کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەر دەستدرێژی دزێوە، تاوانەکەی بۆ دەسدریژکەر ئەگەڕێتەوە، نەک بۆ قوربانی

22:14 - 1 خەرمانان 2719

ئەگەر دەستدرێژی دزێوە، تاوانەکەی بۆ دەسدریژکەر ئەگەڕێتەوە، نەک بۆ قوربانی (دیمانەیەک لەگەڵ خاتوو مینوو هۆمەیلی، یەکێک لە قوربانییەکانی ئەشکەنجە و دەستدرێژی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا)   خاتوو مینوو هۆمەیلی، لەدایکبووی شاری سنەیە. یەکێک لەو سەدان ژنە کوردەیە کە لە بەندیخانەکانی سنە، ئیسفەهان و قۆمدا تامی تاڵی ئەشکەنجەی چێشتوە. ئەمە دەقی دیمانەیەکە لەگەڵ خاتوو مینوو هۆمەیلی، چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دانیشتووی کانەدا. ئەم دیمانەیە چاوخشاندنێکە بەسەر قۆناغی چالاکییە سیاسییەکانی سەروبەندی شۆڕش، فەزای دێموکراتیکی کوردستان لە ساڵەکانی ١٣٥٧-١٣٥٨، هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، سەرکوت و کوشتوبڕی ئازادیخوازان و خەڵکی بێتاوان و تا بەندیخانە و ئەشکەنجە و ئێعدام و تا دەگاتە سووکایەتی پێکردن و شکاندنی کەرامەتی شۆڕشگێڕان و چاندنی تۆوی بێهیوایی و ڕەشبینی لەنێو لاواندا. خاتوو مینوو هۆمەیلی کە خۆی بە یەکێک لەو کەسانە دەزانێ کە لە ڕووی دەروونی و جنسییەوە ئەشکەنجە کراوە، باوەڕی وایە ئەمە ئەرک و ڕیسالەتی سەرشانییەتی کە دەنگی هەموو ئەو ئازیزانە کە ئەشکەنجە و ئازاریان چێشتوە، یان ئێعدام کراون؛ بە گوێی خەڵکی جیهان بگەینێ. مینو هۆمەیلی ئێوە چۆن بوون گیران، چالاکییەکانی ئێوە چی بوون لەو کاتەدا؟ چالاکییەکانی ئێمە زیاتر بۆ ئەو دەورانە دەگەڕێتەوە کە هێشتا ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە دەڵەمە بوو. دوای ئەوە من بە دیاریکراوی لە دەرەوەی وڵاتدا توانیم چالاکی دەست پێبکەمەوە. چالاکییەکانی من لەبەر فەزای تایبەتیی کوردستان جدی بوون. دوای شۆڕش تا مانگی گوڵانی ١٣٥٩ شاری سنە لەلایەن شۆڕای هەڵبژێردراوی خەڵکەوە بەڕێوە دەبرا. هەموو حیزب و ڕێکخراوەکان لە ڕاستەوە بۆ چەپ لەم شارەدا و لە فەزایەکی دێموکراتیکدا ئازادانە چالاکییان هەبوو. شۆڕای شاری سنە لە ڕێگای دەنگی خەڵکەوە هەندێ نوێنەریان هەڵبژارد کە دواتر توانیان ٥٥ شۆڕای ناوچە ڕێک بخەن کە پێیان دەگوترا ''بنکە'' و لەوێدا خەڵکیان پەروەردە دەکرد. بۆ وێنە لەم پەروەردانە دەکرێ ئاماژە بکەین بە پەروەردەی چەکداری، فریاکەوتن، پەروەردەی سیاسی (لە ڕێگای مێزگردی وتەبێژی حیزبەکان و شانەکانی خوێندنەوە) و گەلێک کاری کولتووری وەک شانۆگەری. یەکێک لە چالاکییە دیارەکانی بنکەکان هەوڵدان بوو بۆ تەرکی مەوادی موخەدیر لە شارەکەدا. شۆرای ناوچەی ئێمە ناوی ''بنکەی قەتارچیان'' بوو. لە بنکەکەدا پەروەردەی چەکداری و فریاکەوتمان دەدیت. هەروەها من کارم ئەوە بوو کە بڵاوکراوەی هێزە سیاسییەکانی شارەکەم کۆ دەکردەوە بۆ ئەوەی خەڵکی بنکەکەی ئێمە بتوانن بیانخوێننەوە. لە مانگی گوڵانی ١٣٥٩دا ڕێژیم تەحەمولی وەزعەکەی نەکرد و هێرشی کردە سەر شاری سنە. لە ماوەی ٢٤ ڕۆژدا لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشیان کردە سەر شارەکە و سەدان کەس کوژران و بریندار بوون.  