کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسخوازیی سەرانسەریی ئێستا لە کوردستان بەرهەمی خۆراگریی کوردە لە 40 ساڵی ڕابردوودا

00:31 - 2 خەرمانان 2719

28ی گەلاوێژی ئەمساڵ 40 ساڵ تێپەڕی بەسەر ڕووداوێکی مێژوویی کە چارەنووسی سیاسیی کوردستانی ئێرانی گۆڕی. لەم ڕۆژەدا خومەینی، ڕێبەری ڕێژیم فتوای جیهاد و فەرمانی شەڕ لە دژی خەڵکی کوردستانی دا و بەوەش دەرگای هەموو هەوڵێکی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێراندا داخرا. لەو کاتەوە شەڕ لە کوردستان لە شێوەی جۆراوجۆردا بەردەوام بووە، کوردستان بە ئەمنیەتی کراوە و وەک موستەعمرەیەک سامان و سەرچاوەکانی لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بەتاڵان چووە. هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەیی دراوە و لە هەموو پێشکەوتن و پەرەسەندنێکدا بێبەش کراوە و ئەوەش سەرچاوەکەی بۆ 28ی گەلاوێژی 1358ی هەتاوی دەگەڕێتەوە. "کوردستان" لە 40 ساڵەی ئەم ڕووداوە مێژووییەدا دیمانەیەکی لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێناوە و چەند باس و تەوەرێکی پێوەندیدار بەو بابەتەی لەگەڵ بەڕێزیاندا تاوتوێ کردوە.     چی وای کرد خومەینی فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان بدا؟ کە بنەڕەت‌ڕا بەپێی تایبەتمەندی و خەسڵەت و کەسایەتیی نادێموکراتیکی ئایەتوڵڵا خومەینی و ئەو نیزامە مەزهەبییە کە ئاغای خومەینی و هاوبیرەکانی خەونی جێگیرکردنیان لە وڵاتی ئێراندا دەدی، سروشتی بوو کە حکومەتی تازەدامەزراو لە تاران زۆر زوو دەکەوێتە بیری کۆنترۆڵ کردنەوەی هەمووی وڵات و لێ ئەستاندنەوەی ئەو بڕە ئازادییەی کە خەڵكی ئێران بەگشتی و نەتەوە نا فارسەکان بە سەرکەوتنی شۆرش لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا وەدەستیان هێنابوو. ئەوە بەگشتی، بەڵام لە کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر مەسەلەکە جیاواز بوو. لە بەر ئەوەی کورد وەک نەتەوەیەک بەنیسبەت نەتەوەکانی دیکەی ئێران خاوەنی باکگراندێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشانی بوو. لە مێژووی تۆمارکراویدا حیزبی سیاسیی خۆی (حیزبی دێموکراتی کوردستان)ی هەبوو، ئەزموونی کۆماری کوردستانی وەک پاشخانی ئیرادەگەریی سیاسی تۆمار کردبوو. لە ڕێژیمی پاشایەتیی تووڕە بوو و هاوکات بە خوێندنەوە و لێکدانەوەی سیاسیی ورد و بە مەبەستی وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بەشداریی لە شۆرشی ١٣٥٧ بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی کردبوو. پاش سەرکەوتنی شۆرشیش حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەک بە دانوستان و وتووێژ لەگەڵ نیزامی تازە و لە لایەکی دیکە بە کار و تێکۆشان لە ئێران و کوردستان لە بیری جێگیر کردن و دروستکردنی نیهادی مەدەنی و خەڵک‌تەوەر دابوو. ئەوەش ناتەبا بوو لەگەڵ بنەما فیکری و بەرنامەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی و کەسانی دەورووبەری. ئەوەش بوو کە ئەوان هەر لە سەرەتاوە کوردستانیان وەک چقڵێک دەدی لە چاوی خۆیاندا. بۆیەش خومەینی فتوا و فەرمانی جیهادی لە دژی کورد دەرکرد.   