کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتیی شەهید د. قاسملوو لە ئیلهام بەخشین بە ژنانی نێو ڕیزەکانی شۆڕشدا

17:25 - 1 گەلاوێژ 2719

لە کەس شاراوە نییە یەکەم ڕێکخراو لە بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەییدا کە ڕێگەی بۆ بەشداریی ژنان لە کایە سیاسی و ڕێکخراوەییەکاندا کردەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە 74 ساڵ پێش ئێستا بە دامەزراندنی «یەکیەتیی ژنانی دێموکرات» ئەم ڕچەشکێنییەی کرد. باوەڕی حیزبی دێموکرات کە لە بەرنامە و پێڕوەی حیزبدا ڕەنگی داوەتەوە بە ڕوونی دەڵێ کە ژن و پیاو مافی وەک یەکیان هەیە. تەنانەت کاتێک لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا باس لەوە کردوە کە «ژن و پیاو لە هەڵبژاردن و هەڵبژێردراندا مافیان وەک یەکە» کە، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی پێشکەوتووی ئورووپایی، ژنان هێشتا مافی دەنگدانیان نەبووە! مێعماری بەتوانای ئەم حیزبە بەو پێشەنگایەتییە، شەهید دوکتور عەبدوڵڕحمان قاسملووە کە دەڵێ: «لە تێکۆشانی حیزبی و سیاسیی ئێمەدا، دەبێ جێگایەکی تایبەتی بدرێ بە ژنان. وەک دەزانن حیزبی ئێمە مافی بەرابەریی تەاو لە گەڵ پیاوان بۆ ژنان دادەنێ. بەڵام دانانی ماف لەگەڵ پیادەکردنی ئەو مافە لە کۆمەڵدا مەودایەکی زۆریان لە بەیندا هەیە. دەبێ ئەو مەودایە بەرەبەرە لەبەین بچێ. بە بیروڕای حیزبی ئێمە هەرچی ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوترە و بزووتنەوەکە پێشکەوترە و شانسی سەرکەوتن نزیکترە». لە 30 ساڵەی شەهیدبوونی د. قاسملوودا «کوردستان» ڕای چەند خاتوونێکی وەرگرتوە کە لە نیزیکەوە دوکتور قاسملوویان دیوە و وەک بۆ خۆیان دەڵێن بۆ ژیانی سیاسی و کاری ڕێکخر اوەییان ئیلهامیان لێ وەرگرتوە:     هەڵاڵە قازی لە ژیانمدا چەندین جار شانس و شانازیی ئەوەم بووە کە لە نیزیکەوە د قاسملوو ببینم و کاری لەگەڵ بکەم. پیش شەڕی سەراسەری و فتوای خومەینی دژی گەلی کورد لە چەند شوێنیک کە میوان کرابوو دیتم. کەسایەتییەکی سه‌رنجڕاكیش، بەڕێز و شارستانیی هەبوو. کەسیک بوو کە لە قەیرانی ڕێبەریی شۆرشی ئێراندا دەیتوانی شوێنەواری بنەڕەتی لەسەر کۆمەڵگە دابنێ. ئەو کاتەی لە تەشکیلاتی حیزبدا لە نیزیکەوە کارم لەگەڵ دەکرد، ئەرکێکی من تایپی «تێکۆشەر»، نامیلكه‌ی نێوخۆیی ‌حیزب بوو. هیندێک نووسراوە دەچوونەوە بەر دەستی بەڕێزیان و ئەم نووسراوانە دەبا من بردبام بۆ د قاسملوو. حیزبی دێموکرات بەپێی تایبەتمەندیی ئەو کاتی کۆمەڵگەی کوردەواری دەبوا زۆر کاری بنەڕەتی بکا و و د. قاسملوو بەتەنیا نەیدەتوانی هەمو ئاڵوگۆڕێک پێک بینی. بۆ نموونە لە بەرنامە و ئەساسنامەی حیزبدا بەرابەریی ژن و پیاو هەبوو، یارمەتیی ماددیی