کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستەیەک لەسەر "واقعبینیی سیاسی"

00:40 - 16 خەرمانان 2719

چەمکی واقعبینیی سیاسی، چەمکێکی باوە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا. زۆر جار بۆ پاساودان یان دیفاع لە ئامانج، سیاسەت و ڕێکارێک بەکار دەبرێ. لەم وتارەدا خوێندنەوەیەک بۆ ئەم چەمکە دەکەین و پێویستییەکان و پێوەندیی ناوکیی ڕەگەزەکانی پێکهێنەری لێک دەدەینەوە. هەڵوێستە کردن لەسەر "واقعبینیی سیاسی"، پێویستی بە لێکدانەوەی پێوەندیی نێوان سیاسەت و واقعییەت، هەروەها پێوەندیی نێوان ئارمانجخوازی و واقعبینی هەیە. بێجگە لەمەش ڕاستە کە خەبات بەبێ ئارمانجخوازی ناکرێ، بەڵام بۆ ئەوەی هەڵە‌تێگەیشتن نەیەتە ئارا، پێویستە سنووری نێوان ئارمانجخوازی و خەیاڵاویبوون ڕوون بکەینەوە و هەروەها جیاوازیی نێوان ڕەتکردنەوەی خەیاڵپڵاوی و موحافزەکاریش بخەینە ڕوو. سیاسەت و واقعییەت دووانەیەکی لێکهاڵاون؛ سیاسەت کردەیەکی زەمینی و واقعییە، بەبێ دیتن و لەبەرچاو گرتنی واقعییەت، سیاسەت مانای خۆی لەدەست دەدا. سیاسەت لێکدانەوەی واقعییەت و چۆنیەتیی دەستکاری کردنی واقعییەتی نەخوازراوە. بە واتایەکی دیکە سیاسەت لەگەڵ فەکت ملبەملەی هەیە و زانست و هونەر و کردەیەکی بەستێنمەندە؛ لە بەستێنی هاوکێشە کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری و سیاسییەکاندا، یان بە دەربڕێنێکی دیکە لەنێو بەستێنی کۆمەڵگەدا جێ دەگرێ و هەرکات لە بەستێنی هەلومەرج و زەمینی واقع جیا بکرێتەوە، دەبێتە شتێکی ئەبستراکت و لە سنووری جوغرافیای مانایی سیاسەت دەردەچێ و دەگۆڕێ بۆ خەیاڵ. ڕاستە سیاسەت کردن بەبێ هەبوونی چەشنێک ئایدیال و ئارمان، بوونی نابێ، چونکە ئەرکی سیاسەت وەک کایەیەکی جڤاکی، تەنیا شرۆڤەی ئەو شتانەی هەیە (هست‌ها)، نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی و ڕەخنەکردن و هەوڵدانە بۆ گۆڕین و باشتر کردنی ئەو بەشانەی واقعیەت کە خوازراو نین. لە کایەی سیاسەتدا تیشک دەخرێتە سەر واقعیەتەکان و بە لەبەرچاو گرتنی واقعییەتی پێوەندییەکانی هێز و، بە لەبەرچاو گرتنی ڕادەی توانایی دەسکاریکردنی ئەو پێوەندییانە، ئامانجێک دەسنیشان دەکرێ و هەوڵ بۆ جێبەجێ کردنی دەدرێ. واتە کایەی سیاسەت بەتاڵ و ڕەها نییە لە ئارمانجخوازی، بەڵام ئارمانجخوازییەک کە بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتەکان پێناسە دەکرێ؛ ئارمانجێک دەخوازرێ کە لە واقعیەتی هەیی، لەپێشترە؛ بەڵام مەودای نێوان واقعییەتی هەیی و ئەوەی کە دەخوازرێ، ئەوەندە نییە کە نەتوانرێ پڕ بکرێتەوە. بەم مانایە کە ئارمانجێک دەستنیشان ناکرێ یان خواستێک داوا ناکرێ کە ئەگەری بەدیهێنانی زۆر کەم بێ. سیاسەت دیالکتیکی نێوان خوازراو و هەییە؛ پێوەندییەکی دووسەرە و کارلێکەری نێوان ئەو شتەی هەیە و ئەوەی کە دەمانەوێ پێی بگەین. پێناسەکردنی سیاسەت لە دەرەوەی ئەم