من لەم شەڕەدا زۆر جینایەت و دڕەندەییم بە چاوی خۆم بینی. هەر وەک فیلمەکانی دەورەی شەڕی جیهانی دووەم. شەڕێک لە نێوان خەڵک و هێزە سیاسییەکان لە لایەک و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم لە لایەکی دیکەوە لە ئارادا بوو. لەو کاتەدا من وەک فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ''شهدا'' چالاک بووم. بریندارەکان بە ڕادەیەک زۆر بوون کە چەندین کاتژمێر لە ڕێڕەوەکە و لەبەردەم ژووری نەشتەرگەریدا چاوەڕێی چارەسەر بوون. من سێتەکانی نەشتەرگەریم دەشۆرد و ئیسترلیزەم دەکردن و شوێن برینەکانم دەشۆرد و وەک پەرەستار لەبەردەست جەڕاحەکاندا کارم دەکرد. کاتێ دەست و لاقە بڕاوەکانم دەبردە ساردخانە، ئەوەندە تەرم هەڵدرابوونەوە کە هەتا نیزیک میچەکە گەیشتبوو.  هەندێ جاریش لەگەڵ هاوڕێیەکانمدا بە ئامبوڵانس دەچووینە نێو شار و بریندارەکانمان کۆ دەکردەوە و دەوا و دەرمان و کیسە خوێنەکانمان دەبرد بۆ نەخۆشخانە نهێنییەکانی وەک ''ئاغا زەمان'' و، لە بارەگای پاسدارەکانەوە ''باشگای ئەفسەران'' بە قەناسە تەقەیان لێ ئەکردین و بەداخەوە دەیان کەس لە هاوڕێیانم لە تەنیشت منەوە گیانیان لە دەست دا. من لە چەندین چالاکیی دیکەشدا بەشداریم کرد. وەک مانگرتنی یەک مانگەی خەڵکی سنە لە بەردەم پارێزگا بۆ وەدەرنانی پاسدارەکان لەنێو شاردا، بەشداری لە کۆبووەنەوەی سێ ڕۆژەی خەڵکی سنە بۆ پێشگیری لە لەشکەرکێشیی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر شاری سنە، بەشداری لە دەستەی تەدارەکاتی ''پیشگام'' بۆ کۆکردنەوەی دەواودەرمان، خواردەمەنی و خواردن ئامادەکردن بۆ ڕێپێوانی حەوت ڕۆژەی خەڵکی سنە بۆ مەریوان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە ئێعدامەکانی خەڵخاڵی.   ئەگەر بە کورتیش بێ باسێک لەو خەم و مەینەتییانە بکەی کە ژنانی بەندیی سیاسی لەو کات و ساتانەدا چێشتیان و ئێستاش لە زیندانەکانی ڕێژیمدا ئەم دۆخە وەک خۆیەتی. چیمان بۆ باس دەکەن؟ بێگومان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا زیندانیی سیاسی لە هەموو مافەکانی بێبەشە، بەڵام ئەگەر ئەم زیندانییە سیاسییە ژن بێ، چەند قات دەچەوسێتەوە و جەزرەبە دەدەرێ. زیندانیی ژن وەک نێچیرێک چاوی لێدەکرێ و ڕەفتاری لەگەڵدا دەکرێ. لەبیرمە لە بەندیخانەی ئیسفەهان هەرکەس نوێژی نەکردبایە، فەلاقە ئەکرا. ئەمن لە بەندیخانەی ئیسفەهان‌ڕا ئەمنیان دەهێناوە. لە ڕێگای هاتنەوەدا "کدخدا"، دادیاری ئیجرای ئەحکامی سنە کە خۆی بە پاسدارێکی سادە بە من ناساندبوو دەستی بۆ دەبردم و خۆی دەدا بە سەرما. پێشنیاری پێدەکردم بمباتە میوانخانە یان شوێنێک و لەگەڵی بم. ئەو ئازار و مەینەتییانە کەمتر نەبوون لە دەستدرێژی و بوونە ترس و دڵەخورپەیەک کە هەمیشە لەگەڵم بوون. لە بەندیخانەی قومیشدا پێیان وتین چوون لە خانووە تیمییەکاندا لەگەڵ پیاوان پێکەوە خەوتوون، دەبێ هەمووتان پشکنینتان بۆ بکرێ. لە بیرمە ئێمە حەوت کەس بووین کە لە سنەوە گوازرابووینەوە بۆ قوم و وەک بەرخۆلە ڕیزیان کردبووین تا دوکتورەکە، لەوانەشە پاسدار بووبێ یان هەردووکیان، بمانبینێ. ئێمەش ناچار بووین بەقسەیان بکەین. لەم جۆرە هەڵسوکەوتە پڕ سووکایەتییانە زۆرم دیوە. بۆ وێنە لە بەندیخانەی ئیسفەهاندا ڕێگەیان پێی نەئەداین وەرزش بکەین. دەیانوت دەنگی هەناسەتان لە کاتی وەرزش و هەڵاتندا ئەبێتە هۆی ورووژاندنی پیاوە بەندییەکان و زیندانوانەکان. تەنانەت لە کاتی هەواخۆریشدا بۆمان نەبوو وەرزش بکەین. لەبیرمە ''بازپرس''ی بەندیخانەی ئیسفەهان پێی وتم «اون کله‌ی خرتو بنداز پایین». باوەڕی وابوو کە ڕوانینی ڕاستەوخۆی ژن بۆ پیاو هەستی جنسییەکەی دەورووژێنێ. پاسدارەکان لە زیندان سەری قسە و بنی قسەیان قسەی سووک و چرووک و سووکایەتی بوو. بازجووەکەی یەکەمم دەستی لەسەر ئەندامی نێرینەی دادەنا و هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە دێمە سلوولەکەت و دەستدرێژیت دەکەمە سەر. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ژنبوون تاوانێکی گەورەیە، جا چ بگا بەوەی ژن بی و زیندانیی سیاسیش بی.   لەسەر دەستدرێژی جنسی بۆ سەر کچانی عازەب (باکرە) پێش ئێعدام لە بەندیخانەکاندا هیچتان بیستبوو؟ بیستبووم کە لە گرتووخانەیەکی شاراوە بەناوی ''خانەی امن'' لە ئیسفەهاندا، کچێکی عازەب بەر لە ئێعدام لە پاسدارێک  مارە کرا و ٢٠٠ هەزار تمەن و قورئانێک درا بە بنەماڵەکەی. بەڵگەکانی من تەنیا ئەو شتانەیە کە بیستوومن، بەڵام لێکۆڵینەوەی باش کراوە و هەوڵێکی زۆر لەلایەن خودی بەندییەکانی ئەو کاتەوە دەستی پێکردوە بۆ ڕوونکاریی زیاتر. کتێبی ''جنایت بی عقوبت'' کە شادی ئەمین نووسیویەتی و من لە چەند بەشێکیدا هاوکاریم کردوە، کۆمەڵێ ژنی بەندکراوی دەیەی شەست وەک شایەتحاڵ لەخۆ دەگرێ. پرسی دەستدرێژی بۆ سەر کچانی عازەب لە حوکمێکی ئاغای مونتەزیریەوە وەرگیراوە کە بڕوای وابوو نابێ لە ئیسلامدا کچانی عازەب ئێعدام بکرێن. خودی مونتەزیریش لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا حاشای لێ ناکا. تەنیا دەڵێ کە من ئەم فیتوایەم دەرکرد کە پێش بە ئێعدامەکان بگرم، بەڵام بەداخەوە خراپ بە کاریان هێنا.  ئەڵبەت ناکرێ زۆر ئەم پاساوەی مونتەزیری بەجدی وەربگرین. کاتێ ئەم پرسە لە لایەن یەکێک لە بەرزترین ئاستەکانی حکوومەتەوە پێش دەخرێ، یانی کێشەکە زۆر جدی بووە.   پێتان وایە جۆری ڕوانینی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەشکەنجەی ژنان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟ ئەشکەنجەگەرەکان لەژێر کاریگەریی کولتووری توندوتیژی، بێڕەحمی، ترساندن و دەسەڵاتخوازیدان. سیستمی کۆماری ئیسلامی سیستمێکی توندوتیژ و دژە ژنە. هەروەک پێشتر باسم کرد، بەندیوانەکان بە چاوی دیل و دەسکەوت تەماشایان دەکردین. بۆیە ئەو مافەیان بە خۆیان دەدا کە هەر چەشنە سووکایەتی و توندوتیژییەکمان پێ ڕەوا