پێشمەرگەی ژن و پیاویش وەک یەک بوو، بەڵام ئەمە هەلە و دەرفەتەی پیاوان هەیانبوو ژن نەیانبوو، بۆ نموونە پێشمەرگەی وەک زینەبە ڕەشمان هەبوو کە تانکی دەشکاند، کەچی پێشمەرگەكانی هاوڕێێ كه‌ پیاو بوون دەبوونە سەرپەل و، پیشمەرگە کچەکان هەر پێشمەرگە دەمانەوە. لە بیرمە جارێک د. قاسملوو لە سەفەری دەرەوە ڕا هاتبوە و منیش بۆ به‌خێرهێنانەوەی سه‌ردانم كرد، وەک دیاری قەڵەمیک و عەترێکی دامی کە زۆر لە لام خۆشەویست بوو. دڵخۆش بووم كه‌ ڕێبەری حیزبەکەم ڕێزی گرتووم و دیاریی ته‌نیا بۆ هاوكاره‌ پیاوه‌كانی نه‌هیناوه‌. د. قاسملوو و د. سه‌عید ژن و منداڵیان له‌ لا نه‌بوو و لە تەنیشت پێشمه‌رگه‌کان و وەک ئەوان ده‌ژیان. له‌ بیرمه‌ هه‌ر ئه‌و كات نیوه‌ڕۆیه‌ك له‌ ده‌فته‌ر به‌ره‌و مەقه‌ڕی خۆمان له‌ ته‌شكیلات ده‌چومه‌وه‌. د. شه‌رفكه‌ندی دانیشتبوو له‌ نێو ته‌شتێكدا یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌ی به‌ دوو قامكان گرتبوو و لێكی ده‌خشاند و ده‌یشوشت. لێی چوومه‌ پیش و داوام كرد كه‌ ئیجازه‌ بدا من بۆی بشوم. گه‌ڕاوه‌ گوتی سپاست ده‌كه‌م، بەڵام قه‌ت ئه‌و پیشنیاره‌ی به‌ هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیكه‌ مه‌كه.‌ با نەڵێن چونکی تۆ كچی ده‌بی ئه‌و كارانه‌ بكه‌ی... دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی ئەو جۆرە کەسایەتییانە بوون کە هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لە ژنیان دەڕوانی. دیداره‌كانی دواتری من له‌گه‌ڵ د. قاسملوو لە کۆبونەوەکانی حیزبی لە دەرەوەی وڵات بوو. ئەو کات کە لە دەرەوە بووم بۆم دەرکەوت بۆچی بە تایبەت د. قاسملوو کە بە چەند زمانی بیانی قسەی دەکرد دەبوا هاتوچۆی دەرەوە و کاری دیپلۆماسییان کردبا و کاری نێوخۆیی حیزبیان بە بەرپرسانی نێوخۆی ولات سپاردبا. له‌ نامه‌یه‌كدا ئه‌و پیشنیار و داوایەم لێکرد کە وه‌ڵامێكی كورتی بۆ ناردمه‌وه‌. ئەو نەوعە دێموکراسییەی د. قاسملوو باوەڕی پێی هەبوو لەگەڵ نێوەرۆکی نیزامی سیاسیی ئێران و تەنانەت کۆمەڵگەی کوردیش نەدەگونجا. ئەو زۆر لەپێش خەڵکەوە بوو.   خەدیجە مەعزوور دوکتور قاسملوو گەلێک خەسڵەت و ڕەفتاری جوان و ئەمڕۆییانەی تێدا بوو کە مرۆڤ مەجزووبی ئەو ڕەفتارانەی دەبوو. ئەو ڕێبەرێکی زۆر بەفەرهەنگ و هەڵسوکەوت جوان بوو. دوکتور قاسملوو کاتی خۆی بەناچار بەشێکی زۆری تەمەنی لە وڵاتانی ئۆرووپایی بە تایبەت وڵاتی فەڕانسە بەسەر بردبوو، کولتوور و فەرهەنگێکی زۆری ئۆرووپایی گوڵبژێر کردبوو و وەسەریەکی نابوو و کردبووی بە تێشوو بۆ ژیانی داهاتووی گەلی کورد. بە هاتنەوەی بۆ نێو خاکی نیشتمان و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب، هەموو ئەو ئەزموون و فەرهەنگە جوان و بەکەڵکانەی ئۆرووپای ئاوێتەی فەرهەنگی کوردەواری دەکرد و لە ژیانی ڕۆژانەی حیزبایەتیدا لەگەڵ کەسانی دەورووبەری بەکاری دێنا. بۆ نموونە لە کات و سات، قەراردانان، کارکردن و...