کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەر حیزبی دێموکرات نەدەبوو!

19:47 - 16 گەلاوێژ 2719

لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوییەوە تا ئەمڕۆ، ٧٤ ساڵە ڕۆژێک بە ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی کوردستان بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاد بووە، کە بە سەرنجدانێکی سەرپێیی؛ کاریگەریی قووڵ و بنەڕەتیی ئەم ڕووداوە لەسەر بزاڤ و جووڵەی سیاسی و خەباتی شوناسخوازانەی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا دەبینین. چ باشتر لە بەرەبەری دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە لە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی و مێژوویی ئەوکاتی کوردستان و ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئاورێک بدەینەوە لە باکگراند و پاشخانی سیاسی و فەرهەنگیی ئەو حیزبە کە لانیکەم جیا لە هەزاران پێشمەرگەی خۆنەویستی، چەند ڕێبەر و سکرتێری ئەم حیزبەکەش گیانیان بەختی بارەگای ئازادی و دێموکراسی کردوە. کەواتە جیا لە "نەتەوە"خوازی کە لە درێژەی ئەم بابەتەدا ڕاوەستانێکی هزرمەندانەمان لەسەر دەبێ، دوو چەمکی هەرە گرینگی "ئازادی" و  "دێموکراسی"یش ڕەنگ و گیانێکی جوان و ئینسانییان بە ئەو خەباتەی گەلی کورد بەخشیوە کە پێ دەڵێین حیزبی دێموکراتی کوردستان! لە مێژووی هاوچەرخی کورد بێگومان کۆماری کوردستان خاڵێکی بەرچاو و شیاوی تێڕامانە کە ئەگەرچی جوانەمەرگ ببوو، بەڵام میرات و پاشماوەکانی هێندە قورس و قایمن کە ئێستاش جیا لە شانازی کردن بۆ وەرددانەوە وبەرگری کردنیش دەبن. بەڵام بەرجەستەکردنی کۆماری کوردستان بەبێ لە بەرچاوگرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەجۆرێک جەفاکردنە لەو سیستەمە کە توانی جمهورییەت ڕابگەیەنێ و هەوڵ بدا بۆ سازکردنی دەوڵەتی کوردستان. بە ئاودانەوەیەک لە مێژووی ٧٤ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم حیزبە لە ئەوپەڕی ناکۆکی و ملمانێیەکانی ئێران و ناوچەکەدا، چیها خەونی گەورەی هەبووە و ئێستاشی لەگەڵ بێ بۆ بەدیهاتنیان هەر لە تێکۆشان دایە. کە چاو لە ئامان و پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەین   دەبینین کە لە دایکبوونی ئەم حیزبە لە کوردستان نەتەنیا بۆ ئامانجی چارەسەری پرسی  میللی_دێموکراتیکی گەلی کورد بووە و هەشە، بەڵکوو ئەو ماتەوزەیەی تێدا هەیە کە بۆ گەلانی دیکە ئێران و تەنانەت دەسەڵاتەکانیش وەکوو دەرفەت سەیر بکرێ هەتا هەڕەشە، وە لە پێناو چارەسەری پرسی گەلان و هەروەها سەقامگیر کردنی بەها دێموکراتیکەکان سەیر بکرێ. دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەساسی کۆمەڵەی "ژ.