کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسڕائیل: ئێمە تەنیا لایەنێکین ئێرانییەکان دەکوژین

21:49 - 1 گەلاوێژ 2719

ماوەیەکە ئێران لە کەنداوی فارسدا تەڕاتێن دەکا. کێشە بۆ پاپۆرە بارهەڵگرەکان دەنێتەوە و تا ئێستا دەستی بەسەر چەند پاپۆڕی بریتانیاییدا داگرتووە. هەڕەشە و گوشارەکانی ئەمریکا لە ئێران لە ڕووی ئەمنیەتییەوە هەر لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە. وێدەچێ لەو ڕۆژانەدا ئەوە ئێران بێ کە حوکمی کەنداو دەکا و ملبەملەی دەسەڵاتە گەورەکان دەکا. لەو نێوەدا ئیسرائیل دەڵێ ئێمە تەنیا وڵاتێکین  لە دژی ئێرانییەکان لە شەڕداین و لێیان دەکوژین! لەو ئانوساتە شڵەژاوەی ئێستای ناوچەدا کە کێشە و نالێکییەکانی ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوایی گەیوەتە ئەوپەڕی خۆی، وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ئیسڕائیل ڕایگەیاندوە کە وڵاتەکەی تەنیا لایەنێکە کە ئێرانییەکان دەکوژێ. ئەو دەڵێ ئیسڕائیل سوورییەی کردووەتە قەتڵگای هێزە ئێرانییەکان و ڕۆژ نییە کۆماری ئیسلامی کەلاکی چەند هێزێکی نەباتەوە. "تێساحی هانێغبی"، وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ئیسڕائیل دەڵێ ئێمە لە ساڵی 2011ەوە کە شەڕ لە سووریە هەڵگیرساوە، هێرش دەکەینە سەر هێزە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسداران لە ئێرا و دەیانکوژین. ئەو دەڵێ تەنیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە سەدان ئامانجی ئێران لە خاکی سووریەمان داوە و بە سەدان کەسمان لێ کوشتوون. جاری وایە هەواڵی ئەم پەلامارانە بەمیدیایی دەکەین و بەرپرسایەتییەکەی دەگرینە ئەستۆ و، جاری وایشە ئەوە میدیا بیانییەکانن کە ڕووماڵی ئەم ڕووداوانە دەکەن. پێشتریش کاربەدەستانی دیکەی ئیسڕائیل بەردوام گوتویانە کە ناهێلن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریەدا جێگیر و سەقامگیر بن و لە دڵنیاییدا کاری خۆیان بکەن. "تێساحی هانێغبی" وەزیری هاوکارییە ناوچەییەکانی ئیسڕائیل جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەوە تاوانبار کردوە کە بەردەوام خەریکی نانەوەی هەرەج‌مەرەج و ئاژاوەنانەوەیە و ئەمنیەتی هەڵسوورانی سەربەستانەی پاپۆڕەوانیی کەنداوی خستووەتە مەترسییەوە. ئەو نەیشاردەوە کە ئەمریکا لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئیسڕائیل و ئێراندا دێتە پشت وڵاتەکەی، ئەگەرچی تاران نایهەوێ کار بگاتە ئەو جێیە؛ چونکی دەزانێ ئەمە خاڵی کۆتاییە. حەوتووی ڕابردووش بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل پێی لەسەر ئەوە داگرتبوو کە لە ئێستادا سوپای وڵاتەکەی تەنیا هێزێکە کە لەدژی ئێران لە جەنگدایە و؛ هەم هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و هەم ئێران خۆی هەمووی سیبڵی مووشەک و فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی ئەون. ئەو دەڵێ فڕۆکە F35 و فڕۆکە جەنگییەکانی دیکەی وڵاتەکەی کە لە ئەمریکای وەرگرتوون، دەتوانن بگەنە هەر شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست و یەک لەوان ئێران. بۆیە واباشە کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت نەیەوێ ئیسڕائیل تاقی بکاتەوە. لەلایەکی دیکە ڕێکخراوی "ناتۆ"ش بۆ یەکەمجار ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کردوە. ناتۆ دوای بشێوییەکانی ئەم دواییانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەنداوی فارسدا دروستی کردوە، ڕێژیمی ئێرانی وریا کردەوە کە دەستبەجێ پاپۆڕە دەستبەسەردا گیراوەکان  ئازاد بکا. پێشتر یەکیەتیی ئورووپاش گوتبووی ئەم ڕووداوانە ئەویش لە بارودۆخی قەیرانلێدراوی ئێستای ناوچەکەدا ئەگەری لێکدان و پێکهەڵپڕژانەکان زیاتر دەکا و توانای هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ دیتنەوەی چارەسەر لاواز دەکا. بوریس جانسۆن، وەزیری پێشووی بریتانیا کە پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی حیزبی کۆنسێرڤاتی بریتانیا و جێگرەوەی ترێزامەی، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتەیە، ڕایگەیاندوە کە دەبێ بڕیارێکی جیدی و یەکلاکەرەوە لەسەر ڕەفتار کێشەخوڵقێنەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بدرێ. ئەو دەڵێ ئێران بە تەواوی خۆی شێت کردوە و بێتوو ئەم ڕەفتار و کردەوانەی درێژەی هەبێ، سەرەتا دەبێ گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی دژی ئەم وڵاتە  بێنەوە جێی خۆیان. کۆماری ئیسلامیی ئێران قومارێکی چارەنوسسازی لە ناوچەکەدا دروست کردوە، قومارێک کە بێتوو وریا نەبێ و بۆی نەیە؛ لەوانەیە هەموو بوونی خۆی لەسەر دابنێ.