کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نەقاشی قهوەخانە"، سەفەری هامبورگ و دڕدۆنگیی یۆسف ئەمین

00:27 - 2 خەرمانان 2719

کازم دارابی لەبارەی سەفەرەکەی بۆ هامبورگ دەڵێ: "چوار ڕۆژ پێش لە ڕووداوی تێرۆری میکۆنووس لە هامبورگ بووین و ڕۆژانە یا لە جەلەسەی یەکیەتیی ئەنجومەنی ئیسلامی بەشدار بووین یا سەردانی پێشانگای فەڕش و پیشەسازیمان دەکرد و شەوانە بۆ حەسانەوە دەچووینەوە بۆ ماڵی سەقەفی لە ئۆڵدنبۆرگ." ئەو لە درێژەدا دەڵێ: ڕۆژی ١٧ی سێپتامبر زێنەب کچە نقوستانەکەی ناحاوێتەوە و بە قسەی خۆی زۆر نائارامە، بۆیە لەگەڵ خێزانەکەی وا ساغ دەبنەوە بگەرێنەوە بۆ بێرلین. لە بێرلین دوای ئەوە کچە نقوستانەکەی تەحویلی دایەنەکەی دەداتەوە و سەردانی شیرکەتەکەی دەکاتەوە و بەردەستەکەی دەنێرێتە بانک بۆ ئەوە پەنجا هەزار مارک لە حیسابی شیرکەت بە نەقدی وەرگرێ و بۆی بێنێتەوە و دوای تەحویل وەرگرتنی پووڵەکە هەر ئەو ڕۆژە بەخێرایی بەرەو هامبورگ دەگەڕێتەوە و لەوێشەوە خۆی دەگەیەنێتەوە شاری ئۆڵدنبۆرگ بۆ ماڵی ئاغای سەقەفی! پەرویز دەستماڵچی لە کتێبی "تێرۆر بەناوی خودا"دا لەو بارەوە دەنووسێ: "دارابی لە هەنگاوی دوایی لە مانگی ئووتدا موبایلێکی کڕی، ئەو کڕینە بۆ ڕاییکردنی کاری تیجاری نەبوو بەڵکوو بۆ ئەوە بوو دوای تێرۆرەکە بتوانێ بەبێ ئەوەی شنوود بکرێ لەگەڵ تیمی تێرۆر لە پێوەندیدا بێ. ئەو کارە زۆر پێویست بوو، چونکە دارابی بەرپرسی بەڕێوەبردنی تێرۆرەکە بوو و، دەبوایە بە وەزعی تیمەکە ڕاگەیشتبایە. بەڵام خۆی وا ساغ ببۆوە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی تێرۆرەکە لەو شارە نەبێ و بەڵگەی بەدەستەوە بێ و بیسەلمێنێ کە لەو کاتەدا لە بێرلین نەبووە." ئەگەر چاو لە هەڵسوکەوت و هاتوچۆی دارابی لەو سەفەرەدا بکەین دەبینین کە ناوبراو لە گێڕانەوەی سەفەرەکە و هۆکارەکانی ئەو سەفەرە جۆرێک تووشی ئاڵۆزی بووە و ئەمەش هێندێک گومان دەخاتە سەری، یەکەم ئەو سەفەرە چەند ڕۆژ پێش ڕوودانی تێرۆری میکۆنووس بووە ،بەڵام ڕاست لە ڕۆژی ١٧ی سێپتامبردا دارابی، نەحەوانەوەی کچەکەی دەکاتە بیانوویەک بۆ گەڕانەوە بۆ بێرلین کە زۆر پێدەچێ لەم سەردانەدا مەبەستی جێبەجێکردنی کارەکانی پێوەندیدار بە تێرۆرەکە بووبێ، بۆ نموونە وەرگرتنی پووڵ لە بانک کە لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەردەکەوێ کە "یۆسف ئەمین" پووڵی بۆ دروستکردنی پاسپۆرتی ساختە و هەڵاتن لە