کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵێک دوای ١٧ی خەرمانان

01:48 - 16 خەرمانان 2719

لاپەڕە زێڕینەکانی خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەردەوامی ڕوو لە زیادبوونە، ئەگەر بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە ڕابردوو، بەدەیان ‌و سەدان بیرەوەریی تاڵ و ناخۆشمان دێتەوە یاد‌، ئەگەرچی حەسرەتێکی زۆرمان بۆ بەجێ دێڵن؛ بەڵام ئەزموونی پێویستیان لێ وەردەگیرێ‌ و دەبنە هۆی دڵگەرمیی زیاتر بۆ بڕینی رێگا پڕ لە کەند و لەندەکانی سەرکەوتن. بێگومان لەم نێوەدا تاڵترین بیرەوەرییەکانی مێژووی خەباتی ئەم نەتەوە بندەست و ماف لێ زەوت کراوە، ژیانی پڕلە شانازیی ئەو دەستە لە ڕۆڵەکانی دەگرێتە خۆ کە لەپێناو ڕزگاریی گەلەکەیاندا گیانی ئازیزی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژانی ته‌نگانه‌ی زۆری هەبووە کە ئەگەرچی زیانیان بەم حیزبە گەیاندوە، به‌ڵام به‌ سه‌ربه‌رزی و ڕووسوورییەوە تێپەڕی کردوون؛ 17ی خه‌رمانان یه‌ک له‌و ڕۆژانه‌یه‌. دامەزرانی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا کە کەشێکی سەرکوت و زەبروزەنگ بەسەر هەموو گەلانی بندەست و کەمینەی ئێراندا زاڵ بوو، هەم دژکردەوەیەک بوو بەرامبەر بە سڕینەوەی شوناسی نەتەوایەتی و هەمیش توانی ببێتە خاڵێکی وەرسووڕان لە بزاڤی سیاسیی نەتەوەی کورد بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی. ئەم حیزبە بە گیانبازی و گیان لەسەر دەستیی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی خۆی توانی دەنگی کپی کۆمەڵگەیەکی ئازادیخواز و دژە ستەم بەرز بکاتەوە و بیگەیەنەتە گوێی هەموو جیهان. لەم پێناوە پیرۆزەدا حیزبی دێموکرات بەدرێژایی پتر لە حەوت دەیە خەباتی خۆی و بە پێشکەشکردنی زیاترین ڕادەی شەهیدان بە بارەگای سەربەستیی ئەم گەلە بەگژ گەرووی دوژمنی دڕندەدا چۆتەوە و؛ هەتا بە ئێستا ئاڵای خەباتی پڕلە شانازیی خۆی شەکاوە ڕاگرتوە. ئێعدامی پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان، نەک نەبووە هۆی ئەوە یاد و ناو و ڕێبازی حیزبەکەی و کۆمارە ساواکەی تۆزی لەبیر کردن لەسەری بنیشێ، بەڵکوو بووە هەوێنێک بۆ درێژەدان بەم تێکۆشانە لەلایەن نەوەکانی داهاتوو. شڵەژاندنی گۆمی مەندیی پاشایەتی لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧دا دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە ڕێبازی دێموکرات لەنێو هەناوی خەڵکی کوردستان چەکەرەی کردوە و مستێکی توند بوو لە دەمی بەناو ژاندارمەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئێستا زیاتر لە ٤٠ ساڵە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەستاوەتەوە و لەو ماوەیەدا بە شێوەی جۆراوجۆر خەباتی خۆی درێژە پێداوە و، قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوت کردنی جووڵانەوەی کورد لە هیچ جەنایەتێک نەپرینگاوەتەوە و هەموو رێگە و ڕەفتارێکی دژە ئینسانی بەمەبەستی بەچۆک داهێنانی خەڵکی کوردستان‌ و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تاقی کردۆتەوە. هەر لە قەڵاچۆکردنی خەڵکی بێدیفاعی کوردستانەوە بگرە هەتا ئابڵۆقەی ئابووری ‌و تۆپ‌ و خۆمپارەبارانی شار و دێ و مووچە و مەزراکان‌ و کاولکردنی دێهات ‌و بە کارهێنانی بۆمی ناپاڵم و زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارە دان و ... بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانە‌دا نەیتوانیوە لە ورەی پوڵایینی خەڵک و هێزی پێشمەرگە کەم بکاتەوە. لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامی بێپسانەوە لەبیری