کاف"  لە سەردەستی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی خاڵێکی وەرچەرخان بوو کە کورد بۆ یەکەمجار بیر لە خەباتێکی سیاسی و گەمەی سیاسی بکاتەوە و لە گێژاوی هاوکێشە سیاسییەکاندا واز لە شۆڕشێکی هەستەکی و بێ ئاکام بهێنێ. ئەگەر حیزبی دێموکرات نەدەبوو، بێگومان کۆمەڵێک بەها و پڕەنسیپی نەتەوەیی و دێموکراتیک لانیکەم لە کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەتی لە کوردستانی نێو جوغرافیای ئێران یان تازە پێیان لە مەیدان دەنا، یان هەر بە نامۆیی دەمانەوە. ڕێئاڵ پۆلتیک کە ئێستا وەکوو بوارێکی گرینگ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ڕەچاو دەکرێ خەسڵەتی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و بەو جیاوازییەوە هیچ کات نەبووەتە بەربەستێک بۆ نەدیتنی خەونی گەورە! بەڵکوو ناساندنی دێموگرافی و بایەخدان بە نەریت و کولتووری کۆمەڵگە بەپێی هەمان دۆخی کولتووری و فەرهەنگی و داڕشتنی سیاسەت و پلان لە تایبەتمەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. بێگومان لە هەلومەرجی شکلگرتنی حیزبی دێموکرات و زەروورەتی هاتنە مەیدانی بزاڤێکی وا، ئەم حیزبە توانیی کۆمەڵگەی کوردەواری لەسەر پرسی ناسنامە و "کێیەتی" کۆ بکاتەوە. ئەگەر حیزبی دێموکرات نەدەبوو هیچ دوور نییە بەپێی فەزای سیاسی و مێژوویی ئەوکاتی ئێران کە کوردستانیشی دەگرتەوە، تا ماوەیەکی نادیار بیرۆکەی چەپێکی ئورتۆدۆکسی و هێژمۆنیخواز بەڕۆکی خەڵکی کوردی بگرتبایە و خۆڵی لە چاوی کۆمەڵێک ئامانج و ویستی شوناس‌تەوەر بکردایە. ئەمە ژیری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەیەنێ کە بە ڕاشکاوی  خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتیی لە تەنیشت یەک داناوە و هیچ کات لە ژێر ناوی ناسیونالیزمی دۆخ و دۆگمدا کۆمەڵگەی بە بارمتە نەگرتوە. هەر بۆیە لە سێیەمین خاڵی پڕەنسیبە بنەڕەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هاتوە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستان ﻟﻪپێناوی وەدیهێناﻧﯽ ﮐﯚﻣﻪڵگەﯾﻪﮐﯽ ﺋﺎزاد و دێموﮐﺮاﺗﯿﮏ، ﭘﻠﻮراﻟﯿﺴﺖ و دادﭘﻪروەراﻧﻪدا تێ دەکۆشێ. هەر ئەو پڕەنسیبە بەسە بۆ ئەوەی نەبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆشاییەکی گەورە لە پانتایی سیاسیی ئێران و کوردستاندا دابندرێ.   جیاوازیی نەتەوەخوازی لەگەڵ ناسیونالیزمی دۆگم وەک خەسڵەت و تایبەتمەندیی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان خاڵێکی گرینگ لە ستاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە بنەڕەتەوە هەوڵی جێخستنی داوە، هەر لەجێدا پرسی هەستیاری نەتەوەخوازییە. لە چەند مانگ زێڕێنی کۆماری کوردستاندا کە ئەو حیزبە بە کردەیی هەنگاوی بۆ دامەزاندنی دوڵەتی کوردی هەڵ هێنا، سەرەڕای هەبوونی سوپای میللی یان هێزی پێشمەرگە، بەڵام نەهات بەشێوەی پۆلیسی و میلیشیایی هەوڵ بدا کە زمان و  ناسنامە و کێیەتییەکان بە زۆرەملێ جێ بخا یان هەوڵی سەپاندنی بدا، بەڵکوو  وەکوو بنچینەی و باکگراوندی ئەو حیزبە واتە کۆمەڵەی"ژ.