کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات" لە چەند سەردێڕێکدا

19:38 - 16 گەلاوێژ 2719

کەلکوەرگرتن لە ڕەهەند و شێوازەکانی خەبات حیزبی دێموکرات لە سیاسەتدا نەک هەر خۆی سەرقاڵ و مژووڵ بە مەفهوومی "دوژمنکاری" نەهێشتەوە و تۆکڵێکی سەخت و سفتی داخراوی بەبەردا نەکرد، بەڵکوو زۆر واقعبینانە سیاسەتی لە پانتایی ماهییەتی جەوهەریی خۆیدا کە تێکۆشان و گەڕان بەدوای ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردە، لە چوارچێوەیەکی بەرینتردا پێناسە کرد. شەهید قاسملوو بە تێفکرین لە درێژخایەنبوونی هاتنەدیی ئامانجی گشتیی حیزب، پێی وایە پێڕەویکردن لە شێوازەکانی دیکەی خەبات بە مەرجێک کە ڕەوا بن، دروست و بەجێیە. لەم پێوەندییەدا و لە "بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان(ئێران)"دا کە لە لایەن دوکتور قاسملووەوە نووسراوە و لە رەزبەری ١٣٥٢ی هەتاوی لە کۆنگرەی سێهەمدا پەسەند کراوە، هاتوە: "خەبات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی خودموختار لە کوردستان کە داخوازێکی درێژخایەنە، دەگەڵ خەبات بۆ جێبەجێکردنی هێندێک داخواز لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئێستای ئێراندا ناتەبایی نییە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بڕوایە دایە کە بە خەباتی شێلگیر ئیمکانی هەیە ڕێژیم مەجبوور بکرێ پاشەکشە بکا. جا لەبەر ئەوە حیزبی ئێمە هەر ئێستاش بۆ هێنانەدی و بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی و... خەبات دەکا و پێی وایە کە بە خەباتی ڕێکوپێک دەتوانێ ئەو داخوازانە بەسەر ڕێژیمدا بسەپێنێ". ئەم جۆرە لە تێفکرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کەلکوەرگرتن لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەبات، لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تێکۆشانیدا، ڕابردوویەکی پڕ لە نموونەی هەیە. لە قۆناغەکانی دواتری خەباتی حیزبی دێموکراتدا کە شێوازەکانی حزووری ڕاستەوخۆی پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانە کەم ڕەنگ دەبێتەوە و لە نێوخۆی وڵات کۆمەڵێک جموجۆڵی مەدەنی لە لایەن چالاکانی نێوخۆی وڵاتەوە سەرهەڵ دەدەن، ئەم حیزبە بە گرتنەپێشی گوتار و ڕوانێنێکی نوێ لە خەبات و زەرفییەتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، پشتیوانیی خۆی لەم جموجۆڵانە ڕادەگەیەنێ و بە بەشێک لە خەباتی نەتەوایەتییان پێناسە دەکا. پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە تێکۆشانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات لە قۆناغی ئێستادا لە ڕووی ڕوانگە و تێفکرینەوە پشتی بە پاشخانێکی دەوڵەمەند لە ئەندێشەکانی شەهید دوکتور قاسملوو بەستوە. زیاتر لە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا کە شێوازی "خەباتی مەدەنی" نە بەو ناوە و نە بەو پانتاییەی ئێستا لە کوردستان لە ئارادا بوو، شەهید قاسملوو بە "هێمنانە" و "مەنفی" ناوهێنانی ئەم شێوازە لە خەبات دەڵێ: "حیزبی ئێمە دەبێ لە نێوان خەباتی پێشمەرگانە و "خەباتی هێمنانە"ی نێو شارەکاندا هەماهەنگی پێک بێنێ. ئەوانەی مخالفی ڕێژیمن و بەهەر شێوازێک لە پێناو داخوازییەکانی خەڵکدا خەبات دەکەن، تەنانەت بە شێوازی "خەباتی مەنفی"، وەک ئەوە گاندی خەباتی پێ دەکرد، لای ئێمە قابیلی قبووڵ و جێی ئێحترامن. ئێمە وا بیر ناکەینەوە کە هەرکەس مخالفی ڕێژیم بوو دەبێ حەتمەن چەک هەڵبگرێ. ئێمە لە هەر شێوە خەباتێک؛ لە خەباتی چەکدارییەوە بگرە تا خەباتی فەرهەنگی پێشوازی دەکەین".   