ئاڵمان لە دارابی وەرگرتوە. دارابی ژن و منداڵەکەی لە هامبورگ بەجێ دەهێڵێ و دەگەڕێتەوە بۆ بێرلین لە حاڵێکدا هەر ئەو ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ هامبورگ و بە قسەی خۆی ڕۆژی ١٩ واتا دوو ڕۆژ دواتر دەگەڕێتەوە بێرلین و ئەو هەموو هاتوچۆیە دەکرێ تەنیا لەبەر ئەوە بووبێ لە کاتی بەڕێوەچوونی تێرۆرەکەدا بەڵگەی بەدەستەوە بێ کە بە ماڵ و منداڵەوە لە سەفەر بووە و هیچ ئاگای لەو ڕووداوە نییە. دەنا بۆچی ئەو مەودا دوورودرێژەی نێوان ئۆڵدنبۆرگ و هامبورگ کە ١٦٩ کیلۆمیترە و مەودای نێوانی هامبورگ و بێرلین ٢٨٨ کیلۆمیترە کە لەسەر یەک بە چوون و گەڕانەوە ٩١٤ کیلۆمیترە، بە ماشێن دەبڕێ؟! ئەویش لە کاتێکدا کە لە یەک ڕۆژدا ئەم هاتوچۆیە دەکا و لە ١٩ی مانگدا بە ژن و منداڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ بێرلین. ئەگەر بەڕاستی دارابی فارس گوتەنی: "ریگی بە کفش نداشت" بۆ هەر ڕۆژی ١٧ی سێپتامبر کە کچە نقوستانەکەی دەبردەوە بۆ بێرلین هەر ئەو ڕۆژە بە ماڵ و منداڵەوە نەدەگەڕانەوە، وەرگرتنی پووڵی نەقدی ئەویش بەو ڕادەیە بۆ کاری بازرگانی لە سیستمی بانکی ئورووپادا لانیکەم شتێکی باو نییە، لێرەشدا بەو ئاکامە دەگەین کە کازم دارابی هەموو ئەو کارانەی بەمەبەستی سڕینەوەی نیشانەکان کردوە. ناوبراو لە درێژەی ئەو چیرۆکە خەیاڵییەدا دەڵێ: "ڕۆژەکانی ٢٤ و ٢٣ی مانگی سێپتامبر لە گەڵ دوو کەسی دیکە بە مەبەستی وەرگرتنی چەند داواکارییەکی شیرکەت دەچمەوە هامبورگ و چەند شوێنی دیکە لە باکوور و ڕۆژئاوای ئاڵمان. بۆ کارێکی بەپەلە هەر لەو سەفەرەدا ماشێنە بارییەکەم لە هامبورگ بەجی هێشت و ماشێنێکی (BMW)م بۆ چوار-پێنچ سەعات بە کرێ گرت. ئەوەندە بەپەلە بووم کە بە خێراییەکی پتر لە ڕادەی دیاریکراو ماشێنم لێ دەخوڕی و تەنانەت چەند جار ڕێگام لێ ون بوو، بەم بۆنەیەشەوە کە گەیشتمەوە ماڵێ گەڵای جەریمەکەم بۆ هاتەوە." لێرەدا ڕوونی ناکاتەوە کە بۆچی ئەوەندە بەپەلە بووە و نیگەرانی چ شتێک بووە، هەر بۆیە ڕەنگە ئەو گومانەش دروست بکا کە بە ئەنقەست وای کردبێ و خۆی بە جەریمەبوون دابێ، بۆ ئەوەی دواتر شایەدێک بێ کە لەو کاتەدا لە فلان شوێنی ئاڵمان بووە. لە لاپەڕەی ١١٥ی کتێبی نەقاشیی قاوەخانەدا لە کۆتایی ئەو بابەتەدا دەنوسێ: " کارمان کە تەواو بوو گەڕاینەوە بۆ بێرلین، هەر ئەو کات بلیتی تەیارەم کڕی بە مەبەستی سەفەر بۆ تاران، سێ ڕۆژ دواتر واتە  ٢٧ی سێپتامبر لە