پێوەندییە دیالکتیکییە، پێناسەکردنێکی دروست نییە و لە سنووری مانا و کارکردی خۆی دەیترازێنێ. لێرەدایە کە ئارمانجخوازی و خەیاڵپڵاوی لێک جیا دەبنەوە. لە خەیاڵپڵاویدا ئامانجێک دیاری دەکرێ، بەبێ لەبەرچاو گرتنی هەلومەرج و هاوکێشەی هێز؛ بە شێوەیەکی ئەبستراکت دروستی و نادروستیی ئامانجێک لێک دەدرێتەوە و لە دەرەوەی بەستێنی دیاریکراوی جڤاکی و بڕ و ڕادەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان، پێناسە و دیاری دەکرێ. بەڵام لە ئارمانخوازیی پێویستی سیاسیدا، دۆخی خوازراو بە چەشنێک دیاری دەکرێ کە بتوانرێ لە کەلێن و قەڵشتی نێوان واقعییەتی مەوجوود و هەلومەرجی خوازراو، بپەڕیەوە؛ ئامانجێک دیاری ناکرێ کە نەتوانی لە واقعییەتی مەوجوودەوە هەنگاوی بۆ باوێژی و بازی بۆ بدەی. لە لایەکی دیکەش سیاسەت لە نەبوونی خەون و ئارمانجدا، موحافزەکاری لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە درێژەدان بە دۆخی مەوجوود. سەرنج بدەن چۆن سێ چەمکی ئارمانجخوازیی سیاسی، خەیاڵپڵاوی و موحافزەکاری لێک جیا دەبنەوە و هەر کامیان مانایەکی تایبەت وەردەگرێ؛ ئارمانجخوازی سیاسی قاچی لەسەر عەرزە و بە توندی بە زەمینە و هەلومەرجی دیاریکراوی خۆیەوە گرێ دراوە و بە لەبەرچاو گرتنی واقعییەت، ئارمانەکەی دەستنیشان دەکا، خەیاڵپڵاو بەدەر و جیاکراوە لە زەمینە و هەلومەرجی دیاریکراو و بەبێ گوێدانە ڕادەی هێز و تواناکانی خۆی و بەرامبەرەکەی، ئامانجی دیاری دەکا و موحافزەکاریش توانای ڕیسکی نییە و ئەوەندە کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەمی گەورە دەکاتەوە کە بەناچاریش بێ، مل دەدا بە قبووڵی واقعیەتی مەوجوود. بەم شیکردنەوانەی سەرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە "واقعبینیی سیاسی" بە مانای ڕەتکردنەوەی ئارمانجخوازی و بە پێی ئەمەش ڕەتکردنەوەی خەبات نییە؛ بە مانای قەناعەت و ملکەچ‌بوون لە هەمبەر دۆخی ئاراییش نییە؛ وێڕای جیاوازی لەگەڵ خەیاڵپڵاوی لە لایەک و موحافزەکاری لە لایەکی دیکە، بە مانای پێناسە کردنی ئامانجە لە نێو بەستێنی هەلومەرج و هاوکێشەی هێزدا؛ بە مانای لێک گرێدان و سەنتێزی ئیرادەگەرایی و ڕۆڵی پێکهاتەکانە. نە ئیرادەگەراییەکی ڕەهایە و نە پێکهاتەخوازییەکی موحافزەکارانە، بەڵکوو ئیرادەی گۆڕینی هەلومەرجە لە بەستێنی پێکهاتەکاندا. بەم پێیە ئەم "واقعبینی"یەی لێرەدا شی کرایەوە لەگەڵ چەمکی خەبات نەتەنیا ناسازگار نییە، بەڵکوو ڕەگەزی پێویستی خەباتیشە. ئەوەی لە دێڕەکانی سەرەوە هات، خوێندنەوەیەک بوو بۆ چەمکی واقعبینیی سیاسی. ئێستا با بزانین لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا ئەم چەمکە چۆن خوێندراوەتەوە و پێناسە کراوە. ئەم چەمکە لە دوو بواری دەستنیشانکردنی ئامانج و دروشمی ستراتیژیکدا و گرتنەبەری ڕێکار و میتۆدەکانی خەباتدا بەکار دێ. ئەوەندەی کە دەگەڕێتەوە سەر بواری یەکەم، پێوانەی "واقعبینیی سیاسی"ی بۆ نموونە دروشمی ستراتیژیکی خودموختاری، بەم شێوەیە دیاری کراوە کە لەچاو نموونەی باڵای "سەربەخۆیی"، ئاستێکی کەمتر لە خواست داوا دەکا؛ لێرەدا ئێمە دیدێکی ئەفلاتوونی دەبینین کە نموونە باڵاکان دەکاتە پێوانەی هەڵسەنگاندن و واقعبینیی سیاسییان. لە حاڵێکدا پێوانەی واقعبینیی دروشمی خودموختاری ئەوەیە کە بخرێتە نێو ئەو زەمینە و هەلومەرج و جڤاکەی تێیدا داوا دەکرێ و هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی مەنتقی پێوەندییەکانی هێز و توانای گۆڕینی ئەو پێوەندییانە دیاری بکرێ، بە چەشنێک کە لە ماوەیەکی مەعقولدا پێی بگەی. لە سیاسەتدا چەمکەکان بە شێوەیەکی ئەبستراکت پێناسە ناکرێن، بەڵکوو لەنێو بەستێنی مێژوویی دیاریکراودا پێناسە دەکرێن. بۆ نموونە فیدرالیزم وەک دروشمی ستراتیژیک، بە شێوەیەکی گشتی و لە دەرەوەی بەستێنی مێژوویی خۆی پێناسە و دیاری ناکرێ؛ هەر بەستێنەی تایبەتمەندی و هاوکێشەی هێزی تایبەت بە خۆی هەیە و ناکرێ لە ڕووی بەستێنێکی دیکەوە و بە ئیلهام وەرگرتن لێی، ئامانجی خۆت دیاری بکەی. دەکرێ فیدرالیزم یان هەر فۆرمولێکی چارەسەری دیکە، لە بەستێنێکی جڤاکیدا، دروشمێکی واقعبینانە بێ، بەڵام لە بەستێنێکی دیکەدا خەیاڵی و وەهمی بێ. واتە فیدرالیزم لە دەروەوەی بەستێنەکان، دروشمێکی "خنثی"یە و نە واقعبینانەیە و نە ناواقعبینانە؛ نە دروشمێکی باش و گونجاوە و نە دروشمێکی خراپ و نەگونجاو. ئەوەی کە واقعبینی و گونجاویی دروشمی فیدرالیزم دیاری دەکا، بەستێن و هەلومەرجە دیاریکراوەکانە؛ ئەوەی باشیی ئامانجێک لە سیاسەتدا دیاری دەکا، ڕادەی نزیکی و وێکچوویی لەگەڵ نموونەی باڵا و ئیدەئال نییە، بەڵکوو ڕادەی جێبەجێ بوونیەتی لەسەر عەرزی واقع و لە زەمینەیەکی دیاریکراودا. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم دروشمە خراوەتە نێو بەستێنی جڤاکیی خۆیەوە و بە لەبەرچاو گرتنی مەنتقی پێوەندییەکانی هێز و توانای گۆڕینی ئەو پێوەندییانە دیاری کراوە یان نا؟ نە ئەوەی کە بە شێوەیەکی بان‌مێژوویی و مێتافیزیکی پێمان وابێ، چونکە فیدرالیزم کەمتر لە سەربەخۆیی داوا دەکا، کەواتە دروشمێکی واقعبینانەیە؛ یان چونکە لە فڵان و فیسار وڵات جێبەجێ کراوە و وەڵامی داوەتەوە، ئەوە حەتمەن بۆ شوێنێکی دیکەش باش و گونجاو و کردەییە. بەکورتی سیاسەت مەنتقی پێوەندییەکانی هێزە، ڕەچاوی هاوکێشەی هێزە. واتا بە گوێرەی داخوازییەکەت دەبێ لە فکری هێز و گۆڕانی پێوەندیی هێزەکاندا بی. ئەمە سیاسەت نییە کە بەبێ ڕەچاوی مەنتقی پێوەندییەکانی هێز، ئامانجان دیاری بکەی؛ ئەمە سیاسەت نییە کە بەبێ لێکدانەوەیەکی قووڵی هەلومەرجەکان و بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕادەی هێز و تواناکانی خۆت و بەرامبەرەکەت، ئامانجگوزاری بکەی. سیاسەت قاچی توند بە عەرزی واقعەوە گرێ دراوە و هەرکات لێی دابڕا، دەبێتە شتێکی ئەبستراکت و خەیاڵی.