کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتن هەر بۆ کورد مایەوە

21:41 - 1 خەرمانان 2719

ناڕەزایەتی و بێزاریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە هەمبەر بێمافیی هەمە لایەنەی ڕێژیمی پاشایەتی گەیشتبوە لووتکە و شۆڕشێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە ڕێگای هێزە سیاسییەکانی ئەو کاتی ئێران لە هەموو سووچێک و لەنێو هەموو نەتەوەکان دروست ببوو و، لە ئاکامدا لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاویدا سەرکەوت و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لێ کەوتەوە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە چەپڵەڕێزانەوە بەرەو کەشوهەوایەکی ئازادیخوازانە دەچوون، حیزبی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەریی شەخسی خومەینی سواری شەپۆلی خرۆشانی ئازادی و سەربەستی بوو و بە قۆرغ کردنی جومگە سەرەکییەکانی حکوومەت (بانک، ئەرتەش) و کەلکوەرگرتن لە چەمکی ئیسلام بۆ فریودانی خەڵک، هەموو بەها پیرۆزەکانی گەلانی ئێرانی بە تاڵان برد و، شتێک بەناوی دادپەروەری و ئازادی نەما و هەر کەس و لایەنێک باسی کردبا بە پیاوی دوژمن و دژی ئیسلام دەناسێندرا و بە بێبەزەیانەترین شێواز ڕووبەڕووی دەبوونەوە . لەم دۆخە ناسک و تەمومژاوییەدا خومەینی و حیزبەکەی لە سێ قۆناغی (نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی) بۆ وەی دەنگە جیاوازەکان کپ کەن و ڕەوایی بە بیروباوەڕە نگریسەکەیان بدەن، کۆمەڵێک کاروکرداریان لە خۆیان نیشان دا کە بۆ هەتا هەتایە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بە خاڵی ڕەش خوێندنەوەیان بۆ دەکرێ. ئەوەی پەیوەندی بە نێوخۆی ئێرانەوە هەیە بریتییە لەم ئاکارانەی پاش سەرکەوتنی شۆڕش بەرامبەر بە خەڵکی ئێران لەلایەن حکوومەتەوە بەکار هێنران. کە هەر لە دروست کردنی هێزی گۆپاڵ بەدەست بۆ داخستنی دەنگی مافویستانە و ئێعدامی جیابیران، سەپاندنی حوکمی شەرع بەسەر خەڵکدا، بێمافیی ژنان، دابەشکردنی گەلانی ئێران بە سەر (خودی و غیرخودی)، فیتنەی مەزهەبی و کولتووریی نێو نەتەوەکان و ... بەڵام ئەوەی لە هەمووان بەرچاوترە فەرمانی جیهادی خومەینی لە ۲۸ی گەلاوێژی ٥۸ی هەتاویدایە، کە وەک خاڵی دەسپێکی ژینۆسایدی خەڵکی کوردستان بە فەرمانی خومەینی و حوکمی جیهاد دژی کافرەکان وەگەڕ کەوت، شەڕێکی سەرتاسەری لە هەموو ئاستەکان دژی خەڵکی بێتاوانی کوردستان بوو، لە ڕاستیدا تەنیا هۆکارەکە بۆ ئەم فەرمانە، دژایەتی و جیاوازیی بیروباوەڕی گەلی کورد و بزووتنەوە شوناسخوازەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر داهاتووی ئێران بوو، چون کورد داوای دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستانی دەکرد -کە پاش چوار دەیە ئێستا ئەو هێز و لایەن و کەسایەتییانەی ئەو کات "لبیک"یان بە کۆماری ئیسلامی وت، تێگەیشتوون کە کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو کات و ئێستاشی لەگەڵدا بێ ڕۆڵی پێشەنگی دەگێڕا و دەگێڕێ لە ناسینی نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی و پاراستنی دێموکراسیدا - لە لایەکی تریشەوە بۆچوونی خومەینی هەبوو کە خوازیاری ناوەندگەرایی بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی شەرعی و پێکهێنانی حکوومەتی ئیسلامی بۆ سیستمی بەڕێوەبەریی ئێران بوو، هۆکاری