کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاڵبوونەوەی هێڵە سوورەکان

21:33 - 1 خەرمانان 2719

دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارە ملهوڕەکان بۆ بەلاڕێدا بردنی خەڵک و کەلکوەرگرتن لەوان و درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیان، هەروەها بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە بازنەیەکدا کە بتوانن ئاسانتر دەست بەسەر بیر و باوەڕیاندا بگرن و لە پێناوی مەبەستەکانی خۆیاندا بیانجووڵێنن، پیرۆزییان بۆ دروست کردوون و هێڵی سووریان بۆ داناون و بەردەوام بە دوو چەمکی ترساندن و هاندان لەو بازنەیەدا دەیانخولێننەوە. مرۆڤ کە هەستی بە بێدەسەڵاتیی خۆی کرد، ئەو کات گونجاو دەبێ بۆ وەرگرتنی بیرێکی پیرۆزپەرستی و تەنیا لە نێو جەغزی دیاریکراو مافی پرسیارکردنی هەیە و، پێی وایە هەموو شتێک بەستراوە بە چارەنووس و بۆخۆی ڕۆڵێکی لە دیاریکردنی چارەنووسیدا نییە. هەرچی ئەم بازنەی بیرکردنەوەش بەرتەسکتر و چکۆلەتربێ و پەیوەندیی کەمتری لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەبێ دەرفەتێکی گونجاوتر دروست دەکا بۆ دەسبەسەرداگرتن و بەکۆیلە کردنیان. چل ساڵ لەمەوپێش، لە دوای ڕاپەڕین و  شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی، کۆمەڵگەی ئێران بەپێی هەلومەرج و شێوازی بیرکردنەوەی خەڵک و نەبوونی زانیاری و پەیوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە، شوێنێکی گونجاو بوو بۆ پەرەپێدان و گەورەکردنەوەی بیری میتووسی لە بازنەی ئایین و بەتایبەت مەزهەبەوە، هەربۆیە چەن درۆی خومەینی و زەقکردنەوەی مەزهەبی شیعە و لە پاڵیشیدا سەرکوت و کوشتنی بەکۆمەڵی ڕووناکبیران و جیابیران، چاندنی ترس و تۆقاندنی خەڵک، دیاریکردنی هێڵی سوور و بڤە و نانەوەی شەڕ و ئاژاوە هەر لە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکاوە بگرە تا قسەکانی خومەینی بۆ هاندانی شیعەکانی عێراق و شەڕی ٨ ساڵە، ئیزنی بیرکردنەوەی سەرەتاییشیان بە خەڵکی ئێران نەدا و هەر چەشنە دەنگ و بیرێکی جیاوازیان هەناسەبڕ کرد و بێجگە لە چەند ناوچەی ئێران کە بەرچاوترین و بەهێزترینیان کوردستان بوو، ڕەوتی بیرکردنەوەی خەڵکیان بەرەودوا گۆڕی کە یەک لەوانە دانانی یاسایەکی بنەڕەتی و سەقەت لە چوارچێوەی بیرێکی مەزهەبی وساویلکانەدا و دروستکردنی ویلایەتی فەقیهـ  بوو. دژایەتی لەگەڵ ئەم چەمکەدا هاوواتای دژایەتیی خودا بوو کە بەرەوڕووی دڕندانەترین زەبر و کوشتن دەبوونەوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵک و نەتەوەی کورد بکەین کە لەگەڵ بەرەنگاریی قارەمانانەی گەلی کورددا بەرەوڕوو بوونەوە. ئەم شێوازی بیر کردنە بە مردنی خومەینی کۆتایی پێ نەهات و بگرە بە هاتنە سەرکاری عەلی خامنەیی زەبروزەنگەکان سیستماتیکتر و توندتریش بوون. پێشکەوتنی زانستەکان و بە تایبەت هاتنی ئینتێرنێت و ئاگاداربوونەوەی خەڵک لە ڕووداوەکانی نێوخۆ و دەرەوە و ئاشکرابوونی ڕواڵەتی کەسە پیرۆزەکان و، دەوروبەرەکانیان و چوونەسەرەوەی ئاستی زانیاری و بیرکردنەوەی خەڵک بە گشتی وردەوردە هێڵە سوورەکانی کەمڕەنگ کردەوە. بەڵام ئەوەی مابوو ترس و دڵەڕاوکێ لە لایەک و یەکنەگرتنی دەنگەکان لە لایەکی دیکەوە و نەبوونی ڕێبەرایەتی و ئۆپۆزیسیونێکی کارا و بەهێز و نەبوونی ئالتێرناتیڤێکی