کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵاواییەک لە پێناوی دەسپێکی نوێدا

19:44 - 16 گەلاوێژ 2719

پتر لە 10 ساڵە کە 23ی گەلاوێژ، لەگەڵ ئەوەی بیرهێنانەوەی ڕووداوی تاڵی سێ پێشمەرگەی ئازا و ڕچەشکێنی مەیدانی سەختی بەرگریی چەکداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانە؛ هاوکات بە مانای بەبەرداکردنی ڕوحی زیندوویەتی و هەرمان بە پەیکەری خەباتی لەبننەهاتوو، و ڕوووە خۆری سەرکەوتنی ئەم حیزبەیە. بە واتایەکی دی 23ی گەلاوێژی 1387ی هەتاوی دەسپێکێکی نوێ لە نواندنی ئیرادەی پێشمەرگانە و باوەڕی خۆنەویستانەی پۆلێک شۆڕشگێڕی مەیدانی کوردایەتییە کە دواتر بووە ئیلهام سەرچاوەی بڕیاری زۆر لایەنی دی. لە نیوەی دووهەمی دەیەی حەفتا بەم لاوە حیزبی دیموکرات لەبەر چەند هۆکارێک لە جەولە و چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی لە نێوخۆی وڵاتدا کەم کردەوە، هەتا ئەوەی لە کۆنگرەی چواردەیەمی حیزب بڕیار درا کە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی حیزب دەبێ لە هەموو بوارەکاندا چالاکتر و بەڕۆژ بکرێتەوە. یەک لەو بوارانە ئامادەبوون و حوزووری زیاتر و بەربڵاوتری پێشمەرگە لە نێوخۆی کوردستان بوو کە ئومیدێکی زیاتری بۆ درێژەدان بە خەبات خستە نێو دڵی خەڵک و تین و گوڕێکی زیاتری بە بەر خەباتی بەردەوامی حیزب لە ژینگەی سیاسیی خۆیدا کردەوە. دیارە ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هیچ کات بە دیدێکی تاکڕەهەندی لە سیاسەت و خەباتی نەڕوانیوە و تەنانەت دامەزرانەکەشی هەر بە دەوڵەتداری و بەڕێوەبەریی وڵات دەست پێکردوە بەڵام لە سۆنگەی ژینگەی سیاسی و ئەو بارودۆخەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی تێ کەوتوە، یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەم حیزبە بوونی هێزێکی تێکۆشەر و گیانفیدای پێشمەرگە بووە کە بەشێکی زێڕینی لە مێژووی بزووتنەوەی کوردستاندا بۆ خۆی تۆمار کردوە و هاوکاتیش جێگای هیوا و دڵگەرمیی خەڵک بووە لە پاراستنی وڵات لە دەستدرێژیی داگیرکرانی کوردستاندا. بە جۆرێک کە دەکرێ بڵێین لە هەندێ قۆناغدا ئەوە شریخەی چەکی پێشمەرگە و مەیدانداریی ئەم هێزە پڕ سەروەرییە بووە کە کوردی لە قۆناغی پڕمەترسیی فەوتان ڕزگار کردوە و بۆ قۆناغی بووژانەوە و زیندوومانەوە گواستوویەتەوە. کەمڕەنگ بوونەوەی حوزووری پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی 1375 بەملاوە وای کردبوو کە کۆماری ئیسلامی دەست بداتە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیان لە توانا و چالاکی خستوە و ئاسەواریان نەهێشتوون. لە لایەکی دیکەشەوە هەندێ لایەنی کوردییش چاوی تەماحیان بڕیبووە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە جۆرێک کە لەو مەیدانە ئامادەکراوەدا ئەوەندەی بۆیان کرا هەوڵی بەلاڕیدا بردنی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتیان دا و، ناحەقمان نەگوتوە کە بڵێین بە غەدر زۆر لە وزەی لاوانی و چالاکانی ڕۆژهەڵاتیان لە سیاسەتەکانی خۆیاندا بەفیڕو دا. لەوەها کاتێکدا بوو کە حیزبی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا جووڵەی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵاتدا دەست پێبکاتەوە. بڕیارێک کە سەرەتا هەندێ لایەن بە خۆکوژیی سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان ناو برد، بەڵام بە پێچەوانەوە زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی خەباتی پێشمەرگانەی لێ کەوتەوە؛ بە جۆرێک کە چەند ساڵ دواتر هێزەکانی دیکەش هەر هەمان ڕێچکەیان گرتە بەر کە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی چواردەیەمی خۆی شکاندبووی و بڕیاری لە سەر دابوو. بووژانەوە و تێکۆشانی زیاتری حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە هێنانە ئارای وێژمانی ڕۆژهەڵات مێحوەریەوە گەشەی زیاتری لەگەڵ خۆی هێنا، بە وەڕێخستن و پشتیوانیی زیاتر لە چالاکانی دەروەست و ئازای نێوخۆی وڵات لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستاندا گەیشتە لوتکە، تا ئەو ڕادەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی تونددا و بە پاساوی ئەوەی کە حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاسایشی و ئەمنیەتی ئەو ڕێژیمەی خستووەتە مەترسییەوە، دوای چەند تەقینەوە و کردەوەی تێرۆریستی لە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ دواجار ناوەندی سەرکردایەتیی حیزبیان لە ١٧ی خەرمانان و لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندیدا دایە بەر مووشەکی بالستیک. وەک لە سەرەتادا باس کرا، خاڵی دەستپێکی ئەو قۆناغە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان بە" قۆناغی نوێی خەبات ناوی برد، بێ تێچوو نەبوو. ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٨٧ دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات بە فەرماندەیی هەمزە عەبدوڵڵاهی (ناسراو بە هەمزە سارتکەیی) پاش جەولەیەکی سەرکەوتووانە لە ناوچەی سەردەشت کەوتنە کەمینی جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی و پاش بەرگرییەکی ئازایانە، بەداخەوە فەرماندەی ئازا و خۆشەویستی دێموکرات و دوو هاوڕیی دیکە بە ناوەکانی قادر نەزمی و قادر قادری گیانی پاکیان پێشکەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرد و ماڵاوایی ئەوان بوو بە دەستپێکی خەباتێکی چڕ و پڕدەسکەوت لە هەموو بوارەکاندا. شەهید هەمزە سارتکەیی و ئەم پۆلە پێشمەرگەیەی لەم جەولەیەدا لەگەڵی بوون و ئەم کاروانەی لە مانگەکان و ساڵانی دواتری گەلاوێژی 87 درێژەیان هەبوو، سەلماندیان کە دەنگی دلێری حیزبی دێموکرات کپ ناکرێ و هیچ پلان و پیلانێکی نەیارانی دۆزی کورد ناتوانێ هەوڵی پەراوێزخستنی بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا بدا.