کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

" ئاگری ٢٥ی گەلاوێژ هەرگیز ناکوژێتەوە"

00:25 - 2 خەرمانان 2719

لەهەر بستە ڕێگایەکی ئەم ڕێبازە‌دا، فیداکاریی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات دیار و بەرچاوە‌ و ئاڵای ئەم خەباتە لە ئاکامی ئەو خوێنانەدا سوور بووە کە لەبەر ڕۆڵەکانی حیزب ‌و گەل ڕۆیوە و ئاسۆی سووری ئازادیی نەخشاندوە. نیزیک بە سێ چارەگە سەدەیە حیزبەکەمان بە هەوراز و نشێوی ڕێگای خەباتدا دێ‌ و ئەوەتا بێوچان بەرەوپێشەوە بە ڕێبازی دروستی خۆیدا دەڕواتە پێش، بەڵام کێ هەیە نەزانێ کە لە ماوەی ئەو ٧٥ ساڵە‌دا حیزبەکەمان بێپسانەوە درێژەی بە خەبات داوە و، لەو ماوەیەدا بە سەدان و هەزاران گیانبازیی لەخۆی نیشان داوە. تەنانەت ڕێبەرانی هەرە سەرووی لەم ڕیگەیەدا بەخت کردوە و بە خوێنی ئەوان ئاشی شۆڕش ‌و خەباتی گێڕاوە. ئازایەتی و حەماسەخوڵقاندن بۆ ڕێگای ئازادی هێندە زۆرن کە هەر لاپەڕەیەکی مێژووی ئەو سێ چارەگە سەدەیەی حیزب و نەتەوەکەمان جێگای شانازییە بۆ هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز. با لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەدا یادێک لە حەماسەخوڵقێنیی سەرەدمە سەختەکانی خەبات و تێکۆشانی هێزی گیاڕەنگ بکەینەوە. پێشتریش لە باسی جادەی سەردەشت_ پیرانشار لە ژمارە  ٧٤٦ی کوردستاندا ئاماژەم بەعەمەلیاتێکی هێزی گیاڕەنگ کرد کە وەک دیاریی ٢٥ی گەلاوێژ، لە ڕۆژی ٢١ی گەلاوێژدا کرا. ئەم داستانە هەر لە سەردەشتی سەرسەوز و هەر لەلایەن هێزی "گیاڕەنگ"ی هێمای بەرخۆدان و ئازایەتی، جارێکی دی لەساڵی ١٣٦٩ دا دووپات بوویەوە و جارێکی دیکەش مزگێنیی ئەو سەرکەوتنەیان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە بەخەڵکی کوردستان دا. هێزی گیاڕەنگ چەند ڕۆژ پێش لەم ڕێکەوتە بەپێی گەڵاڵەیەکی ڕێکوپێکی داڕێژراو عەمەلیاتێکی گەورەیان بەڕێوە برد کە دەبێ وەک وانەیەک بۆ فێربوون بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوترێتەوە. گەڵاڵەی عەمەلیات، جۆری عەمەلیات، شوێنی عەمەلیات، کاتی عەمەلیات و جێبەجێکردنەکەی بۆ ئەوان سەرکەوتنێکی گەورە و دەسکەوتێکی پڕبایەخ بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لەباری سیاسی و هەم لەباری نیزامییەوە بوو؛ کە ئەمەش نیشانەی ئەزموون و دیسیپلین لە کاری خەباتگێڕانەدایە. ڕۆژی ٢١ی گەلاوێژ بەپێی ئەو گەڵاڵەی کە داڕێژرابوو و پێشتر کاری شناساییەکەی بۆ کرابوو؛ دەست بەکار بوون. بە مەبەستی پێکانی ئامانجەکەیان ناوەندی گورهانی یەک، لە تیپی دووی لەشکری ٢٣ی هێزی تایبەتی ڕێژیم دیاری کرا ، کە لە بەرزاییەکانی پشتی ئاوایی "وەردێ" هەڵکەوتبوو و لە هەمان کاتدا پایەگایەکی دیکە کە بۆ پارێزگاری لە گوردان لە بەرزایی "خۆڵەپۆلێ" و پایەگایەکی دیکە کە بەسەر گوندی "کانییەزەردی" دەڕوانی. سەرەتا تێکڕای فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لە وردەکارییەکانی عەمەلیات ئاگادار کرانەوە و هەرکەس بەپێی ئەرکی خۆی لە کاتژمێری ٦ی پاش نیوەڕۆ دەست بەکار بوون و تا کاتژمێری ٧، هەموو ئەو دەستە و پەل و تیمانەی کە بۆ مەئموورییەت داندرابوون لە شوێنی خۆیان جێگیر بوون و ئامادەی بڕیاری فەرماندەرانیان مانەوە. لەکاتی دیاریکراو‌دا بە ڕەمزی "ئاگری ٢٥ی گەلاوێژ هەرگیز ناکوژێتەوە" یەکەم تەقەی تفەنگ لە لوولەی چەکی پێشمەرگە هاتەدەر و ڕێگرەکانی سەر