کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیرانی کازمی دارابی

00:31 - 16 خەرمانان 2719

"نقاشی قهوەخانە" گیرانی کازمی دارابی کازم دارابی لە لاپەڕەی ١٢٠ و ١٢١ و ١٢٢ی کتێبی نەقاشیی قاوەخانە ئاوا باس لە بەسەرهاتی گیرانی خۆی دەکا: "٨ ی ئۆکتۆبر لەگەڵ ماڵ و منداڵ لە جێگایەک دەگەڕاینەوە، لەسەر ڕێگا لەبەر دەرگای یەکێک لە دۆستان ماشێنەکەم ڕاگرت، دابەزیم، دیتم ماشێنێک بە مەودایەکی دوور لە ئێمە ڕایگرت، هەستم کرد کە بەدوامەوەیە [...] کاتێک وەڕێ کەوتم لە ئاوێنەی ماشێنەکەوە چاوم لێکرد لەگەڵ ڕۆیشتنی ئێمە ئەویش وەڕێ کەوت، وام لێک داوە کە ئەو بەدواکەوتنە پێوەندی بەو ڕووداوەوە هەیە کە لە بێرلین پێش هاتووە، بە هاوسەرەکەم گوت چاو لێ بکا بزانێ بەدوامانەوەن، بە ترسەوە پرسی بۆ؟ گوتم: پێموابێ بەدوای منەوە بن [...] چاوەڕوان بووم بێن، پێشتریش بەهۆی کارەکانم لەسەرم هەستیار ببوون [...] بەکورتی بە هاوسەرەکەم گوت: ڕەنگە بێن ماڵەکەمان بپشکنن، هەرچەند ئێمە کارێکمان نەکردوە، بەڵام مرۆڤ دەبێ وریا بێ. [...] چەند مەئموور لە دەوری ماڵەوە بوون، گوتیان ماڵەکە دەپشکنین، پرسیارم کرد لەبەرچی؟ گوتیان لەبەر ڕووداوی میکۆنووس، خۆم سەرسووڕماو نیشان دا [...]" ئەو کاتەی پۆلیس دەستبەندی لە دەست دەکەن و لە ماڵێ دەیبەنە دەرێ، ڕوو لە هاوسەرەکەی دەکا و دەڵێ: "حاجی خانم؛ گیانی تۆ و منداڵەکان، گیانی تۆ، گیانی زێنەب، گەردنم ئازاد کە." لێرەدا بە تەواوی دیارە کە کازمی دارابی لە دوای ڕووداوەکە چاوەڕوانی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ پۆلیس بووە، لە دەقەکەی سەرێ دیارە هەستی دڵەڕاوکێی دوای تێرۆر باڵی بەسەر دارابیدا کێشاوە و، زۆر وریای دەوروبەری خۆیەتی و لە وەدواکەوتنەکەشدا بە هاوسەرەکەی دەڵێ دەبێ ئەوە پێوەندی بەو تێرۆرەوە هەبێ، لە کۆتاییدا دەڵێ ڕەنگە ماڵەکەمان بپشکنن. ئەگەر چاو لە مێژووی تاوان و تاوانکاری بکەین، دەبینین مرۆڤی بێتاوان ترسی نییە لە لێکۆڵینەوەی دەزگای قەزایی. دارابی ئەگەر بێتاوان بوایە نەدەبوو ئاوا بشڵەژێ و دەیتوانی بزانێ بۆ بەدوایەوەن. بەڵام مرۆڤی تاوانبار ئەو ئازایەتییەی نییە و لە هەوڵی دەربازبووندایە هەتا بەرەوڕوو بوونەوە. لەو کاتەشدا کە مەئموورەکان دەڵێن ماڵەکە لەبەر ڕووداوی میکۆنووس دەپشکنین ناڵێ پێم سەیر بوو بەڵکوو دەڵێ وا خۆم نیشان دا کە پێم سەیرە. یا لەو کاتەدا کە پۆلیس قۆڵبەستی دەکا لە ماڵاوایی یەکجاریی کەسێک دەچێ کە خۆی دەزانی چی کردوە و حوکم و سزای چەندە دەبێ هەر بۆیە، هاوسەرەکەی بە گیانی خۆی و منداڵەکان سوێند دەدا کە گەردنی