کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی سەربەخۆ، کلیلی ڕزگاریی ژنان

19:08 - 16 گەلاوێژ 2719

بابەتی گێڕانەوەی هاوسەنگی لە (ئەرک و ماف و شکۆ)دا بۆ ژنان لەگرینگترین ئەو بابەتانەن کە هەڵگری تایبەتمەندی و قسەگەلێکی زۆرە. هاوکات لەو بابەتانەشە کە تێڕوانینی زۆر و ئایدیای تایبەتمەندی لەسەر خراوەتە ڕوو. بۆگێڕانەوەی ئەم هاوسەنگییەش هۆکار و ئامڕاز و کارلێککەریی زۆر باسی لێ دەکرێ لە ناوەندە زانستی و کۆمەڵایەتیەکاندا. لەوانە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگه و بەئاگاهێنانەوەی ژنان خۆیان لە مافەکانیان و بڕواهێنان بە پیاوان بۆ داننان بە مافەکانی ژنان و هاوکات ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگە و دەرکردنی یاسا بەجۆرێک ئەرک و مافی هاوسەنگانەی ژنان بپارێزێ و گۆڕانکاریی ڕیشەیی و لەسەرەخۆیانەی کولتوور و نەریت بەئامڕازگەلی بەهێز دادەنرێن بۆ گەڕاندنەوە و پێدانی شکۆی ژنان. ئەوەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی و جەختی لەسەر دەکەینەوە لەم بابەتەدا ئەوەیە ئایا دەکرێ ئابووری بەهێزترین فاکتەر و ئەمڕازی گێڕانەوەی هاوسەنگی جێندەری بێ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە دەمانەوێ لەم بابەتەدا بەکورتی هەوڵی وەڵامدانەوەی بدەین. ئاشکرایە ئابووری بەهێزترین خاڵی ململانێی نێوان گرووپە کۆمەڵایەتی و ئەتنی و ئایینی و مەزهەبییەکانە هاوکات لەنێو هەریەک لەم کۆمەڵانەدا سازێنەری ململانێی توندە، بەم پێیەش لە نێوخودی هەردوو ڕەگەزە سەرەکییەکەی مرۆشدا بەدەستەوەبوونی ئابووری خاڵی بەهێزی و بەدەستەوەگرتنی کایەکانی تری ژیان و باڵادەستی بووە بەسەر ڕەگەزی بەرامبەردا. دەستگرتن بەسەر کایەی ئابووریدا بەمانای نشوست پێهێنانی بەرامبەر و بەکۆیلەکردنێتی. لەم دیدگایەوە کاتێک ڕادەمێنین لەبەراییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و سەردەمی دایکسالاری(چاخی بەردین) دەتوانین بەسەردەمی زێڕینی ژنان ناوی بێنین، بەوپێیەی بەشی زۆری کەرتی خۆبژێویی ڕۆژانە و ڕێکخستنە چڤاکییەکانی کۆمەڵی مرۆڤ  لەدەست ژناندا بوو. پاشتر بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دەرکەوتنی ڕێکخستنی نوێی چڤاکی و بەرەوپێشڤەچوونی توانای خۆبژیوی مرۆڤ کە هەزاران ساڵی خایاند، ژنان پێگەی سەرکردایەتی و ئاراستەکردنی خۆبژیوی کۆمەڵگەیان لەدەست دا و پیاوان بوونە ڕەگەزی یەکەم و بێ هاوتا. ڕەنگە بەهێزترین گۆڕانکارییە گەورەی مێژووی مرۆڤایەتی پێویستی هێزی بازوو بووبێ لەبەردەوام بوون و گەشەکردنی ڕەوڕەوەی ژیانی مرۆڤدا. کە ئەم هێزە بەشێوەیەکی دیارتر لەڕەگەزی نێردا خۆی بەرجەستە دەکرد. ئەم دۆخە و بەکەم زانینی ژنان لەچاو پیاواندا بەهەزاران ساڵی خایاند. لەگەڵ دەستپێکی سەردەمێ ڕێنیسانسدا بەجۆرێکی نوێ باسکردن لەگێڕانەوەی هاوسەنگی و شکۆدارکردنەوەی ژنان هاتەوە بەرباس و لێکدانەوە. بەڵام ئەمە لە ئاستێکی تەواو سنوردارداردا بوو. تا سەردەمی ڕۆشنگەریی کە لێرە بەدوا بەشێوەیەکی فراوان باس و خواس لەسەر ژنان دەکرا هاوشانی پیاوان. ئەوەی زیاتری ئەم بابەتەی ورووژاند و خزاندییە نیو قوتابخانە فەلسەفییەکان و دانیشتنە مەعریفیەکان دەرکەوتنی بزووتنەوەی فێمێنیزم بوو لە ئەمریکا و دواتر لە ئورووپا (بەتایبەت لەسەدەی نۆزدە بەدوا) فێمێنیستەکان جەختیان لە گێڕانەوەی ژنان دەکرد بۆ کایەکانی سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی و زانستییەکان و گێڕاونەوەی شکۆی ژنان. بەجۆرێک لەو دۆخە ئەبستراکتە دەریان بهێنێ. شۆڕشی پیشەسازیش یەکێکی دیکە لەو ڕووداوە لەسەروخۆیانەی کاریگەریی لەسەر دۆخی ژنان هەبوو.  بەرمەبنای ئەوەی شۆڕشی پیشەسازی گرینگیی هێزی بازووی بەرەو کەمبوونەوە برد و بەهەمان مەودای ئەوکەمبوونەوەیە گرینگیی هیزی "بیری" زیادکرد، ئەمەش دەرفەتێکی گرینگ بوو کەژنان ڕۆڵی خۆیان ببینن و هەنگاوی ڕاستەقینە بنێن بەئامانجی جێکردنەوەی خۆیان لە بواری ئابووریی کۆمەڵگەکاندا. ڕاستە ئەمە لە ئاستێکی سنوورداردا بوو، چونکە شۆڕشی پیشەسازی سەرەتای دەرکەوتنێکی دیار و کاریگەری "کاپیتاڵیزم"ە کە ژنان خۆیان بەجۆرێک بوونە یەکێک لەئامڕازەکانی گەشەکردنی کاپیتاڵیزم و هەندێک جاریش  ژنان خۆیان دەبوونە خودی کاڵای مامەڵەپێکراو. بەمانایەکی تر ژنان هەم ئامڕازی سەرمایەداری بوو هەندێک جاریش خوودی کاڵای بەبازاڕکراو بوو. سەرەڕای ئەم نەنگیانەی سەرمایەداری ژنان توانییان تێکەڵ بەکایە ئابوورییەکان ببن بەشێوەیەکی کردەی، کە مەرجی بنەڕەتییە بۆ وەڵامدانەوەی بەربەست و لەمپەڕەکانی کۆمەڵگە و کولتوور و تێڕوانینە ئایینی و بزاوتە سیاسییەکان. ڕەنگە ئەم هەنگاوەی ژنان تاکە ڕێگە و بەهێزترین ڕێگەی بەروپێشڤەچوون بێ بە ئامانجی گێڕانەوەی ژیانێکی شکۆدارانە و هاوسەنگانە، بەتایبەت لەکومەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا. ئابووری سەربەخۆ و جێگیری ژنان توانای وەڵامدانەوەی کردەییان بەهێز و کاریگەر دەکا بەرامبەر شەپۆلەکانی دەست بەسەرداگرتنە هەمەلایەنەکانی پیاواندا، ئەو تێڕوانینە چەقبەستووەش تێک دەشکێنێ کەژنان تەنیا ئامڕازی جوانکاری و دەزگایەکی وەچەخستنەوە بن و  بۆ ئەوە درووست بووبن کە خواستە سێکسیەکانی پیاوان پڕ بکەنەوە. هاوکات ئابووریی سەربەخۆی ژنان یارمەتیدەرە کە ژنان زیاتر بچنە کۆڕەکانی خۆسەلماندنی سیاسی و ڕووناکبیری و کولتووریی کۆمەڵگەکان و بەرەوپێشڤەچوونە سەردەمیەکاندا. کاتێک ژنان بڕیار دەدەن کە بەئاراستەی گەڕانەوەی قووت و شکۆی خۆیان بەرەو بونیادنانی ئابووریی سەربەخۆ لە ماڵەکان بچنە دەرەوە، بەهەمان ئاراستەش بەشداریکردنیان لە چالاکییە مرۆییەکاندا زیاتر دەبێ، بەهەمان مەوداش کۆت و بەربەستەکانی بەردەم ژنان وەک مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن شکۆی پارێزراو ڕوو لەداڕمان و لاوازبوون دەچن. کۆمەڵگەی کوردی نموونەیەکی زیندووی کۆمەڵگەیەکی کولتووری ڕۆژهەڵاتییە، نەبوونی ئابووری سەربەخۆ لە ڕابردوو بە ئێستاشەوە دۆخێکی چەقبەستووی کارەساتئامێزی بۆ ژنانی کورد هێناوەتە ئارا، بەدەر لە ستەم و زۆرداریی دەرەکی لەسەر کۆی کۆمەڵگەی کوردەواری و نەخوێندەواری و خێڵەکییەت کە ژنانی کورد بەشێکی بنەڕەتی قوربانییەکانی بوون. خانمێکی کورد ناچار بووە یان ناچار دەبێ  لەپێناو بژێوی ڕۆژانەیەدا مێرد بە کەسێک بکا کە قەت لەگەڵ "خواستەکانی" ئەو نایەنەوە، یان دەنا ستەم و کەرامەت شکێنیی خۆی لەلایەن مێرد یان باوک و برا قبووڵ بکا، تەنیا لەبەر ئەوەی سەرچاوەیەکی دیکەی بژیوی نییە. هەموو ئەمانە پێکەوە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی ئابووریی سەربەخۆ بۆ ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەت (بەوپێیەی کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لەقۆناغی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دایە) بەهێزترین و بنەڕەتیترین کیلی ڕزگاریی کەسایەتی ژنان و گێڕانەوەی شکۆیانە وەک مرۆڤ. هاوکات ئامڕازێکی کاریگەرە بۆ ژنانی کورد بۆخۆبردنە پێشەوەی ژنان هاوشانی پیاوان لە بوارەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی و رووناکبیری و کارگێڕی و تەواوی کایەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵی کوردەواریدا. لەکورتترین خاڵدا بوونی (ئابووریی وابەستە) دۆخی ژنان لە کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوارخۆشکەر و بەردەوامیدەرە بە بەسەرکوتی خواستەکانی ژنان و مانەوەی باڵادەستیی پیاوان بەسەر ژناندا. بەهەمان شێوە پێچەوانەکەشی ڕاستە و بوونی ئابوورییەکی سەربەخۆ کە لەسەر بنەما و تواناکانی ژنان وێناکرابێ، فڕیادەرسی گۆڕانکاریی گەورە و بەرەو پێشچوونی دۆخی ژنان و تەنانەت تەواوی کۆمەڵگەشە، هاوشان کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ و ئایندەیەکی باشترە بۆ ژنان و تەواوی مرۆڤایەتی.