کورد لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا بەرگرییەکی چەکداریی ئازایانەی کرد، ئەگەر هێزە سیاسییەکان ئەم مقاومەتەیان نەکردبا چی ڕووی دەدا؟ لە مێژوودا کورد بە نەتەوەیەکی ئازا و چاو نەترس ناسراوە. بۆیە خۆڕاگریی خەڵكی کوردستان (لە شەڕی سێ مانگەدا) نموونەی ئازایەتی و کۆڵنەدانی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوو. هێزێکی زۆری حکوومەت بە فەرمانی ئاغای خومەینی بە ئیمکاناتێکی زۆرەوە و لە زەوی و ئاسمانەوە پەلاماری کوردستانی دا، بەڵام دوای سێ مانگ شەڕی قارەمانانە و بەڕگرییەکی ڕەوا، هیزی پەلاماردەر تووشی تێکشانی گەورە بوو. خومەینی ناچار لە ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەردا پەیامی ڕاگرتنی شە بە دژی کوردستانی ڕاگەیاند و دانی بە ئەوە دانا کە ئەویان لەسەر کوردستان خراپ تێگەیاندوە. پاشان ئۆگری نیشان دا کە کێشەی کوردستان بە دیالۆگ و وتووێژ چارەسەر بکرێ. خەڵكی کوردستانیش وەڵامی ئەرێنیی دایەوە بەو پەیامە. بەڵام بەداخەوە دەرکەوت ئەوەش هەر پیلان و کەلکوەرگرتن لە کات بوو بۆ ئەوەی هێزە پەلاماردەرەکان خۆیان ڕێک بخەنەوە و تەیار و پۆشتە بکرێنەوە بۆ پەلاماری دووبارە بۆ سەر خەڵكی کوردستان. ڕوونە ئەگەر خەڵكی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات مقاومەتی نەکردبا، بزووتنەوەی کوردستان تووشی شکانێکی قەرەبوونەکراو دەبوو،و بۆ ماوەیەکی نادیار جووڵانەوەکە تووشی کپ و بێدەنگی دەبوو. هەروەها خەڵكی کوردستان زووتر دەکەوتنە ژێر دەستەڵاتی شوومی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هاوکات سەرکوتی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان شوێنەواری خەراپی لەسەر بزوتنەوەی سیاسی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانیش دادەنا.   کۆمەڵێک دەنگ هەیە کە دەڵێن کورد نەدەبوا لەبەرامبەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا کە بە شۆڕش هاتووەتە سەرکار ڕاوەستابا و دەستی بۆ چەک بردبا. چونکی ئەمە بیانووی دا بە شەڕخوازەکانی نێو دەسەڵات کە بۆ هەمیشەی هەیمەنەی خۆیان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن. ئێوە وەڵامتان بۆ ئەو بانگەشەیە چییە؟ لەگەڵ ڕێزم بۆ بووچە جیاوازەکان بەڵام ئەوە لەجێی خۆیدا نییە. خەڵكی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات بە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی دروست لە بەرانبەر پەلاماری هێزەکانی حکومەت، چ هیزی میلیشا وەک بەسیج و چەکدار لە ناوچەکە و هەروەها هێرشی هیزە چەکدارەکانی حکومەت بە ئەرتەش و سوپای پاسدارانەوە ڕاوەستان و مقاومەتیان کرد و ئەوە کارێکی بەجێ و جێی شانازییە. چونکی دەستی لەسەر دەست دانەنا و ئیزنی نەدا بزووتنەوەیەک سەرکوت و نەتەوەیەک قەڵاچۆ بکرێ. بەڵام لەبەر چی گوتم کە ئەو بۆچوونە لەجێی خۆیدا نییە: یەکەم؛ هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکوومەتی تازە لە ئێران، خەڵكی کوردستان و حیزبی دێموکرات هەوڵیان دا بە ڕێگای وتووێژ و دیالۆگ مەسەلەی کوردستان لەگەڵ حکومەت چارەسەر بکەن؛ کەواتە ئەوان بە بەرپرسیارەتییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردوە. بەڵام ئەوە حکومەتی تاران بوو بە پەلامار بۆ سەر کوردستان ڕێگای وتووێژی داخست و بەربەستی لەبەردەم چارەسەرە دێموکراتیکەکان دانا وم لە ڕاستیدا هیچ رێگایەکی بۆ خەڵكی کوردستان نەهێشتەوە جیا لە مقاومەت و بەربەرەکانییەکی ڕەوا. دووهەم؛ بەڵام باشە خۆ لە بەشەکانی دیکەی ئێران کە بەو شێوەیە مقاومەت و خۆڕاگری نەبوو، ئەدی چارەنووسی ئەوان بوو بە چی؟ سێهەم؛ هەر لە کوردستان هێز و لایەن هەبوون بە شێوەیەک ڕەفتار و سیاسەتیان دەکرد کە بەهیچ شێوەیەک هانی حکومەت نەدەن و لە بەرامبەر ڕێژیمدا ڕانەوەستن. باشە چارەنووسی ئەوان چیی لێهات؟ چوارەم؛ دوایی ٤٠ ساڵ ئەگەر سەیری ئەو مێژوویە بکەین، بەکردەوە بۆمان دەردەکەوێ کە خەڵكی کوردستان کاری دروستی کردوە کە مقاومەتی کردوە. هێزە کوردییەکان کە بەرگریی چەکدارییان لە هەمبەر رێژیمدا بووە و مانەوەی خۆیان کردۆتە ئەمری واقع، ئێستاش دەبینین کە لە مەیداندا ماونەوە، بەڵام ئەو نەتەوانەی مقاومەتیان نەکرد و بێدەنگی و چاوەڕوانی و تەنانەت تەسلیم بوونیان هەڵبژارد، هەموو شتێکیان لەدەست چوو. بۆیە ڕەمزی سەرکەوتن و مانەوەی کورد لەو مەیدانەدا بۆ ئەوە مقاومەتە دەگەڕێتەوە. ڕاستە کورد و حیزبی دێموکرات ڕێگایەکی هەڵبژارد کە تێچوویەکی زۆر و قورسی هەبوو، بەڵام سەربڵیند و تێکۆشەڕ لە مەیدانەکەدا ماوەنەوە و ئێستاش خەڵكی کوردستان چاوی هیوایان هەر لە هێزە خەباتکارەکانیەتی.   دوای هێرشی تاران بۆ سەر کوردستان و بەرگریی کورد و شەڕی سێ مانگە بۆ ماوەیەک شەڕ ڕاوەستا و پرسی وتووێژ لە نێوان ڕێژیم و کورددا هاتەگۆڕێ، بەڵام بێ ئەنجام بوون. تاوانی ئەمە لە ئەستۆی کێ بوو؟ بۆ وتووێژەکان بێ ئامام مانەوە؟ ڕاستە دوای هێرشی تاران بۆ کوردستان بەو جۆرەی ئێوە دەفەرموون ماوەیەک شەڕ ڕاوەستا و پرسی وتووێژ هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشتردا گوتم کە ئەمە تاکتیکی ڕێژیم بۆ کات کوشتن بوو. لە ڕاونگەی منەوە پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەر ئاغای خومەینی بۆ دیالۆگ و وتووێژ بە مەبەستی چارەسەری پڕسی کوردستان نەبوو، بەڵکوو بۆ حەسانەوە و سازماندان و خۆ ئامادەکردنی هێزەکانی رێژیم بووە بۆ پەلاماری دووبارەیان بۆ سەر کوردستان. لە بەر ئەوە هەر چەند بەڕواڵەت هەیئەت لە تارانەوە هاتن بۆ کوردستان و لەگەڵ هەیئەتی نوێنەڕایەتیی خەڵكی کوردستان چەند جارێک دیداریان هەبوو، بەڵام ئەوان نیازپاک نەبوون. هەیئەتی نوێنەڕایەتیی خەڵكی کوردستان داخوازیی خەڵكی کوردستانیان لە چەند خاڵدا فۆرموڵە کردبوو و خەڵكی کوردستان زۆریشی ئامادەگی نیشان دا؛ تەنانەت کە باس لە خودموختاریی ئیسلامی لە کوردستان دەکرێ، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەش ئامادەیی دەردەبڕێ. بەڵام چوونکە لە ڕاستیدا ڕێژیم خەیاڵی وەخت