دا. بێ زیادەڕەویی دەڵێم: هەڵسوکەوت و ئاکارەکانی بۆ ئێمە کە لە دەوروبەری دەژیاین و یەکترمان دەدی وانە بوو، وانەیەکی بەنرخ، وانەی فێربوون، خۆڕاگری، متمانە و باوەر بەخۆبوون و ڕێز لە ژن گرتن و...... دوکتور قاسملوو ڕەفتار و هەڵسوکەوتی بەتایبەت لە گەڵ ئێمە ژنان ئینسانی و پێشکەوتوو بوو. کە لەگەڵ ژنان قسەی دەکرد زۆر وشیارانە و بەوردی وشەکانی هەڵدەبژارد و دەیزانی لەگەڵ لایەنی بەرانبەری کە ژن بێ چی دەڵێ. بۆیە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین وشەی دەدۆزییەوە و بەکاری دێنا. ئاخافتنەکانی لە ڕادەبەدەر گیرا و کاریگەر بوو لە سەر ئێمە ژنان، بە تایبەت لە سەر من. پێم خۆشە لەو پێوەندییەدا بیرەوەرییەک کە لەگەڵ دوکتور قاسملوو هەمە بگێرمەوە.کە هەرگیز لە بیرم ناچێ: ئاخروئۆخرەکانی ساڵی 1359 و سەرەتای ساڵی 1360 بوو. تازە لە شاری شنۆ بەرەو گوندی (شیوەجۆ) و دۆڵی دێمۆکڕات دەچووم کە بارەگای حیزبی دێمۆکڕاتی لێ جێگیر کرابوو. ئەمن زۆر شارەزاییم لە سەر ئەم دۆڵە و کەسانی نشتەجێ لەوێ نەبوو، هەموو شتێک بۆ من نامۆ و نائاشنا بوو. ئەو کات من پێشمەرگەیەکی زۆر شەرمێون بووم. نیوەڕۆ و کاتی نانخواردن هات و شوێنی نانخواردنیان پیشان دام. کە چووم بینیم شوێنێکە 15 میتر لە 6 میتر دەبوو و کەم ڕووناکایی و سادە بوو. خەڵکەکە هەموو لەوێ بوون. دوکتور قاسملوو لە سەرەوە دانیشتبوو و فەرمووی: «خەجیج خانم بەخێر بێی، من لەگەڵ ئەو خانمە جوان و شیرینە نان دەخۆم، وەرە لە پەنام دانیشە.» منیش بە حوجب و شەرمەوە چوومە لای کاک دوکتور قاسملوو دانیشتم. زۆری تاریف کردم و قسەی خۆشی زۆری کرد. سفرە ڕاخرا و شتە پێویستەکان داندرا و خواردنەکە کە شۆرباو گۆشت بوو هات. کاک دوکتور فەرمووی خەجیج خانم گۆشت ناخوا و شۆرباوەکە دەخوا. ئەمنیش لەخۆڕا گوتم وایە و من تەنیا ئاوی گۆشتەکەی دەخۆم. زیاتر لە یەک مانگ ئەو بەزمە هەر درێژەی هەبوو و منیش خەریک بوو بۆ گۆشت دڵم بتۆقێ. ڕۆژیکیان گوتیان گۆشتێکی زۆریان هێناوەتە چێشتخانە. وابزانم گورگ لە مەڕی حیزبی دابوو. کورتی کەمەوە نیوەڕۆیە برینج و گۆشتی سوورکراوە بوو، دیسان وەک هەمیشە کاک دوکتور فەرمووی خەجیج خانم گۆشت ناخوا و برینجەکەی دەخوا. کاک دوکتور قسەکەی تەواو نەکردبوو من بە دەنگێکی بەرزەوە گوتم: نا ئەمن گۆشت دەخۆم و گۆشتیشم زۆر پێ خۆشە! کاک دوکتور قاقایەکی لێدا و فەرمووی: ئافەرین ئەوەم دەوێ! لەمێژە چاوەڕوانی ئەم قسەیەم. ئاخر کاتێک تۆ ناتوانی دیفاع لە مافی خۆت کە من دەیخۆم بکەی چۆن دەتوانی دیفاع لە مافی میللەتێک