کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ورمێی کوردستان قوربانیی ڕووداوگەلی پۆپۆلیستی

00:16 - 2 خەرمانان 2719

ئێمە لە سەردەمێکدا ئەژین کە ڕاگەیاندنەکان، جۆراوجۆریی تێکنۆلۆژیی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، گەشەیەکی بەرچاویان کردوە. ئیتر وەکوو ڕابردوو، تەنیا هەواڵدەرییەکی مەزن یا ناوەندێکی تایبەت بە ڕاگواستنی زانیارییەکان، سەرقاڵی کاری هەواڵ و پروپاگەندا نین. لە لایەکی تر تەقینەوەی زانیاری و زانست و خۆرەی ئینتێرنێت، دەرفەتی خێرابوونی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و ڕاگواستنی زانیارییەکانی ڕەخساندوە و بەردەنگ باشتر و سەرنجمەندانەتر دەتوانێ گەڕان بکا. ئەم نەبوونی تاکمەندییە و بەربڵاوی و جۆربەجۆری و شەڕی ڕاگەیاندن بە شێوازی بەرین دەرفەتی بۆ دەستەڵاتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان، هەروەها حیزب و ڕەوتە ڕادیکاڵەکان (ئەتنیکی و ئۆلی و ...) تەسکتر کردووەتەوە، ئیدی ڕێگەیان پێ نادرێ بە مەیلی خۆیان هەواڵ و زانیاری و ڕووداوەکان شی بکەنەوە و شرۆڤە و باڵەکەویان بکەن و بە چەواشەکاری دەرخواردی خەڵکیان بدەن. لە ماوەی سەدەی ڕابردوو بە تایبەت چل ساڵەی دەستەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا و دوای هاتنی خێرای چاخی ئینتێرنێت و جۆراوجۆریی سۆسیال میدیا، هەوڵی ڕاگەیاندنە فیتنەچی و ئاژاوەگێڕ، پێواژۆ و چالاکانی سیاسی سەر بە دامەزراوە تەناهییەکان (سپا و ئیتلاعات و ...) بە تایبەت لەو مەڵبەند و دەڤەرانەی دوو نەتەوەی کورد و تورک لەتەنیشت یەکتر دەژین، بوونەتە هۆی جیاوازی، کێشە و ئارێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لە ماوەی ئەم هاوینە (١٣٩٨) لە مەزنە شاری ورمێ چەندین هەوڵ و ڕووداوی گوماناوی و ئاگاهانەی فاشیزمی دەوڵەت_تورک، بە دژی کوردەکانی ئەو ناوچەیە بینراوە کە جێی خۆیەتی سەرنجی وردی بدرێتێ. دوای ئەوەی لە سەرەتای هاوینی ڕابردوو کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی جێگری سیاسیی وەزیری نێوخۆ و پارێزگاری ورمێ، هەروەها بەشێک لە کەسایەتی و بەرپرسانی ئەمنیی ئەو پارێزگایە، لەسەر چالاک کردنەوەی بنکە (ستاد)ی هەڵبژاردنەکانی ڕەوتی بە قەول ئیسلاحتەڵەب و نیزیک لە دەوڵەتی ڕووحانی (تەدبیر و ئومید) بۆ یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پارلمان، گیرا؛ دەرکەوت هەر وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان لەکاتی پێویست و تەنگانەدا نەبێ هیچ بایەخێک بەو کوردانە نادەن کە بەردیان بۆ لە سینگ دەدەن و ئامادەی گیانبازین بۆ ئەو نیزامە! لە ڕاستیدا نەخوێندنەوەی کەسایەتیی کوردانی نیزیک لە دەوڵەت لەو کۆبوونەوەیە، تەنانەت بە خۆشییەوە هیچ شارێکی کوردیان بە شیاو نەزانی کە لە دابەشکاریی ستادەکەیاندا