کڕینی هەبوو بۆ پەلاماری دووبارەی کوردستان نەک چارەسەرکردنی پرسە، بۆیە هەر کە رێژیم خۆی لەو ئاستەدا دیتەوە کە دەتوانێ پەلاماری شار و ناوچە و گوندەکانی کوردستان بدا؛ بێ گوێدان بە کاری هەیئەتی دەوڵەت و خەڵكی کوردستان پەلامارەکەی دەست پێکردەوە و شەڕێکی بەسەر کوردستاندا سەپاند کە لە فۆڕمی جۆراوجۆردا تا ئێستاش درێژەی هەیە. بۆیە زۆر ڕوونە کە تاوانی بە ئاکام نەگەیشتنی هەوڵە ئاشتیخوازانەکان لە ئەستۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.   ئەگەر کەمێک وردتر باس لە کاریگەرییەکانی شکستی وتووێژەکان بکەین. دوایە لە کوردستان چ ڕووی دا؟ ڕاستی وتووێژێک بەم جۆرەی بڵێی وتووێژ بە شێوەیەکی جیددی و کاریگەر لە ئاڕادا بووبێ بە باوەری من هەر نەبوو، چوونکە من لە یەکێک لە هاوڕێیان کە ئەندامی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد بووە و لە وتووێژەکاندا بووە؛ لێم بیستووە کە لەو چەند جار دانیشتنەدا تەنیا یەک جار و ئەویش بۆ ماوەی نیو سەعات وتووێژی فەرمی لە نێوان هەیئەتی نوێنەڕایەتیی خەڵكی کوردستان و نوێنەرانی حکومەتدا هەبوو. کە ئەویش هیچی وای تێیدا باس نەکراوە. بۆیە دەکرێ بڵێین وتووێژێک نەبووە تا بە ئاکام نەگەیشتنەکەی کاریگەریی بووبێ بە سەر خەڵک و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان. تەنیا ئەوە نەبێ کە ئاگڕبەست هەبوو لە نێوان کورد و هێزەکانی رێژیم لە کوردستان، کە هیزەکانی ڕێژیم بۆ جاری دووهەم خۆیان ڕێک خستەوە و تەیارتر و پۆشتەتر و ئەمجارەیان بە پیلان و بەرنامەی درێژخایەنترەوە پەلاماری کوردستانیان دایەوە. دەرەنجامەکەشی شەڕێکی نابەرامبەری خوێناویی لێ کەوتەوە و بووە هۆی وێرانی و کوشت و کوشتارێکی زۆر لە خەڵكی کوردستان و بەرپرسایەتیی هەموو ئەوانەش لە ئەستۆی ڕێژیمە کە کوردستانی میلیتاریزە کردبوو. لە هەر شوێنێک هیزەکانی ڕێژیم هەبوون ژیانی خەڵك بەتەواوی لە مەترسیدا بوو. گرتن و کوشتن و رەوانەکردنی خەڵك بۆ زیندان و ئیعدامی خەڵكی کوردستان ببوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی کوردستان. سروشتیش بوو لە بەرامبەر ئەم پەلامارەدا هیزە سیاسییەکان بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان بە یارمەتی و هەزینەکردنی خەڵكی کوردستان لە گیان و ماڵ، شەڕ و مقاومەت و خۆڕاگرییەکی بێوێنەیان تۆمار کرد کە لە مێژوودا بە درەوشاوەیی ماوەتەوە و دەمێنێ. ڕاستە بۆ خەڵكی کوردستان و حیزبی دێموکرات تێچووی ئەو بەربەرەکانی و مقاومەتە زۆر بووە، بەڵام ئەمە پەرەی بە بزووتنەوەیەکی سیاسیی شۆرشگێرانە داوە و ئێستاش خۆڕاگریی خەڵكی کوردستان لە بەرامبەر فشاری ڕێژیمدا و سیاسی بوونی خەڵكی کوردستان و سوور بوونیان لەسەر مافە ڕەواکانیان ئەمری واقعە و فەزایەکی تەواو ماف ویستانە و سیاسیی لە کوردستاندا خوڵقاندوە.   کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی دەسەڵاتیدا هەمیشە وەک موستەعمیرەیەک لە کوردستانی ڕوانیوە، سامان و سەرچاوەکانی بەتاڵان بردوە، شەڕی نەرمی لەگەڵ کورد بردۆتە پێشێ و بە قورسترین چەک کە ڕەنگبێ ئێستاش زۆر لە دەوڵەتان نەیانبێ لە بزووتنەوەی کوردی داوە. کورد و کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا لە کوێ پێک دەگەن؟ یان ئەسڵەن دەکرێ لە جێیەک پێک بگەن؟ ئەزموونی مێژووی چل ساڵ دەستەڵاتداری کۆماری ئیسلامی لە ئێران و کوردستان، ڕەفتار و کردەوەی کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە، خوێندنەوە و جۆری ڕوانینی ڕێژیم بۆ چارەسەری پرسەکان بە ڕێگای زەبروزەنگ و ئەمنیەتی ئەوەمان پێ دەڵێین کە لە چوارچیوەی حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا دێموکراسی لەم وڵاتە جێگیر نابێ و؛ خەڵكی و نەتەوەکانی ئێرانیش بە ماف و داوای ڕەوای سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان ناگەن. بۆیە ڕێگای ڕزگاریی خەڵكی ئێران لە دەست ئەو ڕێژیمە، ڕەدکردنەوەی ئەو نیزامەیە لە تەواوتیی خۆیدا و جێگیرکردنی نیزامی سیاسیی دێموکرات و بەرپرسیارە. بەڵام بزوتنەوەی سیاسی خەڵكی کوردستان کە خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی، هەموو کاتێک دیالۆگ و گفتوگۆی بە یەکێک لە ڕێگاکانی تێکۆشان بۆ دەستەبەری مافەکانی خەلکی کوردستان دەزانێ. ئەگەر بە هەر هۆیەک لە هەڵومەرجی زاڵ بەسەر ئێراندا حکوومەت ناچار بە پاشەکشە بێ و، ئیستعدادی ئەوەی تێدا دروست ببێ کە بە داننان بە مافەکانی خەڵكی کوردستان ڕێگا بۆ چارەسەری ئەم پرسە خۆش ببێ؛ کورد دەبێ ئەوە بە هەند وەربگرێ. بۆیە خەڵكی کوردستان و هیزە سیاسییەکانی کوردستان دەبێ ئامادەیی ئەوەیان هەبێ لە ئەگەری وەها دۆخێکدا، ئەم دەرفەتە بە قازانجی بردنەپێشی بزووتنەوەی سیاسی خەڵكی کوردستان بقۆزنەوە و لەو بەستێنەشدا لەسەر هەست و بەبەرنامە بن.   حیزبی دێموکرات 40 ساڵە لەبەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا خەبات و مقاومەت دەکا، ئێوە چۆن باس لە دەسکەوتەکانی ئەم تێکۆشان و مقاومەتە لەو چوار دەیەیەدا دەکەن؟ لە بنەڕەت‌ڕا پێتان وایە دەسکەوتەکان چین؟ وەک باسمان کرد حیزبی دێموکرات لە چل ساڵ خەبات لە بەرامبەر رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا تێچووی زۆری بووە، خەساری زۆر بەرکەوتوە و ڕەنگە دەرفەتی باشیشی لە دەست دابێ یان باش لە دەرفەتەکان و هێزی خەڵکی کوردستان و توانای هەموو تێکۆشەران کەلکی وەرنەگرتبێ. بەڵام دەستکەوتی زۆریشی بۆ بزووتنەوەی سیاسی خەڵكی کوردستان دەستەبەر کردوە. یەکەم لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا بە ئیمکاناتی زۆر سنووردار و لە بەرامبەر ڕێژیمێکی دڕندە و دژی گەلیدا توانیویەتی بزوتنەوەی سیاسی لە کوردستانی ئێراندا لەسەر پێ ڕابگرێ. دەبینین کە تا ئێستاش فەزایەکی تەواو سیاسی بەسەر کوردستاندا زاڵە و خەڵکی کوردستان چەند شەقاوێک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران لەپێشترن. حیزبی دێموکرات بە تێکۆشان و لە مەیداندا بوونی هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێرانەی لە کوردستاندا زۆر بەهێزتر کردوە و ئەگەر سەردەمانێک هەست و باوەڕی نەتەوایەتی زۆرتر