ژیاندۆستی و هەوڵدان بۆ بەختیاریی کۆمەڵ لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە، "ئازادی" پێش ئەوەی مەفهوومێکی سیاسی بێت، تەعبیرێکی بەرینی ئینسانییە کە قەت لە تێکۆشانی سیاسیدا بە هیچ پاساوێک هەوڵی بەرتەسکردنەوەی نادرێ. خەباتی حیزبی دێموکرات کە مانایەکی سیاسی_ نەتەوەیی بە خۆوە گرتوە، جیا لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی بەختیاری لە کۆمەڵی کوردەواریدا ناتوانێکی هیچ مانایەکی دیکە بدا. بەو مانایە کە ئینسانی کورد کە مافی باش ژیان و بەختیاربوونی لێ زەوت کراوە، دەیهەوێ بۆ وەدەستهێنانی ئەم مافە ئینسانییە خەبات بکا و بە ژیانێکی شیاوی خۆی بگا و ئەم خەباتە ناتوانێ بەتاڵ بێ لە مەفهوومی ژیاندۆستی. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە زۆر ڕاشکاوانە لە بەرنامە خۆیدا ڕادەگەیەنێ کە؛ "بەرزکردنەوەی پایەی ژیانی گەلی کورد، نێوەرۆکی ئەساسیی بەرنامەی حیزبی دێموکراتە". بەرزکردنەوەی پایەکانی ژیانی ئینسانی کورد و هەوڵدان بۆ بەختیاریی کۆمەڵی کوردەواری، ئامانجی ئەساسیی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: "هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە گەلەکەمان خۆش بژیت و کۆمەڵێکی بەختیارمان هەبێت". لە ماوەی تێکۆشانی پڕ لە دژواری و ڕۆژە سەختەکاندا هیچکات ئەم ڕوانینە ئینسانییە، بە پاساوی جۆراوجۆری وەک بێدەرەتانی، شەڕ، ئاوارەیی و بێ‌ئیمکاناتی و کارەساتی جۆراوجۆر، نە تەنیا لە بیر نەکراوە بەڵکوو کەمڕەنگیش نەبۆتەوە. لە ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبەدا هەمیشە روانگەیەکی ئینسانی بەسەر جۆری تێفرینی حیزب بۆ سەر ژیان و ڕەفتاری تێکۆشەرانی دا زاڵ بووە. لەم حیزبەدا هاوکات لەگەڵ خەبات و تێکۆشان و گیانفیدایی بۆ ئاڕمانجە بەرزە سیاسی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، ژیاندۆستی بە مانا گشتی و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، کە بریتی بێت لە خۆشەویستی، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و بوونی منداڵ، هەڵپەرکێ و خۆشییەکانی دیکەی ژیان هەروا بەردەوام بووە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو یەکێک لە هاندەرانی ژیاندۆستی لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بووە و، هەمیشە پێشمەرگەکانی هان داوە کە جوانییەکانی ژیانیان خۆش بوێ.     