کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاخۆ کۆتایی ڕێژیمی ئێران نزیکە؟

19:26 - 16 گەلاوێژ 2719

ئاخۆ کۆتایی ڕێژیمی ئێران نزیکە؟

نەیشنال ئینتەرێست – مایکڵ روبین

کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی

  ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ بەقەد کاتی ئۆپەراسیۆنی سیسرکی نزاکەر لە ١٩٨٨، کە ئەو کاتی مەزنترین تێکهەڵچوونی دەریایی لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بوو، نزیکن. جەوهەر و ئۆکسیژێنێکی زۆر بۆ شرۆڤە کردنی ئەو مەسەلەیە سەرف کراوە، بەشێکی بە باشی و بەشێکیش ساویلکانە. لێرەدا هەندێک بۆچوون باس دەکەم کە بەخت یارم بوو و ماوەی نزیکەی حەوت مانگ لە کۆماری ئێسلامیی ژیام بۆ توێژینەوەی تەواوکردنی  بەڵگەنامەی دوکتۆرایەکەم لەسەر فەلسەفەی مێژووی ئێران، و ئەو زانیارییانەم وەدەست هێناون. من لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی جۆرج دەبلیو بوش لە بەشی ئێران لە پێنتاگۆندا کارم کردوە، زۆرجار سەردانی کەنداوی فارسم کردوە، و لە ماوەی ٢٥ ساڵێ ڕابردوودا بەردەوام لەسەر ئێران بەدواداچوونم کردووە. 1) زەخت کاریگەریی لەسەر ئێران هەیە. زیاتر لە دە ساڵە کە ڕوانگەیەکی سەیر بڕەوی پێ دەدرێ کە زەخت خستنە سەر ئێران بێ فایدەیە. بۆ وێنە، دینا ئەسفەندیاری لە دامەزراوەی سەنچری لە تویتێکدا دەنووسێ "# ئێران تا زەختی پتر لەسەر بێ وتووێژ ناکا چونکە ئەوە بۆ دەوڵەت وەک خۆکوژی وایە. ئەوان کاتێک وتووێژ دەکەن کە لە بەرامبەر سازش‌ کردندا شتێک وەدەست بێنن." و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێژەی سانتریفیوژەکان وەک پێوانەیەک، وێندی شێرمەن، دانوستانکارێکی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما، لێکدا لێکدا دەڵێ کە سازش کردن بەسەر ناچار کردندا سەردەکەوێ. بەڵام هەردوو، ئەسفەندیاری و شێرمەن لە کەم بایەخ نواندنی زەختدا هەڵەن. هەر وەک من لە وتاری سەما لەگەڵ شەیتاندا بە وردی باسی مێژووی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕێژیمە سەرەڕۆکان و تاقمە تێرۆریستییەکانم کردوە، چەمانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە زەخت شتێکە کە پێشینەی هەیە. بۆ وێنە، لە ١٩٨١، ئایەتوڵڵا خومەینی لە کاتێکدا بارمتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئازاد کردن کە بە گشت داواکارییەکانی نەگەیشتبوو. ئەو لەبەر دیپلۆماسیی لێبڕاوانە ئەوکارەی نەکرد، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە تەریک کەوتنەوەی ئێران ببووە بارێکی هێندە قورس کە نەیتوانی هەڵی گرێ، بە تایبەتی بە لەبەر چاوگرتنی شەڕی ئێران و عێڕاق. خومەینی بە هەمان شێوە لە ١٩٨٨ ئاگربەسی قبووڵ کرد و هێشتی سەددام حوسێن لە عێراق لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، شتێک کە پێشدا سوێندی خواردبوو کە هەرگیز قبووڵی نەکا. هۆیەکەی چی بوو؟ درێژەدانی شەڕی ئێران_عێراق لە ڕوانگەی ئابوورییەوە هێندە دژوار بوو کە مانەوەی ڕێژیمی ئێرانی دەخستە مەترسییەوە. لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆبامادا، سەرۆک کۆمار حەسەن ڕووحانی هات بۆ سەر مێزی وتووێژ لەبەر زەختی ئابووریی دوای سەپاندنی ئابلۆقەی ئابووریی یەکلایەنەی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتە یەکگرتووەکان، کە لە سەرەتادا کۆشکی سپی دژی بوو بەڵام دوایە شانازییەکەی کردە هی خۆی. لە پەیوەندی لەگەڵ باسی شێرمەن لەبارەی ڕێژەی سانتریفیوژان، ئەو کۆی مەسەلەکە بە هەڵە تێ گەیشتوە. لە نێوان ١٩٩٨ تا ٢٠٠٥، ئاڵووێری بازرگانی یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ ئێران نزیکە سێ قات زیادی کرد و نرخی نەوت بۆ پێج قات بەرز بۆوە. بۆیە ڕێژەی سانتریفیوژەکان زۆر زیادیان کرد و ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە سازش کردنەوە نەبوو، بەڵکو هۆیەکەی دیپلۆماسیی لە ڕاددەبەدەر بوو. بەڵام کاربەدەستانی ئێران پێشکەتوون و لە سیاسەتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان تێدەگەن. ئەو ڕاستییە کە ئێران بۆتە تۆپی سیاسی لەکۆنگرە و کاناڵەکانی هەواڵنێرییدا لەوانەیە ئێران بەرەو شەڕەنگێزی هان بدا، بە تایبەت ئەگەر کاربەدەستانی ئێران بگەنە ئەو ئاکامە کە ئەوان دەتوانن ببنە هۆی پەرەئەستاندنی کێشەی سیاسی لە واشینگتۆن. بۆیە، ئەمریکا هیچ ڕێگاچارەیەکی نییە جگە لە یەکگرتوویی. 2) سیاسەت ماوەی مانەوەی هەر کارمەندێک لە پۆستەکەیدا دیاری دەکا. لە وڵاتە یەکگرتووەکان، زۆربەی ئادمیرال و ژەنڕاڵەکان بۆ ماوەی چەند ساڵێک کارێکی تایبەتییان پێ دەسپێردرێ. ڕێژەیەکی کەم لە ئەفسەرانی هەرە پلەبەرز زیاتر لە دەورەی بەرپرسی گشتیی هێزە سەربازییەکان، کە ماوەی خزمەتەکەی چوار ساڵە، لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە. بەڵام لە ئێران ئەفسەرە پلەبەرزەکان بۆ ماوەیەکی زۆرتر دەمێننەوە. بۆ وێنە، سەرۆکی سۆپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی، محەممەد عەلی جەعفەری، پێش ئەوەی کە حوسێن سەلامی لە سەرەتای ئەمساڵدا جێگەی بگرێتەوە نزیکەی دوازدە ساڵ لە سەر کارەکەی بوو. جگە لەوە، عەلی فەدەوی بۆ ماوەی هەشت ساڵان فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بوو، پێش ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو عەلیڕەزا تەنگسیری جێگای بگرێتەوە. (پاش ئەو فەدەوی بوو بە جێگری سەلامی). و لە کۆتایی ٢٠١٧، لەنێو هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا ئاڵوگۆڕ پێک هات کە دوای زیاتر لە دە ساڵ بووە هۆی تەکانی رێکخراوەیی. کاتێک کە لە فەرماندەییدا ئاڵوگۆڕ دێتە ئاراوە، بە تایبەتی لە کۆماری ئیسلامییدا، جێگرەوەکە دەبێ بوێریی شۆڕشگێریی خۆی بسەلمێنێ. هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان لەوانەیە چارەی فەدەوییان نەویستبا، کاتێک کە فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی بوو، بەڵام لێی تێدەگەیشتن. و سەرەڕای کێشەی دیپلۆماتیکی نێوان تاران و واشینگتۆن، ‌هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتوەکان پەیوەندیی دوورودرێژی گەرم و پرۆفێشناڵیان لەگەڵ هاوشانە ئێرانییەکانیان هەبوو. گشت ئەوانە ئێستا بوونە مێژوو، لە کاتێکدا کە فەرماندە تازەکانی ئێرانی هەوڵ دەدەن هێڵە سوورەکانی کە لەمێژە دیاریکراون تاقی بکەنەوە. 