێرای گەلێک بەربەست و کۆسپ لە بەرامبەر بە دێموکراسی‌ پێشاندەری جیهانیبوونی هەرچی زۆرتری ئەم ڕەوتەیە و ئیتر ناکرێ بێ دابینکردنی دێموکراسییەکی سەقامگرتوو کێشە سەرەکییەکانی ولاتێک و یەک لەوان کێشەی ئەتنیکی بە چەشنێکی مەدەنی چارەسەر بکرێ. بە پێی ئامارەکان، کێشە و شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکان گەلێک زۆرتر لە کێشە و شەڕی نێوان دەوڵەتەکانە و تەنیا لە ساڵی ٢٠١٣ لە ٤١٤ کێشەی جیهانی، ٧٧ی لە پێوەندی لەگەڵ کێشە و قەیرانی نێوان دەوڵەتەکان و ٣٣٧ی کێشە نێوخۆییەکان بووە و ئەم کێشانە تەواوی گوێ زەوی لە ناوچەکانی ئاسیاوە هەتا قاڕڕەی ئەمریکا تەنیوەتەوە.(6) کێشەی کوردیش یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستانە و هەتا چارەسەرنەبوونی یەکجاریی ئەم کێشەیە و نەگەیشتنی ئەوان بە مافی چارەی خۆنووسین بەردەوام دەمێنێتەوە. نەبوونی دێموکراسییەکی ڕاستەقینە بەربەستێکی سەرەکی بۆ چارەسەریی ئاشتیخوازانەی مەسەلەی کوردە. لەسەر کاربوونی دەوڵەتە سەرەڕۆکان ئیزنی چالاکییەکەی یاسایی بە حیزبە کوردستانیەکان نەداوە و سەرکوت، گرتن و کووشتنی ئازادیخوازانی کورد بەردەوام سیاسەتی سەرەکی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بووە. لەم ڕەوتەدا حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانیش بێ لەبەرچاوگرتنی دروشمی کاتی یان درێژخایەن بۆ بردنە‌سەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی ‌و کۆکردنەوەی خەڵک‌و ڕێکخستنیان لە نێو پێکهاتە جۆراوجۆرە سیاسیی ‌و مەدەنیەکان، پێویستیان بە بارودۆخێکی ئازاد و دێموکرات هەیە تا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی گەڵەکەیان هەبێ. نەبوونی ئازادی، دێموکراسی و میکانیزمی قانوونی بۆ چارەسەری ئاشتیخوازانەی کێشەی نەتەوەیی، هەروەها درێژەپێدانی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ناوەندی، تەنیا هۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتانە و ڕادیکاڵیزەبوونی هەر چی زۆرتری بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد بووە. گۆڕانی سیستمی دەستەڵات لە وڵاتە داگیرکەرەکان و دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکرات کە باوەڕی بە فرە‌نەتەوەیی بوونی وڵاتەکان و هەبوونی کێشەی نەتەوەیی بێ، دەتوانێ بەستێنێکی شیاو بۆ خەباتی ئاشتیخوازانە حیزبە کوردستانیەکان و چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد پێک بێنێ. سەرچاوەکان: 1) پروفسور دکتر هانس پترنویهولد، حق تعیین سرنوشت خلق‌ها یا صیانت از اقلیت‌ها، دمکراسی و انتگراسیون؟ ص ١٣٨، پروفسور دکتر کریستیان پان، سازمانیابی سیاسی اقلیت‌های ملی بە‌مثابە پیش‌شرط مشارکت دمکراتیک، ص ١٩٤ ترجمە ناصر ایرانپور، بازاندیشی در برخی مفاهیم کلیدی فلسفەی سیاسی، جلد اول، نشر روشنفگری، آلمان ١٣٩٥ 2 ) جان استوارت میل، حکومت انتخابی، ص ٣١٤، ترجمە علی رامین، کتابخانە الکترونیکی امین، ١٣٩٦ 3 ) وەرگیراو لە : جامعە مدنی، گفتارها، زمینە‌ها و تجربەها، کاظم علمداری، ص ١١٤، توانا، آموزشکدە آنلاین برای جامعە مدنی، ٢٠١٥ 4 ) جان استوارت میل، حکومت انتخابی ص ٣١٨، ترجمە علی رامین، کتابخانە الکترونیکی امین ١٣٩٦ 5 ) سمایل بازیار، ڕۆژی گەشبینی بە داهاتووی خەباتی شوناسخوازیی کورد، کوردستان و کورد ئورگانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ژمارەی ٧٤٠، ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٧ 6 ) وەرگێراو لە صلح، عدالت و دموکراسی در جوامع چند قومیتی: دموکراسی توافقی با تاکید بر مقایسە تطبیقی کشورهای بوسنی هرزگوین و عراق، ستار عزیزی