ڕێکخراو، وەک چەکێکی هەرە گرینگ کولتووری بەڕێکخراوکردنی بزووتنەوەی کورد بە شێوەی ڕەسمی و ئۆڕگانیزەکراو لە حیزبی دێموکراتەوە دەست پێدەکا. حیزبی دێموکرات کە بە شێوازێکی مودێرن و بەدوور لە دەسەڵاتی عەشیرە، شێخ و ئاغا بزووتنەوەیەکی نوێی نەتەوەیی و دێموکراتیک بنیات دەنێ، بۆ ئەوەی ئۆڕگانیزمێکی زیندوو و چالاک بە بزووتنەوە ببەخشێ و خۆی لە کۆت و بەندی خۆبەستنەوە بە تاکە سەرۆکێک ڕزگار بکا، گرینگی بە ڕێکخراوبوونی بزوتنەوە دەدا. لەم پێوەندییەدا دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو کە باوەڕێکی قووڵی بە زیندوو ڕاگرتنی بزووتنەوە و حیزب لە رێگای ڕێکخراوەوە بوو، دەڵێ: "ئەگەر چاوێک بە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا بخشێنین، دەبینین زۆربەی بزووتنەوەکان شێخێک، مەلایەک، ئاغایەک یان سەرۆک عەشیرەتێک سەرکردایەتیی کردوون. نەتیجەی ئەم وەزعە ئەوە بووە کە هەروەخت سەرۆکی بزووتنەوەکە کوژراوە، مردوە، فریو دراوە، یان خەیانەتی کردوە، بزووتنەوەکەش مەحکووم بە پاشەکشە بووە. چونکی هەموو کارەکان بە وجوودی تەنیا یەک کەسەوە بەستراوەتەوە. بۆ دەربازبوون لەم دۆخە دەبێ بزووتنەوەکە بە ڕێکخراو بکرێ و لە چنگی سەرکردایەتیی تاکە کەسی ڕزگاری بێت". هەموو لایەک ئەوە باش دەزانن کە نزیک بە تەواوی ژیانی حیزبی دێموکرات جیا لە کەمتر لە ٤ ساڵی نەبێ، هەموو ئەوی دیکەی دوور لە ژینگەی ئەسڵێی خۆی واتە ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان ژیاوە و خەباتی کردوە. یانی حیزبی دێموکرات یەکێک لەو دەگمەن حیزبانەی دونیایە کە جیا لە کەمتر لە چوار ساڵی تەمەنی خۆی، زیاتر لە حەفتا ساڵ دوور لەو شوێنەی خەباتی بۆ دەکات، ژیاوە. بۆیە بوونی ڕێکخراو لەم حیزبەدا زەروورەتێکی حاشا هەڵنەگرە. ئێستاش سەرەڕای ئەم هەمووە دوورییە، دەبینین کە حیزبی دێموکرات ڕۆژبەڕۆژ جێگە و پێگەی لە نێو خەڵکەکەدا پەرە دەستێنێ، بەشێکی هەرە ئەساسی بۆ هۆکاری "بوون"ی ڕێکخراو لەم حیزبەدا دەگەڕێتەوە. تەشکیلات لە حیزبی دێموکراتدا تەنیا ئەرکی ئەوە نیە کە سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزب بەرێتە نێو خەڵک، بەڵکوو دەبێ حیزب لە رێگای ئەم ئەڵقەوە ئاگاداری بیروبۆچوون و ڕەخنە و پێشنیارەکانی گەل بێت. بۆیە تەشکیلات لە ڕاستیدا زمان، گوێ و چاوی حیزبە. دوکتور قاسملوو لەم بارەوە دەڵێ: "ئێمە پێویستمان بە ڕێکخراوێک هەیە کە بە زوویی و چالاکانە هەموو بڕیارەکانی ڕێبەرایەتیی حیزب بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەیەنێ، هەر بەو چوست و چالاکییەش ویست و داخوازییەکانی خەڵک بگەیەنێتەوە بە ڕێبەرایەتیی، بۆ ئەوەی حیزب بتوانێ سیاسەتەکانی خۆی بە چەشنێکی درووستتر لە سەر ئەو داخوازانە دابنێ".   بەرژەوەندیی نەتەوەیی حیزبی دێموکرات کە لە سەر ئەساس و بنەمای بیری "نەتەوەیی" و لە پێناو هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی "ویست و داخوازییە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد" دامەزراوە، بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی کورد لەگەڵ ناو و بەرنامەکانی لێک گرێ دراوە. بۆیە بە نیسبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لە بنی‌ڕا باسکردن لە دوو مەفهوومی "بەرژەوەندیی نەتەوەیی" و "بەرژەوەندیی حیزبیی" نادرووست و، لە جێی خۆیدا نییە. تەواوی ئەو هێما و سەمبولە هاوبەشە نەتەوەییانەی کە ئەمڕۆ ئینسانی کورد لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە شانازیی پێوە دەکا و بە مانەوەی هۆوییەتی نەتەوەیی خۆی پێناسەی