کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک و پێشمەرگە دووانەیەکی هەمیشەیی

18:59 - 16 گەلاوێژ 2719

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر کە گەیشتە دەسەڵات دەستی کرد بە سڕینەوەی هەر هێز و دژبەرێک کە پرسیار بخاتە سەر هەیمەنەکەی. کوردستان کە پێشەنگی "نا"گوتن بەو ڕێژیمە بوو، زۆر زوو هێرشی کرایە سەر و گەمارۆ درا. ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلی کوردیش بۆ بەرگری لە ماف و داخوازییە رواکانیان چاریان نەما دەست بۆ چەک ببەن و نەیەڵن زێد و نیشتمانیان بکەوێتە ژێر پۆستاڵی ڕەشی هێزی داگیرکەر. بۆ ئەو مەبەستەش پۆل پۆل لە ڕیزی حیزبەکەیان‌ حیزبی دێموکراتدا خۆیان ڕێک خست و چوونە مەتەرێزی داکۆکی لە خاک و وڵاتەکەیان. مێژووی خۆڕاگری و بەربەرەکانێی هێزی پێشمەرگە لەدژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شکۆدار و پڕ واتایە. رێژیم چەک نەما لە دژی بزووتنەوەی کورد تاقی نەکاتەوە و پیلان نەما بۆ بەچۆکداهێنانی هێزی پێشمەرگە نەیگێڕێ و ڕێگە نەما بۆ دابڕاندنی خەڵک و حیزب نەیگرێتە بەر و تاکتیکی سەربازی نەما لە دژی جووڵەی پێشمەرگە دەکاری نەکا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی 60 و ٧٠ی هەتاویدا نزیک بە ٣٠٠ هەزار چەکداری خزاندبووە کوردستان،  ٣ هەزار پایەگای دانابوو، و سەدان گرووپی زەربەتی لە کوردستان دامەزراندبوو و؛ بە تاکتیک و ئوسولی شەڕی جۆراوجۆریش هەر نەیتوانی دەروەستی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات بێ. تەنانەت لە بەشی هەرە زۆری عەمەلیاتەکاندا ڕێژیم هێرشکەر بووە و لە ئوسوڵی شەڕ‌دا هێزی هێرشبەرە چەشنی عەمەلیات دیاری دەکا و لەئەساسدا ئەوە درێژە بەشەڕ دەدا و دەیهەوێ ویستی خۆی بەسەر لایەنی دیکە‌دا بسەپێنێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. هەموو ئەو کاتانەش کە ڕێژیم پیلانی گۆریوە ،شکستی خواردوە و لە بیری پیلانی دیکەدا بووە. یەک لەو پیلانانە چەکدارکردنی خەڵکی گوندەکان و هاندانیان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بوو کە رێژیم لە دەیەی 60دا زۆر بە چڕی کاری لەسەر دەکرد. هۆکارەکەشی ئەوە بوو هێزە چەکدارەکانی لە بەرەکانی شەڕی ڕاستەوخۆدا ناچار بە شکست بوون و ڕێژیم کەوتبووە پیلانی بەگژ یەکتری داکردنی خەڵک و پێشمەرگە. ڕێژیم لەو هەوڵەیدا بێجگە لەوەی کە خەڵکی چەکدار دەکرد، پایەگایەکیشی لە نیزیک ئاوایی دادەنا و هێزە چەکدارە سازماندراوەکانی دیکەی تێدا جێگیر دەکرد.  