3) ئێمە لەوانەیە شاهیدی مەرگی کۆماری ئیسلامیی ئێران بین. کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی گەردەلوولێکی بێخەوش بووە، و ئابلۆقەکان زەرەریان بە ئابوورییەکەی گەیاندوە. هیوای تاران بە وڵاتانی ئوروپایی و ئاسیایی بۆ گوێنەدان بە ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان شکستی هێناوە، کاتێک کە بازرگانەکانی ئەو وڵاتانە لە لێکدانەوەکانیان بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەوان ناتوانن خۆیان تووشی مەترسیی سزاکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بکەن، بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتەکانیان چ حەز و ئاواتێکیان هەیە. سیاسەتوان و دیپلۆماتکاران ئاڵووێری وشە دەکەن، بەڵام بازرگانەکان دەبێ خاوەن پشکەکانیان و ئاکامەکان لەبەر چاو بگرن. هەڵبەت هیچکام لەوانە نابێ ببنە هۆی سەرسوڕمان، چونکە دەقاودەق هەمان مشتومڕ لە کاتی سەرکۆماریی بیل کلینتۆن لە ١٩٩٤ و ١٩٩٥ بۆ پەسند کرانی بڕیاری خستنی ئابلۆقە بۆ سەر ئێران و لیبی، سەری هەڵدا. تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە ئێستا دراوی ئێران تووشی داڕمان بووە. بەڵام گیروگرفتەکە تەنیا ئابووری نییە. سوپای پیری کۆماری ئیسلامیی بە هۆی چوونەسەرێی تەمەن خەریکی مردنە و ڕێبەری گەورە عەلی خامەنەیی دەزانێ کە بۆخۆشی زۆری نەماوە. بە پێچەوانەی ١٩٨٩، دوایین جار کە لە ئێران ئاڵوگۆری ڕێبەریی لە لوتکەی دەسەڵات بەڕێوە چوو، ئێستا هیچ جێگرەوەیەکی ڕوون لە ئارا دانییە و لەناو سیستەمیشدا ئەو باوەڕبەخۆبوونە نییە کە ئاڵوگۆڕەکە بێ گیروگرفت بچێ بەڕێوە. زۆر وێدەچێ دۆخێکی بێ ڕێگاچارە یا تەنانەت کودەتای سەربازیی بێتە ئاراوە کە مەلاکان بێنێتە ژێر ڕکێفی ژەنڕاڵەکان. کۆماری ئیسلامیی یا نا، ئەوە نۆرمێک بووە کە بە درێژایی مێژووی سەردەمی ئێران بوونی هەبووە. هەردوو خامەنەیی و سوپای پاسداران دەزانن کە خەڵکی نێوخۆی ئێران لێیان بێزارن. بەڵام، لە کاتێکدا کە ئێرانییەکان ڕقیان لەو وێرانییانەیە کە دەسەڵاتی چل ساڵەی مەلایان وڵاتەکەیانی تووش کردووە، ئەوان زۆر ناسیۆنالیستن. بۆیە، خامنەیی و سوپای پاسداران لەوانەیە هەوڵ بدەن ناکۆکیی وا ساز بکەن کە بتوانن ئێرانییەکان لە دەوری ئاڵاکەیان کۆ بکەنەوە. ئەوە ئەو دینامیکەیە کە دەبێ بەڕیوەبەرایەتی ترامپ زۆر بۆی بە پەرۆش بێ، چونکە ئەوە زۆر گرینگە کە زەختەکە بپارێزن بێ ئەوەی کە بکەونە داوی ڕێژیمێک کە لە گێچەڵ دەگەڕێ. با هیوادار بین کە سەرۆک کۆمار دۆنالد ترامپ هێندە ژیر بێ کە بێڵێ "کەمپەینی ئەوپەڕی زەخت" کاری خۆی بکا بێ ئەوەی کە کاربەدەستانی تاران بتوانن لە ڕێگای دیپلۆماتیک خۆیان دەربازکەن یا کەڵک لە هێزی سەربازیی وەرگیرێت کە لە درێژ خایەندا بەسەر بشکێتەوە.