ئازاد بکا. لەسەر حوکمی گرتنی دارابی لەلایەن پۆلیسی ئاڵمانەوە لە پەروەندەی حوکمی دادگای میکۆنووسدا ئاوا هاتووە: "[...] عەباس ڕاحیل لوبنانی یەکێک لەو دوو کەسەیە کە تەقەیان کردوە و لە ٤ی ئۆکتۆبری ١٩٩٢دا شناسایی و دەسبەسەر کراوە. پەنجەمۆری دەستی ڕاستی لەسەر دەمانچەی لامە بەتەواوی دەرکەوتوە. لەگەڵ ناوبراودا یووسف ئەمین، دەسبەسەر کراوێکی دیکەی لوبنانییە کە لە لێکۆڵینەوەدا، لەلای دادوەر دانی بەوەدا ناوە کە لە کاتی بەڕێوەبردنی عەمەلیاتەکەدا کێشک بووە لەبەر درگای ڕێستوورانەکە. بە دوای دانپێدانانی ئەمین و ناساندنی کازم دارابی بە سەرۆکی تاقمی تێرۆر کە تێچووی چالاکییەکەی لەئەستۆ بووە، ڕۆژی ٨ی ئۆکتۆبری١٩٩٢ دەسبەسەر دەکرێ." حوکمی دەسبەسەر کردنی دارابی بەم شێوەیە: "ناوبراو بە ئاگاداربوونی لە گەڵاڵەی تاوان، خانووی خۆی هەڵکەوتوو لە شەقامی دتمولدراشتراشە B64ی بێرلین لە ڕۆژی سێزدە و چواردەی سێپتامبری ١٩٩٢ بەمەبەستی خۆ ئامادەکردن و پشوودان لە ئیختیاری کەسانێک داناوە کە لە بەڕێوەبردنی تاوانەکەدا ڕاستەوخۆ بەشدار بوون کە هێندێکیان لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتبوون. تاوانبار ڕاحیل کە دارابی کلیلی ماڵەکەی بەو دابوو، تاوانبار ئەمین و تاوانبار فەرەج حەیدەر لەو کەسانە بوون. لەو ڕوانگەوە تاوانبار دارابی بەشێکی بەرچاو لە گەڵاڵەی گشتی بەڕێوەچوونی تاوانەکەی لە ئەستۆ بووە." لە تەواوی ماوەی دادڕەسیدا دارابی ڕەدی ناکاتەوە کە ئەو ماڵە هیی ئەو نەبووە، بەڵام هەوڵی نیشاندانی بێتاوانی خۆی بەم شێوە دەدا کە لە لاپەڕەی ١٢٤ی کتێبەکەدا هاتووە: "[...] ماڵ و ژیانی من لە جێگایەکی دیکەیە، لەگەڵ دایکی منداڵەکانم دەژیم، ئەو ماڵە هیی من نییە و هەرکەس وای گوتوە ڕاست ناکا، ئیجارەنامەکەی بەناوی منەوەیە، بەڵام براکەم و چەند هاوڕێیەکی لەوێ ژیاون. [...] میکۆنووس هیچ پێوەندی بە منەوە نییە. من ئەو کات هەر لێرە نەبووم ١٨ی سێپتامبر ئەو هەواڵەم لە ویدیۆ تێکست بینی، چ پێوەندییەکی بە منەوە هەیە چ کەسانێک لەو خانووە کەلکیان وەرگرتوە و لە ڕووداوی میکۆنووسدا بەشدار بوون، براکەم سێ مانگ لەمە پێش چۆتەوە بۆ ئێران، دوای ئەو دۆستەکانی لەو ماڵە کەلکیان وەرگرتوە. من تەنیا کرێکەیم وەرگرتوە [ ...]". ئەگەر سەرنج بدەینە بەرگرییەکەی دارابی لەمەڕ ئەو ماڵەوە، زۆر بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ڕاست ناکا، یەکەم بۆخۆی دەڵێ ئیجارەنامەکەی بە ناوی منە و دووهەم دەڵێ من تەنیا کرێکەیم وەرگرتوە، هەموو کەسێک دەزانێ بەکرێگرتن و بەکرێدانی خانوو لە هەموو دنیا یاسای