ڕێگای گورهانیان نەهیشت. دواتریش بەبێ ڕاوەستان پەلاماری ناوەندی گورهانیان دا. قارەمانانی دێموکرات لەو ڕۆژەدا بە جۆرێک ئاوریان بەسەر دوژمندا باراند کە مەجالی سەرهەڵێنانیان لە دوژمن بڕی، لەبەر ئەوەی تیمی هێرشبەر بتوانێ لە ناوەندی گورهان نیزیک بێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دوژمن ناوەندی گورهانی بە تێلدڕوو، سەنگەری قایم، خاکڕیزی بەرز، مینڕێژ کردن، سەنگەری تاک و بەکۆمەڵ و هەروەها چەندین لەمپەری دیکە پاراستبوو. بەڵام ئەم کۆسپانە هیچیان نەیانتوانی پێش بە هێزی پێشمەرگە بگرن. ئاگری توندی چەکی فیداکارانی ئەو مەڵبەندە وەک بارانی مەرگ بەسەر هێزی دوژمندا دەباری و، ئەمە بووە هۆی ئەوەی سەنگەرەکانی یەکەمی گورهان بەزوویی دەستیان بەسەردا بگیرێ. بە گرتنی سەنگەرەکانی یەکەم ئەوەندەی دیکە هێزی داگیرکەر ورەیان دابەزی و توانای دەست کردنەوەیان لێ بڕا، بەڵام گرتنی سەنگەرەکانی خوێنباییەکەی شەهیدبوونی ڕۆڵەی ئازا و بەوەفای هێزی گیاڕەنگ "عەلی باساوێ" بوو. هەر بۆیەش تێکۆشەرانی دێموکرات کاتێک لە گەرمای شەڕدا هەواڵی شەهید بوونی عەلی باساوێ‌یان بیست بڕیاریان دا، هەتا گرتنی یەکجاری پایەگاکە و سڕینەوەی لە جینایەتکارانی ڕێژیم دەست هەڵنەگرن. بەم جۆرە لەماوەی یەک سەعات حەماسە خوڵقاندن، شانازییەکی گەورەی دیکەیان لە لاپەڕەکانی پڕ لە فیداکاریی هیزی پێشمەرگەی دێموکرات تۆمار کرد هەموو هێزەکانی ڕێژیم لەو پایەگایە کوژران کە زیاتر لە ٣٠ کەس بوون. هەروەها تەواوی چەک و چۆڵی ئەم گورهانە وەک دەسکەوت بۆ شۆڕشگێڕانی دێموکرات بەجێ ما. بەشێكی دیکە لە پێشمەرگەکانی لەو عەمەلیاتەدا مەئمووریەتیان ئەوە بوو کە نەهێڵن لە پایەگای کانییەزەردەوە بە یارمەتیی ناوەندی گورهانەوە بێن. بۆ پێشگیریی لەم کاردانەوەیە ئەم تیمە لە پێشمەرگەکان بەردەوام تا کۆتایی عەمەلیات پایەگای کانییە زەردیان ئاگرباران کرد و هەروەها، دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکان بە ئاگری چەکەکانیان پایەگای خۆڵەپۆلێ‌یان دایە بەر ڕەهێڵەی فیشەکەکانیان و هەموو جموجۆڵێکیان لە هێزی دوژمن بڕی. هەر بەپێی گەڵاڵەی فەرماندەکانیان دەستەیەکی دیکەش لە پێشمەرگەکان بۆ لەداو خستنی یارمەتیدەرانی دوژمن دیاری کرابوون، کە دوژمن بەپێی عادەتی خۆی غیرەتی ناردنی هێزی یارمەتیدەری بۆ هێزە لەداوکەوتووەکانی نەبوو. لەم عەمەلیاتە‌دا چەند مەسەلە جێگای سەرنجە و بۆ باس کردن دەبێ. یەکەم؛ ناوەندی گورهانی یەک، لە تیپی دووی لەشکری ٢٣ی هێزی تایبەتی ڕێژیم، کە خەڵکێکی زۆری ئەو ناوچەیەیان ئازار دابوو؛ بە تێکڕایی بە سزای ڕەفتاری دوژمنکارانەیان گەیشتن و ئەمە دەرسی عیبرەتێک بوو بۆ هێزەکانی دیکە کە ئەم جۆرە ڕەفتارەیان نەبێ. دووهەم؛ ئەوەی گرینگە لە ڕۆژێکی وادا، واتە ٢٥ی گەلاوێژ کە بناغەی حیزب لەو ڕۆژەدا دامەزراوە، ڕێبوارانی وەفادار بە ئامانجە پیرۆزەکانی ئەم ڕۆژە، نیشانیان دا لەسەر ڕێبازی خوازیارانی ڕزگاریی کوردستان و لەسەر بەڵێنی خۆیان سوور و شێلگیرن و هەتا وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکان دەست لە خەباتیان هەڵناگرن. سێهەم؛ ڕاستە کە ئاشی شۆڕش بە خوێن دەگەڕێ، بۆ ڕەشکردنەوەی پۆستاڵی خوێنمژان لە کوردستان و درێژەدان بە گەڕانی ئاشی شۆڕش، ئەمجار ڕۆڵەیەکی وەک عەلی باساوێ بوو بە سووتەمەنی ئەم ئاورە پیرۆزەی خەباتی کوردستان. ناو و یادی شەهید عەلی بۆ هەمیشە هەرمان بوو.