ڕوون و ماوەیەکیش سەرقاڵ کردنی خەڵک بە ڕێفۆرم یارمەتیی بێدەنگیی خەڵک و مانەوەی دەسەڵاتی نوێنەرانی بەڕواڵەت پیرۆزی بۆیان دەستەبەر کرد. هەرچەند لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشدا و بەو هەموو سەرکوت و هەڕەشەی کە لەسەر خەڵک و چالاکانی مەدەنی بووە، بەڵام بەشێک لە خەڵکی زانا و دڵسۆز و ئازادیخواز بوونەتە پێشەنگی شکاندنی تاپۆی زۆرداری و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا خەریکی چالاکی و ڕێکخستنی خەڵک بوون و هەن. دیارە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە زستانی ساڵی ٩٦ی هەتاویدا لە زیاتر لە ١٠٠ شاری گەورە و بچووکی ئێران دەسپێکێکی نوێ بوو بۆ ڕەواندنەوەی ترس و نیشاندانی بێزاریی خەڵک لە دەسەڵاتدارەکانی تاران و موچڕکەیەک بوو بۆ ئێسک و پرووسکی جێگرەکانی خودا. بەدرێژایی ئەم چل ساڵە شێوازی جۆراوجۆر بۆ تێپەڕین لەم ڕیژیمە تاقی کراوەتەوە بەڵام لەم دواییانەدا ئەوەیکە جێگەی سەرنج و تێڕامانە نامەی ١٤کەس لە کەسە ناسراو و بەرچاوەکانی ئێرانە کە لە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە پێک هاتوون و بە ئاشکرا و بێدوودڵی هێڵە سوورەکانیان نەک هەر بەزاندووە بەڵکوو یەکسەر چوون بە گژ پیرۆزییەکانی ڕێژیمدا و قامکیان کردووە بە چاوی جێگری خودادا و، داوای دەست لەکار کێشانەوەی خامنەیی و نەمانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، هەرچەند ئەم  هەنگاوە دەبێ لە دوو لایەنەوە سەیری بکرێ. یەک؛ چەندە پراکتیکییە و جێبەجێ دەبێ؟ دوو؛ چەندە کاریگەرە و لێکەوتەکانی چی دەبێ؟ ئەوەیکە چەندە ئەم داوایە جێبەجێ دەبێ، بەندە بە کارنامە و جەوهەری زاتیی ئەم ڕێژیمەوە کە بەم چل ساڵە خۆی ناساندوە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستییە ناتوانین ڕوانگەیەکی ئەرێنی‌مان هەبێ لەم بابەتەوە. ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە گوێ ناداتە سەرەکیترین و ڕەواترین داواکانی خەڵکی ئێران و لەپێناو چارەسەریی کێشەکاندا هەنگاوی باشی هەڵنەهێناوە؛ زیاتر دەرخەری ئەوەیە کە نابێ زۆر گەشبین بین بەوەی کە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرەکەی لەم ڕێگەوە و بە ئاسانی دەست لە دەسەڵات بکێشنەوە. بەڵام بەدەر لە جێبەجێ کردن یان نەکردنەکەی پەیامێکی گرینگ و هەستیارە، هەم لەبەر ئەوەی کە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم واتە ڕێبەری پێکاوە و ڕاستەوخۆ بەرەوەڕووی سەرچاوەی دەسەڵات بۆتەوە و، هەم ئەوەی کە هیوایەکی زۆری بە خەڵکی هیوابڕاو بەخشیوە. ئەمە یەکەم کاری ڕێکخراوەیی نێوخۆی ئێرانە کە لە چل ساڵ لەمەو پێشەوە ڕاشکاوانە و بەبێ ترس و لەرز بەڕێوە چووە؛ ئەوە نیشان لەوەیە کە حکوومەت ئیدی لەسەر شێوازی ساڵانی ڕابردوو ناتوانێ بە ڕاحەتی شوێنی وەک گۆڕستانی خاوەران دووپات بکاتەوە و، خەڵکیش چاوکراوەترن. کاکڵە و پوختەی باسەکەمان؛ نامەی ئەو ١٤ کەسە و بە دوای ئەوەشدا چواردە و چواردەکانی دیکە دەتوانێ ببێتە ناوەندی کۆکردنەوەی بیرە جیاوازەکان و لە ئاکامدا پشتبەستن بە خەڵک بۆ تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی و گرینگتر لە گشتی شکاندنی تاپۆ و هێما پیرۆزەکان و هێڵە سوورەکان و؛ لە یەک ڕستەدا ببێتە ئاڵترناتیڤێکی گونجاوی کاتی بۆ داهاتووی ئێران.