حیسابی بۆ بکەن و هەموو کوردستانیان هاویشتە سەر تەورێز و بەشێکی بچووک لە تورکەکانی ورمێ‌شیان ڕەگەڵ دا. ئەم هەڵوێستەی ناوەند بە هاوبەشیی شەبەنگێک لە تورکی دەڤەرەکە وای کرد دۆستە کوردەکانیان لێ زیز بن و خۆیان لێ دەرباوێن! پشتی ئەم ڕووداوە بەئەنقەست و ئاگاهانەیە، سەرەتای ئەم مانگە (٥ی گەلاوێژ) لە ڕووداوێکدا، تێکنێسیەنی کوردی ئۆرژانسی ورمێ کە بۆ دەرمانی کەسێکی بریندار بەڕێ کرابوو، بە ناچاری لە زمانی دووهەمی خۆی (فارسی) بۆ پرسیار کردن و قسەکردن دەگەڵ نەخۆش کەڵک وەردەگرێ، هاوڕێیانی نەخۆشەکەش بە هۆکاری ئەوەیکە تێکنێسیەنە کوردەکە، تورکی نازانێ و ناتوانێ بەو زمانە بئاخوێ ... فیلمەکەی لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان هەرا دەنێتەوە و لە ئاکامدا کوردەی بەستەزمان بە تاوانی ئەوەیکە لە ورمێ دەژی و تورکی نازانێ لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەگیرێ! گرتنی کوڕە کوردەکە هەڵوێستی کوردانی ورمێی بەدوادا هات، هەتا ئەو جێگایەی چالاکانی مەدەنیی ئەم شارە دوایان لە خەڵک کرد ڕۆژی هەینی لە نوێژی جومعە لە مزگەوتی مەلا ڕەزا، مان بگرن و هەتا ئەو کوردە بێتاوانە ئازاد نەکەن بەردەوام دەبن، دوای ئەو هەڵوێستەی کوردانی ورمێ، سپا خێرا، تێکنێسیەنەکە بەردەدا. بەڵام لەم نێوەدا بەشی هەرە زۆری ڕەوتی پان‌تورکیزمی ورمێ کە کەسایەتییە سەرەکییەکانیان بەرپرسانی ئۆرگانە ئەمنیەتی و دەوڵەتییەکانن، تەنانەت دوو بەناو نوێنەری ئەو شارەش (قازی پوور و بەهادۆری کە لە گەندەڵیی سیستماتیکی ئەم پارێزگایە گلاون) بە کەلکوەرگرتن لە ڕایەڵە کۆمەلایەتییەکان بە شێوازێکی زۆر قیزەونانە و هەڕەمەکی، بە دژی هێما نەتەوەییەکانی کورد هەڵوێستیان گرت و بە ورووژاندنی پلانمەندی هەست و سۆزی ناسیۆنالیستی و مەزهەبی بەشێک لە شەقامی ڕەشۆکی، جارێکی تر مەبەستی گڵاوی ناوەند لە ئادگاری واقعیی خۆیاندا وێنا کرد. لە ڕووداوێکی ترا (١٨ی گەلاوێژ) بەبۆنەی ڕێزگرتن لە ڕۆژی هەواڵنێر لە ورمێ کە لەلایەن شارەدارەوە گیرا بوو، حەزرەت پوور (شارەداری ورمێ) لە بۆنەیەکی فەرمی کە بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم دەبێ بە فارسی وەک زمانی سەرەکی قسە بکرێ، بە ئەنقەست بە تورکی قسە دەکا کە هەڵوێستی خالید حاتەمی، شۆڕای کوردی شاری ورمێی بەدوودا دێ و ئاغای شارەداریش بە جێگای داوای لێبوردن دەڵێ: "ئێوە کە تورکی نازانن فەرموون بۆ دەرەوە!" هەرچۆنێک بێ جیا لەوەیکە بەڕێز حاتەمی خۆی لەو ئەندامانەی شۆڕا بوو کە بۆ هەڵبژاردنەوەی حەزرەت پوور ئەوەی لە دەستی هات کردی و بە ئیعترافی خۆشی خزمی تورکانە!