کاف" کە ڕێکخراوێکی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنی بوو و لە سەر دەستی چەند قەڵەمبەدەست و نووسەر و ڕووناکبیرێکی سەردەمی خۆی  ڕێک خرابوو، ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتیش لێ بڕابوون تا لە ڕێگەی هزری و فەرهەنگی و هێماسازییەوە نەتەوەخوازی لە کۆمەڵگەدا جێ بخەن. هەر بۆیە دامەزرێنەری ئەو حیزبە و یەکەمین رەئیس جمهوری کوردستان پیشەوا قازی محەممەد، نازناوی شاعیری میللی بە "هێمن"ی لاو دەبەبەخشی و گرینگی بە خوێندنگە و چاپ و بڵاوکراوە دەدا؛ چونکی دڵنیا بوو لەوەی کە دەبێ کوردایەتی وەکوو ئەندێشە بچێتە ناخی تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە. خۆدوورگرتن و تەنانەت مەودادانان لەنێوان نەتەوەخوازی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی تۆخ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆر جار ناسیۆنالیزم بەرەولای فاشیزم بوون چەمیوەتەوە و بیانووی داوەتە دەستی لایەنە فکرییەکانی دیکەوە. ئەگەر ئەوشێوە شوناسخوازییە هەر لە سەرەتا و هەتا ئێستاکەی حیزبی دێموکرات نەبایا، بگرە لە ڕەوتی مێژووییدا دەیان شەڕی خوێناوی لەنێوان حیزب و لایەنەکانی دیکە ڕووی دابا و هەروەها لە ئەمرۆکەی کوردستانیشدا کوردایەتی و نەتەوەخوازی چەمکێکی بێزراو بوایە، نەک دارێکی هەردەم لە گەشە و گەشاویی کە لە خواروژووری کوردستاندا دەبیندرێ. ئەگەر ڕوانگەی پلوراڵیستیی حیزبی دێموکرات نەدەبوو، بە لە بەرچاو گرتنی کۆمەڵگەیەک کە زۆرینەی ئەو کۆمەڵگەیە لە خەڵکی موسڵمان پێکهاتووە، بێگومان ئەگەری زۆر بوو دەسەڵاتی باڵای مەزهەبیی ئایدۆلۆژی‌تەوەر دەسەڵاتی بەدەستەوە دەگرت و بگرە بە دنەدانی وڵاتانی دیکە توندڕەویی ئایینی هەناسەی دێموکراسییەت و پێکەوەژیانی ئاشتەوایی بکوشتبا، بەڵام  ئەمە دیسان حیزبی دێموکرات بوو کە هەر لە سەرەتای بنیاتنانی و هەم دواتر لە قوناخی هەستیاری کۆتاییەکانی دەیەی ٥٠ هەتاوی بەملاوە ڕێزی لە بیروباوەڕ جیاجیاکان بەتایبەتی باوەڕی ئایینی داناوە و توانیویەتی باوەڕی ئایینی هان بدا بۆ گرینگیدان بە پرسی نەتەوەیی و مرۆڤێکی کوردی موسڵمان لە جیاتی توندڕەوێکی بێ نشتمان دروست بکا. خەباتی فەرهەنگی وەک یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی مێژووی حیزبی دێموکرات حیزبی دێموکرات وەکوو لە دێڕەکانی سەرەوەدا ئاماژەی پێدرا بە هیوای بنیانانی کۆمەڵگەیەکی مودێڕنە و هەر بۆ پێکاندنی ئەو مەبەستەش هەموو هەوڵی بۆ خەباتێکی فەرهەنگی داوە. بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و