لەنێو بردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و جووڵانەوە بەرحەقەکەیدا بووە؛ لەو پێناوەشدا بەداخەوە هێندێک جار توانیویەتی پیلانە گڵاوەکانی خۆی بەرێتە سەر کە ئاماژە بە هێندێکیان دەکەین. لە ڕووبەڕووبوونەوە لە مەیدانی شەڕدا هەمیشە هێزەکانی دوژمن زیاترین خەساریان بەر کەوتوە، بەڵام ئاماژە بەچەند بەشێک کە لەوێدا هێزی پێشمەرگە زەبری قورس وێکەوتوە مەبەستی ئەم دێڕانەیە. لە سەرەتای شۆڕش و لە شەڕێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی ڕێژیمدا نیزیک بە چل قارەمانی دێموکرات لە ورمێ شەهید بوون، لە ناوچەی موکریان ساڵی ١٣٦٣ لە عەمەلیاتێکدا بیست وپێنج پێشمەرگەی قارەمان و فیداکار شەهید و، لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٦٢ لە ناوچەی سنە ١٦ کوڕی لێهاتوو بوونە قوربانیی هێرشی دڕندانەی ڕێژیم؛ بەڵام ئەوانە هیچکام نەیانتوانی کەمترین کارتێکەرییان لەسەر هێزی پێشمەرگە هەبێ و زۆر زوو توانییان هەم هێزەکانیان زیندوو و هەمیش تۆڵەی هاورێکانیان بکەنەوە. ڕێژیمی خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی بە پیلانە گڵاوەکانی توانی ڕێبەری گەورەمان دوکتور قاسملوو تێرۆر بکا و، دەری خست کە نایهەوێ لە نێوەرۆکی ڕەش و لە ڕەفتار و کردەوەی دژەمرۆیی خۆیدا ئاڵوگۆڕێک پێک بێنێ. دوژمن پێی وابوو بە شەهید کردنی دوکتور قاسملوو ئاسەوارێک لە جووڵانەوە و حیزبی دێموکرات نامێنێ، بەڵام تەنیا دوو ڕۆژ دوای شەهید بوونی تێکۆشەرانی دێموکرات بەڵێنیان دا کە ڕێبازی قاسملوو بگرنە بەر و لە سەرانسەری کوردستان بە زەبر لێدان لە هێزی ڕێژیم نیشانیان دا کە دێموکرات هێشتا هەر زیندووە. دواتر تێرۆری دوکتور سادق شەڕەفکەندیش، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە حیزبی دێموکرات لە مەیدانی خەبات بەکردەوە چقڵی چاوی ڕێژیمی تێرۆریست‌پەرەوەری ئێرانە. ڕێژیمی تاران بەم تێرۆر و وەحشی‌گەرییانەی لە خەیاڵی خاوی خۆیدا دەیهەویست حیزبی دێموکرات بەگشتی لەنێو ببا. هێرشی فڕۆکەیی بۆ سەر پلینۆمی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ٧٣ی هەتاوی و پەلاماری زەمینی بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە قووڵایی خاکی هەرێم لە گەلاوێژی 75 و دەیان کردەوەی قیزەونی دیکە و تەقینەوەی شەوی یەلدا لە نیزیک قەڵای دێموکرات و لەسەر ڕێگای هاتوچووی ژن و منداڵانی بەشداربوو لە ڕێوڕەسمی ئەو شەوەدا؛ هەر لە درێژەی هەمان پلانی سڕینەوەی ئەم حیزبە ئیلهامدەرەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. پەلاماری مووشەکیی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویش حەولێک بوو بۆ زەبر لێدانێکی جیدی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، به‌ڵام دیسانیش و ئەم کردەوەیەش هەر ئاسنی سارد کوتان بوو، چونکی تێکۆشه‌رانی دێموکرات لێ بڕاوانە هه‌تا دوا قۆناغی سه‌رکه‌وتن له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا بەڵێنی مانەوەیان داوە. بێگومان کۆماری ئیسلامی پتر لە پێش ئەم ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوت کە حیزبی دێموکرات ڕیشەی لەنێو دڵی خەڵکی کوردستاندایە و بەم هەڕەشە و کردەوانە تەنیا شێلگیرتر دەبێ، چونکی تەنیا سێ ڕۆژ لە دوای ئەم هێرشە، خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی خۆیان لەبیر نەکرد و؛ بە مانگرتنی شکۆمەندیان لەگەڵ دەربڕینی پشتیوانیی هەمە لایەنەی خۆیان سەرەڕای هەموو زەبر و زەنگێک، مۆرکی قەبووڵیی سیاسەتە دروستەکانی حیزبەکەی خۆیان لە کارنامەی پڕلە شانازیی حیزبی دێموکرات بۆ هەتا هەتایە زیاد کرد.