بکەی. د. قاسملوو بەو شتە سادەیە فێری کردم کە ناحەقی لە کەس قبووڵ نەکەم. ماپەرە قەرەگۆلی قاسملوو ئیمان و باوەڕی زۆری بە کورد و کوردایەتیی و حیزبی دێموکرات هەبوو. هەموو هەوڵی ئەو لە هەموو دەم و ساتێکدا ئەوە بوو کە کورد و پرسی ڕەوای کورد زیاتر بە دنیا بناسێنێ. د. قاسملوو هەمیشە ڕێزی بۆ بیروبۆچوونی خەڵکانی دەوروبەری دادەنا، کەسێکی خۆشئەخلاق، زانا، بە دیسپلین بوو و ڕێزی لە دەوروبەری خۆی دەگرت و ئامادە بوو ڕاوێژیان پێ بکا. بیروباوەڕی بەرز و خۆڕاگریی ئەو کاریگەریی زۆری لەسەر هاوسەنگەرانی هەبوو. ئەو باوەڕێکی زۆری بە خەباتی ژنان هەبوو و هەمیشە دەیگوت ئەگەر بۆخۆتان نەیەنە مەیدان و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانتان نەدەن هیچ کەس ناتوانێ هەقی ئێوە وەدەست بێنێ و بتانداتێ. شتێک کە قەت لەیادم ناچێتەوە ئەوەیە کە ساڵی 1360 کاتێک دوای دەورەیەکی دەرمانی لە فەرانسە گەڕاینەوە، لەسەر داوای کاک دکتور چووینە ناوچەی ئالان کە دەفتەری سیاسیی حیزبیش لەوێ بوو. ڕۆژێک دواتر لە کاتی هاتنەوەدا قادری هاوسەرم پێی گوتم :»ئافرەت وەرە درەنگە با بڕۆین.» دوای ئەوە یەکسەر کاک دکتور بانگی کردمەوە و گوتی: جارێکی دیکە هەق بە کەس مەدە پێت بڵێ ئافرەت، ئافرەت بە مانای زەعیفە دێ و ژن زەعیفە نییە، ئەتۆش لەگەڵ پیاو هیچ جیاوازییەکت نییە و ژن زۆر لەوەی پیرۆزترە کە بە زەعیفە ناوی بێنن.         ئەسمەر عەباسی دوکتور قاسملوو لە بنەماڵەی ئیمەدا زۆر خۆشەویست بوو، ئەمن لە بێرمە زۆر جاران نەنکم، دایکم و پوورم لە مەڕاسیمەکانی بنەماڵەییدا یادیان دەکرد و ئاخیان هەڵ دەکیشا و دەیانگوت جیگای «بەبۆش» زۆر بەتاڵە. ناوی دکتور قاسملوو لە سەردەمیی منداڵییدا «بەبۆش» بوو. زستانی ساڵی 1357 لە تاران بووین کە پوورم بانگی کردین و گوتی ئەمشەو میوانمان دێ و کەس نابێ بچێتە شوێنێک. ئێمە نەماندەزانی چ باسە. هێشتا ڕێژیمی شا نەڕووخابوو. هەموومان دانیشتبوون کە دیتمان کەسێکی خۆش‌مەشرەف و جوانکەڵە هاتە ژوورێ. پووڕم دەسبەجێ باوەشێ پێدا کرد و دەستی کرد بە گریان... ئەمە یەکەم دیداری ئەمن و دوکتور قاسملوو بوو کە خزمی نیزیکم بوو. دەریایەک لە زانست و بەئەخلاق و مەجلیس خۆش. دوای شۆڕشیش زۆرترم لە ماڵی خزمان دەدی. بەڵام ئەو زۆر پڕکار و ماندوو بوو بە کاری حیزبەوە. شەڕ لە کوردستان دەستی پێکردبوو. ڕۆژێک میوانی ماڵی ئێمە بوو. لە خزمەتیدا دانیشتبووم کە لەپڕ ڕووی تێکردم و گوتی ئەتۆ لە ماڵێ چ دەکەی؟ بۆ نایەیە نێو حیزب. ئێمە دەمانەوێ بەشی ئازەریی ڕادیۆ وەڕێ بخەین و پێویستیمان بە وێژەر هەیە. ئەگەر بە دوومدا ناردی وەرە. کە من هاتمە نێو حیزب دەفتەری سیاسی لە شیوەجۆ بوو. پێشمەرگەیەکی زۆر لەو ناوچەیە بوو و د. قاسملوو نەزم و ئینزباتێکی سەیری لەوێ جێگیر کردبوو. هەر کەسە و کاری خۆی دەکرد. ئەمن دەمدی کە دوکتور قاسملوو لەگەڵ هەموو بلیمەتی و زانایی خۆی هیچ جیاوازییەکی نەدەکرد لە نێوان خۆی و پێشمەرگەکانی دیکەدا. لەگەڵ ئێمە نانی دەخوارد و لەگەڵمان دادەنیشت و باسی سیاسەت و حیزبایەتی و بارودۆخی ئێران و کوردستانی بۆ دەکردین. بەتایبەت ئێمەی ژنانی هان دەدا کە دەبێ بۆخۆمان لە فیکری ماف و ئازادییەکانی خۆماندا بین و نابێ چاوەڕوان بین ئەو مافانەمان بەبێ ڕەنج و ماندووبوونی خۆمان بدەنێ. بیرەوەرییەکی خۆشم لە کاک دوکتور هەیە. باڵتۆیەکی هەبوو زۆر جار بە پێشمەرگەکاندا ناردبووی بۆی بدوورمەوە. دەمگوت خاڵە بۆ باڵتۆیەکی تازە ناکڕی؟ هەموو جارێ وەڵامەکەم ئەوە بوو: «ئەگەر بۆ هەموو پێشمەرگەکانمان کڕی ئەمنیش دانەیەکم بەردەکەوێ.»   سەکینە حوسێنی ڕەزبەری ١٣٦٠ی هەتاوی بوو کە دوای ئاشکرابوونی پێوەندیم بە حیزبەوە لە شاری سەردەشت هاتمە دەرێ و خۆم بە یەکەم بنکەی حیزب ناساند. دواتر بەپێی کاری پەروەردەییم پاش دیتنی یەکەم دەورەی مامۆستایی لە ئاوایی مووساڵان و، دوای کۆنگرەی شەشەمی حیزب، لە سەر داوای کۆڕی پەروەردە ئەرکی مامۆستایەتیم لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبدا درێژە پێدا. ئەو کات بۆ یەکەم جار لە نیزیکەوە و بە ئاودەنگی شەهید دوکتور قاسملوم دیت. سەردان و لێپرسین و لە ئیختیارنانی کەرەسەی پێویست و جێگاوڕێگا و بواری ئەمنییەتی و پشتیوانی و کەسایەتی پێدانی مامۆستا و قوتابیانی قوتابخانەی کوردی لە سایەی گرینگیپێدانی شەهید کاک دوکتور قاسملۆوە، حاشاهەڵنەگرە. کاک دوکتور بەپێی دەرفەت و دەرەتان سەردانی خێوەتی دەرس تێداگووتنەوەی دەکردین. ئەو هەتا بڵێی بە گفت و لفت و قسەخۆش و مێهرەبان بوون دەگەڵمان. راسپاردەی بەجیدیی بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکانی قوتابخانە بە ئۆرگانی پێوەندیدار دەدا. مامۆستایانی بنکەی دەفتەری سیاسی چەند ژن بووین کە لە سایەی سەری ڕێنوێنی و کاریگەریی د. قاسملوووەوە کەسایەتیی حەقیقی و حقوقیمان پارێزراو بوو و بە چاوی ڕێزەوە سەیر دەکراین. ژنان دەرەتانی نواندنی نەقش و چالاکییان لە هەموو کۆمیسیونەکاندا هەبوو، یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاون بە پشتیوانی و پشتگەرمیی کاک دوکتورەوە پتر ڕوو لە گەشەسەندن و دەورگێڕان بوون. بەکورتی شەهید .ر قاسملوو ڕێبەرێکی بەوەج و لێهاتوو و زانای دێمۆکڕات بوو، ئوتوریتە و پرستیژ و گەورەیی و دەنگ و ڕەنگی حیزب لە سایەی رێبەریی ئەودا سنوورەکانی بەزاند و پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەشی پەروەردە و بارهێنانی حیزب، لە گرینگی پێدان و پشتیوانی گەرموگوڕی شەهید قاسملووی دەزانم. وەک مامۆستایەک خۆم بە بەختیار دەزانم کە لە نەتیجەی پەروەردەکردنی چەندین ڕۆڵەی ئەو حیزبەدا کە بە پلەکانی دوکتورا و خوێندنی باڵا و تەنانەت خۆدیتنەوەی بەشێک لەو ئازیزانە لە رێبەریی حیزبدا و لە دەورانی پڕ لە شانازیی وجودی دوکتور قاسملووی ڕێبەردا نەخشم بووە.   