تایبەت بەخۆی هەیە، خانوو بە هەموو کەسێک بە کرێ نادرێ و ئەو کەسەی بە کرێی دەگرێ، کۆمەڵێک ئەرکی یاسایی دەکەوێتە سەر شانی؛ لە پاراستنی خانووەکەوە هەتا ئەو کەلکەی لەو خانووە وەردەگیرێ نابێ بەپێچەوانەی قانوون و لە هێندێک وڵات پێچەوانەی عورف و ئایین بێ. ئەگەر بە قسەی خۆی لە جێگایەکی دیکە دەژیا و ماوەی سێ مانگ بووە کە براکەی چۆتەوە ئێران، بۆ هەوڵی نەداوە ئەو خانووە بداتەوە بە شیرکەتەکە و لە کۆڵ خۆی بکاتەوە؟! لەلای ئێمە دەکرێ وڵامەکەی تەنیا ئەوە بێ کە ئەو خانوووە بەمەبەستی ڕاپەڕاندنی کاروباری پێوەندیدار بە تێرۆرەوە ڕاگیراوە. دارابی دەڵێ بەمن چی چ کەسانێک کەلکیان لەو خانووە وەرگرتوە. لە کاتێکدا نابێ وا بێ و ئەمە ئاسایی نییە و خاوەن‌ماڵ دەبێ بزانێ خانوو بە کێ بە کرێ دەدا و ئەو کەس یا کەسانە بۆ چ مەبەستێک خانووەکە بەکار دێنن. دارابی زۆر هەوڵ دەدا کە خۆی لەو کەسانە کە لە تێرۆرەکەدا دەستیان هەبووە نەناس بکا و بەردەوام دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە لە نیزیکەوە دۆستایەتیی لەگەڵ هیچ کامیان نەبووە و تەنانەت نایانناسێ. بەڵام هەر گێڕانەوەکانی خۆی لە کتێبی نەقاشیی قاوەخانەدا هەتا ڕادەیەکی بەرچاو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە نەک ناسیونی بەڵکوو هاوکاریشی لەگەڵ کردوون. لە لاپەڕەی ١٣٤ی کتێبی نەقاشیی قاوەخانەدا دەڵێ: "من بۆخۆم تاوانبار ڕاحیل لە نیزیکەوە ناناسم. بەڵام دەزانم لەگەڵ برایەکم بەناوی قاسم هەتا نیزیک بەهاری ساڵی ١٩٩٢ پێکەوە دەژیان و دوایی براکەم هاتەوە بۆ ئێران و ئەوەش هیچ پێوەندییەکی بە منەوە نییە. من تاوانبار ڕاحیل تەنیا لە ڕێگای هاتوچووی مزگەوتەوە دەناسم، بەڵام ئەو دۆستی من نەبووە و نییە." ئەگەر هەر تەنیا سەرنج بدەینە ئەوەندە قسەی دارابی کە لەسەر ڕاحیل دەڵێ دەزانین کە ڕاست ناکا، هەر بەقسەی دارابی ئەو کەسە ماوەیەک لەگەڵ براکەی ژیاوە، ئەم جۆرە پێکەوەژیانە ئەویش لەلایەن دوو کەسەوە کە هاوزمان و هاوکولتوور نین؛ دژوار دەنوێنێ. ئەم هاوپێوەندییە ناتوانێ تەنیا پێوەندییەکی کاری بێ و زیاتر نیشان دەدا کە بیروبۆچوون و شێوە ڕوانینی ئایینیی هاوشێوەیان پردی نیزیکبوونەوەیان بووە. سەرەڕای ئەوەش چۆن دەکرێ کەسێک کە لەگەڵ براکەی ژیابێ و تەنانەت ماڵەکەش بەناوی دارابییەوە بێ و نەشزانێ کێیە لەگەڵ براکەی و لە خانووەکەی ئەودا دەژی!!! بێجگە لەوانە لە وڵاتێکی ڕۆژاواییدا برایەکی موسوڵمان کە هاتوچۆی مزگەوت دەکا ناتوانێ پاش ماوەیەک نەناسیاو بمێنێتەوە. بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە کە دارابی