ڕێگای فڕۆکەخانەی هامبورگەوە گەڕامەوە بۆ ئێران." هەر چەند دارابی بیانووی سەفەر بۆ ئێرانی بە قسەی خۆی بۆ ئەوە بوو کە بچێ لە نیزیکەوە ئەو کەلوپەلانەی کە شیرکەتی "ابریشم ساز" بۆی دابین کردوە لە بواری چەندی و چۆنییەوە هەڵسەنگێنێ، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستی، چونکە هەر بە سەرنج بەو داستانەی کە خودی دارابی لە ماوەی ڕۆژەکانی ١٧ هەتا ٢٧ی سێپتامبر دەیگێڕێتەوە، بۆمان دەردەکەوێ ئەو کابرایە چەند شێواو و نیگەرانە و بەردەوام لە حاڵی سەفەردایە و نازانێ چۆن پاساو بۆ ئەو کارانەی بێنێتەوە، بۆ ئەوە لە دواڕۆژدا بیسەلمێنێ کە ئەو ئاگای لە تێرۆری میکۆنووس نەبووە، بەڵام دەبینین لە دواییدا بەهۆی لێکۆڵێنەوەی پۆلیس دەردەکەوێ کە ناوبراو لە دوای تێرۆریش لە هەوڵی ئەوەدایە سەرەداوەکان لەسەر خۆی و کۆماری ئیسلامی بسڕێتەوە و هەر بەم هۆیەشەوە لە تەواوی ئەو کتێبەدا مەگەر لە زمانی تێرۆریستەکانی دیکە، دەنا دارابی باس لە بێتاوانیی ئەوان ناکا و هەوڵ دەدا وا نیشان بدا ئەوانی هەر نەناسیوە و یان ناسیاویی ئەوان لە چاکوچۆنییەک تێ نەپەڕیوە. دارابی باش دەزانێ کە "یۆسف ئەمین" دانی بە هەموو تاوانەکەدا ناوە و باسی هەموو وردەکارییەکانی کردوە.   دڕدۆنگیی یۆسف ئەمین ئەوەی لە نێوەرۆکی کتێبەکەدا لەمەڕ تێرۆری میکۆنووس دەردەکەوێ ئەوەیە کە دارابی و هاودەستانی هەر لە پێشدا ئاگاداری ئەو مەسەلەیە بوون کە دەوڵەت و پۆلیس و دەزگای قەزایی ئاڵمان گاڵتەی پێ ناکرێ و دەبێ وابکەن هەموو شتێک بەپێی بەرنامە بچێتە پێش، بەڵام لە یەکەم هەنگاودا یۆسف ئەمین دڕدۆنگ و دوودڵە کە کارێکی وا بکا؛ بەڵام تازە پێیان گوتوە و لە ترسی ئاشکرابوونی گەڵاڵەی تێرۆرەکە دەستی لێ هەڵناگرن و هەوڵ دەدەن بەتەواوی تێوەی گلێنن بۆ ئەوە لە ترسی خۆیشی بێ نەتوانی لە هیچ جێگایەک زار بکاتەوە. لە زمانی خودی یۆسف ئەمین کە لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا باسی ئەو مەسەلەیەی کردوە و، لە پەروەندەکەیدا سەبت بووە کە لە چەند جێگا باس لە چاودێریی قایمی ئەو گرووپە دەکا لەسەر خۆی کە نەکا ڕابکا. نووسەری کتێبی نەقاشیی قاوەخانە لە زمانی دارابییەوە لە لاپەڕەی ٢١٣دا بەم جۆرە لە زمانی یۆسف ئەمین ئەو بابەتە دەگێڕێتەوە: "من لەو ماوەیەدا بە چەندین جار بە شەریفم گوت کە دەمهەوێ بگەڕێمەوە بۆ "ڕاینە"، بەتایبەتی کە براکەم لە ڕاینە تەسادوفی کردبوو  و لە نەخۆشخانە کەوتبوو. ئەو کات بە