دەکا، داهێنان و دەسکەوتی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتن. ئەوە حیزبی دێموکراتە کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی نەتەوەی کورددا، بە بیرێکی ئەمڕۆژیانەی نەتەوەیی و دێموکراتیکەوە، قەوارەیەکی سیاسی _ نەتەوەیی بە ناوی "کۆماری کوردستان" دادەمەزرێنێ و "باوەڕبەخۆبوون" لە تاکی کورد دا بنیات دەنێ. ئەوە حیزبی دێموکراتە کە بۆ یەکەمین جار بە پشتبەستن بە دەسەڵاتێکی ڕەسمیی وەک کۆمار، "ئاڵای کوردستان" بەرز دەکاتەوە و "شکۆ" بە وجوودی ئینسانی کورد و خاکی کوردستان دەبەخشێ. ئەوە بۆ یەکەمین جار حیزبی دێموکراتە کە بە دامەزراندنی "سپای میللی" و ناونانی بە "پێشمەرگەی کوردستان"، بیرۆکەی زەروورەتی "خۆپاراستن" و پشت بە خۆبەستن لە ئەقڵییەتی ئینسانی کورددا بنیات دەنێ. شەهید دوکتور قاسملوو، سکرتێری ئەم حیزبە کە لە مێژووی جووڵانەوەی کورددا بە پیاوی دیپلۆماسی و دیتنەوەی دۆست و پشتیوانی بیانی بۆ کورد دەناسرێ، ئەوەندەی لەم بەستێنەدا بۆ حیزبەکەی هەوڵی دەدا، زۆر زیاتر لەوە هەوڵی دەدا خزمەتەکانی بۆ گشت کورد و کوردستان بێ. "دوکتور قاسملوو تەنیا لە فکری حیزبەکەیدا نەبوو. لە ڕاستی ئەو حیزبەکەی خۆی بە وەسیلەیەک بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان و ئامانجە بەرزەکانی دیکەی چاو لێ دەکرد. بۆیە لە پێناو قازانج و مەسڵەحەتی گەلەکەی دا هەمیشە هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕادەسپارد کە قازانجی حیزب فیدا بکەن". بە بێ ئەوەی بمانهەوێ لە چوارچێوەی بابەتیانەی ئەم باسە بترازێین و ڕواڵەتێکی "ئەرزشی" پێ ببەخشین، سەرنجدان بە مەوقعیەتی کۆمەڵایەتی، عیلمی و سیاسیی سێ رێبەری شەهید کراوی ئەم حیزبە (قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی) کە لە کۆتاییدا گیانیان لە پێناو ئامانجە بەرزە نەتەوەییەکانی گەلی خۆیاندا بەخت کرد، ناچارمان دەکا کە قووڵتر لە هەمیشە بیر لە ڕوانگە و تێفکرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەینەوە.   عەداڵەتی کۆمەڵایەتی "حیزبی دێموکرات هەرچەند حیزبێکی دێموکراتی_ میللییە، بەڵام هەر لەو کاتەدا حیزبێکی پێشڕەوە. حیزبی پێشڕەو بەو مانایە کە دەیهەوێ هاوڕێ لە گەڵ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی و وەرگرتنی مافی نەتەوەیی گەلەکەمان، مەسەلەی کۆمەڵایەتیش چارەسەر بکا. حیزبی دێموکرات بۆ یەکەمجار لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا لە سەر سێ بنەما و خوێندنەوەی؛ مێژوویی، عیلمی و کۆمەڵایەتی، ئاوڕ لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی  پرسی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵی دوارۆژی کوردەواری دەداتەوە و لە چوارچێوەی "ئامانجی دواڕۆژ"ی خۆیدا کە پیادەکردنی نیزامێکی سۆسیالیستییە بەرنامە و پلانی تایبەت بە خۆی هەیە. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان مەدیون و قەرزداری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووە کە لەم پێوەندییەدا نەتەنیا لە حیزبی دێموکرات بەڵکوو لە بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا لە ڕووی فکری و سیاسییەوە داهێنان و ڕچەشکێنی کردوە. لابردنی ستەمەی چینایەتی، بەشێکە لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەم حیزبە پێی وایە بەختیاریی مرۆڤ تەنیا بە دابینبوونی مافە نەتەوایەتییەکانی دەستەبەر نابێ. بۆیە لەبەین بردنی ستەمی نەتەوایەتی (دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس) و ستەمی چینایەتی (دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی) و دابینکردنی دێموکراسی و ئازادی، ئەو سێ مەیدانەیە کە حیزبی دێموکرات خەباتیان بۆ دەکا. هەوڵدان بۆ چەسپاندنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵی کوردەواریدا پرۆسەیەکی دوور و درێژە و لەوانەیە تەمەنی چەند نەسلێکی بوێ، بەڵام بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە خۆی بەرانبەر بە چارەنووسی گەلی کورد بە بەرپرسیار دەزانێ، ئامانجێکی تەتەڵە کراوە کە لە باوەڕێکی قووڵی ئەم حیزبە بە "بەختیاریی ئینسانی کورد"ەوە سەرچاوە دەگرێ.     ڕێزگرتن لە بیر و باوەڕەکانی کۆمەڵی کوردەواری حیزبی دێموکرات بەتەنیا هی چینێکی تایبەتی کۆمەڵگەی کوردستان نییە کە تێڕوانین و هەڵوێست و ڕەفتارەکانی تەنیا بە قازانجی ئەو چینە فورمولە بکا، بەڵکوو نوێنەرایەتیی بزووتنەوەیەکی فرەچەشن لە نێو میللەتێک بە پێکهاتەی جۆراوجۆرەوە دەکا. بۆیە پێویستە بۆ قایمکردنی پێگەی جەماوەریی خۆی، سەرنجی کۆمەڵێکی بەرفراوان لە خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بۆ ئەم کارە تەنیا تێفکرین و هەڵوێستی درووستی سیاسی بەس نییە، بەڵکوو دیتنی کۆمەڵگەیەکی فرەچەشن، فرەکولتوور، فرەئایین، فرەتێڕوانین و لە هەموو گرینگتر، بە ڕەسمی ناسینی ئەم جیاوازیانە زەرووری و پێویستە. ئەم باسە بۆ حیزبی دێموکرات ئەو کاتە زیاتر لە ڕەهەندی هەستیارییەوە گرینگی پەیدا دەکا کە ئەم حیزبە خۆی پێ ڕێکخراوێکی پێشڕەوە و هەڵگری کۆمەڵێک بەها و مەفهوومی مودێرنە کە بۆی پڕەنسیپن و ناتوانێ خۆیان لێ لا بدا. حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات لە گەڵ هەوڵدان بۆ پاراستن و شانازیکردن بە پێشڕەوبوونی خۆی و داهێنان و باوەڕە دێموکراتیکەکانی، هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە کە ڕێز لە  جۆری بیرکردنەوە و باوەڕەکانی کۆمەڵی کوردواری بە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرییەکانیەوە بگرێ یان لانیکەم مافی ئەوە بە خۆی نەدا کە دژایەتییان بکا. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە تەسلیمی هەموو داب و نەریتێکی دواکەوتوانە ببێ و ئیزن بدا کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەکی دیکەی پڕ لە ناهەنجاری بڕوا. جیاوازییدانان لە نێوان "باوەڕ"ەکانی خەڵک و ئەو "دیاردە" ناحەز و دزێوانەی ڕیشەیان لە دواکەوتوویی و جەهل و نەزانیدا هەیە، لە تێفکرین و دژکردەوەی حیزبی دێموکراتدا بەتەواوەتی دوو شتی لێک جیاوازن. پێشڕەوبوونی حیزبی دێموکرات نەبۆتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵی کوردەواری لە خوێندنەوەکانی ئەم حیزبەدا بە هۆکاری بیروباوەڕی تایبەتی کۆمەڵایەتی یان مەزهەبییان لۆمە بکرێن. بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانەوە هەوڵ دراوە بە هەموو ئەو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و ئاینیانە بە ڕەسمی بناسرێن و ڕێزیان لێ بگیردرێ.   بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم درووستبوونی حیزبی دێموکرات وەک ڕێکخراوێکی مودێرن و خاوەن پلان و بەرنامە، بەرهەمی قەڵەمبازێکی مەعریفی و نوێ بووە لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەکانی پێش خۆی. کەوابوو دەکرێ بڵێین حیزبی دێموکرات لە ئەساسدا زادەی بەخۆداچوونەوەیەکی ئاگاهانەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانە. هەموو ئەو مەفهووم و پڕنسیپ و تێڕوانینانەی کە لە چوارچێوەی "ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات"دا وەک کۆمەڵێک بەها بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس کران، ئەگەر لە پرۆسەیەکی بەردەوامی "بەخۆداچوونەوە" و لە چوارچێوەی زەروورەتێک دا بە ناوی "رێفۆرم" تازە نەکرێنەوە و کەراژ نەخەن، ناتوانن وڵامدەری ئەم بزووتنەوەیە بن. بۆیە لە حیزبی دێموکراتدا بەخۆداچوونەوە و خۆنوێکردنەوە نەتەنیا وەک زەروورەتێکی مێژووی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕەسمی ناسراوە، بەڵکوو لە ئاستی قەوارەی سازمانیدا بۆ جێبەجێکردنی ئەم تێفکرینە مکانیزم دیاری کراوە. لە حیزبی دێموکراتدا ئاوڕدانەوە لە ڕابردووی حیزب و دەستنیشانکردنی هەڵەکان و ڕەخنەگرتن لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی ڕێگە پێدراوە. یەکەم کەس کە لە نووسینەوەی مێژووی حیزبی دێموکرات و نووسینی ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەکانی حیزبدا ڕاشکاوانە و بوێرانە ڕابردووی حیزب نەقد دەکا و ڕەخنەی لێ دەگرێ، شەهید دوکتور قاسملووە. د. قاسملوو کە باس لە سەردەمی کۆماری کوردستان و قۆناغەکانی دواتر و تەنانەت سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیشی دەکا، بوێرانە و لە هەمان کاتدا زانستیانە وێڕای شانازیکردن بە سیاسەتە درووستەکانی حیزب و فیداکارییەکان و دەسکەوتەکانەوە، ڕاشکاوانە و زۆر بە سەریحی خاڵە لاوازەکان دەستنیشان دەکا و ڕەخنە لە کەموکوڕییەکان دەگرێ. لەم بارەوە دوکتور قاسملوو دەڵێ: " ڕادەی شۆڕشگێربوونی هەموو حیزبێکی سیاسی لەوەڕا دەردەکەوێ کە چۆن سەیری ڕابردووی خۆی و بەتایبەت هەڵەکانی خۆی دەکا. حیزبی شۆڕشگێڕ نابێ لەوە بترسێ کە گوایا بە باسی هەڵەی ڕابردوو دوژمنی شاد دەبێ، یان لە ئێعتباری حیزبەکە کەم دەبێتەوە. بە پێچەوانە پێ لێنان و ڕاستکردنەوەی هەڵەو چەوتییەکانی ڕابردوو، ناوبانگی حیزب لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا دەباتە سەرێ و جیدیبوون و بەرپرسبوونی حیزبەکە نیشان دەدا". بەخۆداچوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا بە هیچ شێوەیەک بە مانای ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی  ڕابردوو و نادیدەگرتنی ڕۆڵ و زەحمەتی کەس یان نەسڵێک نییە، بەڵکوو هەستکردن بە زەروورەتێکی ڕێکخراوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە بێ ئەوەی لە ڕوانگەی ئەرزشییەوە سەیری ڕابردوو بکرێ، خۆی بەڕانبەر داهاتووی میللەتێک بە وڵامدەر و بەرپرسیار دەزانێ.