، لەو شارانەی کە فرەنەتەوەن بە تایبەتی شارێکی وەک ورمێ کە کورد و تورک دوو نەتەوەی سەرەکین (جیا لە نەتەوەی ئەرمەنی و ئاشووری کە لەو مەڵبەندە کەمینەن و هەموو مافێکیان پێشێل کراوە)، ئاخاوتن بە زمانی تورکی ئەگەرچی حەشیمەتیان لە کوردانیش کەمتر بن مافی سروشتی و بنەڕەتیی خەڵکی تورکە، هەروەک چۆن دەبێ نەتەوەی کوردیش کە لە هەموو ویست و داخوازییە ئینسانییەکانی بێبەشە، دەبێ لەو شارەدا زمانی ڕەسەن و کولتووری خۆی بە فەرمی بناسرێ و قسەی پێ بکا؛ هەر وەک چۆن لە سەردەمی کۆماری کوردستان و لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لەو باژێرانەی هاوشێوەی ورمێ کە فرە ئەتنیکن، ئەم پرسە بە دێموکراسی و فرە زمانی چارەسەر کراوە. بەڵام مەخابن بە بوونی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر، ئەم مافە ئینسانییانە لە گەلی کورد و تورک زەوت کراوە. یا لە ڕووداوێکی تردا بنێری شانۆی کوردی "مێدێئا"ی خاتوونێکی کورد کە بڕیارە لەو شەوانەدا لە ورمێ بەڕێوە بچێ، هەڵدڕ هەڵدڕ دەکرێ و بە ڕەنگی سوور ناوی تورک و دروشمی فاشیستی لەسەر دەنووسرێ. هەموو ئەو کارانە وای کردوە نوێنەری تورکی شاری خۆی غیرەت بداتە بەرخۆی و بە مەبەستی تایبەتی داوا لە دەوڵەت و پارلمان بکا پارێزگای ورمێ کە خاکی ڕەسەن و باوکالی کوردانە جارێکی تر بەشێکی پارچە پارچە بکەن و ناوی "ئازەربایجانی سنووری" لێ بنێن! یا لە سەڵماس دوای ئەوەیکە گرووپی مووسیقای کورمانجی "نۆدم" کە ئیزنی فەرمیی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێکی لەو شارە وەرگرتبوو بە بەهانەی ئەوەیکە ژەنیاری ژنیان دەگەڵدایە، نەیانهێشت هونەری فۆلکلۆریکی خۆیان لەو شارە کوردییەدا پێشانی خەڵک بدەن. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، ئەرێ ئەوە بۆ، هەر بەینا بەینێک لەو شارە کوردییانەی کە تورکیش بەوپەڕی ئارامی و تەناهی پێکەوە دەژین، بەشێک لە ڕەوتە تورکی_دەوڵەتییەکان ئاو دە ئاشی ناوەندی ئاژاوەگێڕ دەکەن؟ بۆچی نابێ کورد لەسەر نیشتمانی خۆی کار و چالاکییەکانی ئەگەرچی لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمیش بێ، بەڕێوە بەرن؟ کێن ئەوانەی وا ئاگاهانە بە دژی کۆمەڵگە و زمان و هونەری کوردی پیلان دەگێڕن؟ مەبەستیان لەم کردەوانە چییە؟ ئایا کورد دوای ئەو هەمووە کوشت و کوشتار و ژینۆسایدە بەو دژکردەوانە لەنێو دەچێ؟ ڕێگە چارە چییە؟ بناژۆخوازیی ڕادیکاڵیی نەتەوەیی و ئایینی و دیاردەکانی زۆر هەستیار (soft) ڕووداوێکی وا هاسان و ساکار و هەڕەمەکی نین. ئەمە ئاکامی گەندەڵیی سیستماتیکی ئابووری و سیاسی و دیکتاتۆریی مەزەبییە بە مەبەستی پەرەدان بە فیتنە و ئاژاوە و دووبەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەت لەلایەن نەتەوەی فارسەوە. جێگای خۆیەتی وەبیریان بێنینەوە کە ئێمەی کورد هیچکات گەلاوێژی ١٣٥٨ و ساڵانی دواتری لە بیر ناکەین کە هەر ئەو ناوەندگەرا فارسانە (خومەینی بە ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهاد بە دژی گەلی