کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و بەرهەڵستەکانی

19:50 - 16 گەلاوێژ 2719

لە سەدەی ڕابردوودا بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر، بە یەکڕیزیی خەباتکارانی کورد ڕێگەی دژوار و درێژی تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کە ڕزگاری لە چنگ ستەمی نەتەوەیی و وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیەتی بڕیوە. لەو ماوەدا ئەگەر خەڵکی کوردستان بە هەموو ویست و ئارەزوویانەوە پشتیوانیی بێدرێغیان لە بزووتنەوەکەیان و خەباتگێڕانی ڕێی ئازادی نەتەوەییان کردوە، دوژمنیش هەوڵی داوە بە هەموو شێوازێک و لە هەموو کەس و کەرەسەیەک بۆ دووبەرەکی نانەوە لەنێو ڕیزی ئەم بزووتنەوە ڕەوایەدا کەڵک وەربگرێ. ئەگەر لە دەیەکانی پێشووی سەردەمی دەستپێکردنی ئەم بزووتنەوەیەدا و بە هۆی زاڵبوونی سیستمی عەشیرەتی و دواکەوتوویی فکری، کولتووری و سیاسی کە نەخوێندەواری و نەبوونی پێوەندی لەگەڵ دنیای دەورووبەر هۆکاری سەرەکیی بوون، ڕێگە خۆشکەر بوون بۆ بەگژیەکدا کردنی کورد و بەستنی ڕێگەی بەربڵاوکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ئاستی هەموو کوردستاندا، لەم سەردەمەدا بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تێگەیشتن و وشیاریی سیاسی خەڵک بە هۆی خوێندەواری و کەلکوەرگرتن لە ئامرازەکانی پێوەندی، بزووتنەوە گەیشتۆتە ئاستێک کە زیاتر لە هەر کاتێک بە دڵنیابوون لە سەرکەوتن و وەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەییەکەی ڕێگە دەبڕێ. ئیستا ئیتر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا قەتیس نەماوە بەڵکوو لە پانتایی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕۆڵە خەباتگێڕەکانی کورد بە کرمانج و سۆران و لەک و کەلهوڕەوە و بە هەموو پێکهاتە ئایینییەکانەوە، بە مەبەستی وەدیهێنانی ئازادی بۆ نەتەوەکەیان و بە ڕێکاری جۆراوجۆرەوە لە مەیدانی خەبات دان. پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، کاربەدەستانی ڕێژیم بە مەبەستی کپکردنی دەنگی ئازادیخوازیی کورد جگە لە هێرشی ماڵوێرانکەرانەیان بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان، بە چەکدارکردنی کۆمەڵێک هەڵخەڵەتاوی خۆیی و فتوای جیهاد و هاندانی بیری ئایینی دژی کورد، زۆر جار بە خۆدەرخستنی بە درۆ و دڵسۆزی بۆ خەڵکی کوردستان هەوڵی داوە لەم ڕێگەشەوە کەلێنێکی دیکە بخاتە نێو ڕیزەکانی ئەم بزووتنەوەوە. لەگەڵ ئەوەی کە لە تەواوی ساڵانی تەمەنیدا ڕێژیم کۆسپی خستووەتە بەردەم پێکهێنانی کۆڕوکۆبوونەوەکانی چالاکانی بوارە جۆربەجۆرەکانی کورد، بەڵام ئازایەتی و بوێری ئەم تێکۆشەرانە چۆکیان پێدا دان و لە زۆر شوێن و بە بۆنەی جیاجیا کۆڕ و سمیناری کوردانە بەڕێوە چوون. کارێک کە هەموو لایەک دەزانن کە لەبەر دڵنەرمی و ڕێگەکردنەوە بۆ ئەم جۆرە خەباتە نەبووە، بەڵکوو بەردەوامیی تێکۆشەرانی کورد لە نێوخۆی وڵات بۆ گەیشتن بە مەبەستەکەیان بە ئەنجامی گەیاندوە و لەو ڕێگەشدا هەزینەیەکی زۆریان بۆ داوە و بە دڵەوە زیندان و ئەشکەنجەیان بۆ قبووڵ کردوە و بەمجۆرەش لاپەڕەیەکی زێڕینیان لە خەباتی شوناسخوازانەی کورد نەخشاندوە. سەرەڕای هەموو ئەم بەربەستانە کە ڕێژیم بۆ کپکردنی دەنگی مافخوازانەی کورد لەسەر ڕێی تێکۆشەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داینابوو، چەند ساڵێکە ئەوجار بۆ خۆیان کەوتوونەتە خۆ و بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بیری خەڵک دەستیان کردوە بە پێکهێنانی کۆڕ و سمینار لە ژێر عێنوانی جۆراوجۆردا، هەرچەند ڕۆڵە چاوکراوەکانی کورد نەتەنیا نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم نمایشانە و هەوڵیان داوە بە تێخزاندنی