بەڵام سیاسەتی چەکدارکردنی خەڵک قەت لە کوردستان جێ نەکەوت، چونکی خەڵکی کوردستان قەت هێزی هێزی پێشمەرگەیان بە هێزێکی جیا لە خۆیان و بە کەسانێکی جیا لە کوڕ و کچ و کەسوکاری خۆیان نەزانیوە. خەڵکی کوردستان ئیمانیان بەوە هەبوو کە ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان گیان بەختی بەختەوەریی خەڵک دەکەن و کردوویانە، بۆیە ئەگەر لە شوێنیک و لە گوندێکیش کۆمەڵە کەسێک بە زۆر و لەڕووی ناچارییش چەکدار کرابن، قەت سیلەیان لە پێشمەرگە نەگرت و ڕووی تفەنگیان نەکردە هێزی پێشـمەرگە. کۆتایی ساڵی ١٣٦٢ و سەرەتای ساڵی ١٣٦٣ دەسپێکی ئەو پیلانە بوو کە بڕیار درابوو لە سەرتاسەری کوردستاندا جێبەجێ بکرێ. هێزی پێشمەرگەش لە بەرامبەر ئەو پیلانەدا تاکتیکی خۆی هەبوو. هەر بۆیە لەسەرانسەری کوردستاندا تێکرای هێزەکانی حیزبی دێموکرات دژی وەستانەوە و هەوڵیان دا پیلان و دەهۆی دوژمن شکست پی بێنن. دوایە بینیمان کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا بەزۆر چەکدارکراوان لەگەڵ یەکەمین تەقە کە لە نێوان پێشمەرگە و ئەواندا دروست دەبوو، خۆیان و چەکەکانیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگە دەکرد، یان دەنا شەوانە پۆل پۆل هەڵ دەهاتن و بەو چەک و تەقەمەنییەی ڕێژیم دایبوونێ، دەهاتنە ریزی پێشمەرگەکان و لەدژی ڕێژیم ڕادەبوونەوە. هەڵبەت لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژیم لە هیندێک ناوچەدا توانیبووی کۆمەڵە کەسێکی نەفس نزم وەک مۆرە دەستەمۆ بکا و بە تەماحوەبەرنان بیانکڕێ و بەکاریان بێنێ، بەڵام هەم ئەو کەسانە بێزراوی خەڵک بوون و هەم ئەوەی پیلانەکەی رێژیم لە تەواوەتیی خۆیدا شکستی هێنا. لێرەدا ئاماژە بە نموونەیەک دەکەین: ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی قارەمانەکانی هێزی ئاگری بۆ چەککردنی دوو گوندی "قەسریک" و"کەڵەڕەش" بە پێی گەڵاڵەیەکی ڕێکوپێک دەستبەکار بوون. ئەوان بە شێوەیەکی پارتیزانی لە کاتژمێری ٩ی شەودا توانییان تەواوی چەکوچۆڵی بەزۆر چەکدارکراوان بە هەموو کەلوپەلێکی نیزامییەوە بەدەسکەوت بگرن. ئەم دەسکەتە بریتی بوو لە زیاتر لە٤٠ قەبزە تفەنگ و بە هەزاران گوللەی جۆراوجۆر. هاوکات لەگەل چەککردنی بەزۆر چەکدارکراوان دەستەیەکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات پایەگای کەڵەرەش بە چەکی جۆراوجۆر ئاورباران کرد کە نەتوانن ببنە لەمپەر لەسەر رێگای تێکۆشەرانی دێموکرات. هەر بەپێی گەڵاڵەی عەمەلیاتی بڕیاریان دابوو کە دوای عەمەلیات مینێکی دژەتانک لەسەر ڕێگای قەسریک دابنێن کە سەر لە بەیانیی رۆژی٣ی گەڵاویژ ماشێنێکی پڕ لە بەکڕیگیراوانی ڕێژیمی هەڵتەکاند و 11 کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی تێدا برد. یەکی لە کوژراوەکان فەرماندەی سپای پاسداران لە سەڵماس بوو کە بۆ پێوشوێنی چەککردنی ئەو دوو گوندە هاتبوو و نەیتوانی لە زەبری هێزی پێشمەرگە ڕزگاری بێ. ئەوە بوو کە ئیدی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆی دەرکەوت کە پێوەندیی هێزی پێشمەرگە و خەڵک بەو جۆرە پیلانانە کەلێنی تێ ناکەوێ هیچ، بگرە پتەوتر و قایمتر خۆی نیشان دەدا و ئەوەی زیانی لێ دەبینێ و ناچار بە پاشەکشەیە هەر ڕێژیمە.