دامەزراندنی گرووپی شانۆ چەند بەرهەمێکی کەمتر لە ١١ مانگ دەوڵەتی کوردستان و کۆماری کوردستانن. بەوەڕا دەبینین کە ئەم حیزبە لە ئاستەمترین قوناخەکانیشدا خۆی لە کار و چالاکیی فەرهەنگی بێبەری نەکردوە و نەک ئەمەی بە زیادە نەزانیوە، بگرە بە بنەمای وەرگرتوە و لەنێو بەردی سەنگەریشدا هەم ڕادیۆی هەبووەو هەم "کوردستان"ی وەکوو ڕۆژنامەیەکی بەنرخ، بڵاوکردۆتەوە. کەواتە ئەو بایەخدانەی ئێستاکەی حیزبی دێموکرات بە چالاکییە  فەرهەنگییەکان  کە لە ئیستاکەی کوردستانی ئێراندا باوە، نەتەنیا سواری شەپۆل بوون نییە، بەڵکوو بەروبووی مەزاری خەباتێکە کە بە خوێن و فرمیسکی شۆڕەسواران و تێکۆشەرانی دێموکرات ئاو دراوە و ڕۆژبەڕۆژ دەردەکەوێ کە پرسی نەتەوەیی لە کوردستان تەنانەت کاریگەریشی داناوە لەسەر گەلانی دیکە لە ئێراندا. کەواتە دروﺷﻤﯽ ﺳﺘﺮاﺗﯿﮋﯾﮑﯽ حیزبی دێموکراتی کوردستان _کە داﻣﻪزراﻧﺪﻧﯽ ﮐﯚﻣﺎری ﮐﻮردﺳﺘﺎن ﻟﻪ ﭼﻮارچێوەی ئێرانێکی دێموﮐﺮاﺗﯿﮑﯽ ﻓﯿﺪڕاڵە_ نەتەنیا مافی هیچ گەلیکی دیکە پێشل ناکا بەڵکوو دەستیان دەگرێ بۆ  هەستانەوە و ژیانی بەختەوەرانە و دەرچوون لە بندەستی. ئەگەر حیزبی دێموکرات نەدبوو، هەم گەمەی سیاسی و تەعاموڵی سیاسی لە کوردستان گەشەی نەدەکرد هەم نەریتی شۆڕشگیرانە نەدەبوو بە تایبەتمەندی مرۆڤی کورد. ڕاستە لە کۆماری کوردستانەوە هەوڵ دراوە "وتووێژ" وەکوو پڕەنسیب و شیوەیەک لە خەبات سەیر بکرێ، بەڵام ئەمە هیچ کات تاقە ڕێگا نەبووە و ئەوە ٤٦ و ٤٧ی دێموکرات بوو کە سامناکی و هەیبەتی دەسەڵاتی شکاند. وە لە قوناغێی دیکە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، واتە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیشدا، ئەگەر جارێکی دیکەش ڕێبەریی ئەو حیزبە پێشڕەوە هەوڵی دا بە موزاکرە لە ناکۆکیی کورد و دەوڵاتی ناوەندی کەم بکاتەوە و هەنگاوێک بۆ پێشەوە بەرەو چارەسەری پرسی کورد هەڵگرێ؛ بەڵام کاتێ هێزی داگیرکەر هیرشی کردە سەر کوردستان و وەڵامی ئاشتیی حیزبی دێموکراتی بە ئاگر و ئاسن دایەوە؛ ئەمە دیسان حیزبی دێموکرات بوو کە خۆڕاگری و شۆڕشگێر بوونی خۆی و داکۆکی لە مافی نەتەوەی کوردی لە شێوەی بەرگریی چەکدارانەدا نواند. ئەگەر حیزبی دێموکرات نەدەبوو، بێگومان کێلگەی کۆمەڵگەی ئێمە لە باری مەجالدان بە گەشەی لاوان و هاتنە مەیدانی ژنان و پرسەکانی مافی مرۆڤ و شوناسخوازی و هەوڵدان بۆ دەوڵەتی کوردی و هێماسازی و پێکەوە ژیان و ..هتد  یان بەرهەم نەدەهات یان ئێگجار درەنگتر گەشەی دەکرد. ئەگەر حیزبی دێموکرات نەدەبوو، بەشێکی بەرچاو لە شوناس و کێیەتیی کورد و خەباتی فرەچەشنی ئەم گەلە چەوساوەیە نامۆ دەبوو. وە کۆتا قسە ئەگەر حیزبی دێموکرات نەدەبوو، بێگومان بۆشاییەکی گەورە لە بزووتنەوەی کورددا دروست دەبوو...