ببینن. ئەشکەنجەگەرەکانمان بەپێی ڕوانگەی ئیسلامی بۆ ژنانی دیل لەگەڵمان دەجووڵانەوە. ئەوەش بڵێم کە زۆر لۆمپەن و بێڕەحم و توند بوون. بۆیە کردەوەکانیان لە بیروباوەڕیانەوە سەرچاوەی دەگرت. لەبەر ئەوە توانیان لە پڕۆژەی ''تواب سازی''دا بەشێک لە بەندییەکان لە ڕێگای ترساندن، دانی بەڵێنی ئازادی، ئەشکەنجە و و مێشکشۆردنەوە تا ئەو ڕادەیە بڕووخێنن کە خۆیان ببنە ئەشکەنجەگەر و هەندێک لەوانە لە ئەشکەنجەدان و ئێعدامی هاوبەندەکانیاندا زێدەڕۆییش بکەن. بەپێی مادەی ٦ی کۆنوانسیۆنی دژی ئەشکەنجە، ئەشکەنجەگەران لە هەر کوێی دنیادا بن، دەبێ بدرێن بە دادگا. مادەکانی ٥ و ٧ی بڕیارنامەی ڕۆم (ئەساسنامەی دادگای کەیفەری)یش ئەشکەنجە لە ڕیزی جینایەتی جەنگی و جینایەت دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دەدا. بەپێی تەواوی ئەم یاسا و ڕێسایانە، ئەو دەستە لە تەوابەکان کە دەستیان لە ئەشکەنجەدا هەبووە دەبێ بدرێنە دادگا. لە کۆماری ئیسلامیدا ژن لە پیاو کەمترە و دەبێ لە قسەی پیاو دەرنەچێ. بۆیە ئەوان ژن وەک مرۆڤ بەحیساب ناهێنن. ژنێکی بەندکراو، کافرە و بەندیوان بۆی هەیە دەستدرێژی بکاتە سەری و بەم کارەی ئەرکی دینیی خۆی بەجێ هێناوە. لە هەندێ لەو حاڵەتانەدا کە زیاتر لە یەک کەس دەستدرێژییان کردووەتە سەر بەندییەک، دەسدرێژیکەری دووەم بەوەی یەکەمی وتووە: «جزاک اللە خیرا» واتە خوا جەزای بەخێرت بداتەوە. لە شوێنێکدا کە قەزاوەتی ژن بێبایەخە و، لە شایەتیدان و میراتبردنیشدا نیوەی پیاوی بەر ئەکەوێ، سروشتییە کە لە کاتی بەدیلگیراندا زەبر و زۆرێکی زیاتری بەرامبەر دەکرێ. لە کۆماری ئیسلامیدا ڕادە و تایبەتمەندیی ئەشکەنجە بەندە بە خوێندنەوەی مەزهەبییەوە و تەنیا لەبەر وەرگرتنی زانیاری نییە، بەڵکوو وەک ئەرکێکی شەرعی و پیرۆز چاوی لێ ئەکرێ. ئەم ڕوانگەیە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ زەمانی شادا یەک ناگرێتەوە.   ئێوە چەند ساڵ لە بەندیخانەدا بوون و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە و ئەشکەنجەکان چەندە کاریگەرییان لە سەر ڕوانینتان بۆ شێوازی کار وچالاکیی سیاسیی دوای ئازادبوون دانا؟ من دوای چوار ساڵ ئازاد کرام. ئەوان توانییان بۆ ماوەیەکی زۆر ئێمەمانان تووشی داهێزران بکەن. سەرکوتی بێڕەحمانە و کۆکوژیی بەندییە سیاسییەکان، داخرانی فەزای سیاسی و بەردەوامیی دیکتاتۆری کارێکی وای کرد کە هێزە سیاسییەکان مەیدانەکە بەجێ بێڵن و دەنگیان نەبێ، هاوکات پچڕانی پێوەندیی ڕێکخراوەیی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکاندا بە کردەوە ئێمەی خستبووە نێو بەرزەخێکی بێناسنامەیی و بێمەیلییەوە. زۆربەمان وازمان هێنابوو و فڕێ درابووینەوە بۆ نێو ژیانی ئاسایی و ئەگەر بمانەوێ خەسارناسانە چاوی لێ بکەین، دەبێ بڵێم (پێمل بوون) بە مێردکردنی هەڵە و بەپەلە، وازهێنان لە خوێندن و وازهێنان لەو خوێندنەوانەی کە لە سەرەتای شۆڕشەوە دەست پێکرابوون، تەنیا گۆشەیەکن لەو خەسارانەی بەر جیلی گیانفیدا و ئارمانخوازی ئێمە کەوتبوو. بەگشتی بەندیخانە وای کرد کە من ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بناسم. ئەشکەنجەدانی خۆم و هاوڕێیەکانم مەیلی خەبات لەدژی ئەم ڕێژیمەی لە مندا بە زیندوویی هێشتەوە. بۆیە هەر دوای هەڵاتن لە وڵات و لە هەمان قۆناغی پەنابەریدا دەستم کردەوە بە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی.   