ئەم فەرمانەی خومەینی تەنیا لەبەر دژایەتیی گەلی کورد بوو، دەنا گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بایەخەکانی ئیسلامی لە بیروباوەڕی خومەینی باشتر و پیرۆزتر بەڕێوە دەبا و دەیپارێزێ. هەرچەند لە قورئانی پیڕۆزدا لە ۱۷سووڕە و لە ٤۰۰ ئایەدا باسی جیهاد دەکرێ، بەپێی بۆچوونی شارەزایانی ئیسلامناسی لە هیچ یەک لەم ئایانەدا ئەم حوکمە گەلی کورد ناگرێتەوە، بەڵام مەکتەبی خومەینی وا ڕاهاتووە هەر کەس دژی بیرو باوەڕەکەی بێ –ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆر یەک لە "مرجع تقلید"ەکانی ئایینزای شیعەش لەگەڵ خوێندنەوەی خومەینی لە ئایینی ئیسلام ناکۆکیی سەرەکییان هەبووە و هەیە- بە کافری بزانێ و حوکمی جیهادی لەدژ بدات؛ هەر ئەم بیروباوەڕەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئێران چوار دەیەیە گۆڕستانی ئازادی و ماف و کەڕامەتی مرۆڤەکانی . ئەمڕۆ لە پاش چوار دەیە، شۆڕشی خەڵکی کوردستان بەڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕەواییەکی زیاتر و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە هەر درێژەی هەیە، بەڵام ئەوەی کە ڕیسوا و شەرمەزارە خومەینی و ڕێبوارانی بیروباوەڕەکەین . لە بواری ناوچەییش بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو بەڵێنیە درۆیینانەی کە بە گەلانی ئێرانی دابوو، بەرگی ڕاستییان بەبەردا بکا، لە ۳۱ی خەرمانانی ساڵی ٥٨دا بۆ ماوەی ۸ ساڵ شەڕی بێبنەمای لەگەڵ وڵاتی عێراق داگیرساند. کە میلیۆنان لاوی ئەم وڵاتەی تووشی کوشتن و کەمئەندام بوون کرد و ئەو پووڵەی دەبوا لە ڕێگەی ئاوەدانیی وڵات و دامەزراندنی ژێرخانی وڵاتدا خەرجی کردبا، بە کڕینی تانک و کاتیۆشا و چەک و تەقەمەنی لە سفرەی گەلانی ئێرانی گرتەوە و، هەموو جۆرە گەمارۆیەکی ئابووری و سیاسی کردە میوانی خەڵک، هاوکات بەناوی وڵاتێکی لە دۆخی شەڕدا پاساوی بۆ دەنگی ئازادیخوازانە بەکار هێنا، ئاکامی ئەم سیاسەت و هەڵوێستانە، پاش ئەو هەموو کاولکاری و داڕووخانی ئابووری و لەدەست دانی سەرچاوەی مرۆیی، بە خواردنی جامی ژەهر لەلایەن شەخسی خومەینییەوە کۆتایی پێهات . هەڵوێستێکی تر کە لە نێوخۆی ئێراندا کردی و لە بواری نێودەوڵەتی کاردانەوەی نەگەتیڤی بۆ کۆماری ئیسلامی بە دیاری هێنا، گرتن و زیندانی کردنی دیپلۆماتکارانی ئامریکایی لە ۱۳ی خەزەڵوەری ساڵی ٥۸ی هەتاویدا بوو کە لە لایەن سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئینقلابی دووهەم پێناسە کرا، ئەم هەڵوێستە وای لێ کرد لەلایەن دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان شەرمەزار بکرێ و لە تەنیاییدا بمێنێتەوە و، ڕووی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامیشی باشتر دەرخست، کە کورد هەر لە سەرەتاوە بە دنیای دەگوت، کە ئەم بیرە چەوتە چەندە مەترسییە لەسەر ئاسایشی گەل و دەوڵەتان بەگشتی. لە ئاکامدا ئەوەی پاش ٤۰ ساڵ لە بواری نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبەرانی ئێران ماوەتەوە، دەنگی دلێرانەی گەلانی ئێران بۆ ئازادی و عەداڵەت و گەڕانەوەی شکۆ و کەڕامەتە، کە کۆماری ئیسلامی لێی زەوت کردوون و لە بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی گەمارۆی زیاتری سیاسی، ئابووری و نیزامی، تەریک کەوتنەوەی دیپلۆماسیی جیهانی و ڕیسوایی زۆرتری بەرپرسان و شوناسە شەڕەنگێزەکەیانە .