تەلەفوون لەگەڵ براکەم قسەم کرد، لێی پرسیم ناگەڕێیەوە. پێم گوت ناهێڵن، ئەوکاتەی کە لەگەڵ شەریف خانووەکەمان بەجێ دەهێشت، بۆم ڕوون نەبوو ئەوان چ ئامانجێکیان هەیە، لەلایەن ئەوانەوە هەستم بە مەترسی دەکرد، یانی غیرەتم نەبوو ڕابکەم، دەترسام بەڵایەکەم بە سەربێنن. [...] شەریف بە منی گوت دەبێ لە پێشەوە بڕۆم، شەریف لە پشت سەرم بوو و لە دوای ئەویش عیماد. ئێمە بە ستوون دەڕۆیشتین، وام هەست دەکرد شەریف دەیهەویست پێشی هەڵاتنی من بگرێ. هەر وەک گوترا ڕازی ئەو تێرۆرە لە ڕاستیدا لە زمانی کەسێکەوە درکێندرا کە لە شارێکی دیکەوە بە نیازی کار پەیدا کردن بە دوای قسەی تێرۆریستەکان کەوتبوو و کاتێک پۆلیس دەستبەسەری دەکا هەر زوو ڕاستییەکان ئاشکرا دەکا و لە تەواوی ئەو کتێبەدا کازمی دارابی بەدەر لە ئۆپۆزیسیون لە یۆسف ئەمین دڵمەندە و ئەو بە خەتاباری سەرەکی دەزانێ. پەرویز دەستماڵچی لە کتێبی "تێرۆر بەناوی خودا"دا لەو بارەیەوە دەڵێ: "[...] تەنانەت ئەمین بە پێچەوانەی عەباس ڕایل بە هۆکاری بنەماڵەیی لە سەرەتادا نەیدەویست بەشداری لەو تێرۆرەدا بکا، بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی پاڵپشتیی سیاسی بڕیار دەدا کە هاوکاری بکا." هەر لەو کتێبەدا نووسەر لە جیگایەکی دیکەشسا باس لە ڕاڕایی ئەمین دەکا: "لە گەڵاڵەی تێرۆرەکەدا شەریف بۆ تیمی تەقەکردن دووکەسی دیاری کرد بوو. یەکێکیان دەبوایە بە چەکی ڕەگبار و ئەوی دیکەشیان بە دەمانچە تەقە لە قوربانییەکان بکەن. دەمانچە بەدەستەکە دەبوایە فیشەکی کۆتایی لە قوربانییەکان بدا و، بۆ ئەو مەبەستە شەریف کە فەرماندەی تیمی تێرۆرەکەیە، یووسف ئەمین دەستنیشان دەکا و شەریف لەگەڵ ئەمین لەو بارەوە قسە دەکا؛ بەڵام ئەمین پێشنیارەکەی شەریف ڕەد دەکاتەوە و ئامادە نابێ دەمانچەکە وەربگرێ و فیشەکی کۆتایی لێ بدا. شەریف زۆر هەوڵ دەدا کە ئەمین ڕازی بکا بەڵام ناتوانێ و ئەمین سوور دەبێ لەسەر بڕیارەکەی خۆی. هەر بەم بۆنەوە ئەمین دەکەوێتە بەر لۆمە و گازندەی ڕایڵ و پێی دەگوترێ ترسەنۆک و خوێڕی بەڵام بەو حاڵەش ئەمین لە گەڵ تیمەکەدا دەمێنێتەوە و لە کاتی بەڕێوەبردنی تێرۆرەکەدا نیگابانیی درگای دەرەوەی ڕێستوورانەکەی لە ئەستۆی. لەسەر ئەو بابەتە ڕۆئیا حەکاکیان لە کتێبی "پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە" لە لاپەڕەی ٥٨دا بەمجۆرە باس دەکا: "خۆبواردن لە پیاوکوشتن گران بۆ یۆسف تەواو بوو، تیمەکە چیدی متمانەیان