ڕەنگدانەوەی ناوچەیەکی پێوە دیار بوو، ئێستا لە باکووریترین ناوچەی کوردستان هەتا باشووریترینی، ئەوەی تۆخ و دیارە پرسی شوناسخوازییە. بزووتنەوەی کوردستان هەر لە سنووری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکەدا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکوو سنووری وڵاتانی بڕیوە و زۆر لە وڵاتان و خەڵكی سیاسی ئاگادارن کە چل ساڵە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێیە بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی و سیاسی و مەدەنییەکانی. چەند ڕۆژ پێش ئێستا نوێترین ڕاپۆرتی جاوید ڕەحمان، نوێنەری شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران بڵاو بۆوە کە تێیدا هاتبوو نیوەی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کوردن. ئەوە تەعبیر لەوە دەکا کە لە کوردستان بزووتنەوەیەکی سیاسیی وشیار و لەسەر هەستمان هەیە. لە یەک کەلامدا خەڵكی کوردستان بە مقاومەت و خۆڕاگریان لە بەرامبەر پیلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و لە ڕێگای هیزە سیاسییەکانیان بەرچاوڕوونیی ورد و تەواویان لەسەر ماف و ویستەکانیان بەو کەس و لایەنانە داوە کە بیر لە داهاتووی ئێران و نیزامی سیاسی لە ئێراندا دەکەنەوە.   حیزبی دێموکرات لەم چەند ڕۆژەدا هەم یادی 74 ساڵەی دامەزرانی کردەوە، هەم 40 ساڵەی 28ی گەلاوێژی 85 و جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستانی بیر هێنایەوە. حیزبی ئێوە بەو پاشخانە لە مێژووی خەبات چۆن بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران دەڕوانێ و بەرنامەی چییە؟ حیزبی ئێمە ئەزموونێکی زۆری خەبات و تێکۆشانی هەیە، زۆر ڕووداو و کارەساتیشی ئەزموون کردوون و قاڵبووی مەیدانی خەبات و تێکۆشانە. بەپێی ئەو ئەزموون و تێگەیشتنەی کە حیزبی دێموکرات هەیەتی، حکوومەتی ئێران لە خراپترین حاڵەتی خۆیدایە، ناتەبایی بەرچاو لەنێو دەزگاکانی ڕێژیمدا دەبیندرێ، خەڵكی ئێران بەگشتی لە چەنگ ئەو ڕێژیمە وەزاڵە هاتوون و ڕۆژانە بەشێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی دەردەبڕن. هەژاری، نەداری و بیکاری و کێشەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی تەنگیان بە خەڵکی ئێران هەڵچنیوە، فشاری سیاسی و ئابووریی دەرەوە لەسەر حکومەتی ئێران نیشانەکانی بەسەر ژیانی خەڵكی ئێران بەتەواوی وەدەر کەوتوە و، بە ئاشکرا بە حکوومەت و نیزامەوە دیارە کە لەگەڵ چ فشارێک بەرەوڕوویە. ئەوانە هەموویان چالشی جیددیان بۆ حکومەت دروست کردوە و خەڵک بە تەوژم و جیدییەتی زیاترەوە بەرەوڕووی ڕێژیم بوونەتەوە. ئەم بارودۆخە دەرفەتێکی باشە بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک. حیزبی دێموکرات لەو پیوەندیەدا لە سازماندان و بەخۆداچوونەوەدا و لە شێوەی هاوکاری لەگەڵ هیزە سیاسییەکان لە کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە خوێندنەوەی تازەوە سەیری داهاتوو دەکا. هەروەها حیزبی ئێمە خۆی بۆ هەر ئەگەرێک و هەلومەرجێکی پێشبینی کراو و نەکراو ئامادە دەکا.