کولتوور و ئەدەبی کوردی پێش بە خراپ کەلوەرگرتنی ڕێژیم بگرن. دوایین هەوڵی ڕێژیم بۆ گەیشتن بە ئامانجە نگریسەکەی کە دژایەتییە لەگەڵ بیر و شوناسی نەتەوەخوازی لە کوردستان، وەڕێخستنی سمینارێک بوو لە مەهاباد. ئەم کۆبوونەوەیە کە لەژێر ناوی "هەمایش دگرپذیری و رواداری" بەڕێوەچوو هەوڵێکی دیکەی دەزگاکانی ڕێژیمە بۆ خستنە ژێر پرسیاری بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوەیی کورد و کەمڕەنگ کردنەوەی داخوازەکانی خەڵکی مافخوازی کوردستان. جگە لەوە شێوازی بەڕێوەچوون، ڕیزکردنی دانیشتووانی سەر کورسییەکان، وتاربێژ و نێوەرۆکی باسەکان، بە ئاشکرا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئەم هەمایشە نە بۆ دیتنەوەی ڕێگە چارەکان بەڵکوو بۆ زەقکردنەوەی گرووپێکی فیکری تایبەت و ئەنجامەکەشی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بەدواوەیەتی، شەقکردنی ڕیزەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە لە ڕێگەیەکی نوێوە. لە چل ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی هەوڵی داوە بە پڕۆپاگەندەی ئایینی دژی موسوڵمانانی سوننی کوردستان و هاندانی بیری شیعە لە دژیان زوڵمێکی دووقات لەوان بکەن. بەڵام ئەمە تانیا بە هۆی سوننەبوونیانەوە نەبووە بەڵکوو کوردبوونی ئەوان و ملنەدانیان بە دەسەڵات هۆکاری ئەم زوڵمە بووە. سەیر نییە کە ئیستا ئەویش بەهۆی کۆمەڵێکی تایبەت لەمانە بیر لە چارەسەر دەکاتەوە؟ ئەوەی جێگەی داخە کۆمەڵێک خوێندەواری کورد بەبێ بیرکردنەوە لە کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ کەلکوەرگرتن لەو دەرفەتانەی دەستیان دەکەوێ بۆ باس لەسەر داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەکەیان و بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەگەر کۆبوونەوەی دیگەرپەزیرییە بۆ غەیری خۆیان کەسی لێ نییە، یا ئەگەر ڕەوادارییە بۆ بیری جیاواز بۆ کەسی دیکە بە ڕەوا نابینن، قبووڵیان کردوە کە بەشداری ئەم شانۆگەرییە بن. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە باوەڕی هەمیشەییەوە پشتگیری هەموو جۆرە بیروباوەڕێکی جیاوازی فیکری و ئایینی دەکا و ئەمەی نەتەنیا بە کۆسپ نەزانیوە بۆ دۆخی ئیستای خەباتی نەتەوەیی، بەڵکوو جیاوازیی باوەڕی بە مەرجی ئەوەی لە پێناو خزمەت بە ئەسڵی مەسەلەکە کە چارەسەری سیاسییانەی کێشەی کوردە، بە دەوڵەمەندیی پاشخانی خەبات زانیوە. ئەوە ڕاستییەکە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەوەیەکی خاوەن ئیدە و ئایینی جیاوازە و لە خەباتی نەتەوەییدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان کوردی شیعە و سوننە و ئایینەکانی دیکەدا نییە. ئێستا هەر ئەوەندەی مەهاباد ناوەندی مێژوویی بیری شوناسخوازانەی نەتەوەیی کورد ماوەتەوە کە ڕێژیم بەم پیلانانە دەیەوێ ئەم بەرگەی لەسەر داماڵێ، کرماشان و ئیلامیش بوونەتە ناوەندی بیری ڕۆشنبیریی کورد لە پێناو خەباتی نەتەوەکەیان و هیچ لایەک نە وازیان لە ئایینی تایبەتی خۆیان هێناوە و نە ئایینەکەشیان بووەتە هۆکاری دابڕانیان لە تێکۆشان بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەیان. پوختەی مەبەست ئەوە کە هەموو لایەک بە تایبەت ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی کە زۆریان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و لە پێناو سەربەستی نەتەوەکەیان گیانیان بەخت کردوە یا فشار و زوڵمی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی ئێرانیان تەحەمول کردوە دەبێ بە چاوکراوەیی بڕواننە ڕێکخستنی ئەم نمایشانەی ڕێژیم و نەبنە هۆکاری گەرمکردنی سیاسەتە شکستخواردووەکانی ڕێژیمێک کە لە بنەڕەتدا هیچ باوەڕێکی بە بوون و باوەڕیان نییە.