کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەوەی خامنەیی لێی دەترسێ لە یەمەنەوە دەست پێدەکا

23:58 - 15 خەرمانان 2719

لە ساڵی ٢٠١١ـوە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوتووەتە ئاگری شەڕێکەوە کە وادیارە دانامرکێتەوە تاکو گۆڕانکاریی زۆر بنەڕەتی لە ناوچەکەدا بەدی نەهێنێت. ئەو ناوچەیەی کە سەد ساڵ لەمەوبەر لەسەر نەخشەیەکی داسەپاوی داگیرکەرانی بریتانیایی و فەرەنسایی و بەپێی بەرژەوەندیی ئەو دوو دەوڵەتە لەسەر خەریتەی وزەی ناوچەکەدا پێناسە کرا، کە ئەو پێناسەیە مافی گەلانی پێشێل دەکرد، بەتایبەتی گەلی کورد، کە خاوەنی وڵاتێکی گەورەیە، کەچی پارچە پارچە کراوە و کراوەتە کۆڵۆنیای چوار وڵاتی هەڵبەستراو. وڵاتانی هەڵبەستراوی ناوچەکە، لە نێویاندا و لە هەموویان پەرۆشتر، وڵاتی هەڵبەستراوی ئێران، لە ٨ ساڵی ڕابردوودا هەموو هەوڵ و خەمیان ئەوە بوو کە بە درێژەدانی جەنگ و هێشتنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و پێکهێنانی گرووپی میلیشیایی مەسەبی پێش بە گۆڕانکاریی جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە بگرن، کە گرینگترین جووڵەیان دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان بوو. بەڵام سەرباری ئەوەی هەستیان بە سەرکەوتن دەکرد و پێیان وابوو ئەگەر نەیەڵن ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی باشووری کوردستان جێبەجێ بکرێت، ئەوە نەخشە هەڵبەستراوەکەیان پارێزراو دەبێت، کەچی وا دەرنەچوو، چونکە گەلی کورد شەڕی بەوەکالەت بۆ هیچ وڵاتێکی زلهێز ناکات و لەسەر خاکی خۆی دەیەوێت وڵاتە بەکۆڵۆنیاکراوەکەی خۆی ڕزگار بکات، بەڵام ئەو وڵاتە هەڵبەستراوانەی وەکو ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ناچارن شەڕی بەوەکالەت بۆ ئەمریکا و ڕووسیا و بریتانیا و ئەوروپا بکەن لەپێناو ئەوەدا کە ئەو زلهێزانە پشتگیری لە یەکپارچەییی خاکی وڵاتە هەڵبەستراوەکانیان بکەن، کەچی درێژەکێشانی ئەو جەنگی بەوەکالەتە گۆڕانکاریی ناچارەکیی بەسەر ناوچەکەدا فەرز کردووە و بەبێ ئەو گۆڕانکارییانە دامرکانەوەی ئەو جەنگە محاڵە. نیشانەکانی گۆڕانکارییەکەش لە یەمەنەوە وەدیار کەوتووە. ئێستا یەمەن لەبەردەم دابەشبوونی جوگرافیاییدایە و نیشانەی ئەو گۆڕانکارییە لە سووریەش زۆر بەڕوونی دیارە و لە عێراقیشدا ئەو گۆڕانکارییە لەبەر شۆقی ڕیفراندۆمە مەزنەکەی گەلی کورددا خۆی دەنوێنێ. بۆیە عەلی خامنەیی ئارام و قەراری لێ هەڵگیراوە و ڕۆژی سێشەممە (٢٢ی گەلاوێژ) بەئاشکرا پێشوازیی لە نوێنەرانی گرووپی میلیشیایی حوسییەکانی یەمەن کرد و داوای لێ کردن دانوستانی ''یەمەنی _ یەمەنی'' وەڕێ بخەن و پێش بە پڕۆژەی دابەشبوونی خاکی یەمەن بگرن. ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی میلیشیا حوسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی تاران توانیان سەنعا، پایتەختی وڵاتی یەمەن داگیر بکەن و پاش ئەوە عەرەبستانی سعوودیەش بۆ پشتیوانیی دەوڵەتی فەرمیی یەمەن هاوپەیمانەتییەکی سەربازیی لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا پێک هێنا و لەنێو خاکی یەمەندا بە هێزی سەربازی ڕووبەڕووی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی تاران بووە، کە بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی ڕۆیتەرز لەو شەڕەدا تاکو ئێستا زیاتر لە ١٠هەزار کەسی یەمەنی کوژراون و ئابووریی وڵاتەکەش تا ئاستی قاتیوقڕی داڕووخاوە. عەلی خامنەیی لە دیداری وتەبێژی میلیشیا حوسییەکاندا وێڕای پاتکردنەوەی پشتیوانیی ڕێژیمی تاران بۆ ئەو میلیشیایانە پێی گوتووە، پێنج ساڵە زۆر چاکیان بەرگە گرتووە و ئایندەیەکی باشیان لەبەردەمە و دەوڵەتێکی بەهێز پێک دەهێنن. هەر لەو دیدارەدا خامنەیی گوتوویەتی، عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەیانەوێ خاکی یەمەن دابەش بکەن و داوای کردوە کە میلیشیا حوسییەکان بەتوندی لەدژی ئەو پیلانە بوەستنەوە و یەکپارچەییی خاکی یەمەن بپارێزن و، بۆ ئەوەش پێویستە گەل و تایفە جیاوازەکانی یەمەن پێکەوە دانوستانی ''یەمەنی _ یەمەنی'' بکەن. هاواری خامنەیی لەبەر ئەوەیە کە هێزە جوداییخوازەکانی باشووری یەمەن دەستیان بەسەر شاری عەدەن، پایتەختی دەوڵەتی قانوونیی یەمەندا گرتوە. هەروەها ترسی گەورەی خامنەیی لەو گۆڕانکارییە جوگرافیاییەی ناوچەکەیە کە لە یەمەنەوە خەریکە دەست پێ دەکا و لە سووریە و عێراقەوە بەرەو ئێران و تورکیە بەڕێوەیە.