خەدیجە ڕۆستەمی کاک د. قاسملوو باوەڕی تەواوی بە مافی ژنان هەبوو هەر بۆیەش هەر لە سەرەتای شورشدا لەنێو حيزبی دێموکراتدا ژنانيش توانییان بەشداریی چالاکەنەیان لەو شۆڕشەدا هەبێت. دوکتور قاسملوو هەر زۆر زوو کاریگەریی خۆی لەسەر دیاردەکانی کۆمەڵگە دانا و قەدەغەکردنی «ژن بە ژنە»، «گەورە بە بچووک» و ڕێگری لەوە پیاو دوو ژن بێنێ بۆ ئەم بەرنامە و سیاسەتانە دەگەڕێتەوە دوکتور قاسملوو دایڕشتبوون. دوکتور قاسملوو هەمیشە دەیفەرموو ئەو کۆمەڵگەیە بەختەوەرە کە مافی ژنی تێدا دەستەبەر کراوە و، هیوادارم ڕۆژێک بێ ئەوە کۆمەڵگەی کوردەواریش بگرتەوە. وە بەحەق بۆ ئەوە هەوڵی دەدا و بووژاندنەوەی یەکیەتیی ژنان و مەیداندان بە ژنان لە کاری ڕێکخراوەیی بەشی زۆری بۆ هەوڵەکانی ئەو دەگەڕاوە. د. قاسملوو دەیفەرموو ئەرکی خوشکان زوور دژوارترە لە پیاوان، خوشکان دەبێ لە دوو بەرە و سەنگەردا خەبات بکەن، هەم بۆ ڕزگاریی گەلی کورد و هەم بۆ مافەکانی خۆیان لە کۆمەڵگەدا کە دیارە ئەم دوو ئەرکە پێکەوە زور دژوارن، بۆیەش خوشکان دەبێ پشوودرێژ بن، باوەڕیان بە خۆیان هەبێ و نەترسانە هەوڵ بدەن بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی خۆیان لە کۆمەڵگەدا. کاک د. قاسملوو هەوڵی دەدا کچان زیاتر بێنە مەیدانی خەبات و پێشمەرگایەتی، ئەگەرچی هەلومەرجی کۆمەڵگە و خەباتەکەش بۆ ئەوە زۆر گونجاو. بەڵام کاک د. قاسملوو سوور بۆو لەسەر ئەوەی کە ژنانیش سەرباری هەموو دژوارییەکان دەبێ بەشداربن لە شۆڕشدا. ئەمن بۆخۆم یەکیک لەو کچانەم کە لە سەردەمی کاک د. قاسملوودا پێشمەرگە بووم و بیرەوەریی زۆر بەنرخم لەو سەردەمە هەیە. کاتی خۆی من لە هێزی پێشەوا بووم و پاش ماوەیەک بەهۆی بارودۆخی سەختی ناوچە بێ ئەوەی پێمخۆش بێ بەزۆر بەڕێی شوێنەکانی دەورووبەری دەفتەری سیاسی کرام. ئەمن ئەو بڕیارەم پێناخۆش بوو، بۆیە هەر کە گەیشتمێ داوام کرد کە د. قاسملوو ببینم. فەرمووبووی با بێت. ئانوساتێکی یەکجار خۆش بوو کە دەمدی لە نیزیکە لە خزمەت کاک دوکتور دام. نەمدەزانی چۆن دەست پێبکەم. دواجار هاتمە قسە و گوتم باشە بۆ چی پێتان وایە کچان هەر دەبێ لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئینتشاراتدا پێشمەرگایەتی بکەن؟ فەرمووی قەولت پێ دەدەم وا نامێنێ لە داهاتوودا. واش بوو. دوایە ڕێژەی کچان زیادی کرد و کاری مەیدانیی زیاتریان پێ سپێردرا. ئەمن هەموو کاتێ خۆم بە ئەمەگداری قاسملوو و بە ڕێبواری ڕێباز و ئامانجەکانی دەزانم.