کورد) بەشێک لە تورکەکانی پارێزگای ورمێ بە فیتی دەستەڵات دڕندانە هێرشیان کردە سەر خەڵکی بێتاوان و ژن و منداڵی کورد کە لە ئاکامدا قەتڵ و عامی خەڵکی ئاسایی دەیان ئاوایی وەکوو قاڕنێ و قەڵاتان و ... لێ کەوتەوە. یا دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم بە پاساوی ناڕاست میتینگی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان هەر ئەو ساڵە لە شاری نەغەدە خەڵتانی خوێن کرد. لەم نێوەدا کورد بۆ بەرگری کردن لە ماڵ و حاڵی خۆی ناچار بەرگری کرد کە کۆمەڵێک تورکی نیزامیش بوونە قوربانی سیاسەتەکانی چەوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران. دوای چل ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە تاڵ و کارەساتبارانە، بەشێک لە تورکەکان وەک کۆڵەکەی نیزام لە کوردستان و خەندەقی نێوان گەلی کورد و فارس بۆتنە قومارۆچکە و گۆپاڵی دەستی ناوەند و بە مەیلی خۆیان ڕکێفیان لێ شل و توند دەکەن!، کە بەداخەوە دەبێ بڵێین ئەمە لە نەستی خۆبە داردەست زانینی بەشێک لە تورکەکانەوە سەرچاوە دەگرێ. هەروەها پێوەندییە ئیدئۆلۆژیکەکان بە تایبەت لە دەستەڵاتە دیکتاتۆرە ئایینییەکانە کە شارۆمەندەکەی تەنیا لەبەر ئایینی جیاواز (مەزهەبەکەی)، بەبێ متمانە و هەڕەشە سەیر دەکا. بەم شێوەیە قووڵبوونەوەی کەلێنی نێوان سوننی و شیعە لە ئێران ئاکامی سیاسەتە قیزەونەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و لەم ناوچانەش بۆتە قەیرانێک لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک کە بە گشتی یەک دینیان هەیە بەڵام بە دوو ئایینی جیاواز. ئەم قەڵشتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە دۆخی ئاساییدا ڕەنگبێ ببێتە هۆی بڕیاردانێکی نادروست و لە ئاکامدا کردەوەی توندی نەخوازراوی بەدوودا بێ کە ئەوکات کار لە کار دەترازێ و ئاگری بن خۆڵەمێش گڕ دەگرێ و تەڕ و ویشک بەخۆوە دەسووتێنێ. تێکدانی ڕەوش بۆ باشترکردنی، تێئۆرییەک و فەلسەفەیەکی تایبەتە لە جیهانبینیی سیاسیدا، لەو ڕوانینە، تاک یا کەسەکان بە لەبەرچاو گرتنی هیندێ مێتۆد و شێواز کە کۆمەڵگە و کەشی زاڵی بەرەو ئاقاری کوشتن و گرتن و وێران کردن دەبەن، هەوڵ دەدا ببێتە هێزێکی جدی بۆ ئاڵوگۆڕی دۆخەکە، ڕوانگەیەکی دەروونناسی هەیە دەڵێ: "ڕەنگبێ ترس هۆکاری هەموو توندوتیژییەکان بێ." هەر وەک مووسا عەنتەری ناسراو دەڵێ: "ئەگە زمانی دایکی من بناخەکانی دەستەڵاتی تۆ دەلەرزێنێ بەو مانایەیە کە دەوڵەتەکەت لە سەر نیشتمانی من دامەزراندبێ." لەلایەکی ترەوە، "پۆل لاین بێرگێر" لە کتێبی خۆی (شەڕی دەروونی)دا پێی وایە، شەڕی ڕەوانی جگە لە پێوەندی لەسەر ئامانجی ئابووری و سیاسی لەسەر ئەو باەڕەیە کە هەر بەتەنیا شەڕ و عەمەلیاتی نیزامی نییە بەڵکوو: "کۆمەڵێک کردەوە و هەوڵی وڵاتێکە بۆ کاریگەری و شێواندنی