کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چل ساڵەی ٢٨ی گەلاوێژ و فتوای خومەینی

00:23 - 2 خەرمانان 2719

لە دوای کودیتای ساڵی ١٣٣٢ لە دژی دەوڵەتی خەڵکیی دوکتور موسەدیق، ٢٨ی گەلاوێژ بووە ڕۆژێکی تاڵی لەبیرنەکراو لە بیر و زەینی خەڵکی ئێراندا کە لەو ساڵەدا بە حاستەم هەناسەیەکی ئازادیان لە ئێرانی قەیراناویدا هەڵکێشابوو. ئەودەم لە کوردستانیش خەڵک بە هیوای ڕزگاربوونیان لە چنگ دیکتاتۆریی حەمە ڕەزاشا بە تێکڕا هاتبوونە مەیدان و چاوەڕوانیی گۆڕانکارییەکانیان دەکرد. هیوا و ئومێدێک کە ٣٥ ساڵی خایاند هەتا بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا بە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی وەدیهات. هەر چەند بەداخەوە زۆری پێ نەچوو کە دەرکەوت گۆڕانێک نەهاتوەتە ئاراوە کە خەڵک دڵی پێ خۆش بکا و تەنیا تاج و مەندیل لە سەر کورسیی دەسەڵات جێگۆڕکەیان پێکرا. بەڵام ئەگەر لە جیاوازییەکان ورد ببینەوە ئەویان بە ناوی دێموکراسی و پێشکەوتنەوە زوڵمی لە خەڵک دەکرد و ئەمی تازەیان بە پاشخانێکی کۆنەپەرستانە لە بیرکردنەوەکانی و لە ژێر ئاڵای ئیسلامەوە هەوڵی لە نێوبردنی هەر ئاسەوارێکی بیری پێشکەوتنخوازانەی دەدا. زۆری پێنەچوو کە دەسەڵاتدارانی تازە نییەتی ڕەشی خۆیان بۆ دژایەتیی هەر چەشنە بیرێکی ئازاد و مافخوازانە لە کوردستانەوە دەست پێکرد. ئەوان بە شەڕهەڵایسان لە شارەکانی کوردستان سەرەتا لە سنە و دواتر لە نەغەدە و سەرەنجام لە پاوە خەڵکی ئێران و کوردستانیان پەلکێشی شەڕێک کرد کە دوای چل ساڵ جگە لە خەڵک بە کوشتدان و وێرانی، قووڵبوونەوەی قەیرانە سیاسی و نیزامی و ئەمنییەتییەکان هیچ دەسکەوتێکی بۆیان نەبووە. درێژەی ئەم شەڕانە و سەرەنجام فتوای جیهادی خومەینی لە دژی خەڵکی موسوڵمانی کوردستان بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ عورفێکی سیاسی و ئایینی و ڕاسپاردنی هەموو هێزە نیزامییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان بە ناوی شەڕ لە دژی کافران لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا، یادی تاڵیی ئەو ڕۆژەی لە بیری خەڵکدا زیندوو کردەوە و لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی لە مێژووی ڕەش و تاریکی ئێراندا تۆمار کرد. مێژوویەک کە دەسەڵاتدارانی تاران بە شەڕ و خوێنڕشتنی خەڵکی ئازادیخوازی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران نووسیبوویانەوە و سەرکوتی بێبەزەییانەی ئازادیخوازانی وڵاتیان وەک سەروەرییەک بۆ خۆیان حیساب دەکرد. ڕێژیم بە پەلاماردانی شار و گوندەکانی کوردستان بە بۆمبارانی شارەکان، سووتاندنی دەیان گوند و کوشتاری بە کۆمەڵی دانیشتووانی و ئێعدامی بەکۆمەڵی لاوانی کوردستان هەوڵی کپکردنی دەنگی بەرزی ئازادیخوازییان لە کوردستان دەدا. هەرچەند خۆڕاگری و بەربەرەکانێی خەڵکی کوردستان و زەبری تێکشکێنەری هێزی پێشمەرگە لە ماوەی ٣ مانگدا کە لە مێژووی پڕ سەروەریی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستاندا بە شەڕی ٣ مانگە ناسراوە، هێزە هێرشبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی تووشی شکستێکی وەها گەورە کرد کە خومەینی ناچار بکا بۆ پاراستنی هێزەکانی پەیامی ٢٦ی گەڵاڕێزان بڵاو بکاتەوە و داوای ڕاوەستاندنی شەڕ بکا؛ بەڵام دوایە و بە شێوازی هەڵسوکەوتی نێردراوەکانی بۆ کوردستان، دەرکەوت کە دەرکردنی ئەو پەیامە هیچ نییەتێکی باشی لە پشت نەبووە. بەمجۆرە ٢٨ی گەلاوێژ بوو بە سەرەتای دەسپێکی شەڕێک کە چل ساڵە بەبێ ئەوەی ڕێگەچارەیەکی کۆتایی بۆ ببیندرێتەوە لە کوردستان درێژەی هەیە. بەڵام ئەم شەڕە بۆ بە سەر کوردستاندا سەپا و ئاکامەکانی چی بوو؟ نەتەوەی کورد لە کوردستانی دابەشکراودا ئەگەر لە مێژبوو خەباتی دەکرد بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار دەیە بوو کە خەباتێکی سازماندراو لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ڕێبەری دەکرا و جیا لە تێکۆشانی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەردەوام لەلایەن تێکۆشەرانی دێموکراتەوە، خاوەندارەتیی شۆڕشی چەکداری ساڵەکانی ٤٦-٤٧ی دەکرد کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا دەسەڵاتی شایان وەلەرزە خستبوو. هەربۆیە جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئێران خەڵکی کوردستان بە بوونی بیرێکی نەتەوەیی و ئازادیخوازانە و ئێرادەیەکی شۆڕشگێڕانە و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا، بەرەیەکی بەهێزییان بۆ خەبات پێک هێنابوو، کە لە نێویاندا بە هەزاران کەس ئامادەی فیداکاری بوون بۆ پاراستنی دەسکەوتی گەلەکەیان لە پاش شۆڕشی ١٣٥٧. جگە لەوەی چەند ڕێکخراوی چەپی ئێرانیش کە کوردستانیان بە ناوچەیەکی پڕ پتانسییەل بۆ شۆڕش دەدی لەوێ تێکۆشانیان هەبوو. لەو لاشەوە لە تاران کۆمەڵە کەسێک دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتبوو کە بە بوونی پاشخانێکی فکریی کۆنەپەرستانە دژی هەر چەشنە بیرکردنەوەیەکی ئازادیخوازانە بوون. هەر بۆیە بۆ پاراستن و قایم کردنی دەسەڵاتەکەیان بە فرسەتیان زانی بە ناوی شەڕ لە گەڵ دژە شۆڕش لە هەستی خەڵکی ساویلکە و نەزانی ئەو سەردەم کە بە هەموو ئێحساسیانەوە لە شۆڕشی دژی ڕێژیمی شا بەشدارییان کردبوو کەلک وەرگرن و لەشکریان لێ پێک بێنن و بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەنگەرە قایمەی شۆڕش ڕەوانەی کوردستانیان بکەن. لەم چل ساڵەدا هەر چەند کوشتن، زیندانی کردنی بە هەزاران کەس و ئێعدامی ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی کورد بەشێک بووە لە سیاسەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، بەڵام ئەوان نە تەنیا نەیانتوانیوە بە ئامانجە چەپەڵەکانیان کە سەرکوتی یەکجاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە بگەن، بەڵکوو تێکۆشەرانی کورد بە ئاستی بەرزی تێگەیشتووییان لە ڕەوابوونی ماف و داخوازییەکانیان بە پشتیوانی لە حیزبە شۆڕشگێڕەکانیان و بە شێوازی جۆراوجۆر و بەردەوام ڕووبەڕووی ڕێژیم و سیاسەتەکانی دەبنەوە و تەنانەت ڕۆژێک نەیانهێشتوە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بە حەساوەیی بیر لە کوردستان بکەنەوە. لە کۆتاییدا و دوای چل ساڵ ئەگەر ڕێژیم لە زەلکاوی کێشە نیزامی و ئەمنییەتییەکانیدا لە کوردستان نوقم بووە و ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لە بەردەم خویدا نابینێ، بزووتنەوەی کورد بە ڕێبەری حیزبە ڕەسەن و پێشکەوتنخوازەکانی لە بواری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە مەودایەکی زۆریان بەرەو سەرکەوتن بڕیوە. کورد ئیستا لە ئاستی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەرەو بوون بە فاکتەرێکی کاریگەر لە هاوکێشە سیاسییەکان بەرەو گۆڕانکارییەکان هەنگاو دەنێ. ئەگەر چل ساڵ لەمەوبەر دەگوترا تەنیا شاخەکان پشتیوانی کوردن، ئێستا بزووتنەوەی کورد خاوەن هێزێکی چەند ملیۆنییە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات کە لە کەس تەنانەت ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیش شاراوە نیە و لە دەرەوەش بوەتە خاوەن پێگەیەکی دیپلۆماسیی بەهێز کە دەتوانێ کاریگەری لەسەر داڕشتنی هەر پلانێک بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا هەبێ.