لە چوارچێوەی ئەو ئیدۆلۆژییەدا کاری بۆ کۆماری ئیسلامی کردوە خۆی لە لاپەڕەی ١٣٧ی کتێبەکەیدا دەڵێ: "هەر وەکی پێشتر باسم کردوە ئەندامی چالاکیی یەکیەتیی ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکاران بووم و ئەوە شتێکی شاراوە نەبووە، یەکیەتییەکە تەشکیلاتێک بوو کە پۆلیس چاودێری کار و کردەوەکانی دەکرد. لەو بەڵگەیەدا یەکەم دەڵێن من ئەندامی ئەو یەکیەتییەم و لە دواییدا دەنووسن کە ئەو یەکیەتییە شوێنی کۆبوونەوەی ئێرانییەکانی لایەنگری ڕێژیمی ئێران لە ئورووپایە. ئەو یەکیەتییە لە ڕوانگەی ئیدۆلۆژیکەوە پاراستنی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامییە [...]" لە وڵامی ئەوەدا دارابی دەڵێ: "بەڵێ! من تێناگەم ئیشکالی ئەوە لە کوێدایە کە کۆمەڵێک خوێندکاری نیشتمانپەروەر، پشتیوانی لە وڵات و دەوڵەت و ئینقلابی خۆیان بکەن؟ چۆنە ئەو هەموو گرووپ و ڕێکخراوی جۆراوجۆر لە ئورووپا بەتایبەتی لە ئاڵمان بەدژی ئێران چالاکییان هەیە عەیب و ئیرادیان نییە؟ بەڵام چەند خوێندکار لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە و پشتیوانی لە ئامانجەکانی ئینقلاب و نیزام دەکەن لێیان بۆتە شتێکی سەیر." لە وڵامی دارابی پێویستە بگوتری جیاوازیی گرووپەکەی دارابی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیە کە ئەو ڕێکخراوانەی دارابی بە دژەشۆڕشیان دەزانێ قەت بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆیان تێرۆری نەیارەکانیان نەکردۆتە ئامانج.  ئەوان لە کەشوهەوای ئازادی وڵاتانی ئورووپایی هەوڵیان نەداوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان لە توندوتیژی بەرامبەر بە نەیارەکانی خۆیان کەلک وەربگرن و لەو ڕێگایەوە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی وڵات بە دەستەوە بگرن، بەڵام دارابی دەبێ ئەوندە بزانێ ئەو نیزامە و دەوڵەت و ئینقلابەی ئەو پشتیوانی لێ دەکا لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنییەوە تێرۆر و لەنێو بردنی جیابیرانی خۆی و تێرۆر و پەروەردەکردنی تێرۆریزم وەک ستراتێژیی پاراستنی دەسەڵاتداری چاوی لێ کراوە. هەربۆیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ستراتێژییە گوێی بە یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتیش نەداوە و ماشێنی تێرۆرەکەی هەموو سنوورە نێودەوڵەتییەکانی بەزاندووە؛ هەربۆیە پۆلیس و دەزگای ئەمنیی هەر وڵاتێک بە چاوی ئەمنیەتییەوە دەڕواننە هەر جۆرە کۆبوونەوە و لێکئاڵانی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی. درێژەی هەیە....