باوەڕ و ڕەوشتی دەوڵەت و نەتەوەکان بە مەبەستی وەدەست هێنانی ئاکامێکی دڵخواز." دوای شەڕی جیهانیی دووهەم، دوکتۆرینی شەڕی ڕەوانی لە ئورووپا و ئامریکا بە شێوەیەکی ڕێکتر، پێناسەی بۆ کرا و بیرمەندانی ئەم بەستێنە پێیان وابوو پێناسەی شەڕی دەروونی بریتییە لە: "دەستێوەردان لە باوەڕ و چەواشەکاری و بەکاربردنی یەک یا چەند دەنگبەر(ڕاگەیاندن/"رسانە")ی پێوەندییەکان و بە جۆرێکی تر بێهێز کردنی لایەنی بەرامبەر بۆ هەر چالاکی و کار و دژکردەوەیەک." لە گرینگترین هۆکارەکانی پێکهێنانی بەستێنێک بۆ بەرەوڕوو بوونەوە دەروونییەکان کە حکوومەتە ئاژاوەگێڕ و دیکتاتۆرەکان باشیان ناسیوە بریتین لە؛ ڕەوشی دەروونی، جیاوازی باوەڕ، ڕوانینی ئایینی، جیاوازییە ئەتنیکی و ڕەگەزییەکان، جیاوازایی چینایەتی. بۆ چارەسەری ئەم کێشە وئارێشانە کە ڕەنگبێ هەر ئێستا و لە دواڕۆژدا ببنە هۆکاری وەبەریەک کەوتنی کۆمەڵگەی ئەتنیکی، ڕەنگبێ دێموکراسیی بەشدارانە (participatory democracy) لە هەموو جۆر سیسیتم و فۆرمێکی حکوومەتی سیاسی وڵامدەرتر بێ. دێموکراسیی بەشدارانە پێی وایە کە بۆ ئاڵوگۆڕی دێموکراسییەکانی سەردەم، بۆ دێموکراسیی واقعی یانی (دەستەڵاتی خەڵکی) دەبێ ڕۆڵی شارۆمەندان لە بڕیاردانە گشتییەکان پەرەی پێبدرێ. بەپێی بۆچوونی خاوەن ڕایانی ئەم ڕوانگەیە، گەشەی تاکەکان تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی بەشدارانە مسۆگەر دەبێ، کۆمەڵگەیەک کە هەستی بەرژەوەندیی سیاسی ڕابێنێ، گرینگی دان بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر دەکا و شارۆمەندی ئاگا بەرهەم دەهێنێ کە دەتوانێ یارمەتی و بایەخ بە چالاکییەکانی حکوومەت کردن بدا. مەکفێرسۆن پێی وایە، ئەگە کۆمەڵانی خەڵک ئاگاداری کێشە و گرفتی کۆمەڵگەکەیان بن و قسەی لەسەر بکەن و هەڵیسەنگێنن، ئیدی ئارێشەکان زۆر کەمتر دەبنەوە چونکە کۆمەڵگە بیر لە حاڵی خۆی دەکاتەوە و کاڵفامانە نادوێ جا ئەمجارە جیا لە بەرژەوەندیی تاک دەبیری بەرژەوەندیی گشتیش دەکەوێ بەبێ لەبەرچاو گرتنی زمان و نەتەوە جیاوازەکان. لایەنگرانی دێموکراسیی بەشدارانە، بەشداری و بەرابەریی عادڵانە وەک دوو کۆڵەکەی هەرە گرینگ بە پێویست دەزانێ کە بەبێ ئەم دوو خاڵە بەشداری سەر ناگرێ. کەوابوو دەست وێڕاگەیشتن بە سەرچاوەی ئابووری و زانست، زانیاری و شارەزایی سیاسی مەرجی سەرەکیی دامەزراندنی سیستمی دێمکراسیی بەشدارانەیە. کە لە جیهانی ژێر سەیتەرەی خاوەندارییەتی تایبەت لە سەر دارایی و سامان و ئابووریی سەرمایەداری؛ سەرکەوتوو نابێ. مەکفێرسۆن دەڵێ: "هەتا کاتێک مافی چارەنووسی خەڵکانێک تەنیا لە بەستێنی حکوومەتدا خول بخوا، دێموکراسی ڕێک وەک فامی شومپیتێری لێ دێ کە گەلێک کورت و تەسک کراوەتەوە، دەبێ مافی دێموکراتیک لە ئاستی دەوڵەت بچێتە هەناوی هەموو دامەزراوەکانی کۆمەڵگە."