کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسڕائیل پەرەی داوە بە شەڕی نهێنیی خۆی لەگەڵ ئێران

01:09 - 16 خەرمانان 2719

 ئیسڕائیل پەرەی داوە بە شەڕی نهێنیی خۆی لەگەڵ ئێران تایم_جۆزێف هیکس و: کەماڵ حەسەنپوور   شەڕە نهێنییە دوورودرێژەکەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران، دوای چەند هێرش لە عێراق و لوبنان کە ئیسڕائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکان تۆمەتبار کراوە، سنووری سووریەی تێپەڕاند و هەڕەشەکانی حیزبوڵڵا لە بارەی تۆڵە ئەستاندنەوە، کە هەواڵنێران لە ئیسڕائیل و لوبنان باسیان کردوە وایکردوە کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیل بووکەڵەی لە شکڵی سەرباز کە لەنێو جیپاندان لە نزیک سنووری باکووری خۆی دامەزراندوون. ئاستی بەرزی هۆشیاریی ئیسڕائیل لەبەر ئەگەری هێرش لە دەرەوەی سنوورەکانی چەند ڕۆژ دوای ئیعترافی کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان دەستی پێکرد کە ئەو گومانەیان پشتڕاست کردەوە کە ئیسڕائیل بەرپرسی بۆمبارانی کۆگای چەکوچۆڵ لە عێراق لە مانگی جولای، کە دەگوترا ئێران بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ سووریە کەڵکی لێ وەردەگرت، بووە. لوبنان ئیسڕائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕۆژی یەکشەممە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردۆتە سەر چەند گەڕەکی قەراخ شاری بەیروت. دوای چاوپێکەوتنی سەرۆک وەزیران سەعد حەریری لەگەڵ نێردەی شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر "پێشێلکاریی ئاشکرای ئیسڕائیل دژی سەروەریی لوبنان" لە ڕۆژی دووشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەردوو لا کرد کە "ئەوپەڕی خۆڕاگریی" ڕەچاو بکەن. ئیسڕائیل کە بەپێی نەریت سیاسەتێکی لێڵی لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییە سەربازییە دەرەکییەکانی هەیە، بەرپرسیاریی هیچکام لە هێرشەکانی عێراق و بەیروتی نەگرتۆتە ئەستۆ، ئەگەرچی ئەڕتەشەکەی گوتوویەتی کە ڕۆژی شەممە هێرشێکی ئاسمانیی جیاوازی لە نزیک سنووری سووریە بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە پلانداڕێژیی سپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵا بەڕێوە بردوە. سەرەڕای وەخۆنەگرتنی ئاشکرای بەرپرسایەتییەکان، مێدیای ئیسڕائیلی باس لەوە دەکەن کە لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر بەیروت زەرەر و زیان بە کەرەستەی پێویست بۆ پرۆگرامی مووشەکی هەنگێوی حیزبوڵڵا کەوتوە. حەسەن نەسڕوڵڵا، ڕێبەری هێزی میلیشیای شیعە کە ئێران پشتیوانیی دەکا، ئیددیعای کرد کە ئەوە یەکەم هێرشی ئیسڕائیلە بۆ سەر لوبنان دوای شەڕی خوێناویی ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی  ٢٠٠٦ و بەڵێنیی تۆڵەکردنەوەی دا. ڕۆژی یەکشەممە نەسڕوڵڵا گوتی، "ئەمن بە هێزی سەربازیی ئیسڕائیل لەسەر سنوور دەڵێم کە لە ئەمشۆوە کێشک بکێشن. چاوەڕوان بن، ڕۆژێک، دووان، سێ، چوار ڕۆژ." سەرۆک کۆماری لوبنان، میشێل عەون، هاوپەیمانی حیزبوڵڵا، هێرشەکانی ئیسڕائیلی بە "ڕاگەیاندنی شەڕ" ناو برد و گوتی لوبنان مافی بەرگریی لە خۆی هەیە. کاربەدەستێکی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناوەکەی بە تایمی گوت کە بەرپەرچدانەوەی ئێران دەتوانێ بە چەند شێوە بن: هێرش لە لایەن حیزبوڵڵا و بەکرێگیراوەکانی دیکەی ئێران، هێرشی چەکدارە سوننییەکانی هاوپەیمانی تاران و تەنانەت هێرش بۆ سەر "ئامانجی" جوولەکە یا ئیسڕائیلی لە دەرەوەی ئیسڕائیل. ئەو کاربەدەستە گوتی، لە خراپترین حاڵەتدا لەوانەیە هێرش بکرێتە سەر ئاواییە جوولەکەکانی کەرتی ڕۆژئاوا یا بەرزاییەکانی جەولان، کە دەتوانێ ببێتە هۆی دەستپێکی شەڕ. کاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکان ناڕوونە. لە کاتێکدا کە نفوزی ئێران لە ناوچەدا پەرە دەستێنێ، بە تایبەتی لە ڕێگای ئەو میلیشیایانە کە لە لایەن سوپای قودس لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن پشتیوانیی دەکرێن، ئەو کاربەدەستەی کە تایم وتووێژی لەگەڵ دەکرد گوتی، هەڕەشەکانی سەر ئیسڕائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان نەکردوە. کاربەدەستەکە خۆی لە باس لە بارەی هۆی بەربڵاو کردنەوەی شەڕی نهێنی ئیسڕائیل دژی ئێران لەو ساتەوەختەدا بوارد. ئەوە ئەو شتانەن کە دەبێ لەبارەی بەربڵاو بوونەوەکەدا بیزانین:   ڕیشەی ناکۆکی نێوان ئێران و ئیسڕائیل لە سووریە چییە؟ دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی خەڵک لە سووریە لە ٢٠١١، نەیارە سوننییەکان، کە زۆربەیان لە لایەن دژبەرەکانی ئێران لە کەنداو، عەڕەبستانی سعودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبیی، پشتیوانیی ئابووری دەکران، دژی ڕێژیمی سەرۆک کۆمار بەشار ئەسەد تاویان دا چەک. لە وەڵامدا ئێران بۆ پشتگیریی لە ڕێژیمی ئەسەد دەستی کرد بە ناردنی پارە، چەکوچۆڵ و سەرباز بۆ ئەو وڵاتە، کە لە هەشتاکانی زایینییەوە هاوپەیمانییەکی ستراتێژیکی لەگەڵدا پێکهێنابوو. ئیسڕائیل کە نیگەرانی ڕیشەداکوتانی هێزی ئێرانیی دوژمنکار لە نزیک سنووری باکووری خۆرهەڵات بوو، لەو کاتەوە سەدان هێرشی ئاسمانیی لە سووریە بەڕێوە بردوون، لە ناویاندا دژی بنکەکانی حیزبوڵڵا و  کاروانی گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ ئەو گرووپە لە لوبنان. ئێران و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران جاروبار بە هێرش لەوبەری سنوورەوە وەڵامیان داوەتەوە، لە ناویاندا هێرشی مووشەکی بۆ سەر سەیرانگای خلیسکێنە لە بەرزاییەکانی جەولان لە مانگی ژانویە. سەرکەوتنی ئیسڕائیل لە تێکدانی پلانی درووستکردنی ژێرخانی لۆجیستیکی ئێران لە سوورییە، کۆماری ئیسلامیی هاندا کە ڕوو لە عێراق بکا، شوێنێک کە لەو دواییانەدا چەند ڕاپۆرتێک لە بارەی گواستنەوەی چەندین مووشەکی بالیستیکی ئێران بۆ بە ئامانج گرتنی ئیسڕائیل بڵاو بوونەوە. وێدەچێ ئیسڕائیل سیاسەتی پێشووی خۆی، بە هێرشەکانی ئەو دواییانە بۆ ئەمباری چەکوچۆڵ کە لە لایەن میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران لە عێراق و وە ئەستۆ نەگرتنی بەرپرسیاریی، درێژە پێبدا.   لە لوبنان هیڕش کرا سەر چی؟ بە گوێرەی ڕاپۆرت، هێرشی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە زیانی بە بەشێکی هەستیاری پرۆگرامی موشەکی هەنگێوی حیزبوڵڵا گەیاندوە: میکسەرێکی تایبەتی ناوەندی پیشەسازیی کە بۆ درووستکردنی پاڵنەرێک کەڵکی لێ وەردەگیرێ کە کارکردی مۆتۆڕی مووشەک دەباتە سەر و ئاستی هەنگێوییەکەی زیاد دەکا. بە وتەی گۆڤاری هائارێتزی ئیسڕائیل ئەو دەزگایە کە ناوی پلێنەری میکسەرە، وێدەچێ بۆیە کەوتبێتە بەر هێرش چونکە ئامادەکاری دەکرا کە بۆ شوێنێکی ئەمن ڕایگوێزن. هێرش لەنێو لوبنان بە بەزاندنی ئەو هێڵە سوورە نافەرمییانەیە دادەنرێ، کە پاش شەڕی یەک مانگەی خوێناویی ئیسڕائیل لەگەڵ جیرانەکەی لە باکوور لە ساڵی ٢٠٠٦ ڕووی دا. بەڵام ئامانجی پێکراو لە چوارچێوەی هەمان شێوە هێرشی ئاسمانیی ئیسڕائیل لە سووریەدایە، کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە لایەن ڕووسیە، کە پشتیوانی ڕێژیمی ئەسەدە، تەحەممول کراوە. هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئەو کاروانانەی کە لە ڕێگای لوبناندان زۆرتر بە مەبەستی پێشگرتن بە "پرۆژەی هەنگێویی"، هەوڵی بردنە سەری توانایی مووشەکەکانی، حیزبوڵڵا بووە کە ئامانجیان هەنگاوتنی ئامانجەکانیان لەناو ئیسڕائیلە.   کاردانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ هێرشەکانی ئیسڕائیل لە دەرەوەی سووریە چی بووە؟  وێدەچێ واشینگتۆن پێی خۆش نەبێ. ڕۆژی دووشەممە، پێنتاگۆن لە لێدوانێکدا باسی پشتیوانیی لە "سەروەریی عێراق" کرد و پێداگر بوو کە عێراق مافی بەرگری کردن لە بەرامبەر ئەکتەری دەرەکیدا هەیە. لە لێدوانی پێنتاگۆندا هەروەها گوترابوو کە "هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرپرسی ئەو هێرشە تازە بۆ سەر کاروانێک یا هێرشەکانی ئەو دواییانە کە بوونە هۆی تەقینەوە لە کۆگای چەک و تەقەمەنی لە عێراق، نین." کاربەدەستێک کە بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناوی قسەی لەگەڵ تایم کرد خۆی لەو باسە بوارد کە ئاخۆ هیچکام لە کاربەدەستانی ئیسڕائیل شتێکیان لە لای سەرۆک کۆمار ترامپ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جان بۆڵتۆن، کە بە هەڵوێستە تووندەکانی دژی ئێران ناسراوە، یا کاربەدەستی دیکەی  بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە بارەی ئەوەی کە بیر لە بەربڵاو کردنی هێرشەکانیان بۆ سەر بەکرێگیراوانی ئێران، لە ناویاندا ئەوانەی لە عێراقن، شوێنێک کە ٥٠٠٠ کەس لە هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان هێشتا لێی جێگیرن، درکاندووە یا نا.   بۆچی ئیسڕائیل گرژییەکانی لەگەڵ ئێران قووڵتر دەکا؟ هیچ کەس بە دڵنیاییەوە نازانێ. ئیسڕائیل بەرپرسیاریی هێرشەکانی نەگرتۆتە ئەستۆ بەڵام ناتانیاهو ئاماژەی بە دەوری خۆیان لە عێراق کردوە. لە ٢٠ی ئاگوست، ئەو بە هەواڵنێرانی گوت، "ئێران لە هیچ شوێنێک لە ئەماندا نیە" و ئەوەشی زیاد کرد کە ئیسڕائیل "لە هەر شوێنێک کە پێویست بێ" دژی ئێران کردەوەی دەبێ. جگە لە لۆژیکی نهێنی سەربازی، پسپۆڕانی ناوچە دەڵێن چەند فاکتەرێک کاریگەرییان لەسەر لێکدانەوەی سەرۆک وەزیران هەبووە. یەکیان هەڵبژاردنی ١٧ی مانگی سێپتامبرە، کە ئەو لەگەڵ ژەنڕاڵێکی پێشووی هێزە چەکدارەکانی ئیسڕائیل لە کێبڕکێ دایە. بەڵام لە کاتێکدا کە ناتانیاهو خوازیارە وێنەی خۆی وەک "ئاغای ئاسایش" بریقەدار بکا، لێکۆڵەرەوان ئەوی وەک کەسێک دەبینن کە خۆی لە مەترسی دەبوێرێ و لە ڕابردوودا وریا بووە ئیسڕائیل لە تێوەگلان لە ناکوکییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی بپارێزێ. قووڵبوونەوەی گرژیی نێوان ئێران و ئیسڕائیل هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری لێک نزیک بوونەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران. دوای سەردانە لەناکاوەکەی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، بۆ کۆبوونەوەی وڵاتانی جی حەوت لە بیاریتز لە حەوتووی ڕابردوو، ترامپ گوتی کە "ئەگەرێکی بەهێز" بۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕوحانی بەمزووانە هەیە. لە کاتێکدا کە بەربەستی زۆر هێشتا ماون، چاوپێکەوتنێکی ئەوتۆ لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ڕێبەرێکی ئێران دوای کێشەی بارمتەکانی باڵوێزخانەی ئامریکا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ١٩٨١ی زایینی، یەکەم جار دەبێ. کاربەدەستە پلەبەرزەکانی ئیسڕائیل نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری ئەوەی کە وتووێژەکان ببنە هۆی دامرکانی "کەمپەینی ئەوپەڕی زەختی" وڵاتە یەکگرتووەکان دەربڕیوە. بەڵام ئێهود ئەیران، پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی حەیفا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بە پێچەوانەی بۆچوونی هەندێک کەس،  ئیسڕائیل بۆ وەستاندنی وتووێژ لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران گرژییەکان قوڵتر ناکاتەوە. ئەو بە تایمی گوت کە "ژەنڕاڵەکانی ئیسڕائیل زۆر وریان کە زەرەر بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەگەیەنن."   تۆڵە ئەستاندنەوەی حیزبوڵڵا دژی ئیسڕائیل چۆن دەبێ؟ نە ئیسڕائیل و نە حیزبوڵڵا شەڕێکی هەمەلایەنەیان ناوێ. بەڵام ڕێبەری حیزبوڵڵا لێبڕاوانە پێداگریی کردوە کە بەرپەرچی هەر هێرشێکی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان بە هەمان ئەندازە دەداتەوە. سەرچاوی نزیک لە ڕێبەری حیزبوڵڵا ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆیتەرزیان گوت کە ئەو گرووپە خەرێکی پلاندانان بۆ "هێرشێکی هەڵسەنگێندراو" بۆ  سەر ئیسڕائیلە کە لە ژێر "سنووری شەڕێکی بەربڵاو" بێ. هیلال خاشان، پرۆفیسۆرێکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەمریکایی بەیروت دەڵێ کە دەیان و لەوانەیە سەدان هێرشی بێ وەڵام بۆ سەر بنکەکانی حیزبوڵڵا و کاروانەکانی لە سووریە، نیشاندەری بێ توانایی ئەو گرووپە بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە بە شێوەیەکی کاریگەرە، کە بۆتە هۆی بەرفراوانتر بوونی هێرشەکان. خاشان دەڵێ " ئیسڕائیل هەموو لایەک ئاگادار دەکاتەوە کە یاسایەکی نوێی کایە هاتۆتە ئاراوە. ئەوە بوو کە حەسەن نەسڕوڵڵای وا تووڕە کرد کە لێدوانێکی شەڕخوازانە بدا کە من پێم وانییە بتوانێ جێبەجێی بکا." سەرەڕای ئەوە، مەترسی لێکدانەوەی هەڵە گەلێک بەرچاوە. شەڕی ئیسڕائیل_ لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦، کە نزیکەی ١٢٠٠ کەس تێیدا کوژران و هەزاران کەسی دیکە بریندار بوون، لەوەڕا دەستی پێکرد کە حیزبوڵڵا دوو سەربازی ئیسڕائیلی لە نزیک سنوور ڕفاند. هەیکۆ ویمەن، لێکۆڵەرێکی گرووپێکی قەیرانی ناونەتەوەیی، ئاکاری هەردوولای بە دۆخی "ئاکرۆبات لە لێواری چاڵاوێکی بێ بن" شوبهاند.