ڕووداوەکانی ئەو ساڵانە، ئەشکەنجە و ئازارەکانی بەندیخانە چەندە کاریان لە ژیانی تایبەتیی ئێوە کردووە؟ هیچ بیرەوەرییەکی ئەو سەردەمە ئازارتان ئەدا؟ دوای بەندیخانە هەرگیز خۆم وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی نەدەهاتە بەرچاو، ئیتر هەرگیز خۆم وەک بەشێک لە ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان نەدەبینی، پۆلیس و دەستوپێوەندەکانی بۆ من نیشانەی نائەمنی بوون، هەمیشە هەستم بە ترس و نائەمنی دەکرد. تا بەرلەوەی بێمە دەرەوەی وڵات، هەستکردن بە هەڵبژاردنی مەرگ و ژیان بۆم غەریب و جێی سەرسووڕمان بوو. ئەوەی کە تۆ هەست بکەی ناتوانی لە هیچ هەڵبژاردنێکدا بەشدار بی، یان خۆت بە بەشێک لە بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان نەدەبینی و دەیان هەستی لەوجۆرە. هەروەها یادی یارانی لەدەسچوو کە بەداخەوە بەشێکیان لەبەر چاوی خۆمەوە هەڵوەرین.   ئێوە ئێستا لە کانادا دەژین، چ جۆرە چالاکییەک دەکەن و چ ئامانجێکتان هەیە؟ من لە ڕێگای درێژەدان بەم چالاکییانە برینەکانی ڕابردووم ساڕێژ دەکەم. یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانم یارمەتیدانە بە پەنابەرە ئێرانییەکان. من ١٥ ساڵە کە خۆبەخشانە ئەم کارە دەکەم. لەگەڵ نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئانکارا چەندین دانیشتنم هەبووە. بە خەرجی خۆم دەچمە تورکیە، کەیسە ڕەت کراوەکان وەردەگرم و دەیاندەمەوە بە "یوو ئێن" بۆ ئەوەی بەسەریاندا بچنەوە و هەندێ کەیسی واهەن کە بە یارمەتیی من وەرگیراون و گوازراونەتەوە بۆ وڵاتی سێهەم. نموونەیەکی سەرکەوتوو هاتنی بنەماڵەیەکی  پەنابەری کوردە دوای سێزدە ساڵ چاوەڕوانی. ئەم شتانە لای من شیرینن. وەک چۆن خەڵکی دیکە کەیسی منیان بەسەر "یوو ئێن"دا سەپاند و قبووڵییان بۆ وەرگرتم، منیش هەوڵ ئەدەم کەیسی پەنابەرانی دیکە بەسەر "یوو ئێن"دا بسەپێنم و جوابیان بۆ وەربگرم. من و کچەکەم دوای پانزە ڕۆژ مانگرتن لەبەردەم "یوو ئێن"ی ئانکارا و وەرگرتنی قەبووڵی قەولمان بەخۆمان دا لە هەر سووچێکی ئەم دنیایەدا بین یارمەتیی خەڵکی ئاوارە بدەین. هەروەها بەڵێنم بۆ پاراستنی خوێنی گیانبەختکراوانی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی هۆیەکی دیکەی چالاکییەکانمە. ڕیسالەت و بەرپرسایەتییەکم هەیە و ئەویش گەیاندنی دەنگی یارانی لەدەست چوویە بە گوێی خەڵکی جیهان. بە ئەرکی خۆم ئەزانم بەرگری لە خوێنی بەناحەق ڕژاویان بکەم.       خاتوو مینوو هۆمەیلی گەلێک سپاس بۆ ئەم دیمانە پڕ نێوەرۆکە و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین. سپاس بۆ ئێوەش