بە یووسف نەبوو. ڕەفتاری بێتێبینی و سەربەخۆیانەی ناوبراو کە زیاتر ڕەفتارێکی بێزەرەر بوو، ئێستا لەلای ئەوان نیشانەی لاوازی بوو. ئەوان چاویان لە سەر هەڵنەدەگرت و لە ڕۆژەکانی پێش حەڤدەی سێپتامبردا ئیزنیان دا چەند دەقیقەیەک ئەوان بەتەنیا جێ‌بهێڵێ و تەنیا تەلەفوون بۆ ماڵێ بکا. هاوسەرەکەی داوای لێ کرد بچێتەوە ماڵێ، بەڵام ئەو گوتی: "ناتوانم ئیزنم نادەن." وەختێک بۆی دەرکەوت ئەوان بە جارێک دژی وی هەڵوێستیان گرتوە کە لە ئاخر نیوەڕۆدا، بە تاقی تەنیا لە ئاپارتمانەکەدا مابۆوە. کاتێک هەموو ئەندامانی تاقمەکە چوونە مەئمووریەت، ویستی خێرا بچێ تەلەفوون بۆ هاوسەرەکەی بکا، بەڵام دەرگا داخرابوو و، نەشیتوانی کلیلەکە بدۆزێتەوە." هەرچەند ئەمین لە پرۆسەی دادگادا قسەکانی گۆڕی و هەوڵی دا وا بە دادگا بسەلمێنێ کە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا پێی وابووە ئەگەر دان بە تاوانەکەدا بنێ و باس لە هەندێک کەس بکا هەر زوو ئازادی دەکەن؛ بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە یۆسف ئەمین لەلایەن "حیزبوڵلای لوبنان"ەوە هەڕەشەی کوشتنی بنەماڵەکەی لێ کراوە و، لەژێڕ ئەو گوشارەدا هەوڵی دەدا کە قسەکانی پێشووی خۆی وەربگرێتەوە و بە جۆرێکی دیکە باسی  تێرۆرەکەی دەکرد. بەڵام دادگا قەبووڵی نەکرد چونکە جێ پەنجەمۆری دەستی چەپی ئەمین لە سەر ئەو کیسە نایلۆنە کە لە نێو ماشێنی هەڵاتنی تێرۆریستەکان لەلایەن پۆلیسەوە، دەبیندرێتەوە بە دیار دەکەوێ. هەر ئەوە دەبێتە هۆکار بۆ دەستبەسەر کردنی لەلایەن پۆلیسەوە و ئەو بەڵگەیە شتێک نەبوو کە ئەمین بتوانێ حاشای لێ بکا و قسەکانی دوایی ئەو جیگای پەسەندی پۆلیسی لێکۆڵینەوەی جینایەت بێ. لەبارەی قسەگۆڕینی ئەمین، پەرویز دەستماڵچی لە کتێبی "تێرۆر بەناوی خودا"دا دەنووسێ: "[...] دوای دەسپێکردنی دادگا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دیکەوە دەستوەردان دەکەن. سەرەتا باسیان لەوە دەکرد کە تێرۆری میکۆنووس هیچ پێوەندییەکی بەوانەوە نییە و، پەروەندەی تێرۆرەکەیان بە پیلانی شەیتانی گەورە و بچووک دادەنا. لەگەڵ دەستپێکی دادگا، بنەماڵەی ئەمین بە بارمتە دەگیرێن، هەتا ناوبراو لە قسەکانی خۆی کە کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەو تێرۆرە نیشان دەدا پاشگەز بێتەوە. دیارە ئەو بە بارمتە گرتنە و هەڕەشە لێکردنە بوون بە هۆکارێک کە هیندێک لە شاهیدەکان قسەکانی خۆیان وەرگرنەوە.