کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکرێتە ئامانج؟

02:07 - 16 خەرمانان 2719

ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە "قەڵای دێموکرات"، هەڵکەوتوو لە باشووری کوردستان کرایە ئامانجی هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ئاکامدا ١٦ کەس لە تێکۆشەرانی دێموکرات کە شەش کەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوون شەهید کران و بە دەیان کەسی دیکە لە کادر و پێشمەرگە و، ئەندامانی سەربە بنەماڵەکانی حیزب بریندار بوون. هەر دوو ساڵ پێش لەم هێرشە تێرۆریستییە، ئێوارەی ڕۆژی 30ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، پەلامارێکی دیکەی تێرۆریستی‌ کرایە سەر ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا کە بەبۆنەی ساڵرۆژی لەدایکبوونی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە لایەن تێکۆشەرانی دێموکراتەوە رێک خرابوو و، لە ئاکامی دوو تەقینەوەدا کە هەر زوو سەلمێندرا دەستی ڕەشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پشتە، ٥ کادر و پێشمەرگەی حیزب و ٢ پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی باشووری کوردستان شەهید کران. هەر لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا بە دەیان پەلاماری تێرۆریستی کراونەتە سەر حیزبی دێموکرات کە بەداخەوە لە ئاکامی هێندێک لەم پیلانانەدا ڕێژیم توانیویەتی بەشێک لە ئامانجەکانی خۆی هاوچەشنی تێرۆری فەرماندەی بەوەجی هێزی پێشمەرگە، شەهید قادرقادری، بپێکێ. بە ئامانجگرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سێرە لێگرتنی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماوەی ئەم چواردەیەی ڕابردوودا، دۆسیەیەکی ئەستوور و پڕ بە باڵای ئەم ڕێژیمەیە؛ تێرۆری دوو ڕێبەری هەڵکەوتووی ئەم حیزبە، شەهیدان؛ دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە لایەن تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، تۆپبارانی بنکە و بارەگانی حیزب لە سنوورەکانی لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا و پیلانی تێرۆر و دەرمانداوکردنی بە دەیان و سەدان کادر و پێشمەرگەی ئەم حیزبە لە باشووری کوردستان و، بە دەیان پیلان و کردەوەی دیکەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە حیزبی دێموکرات سەلمێندرا و تۆمار کراون. *** کۆماری ئیسلامی ئێران کە تا ئێستایشی لە گەڵدا بێت بەرانبەر بە پرسی ڕەوای نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان سیاسەتی ئینکار و دژی‌گەلیانەی گرتۆتە بەر و هەوڵی داوە لە ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە سەیری کوردستان و بزووتنەوەی کورد بکا، هەمیشە وای نیشانداوە کە حیزبە کوردییەکان هیچ پێگەیەکیان لە نێو خەڵکی کوردستاندا نییە و بە هەڵوەشاوە و نەماو، ناوی بردوون. بەتایبەت لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا کە بەهۆی کۆمەڵێک هەلومەرجی تایبەت و فاکتەری هەرێمی، حیزبەکان لە ڕووی حزووری پێشمەرگانەوە، جموجۆڵیان لە نێوخۆی وڵاتدا کەمڕەنگ بۆتەوە، ڕێژیم هەموو هەوڵێکی تەبلیغاتیی خۆی خستبووە گەڕ کە بزووتنەوەی کورد و حیزبەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نەبوو و نەماو وێنا بکا. بۆیە لە ئاستێکی بەرینی تەبلیغاتیدا و بە تەرخانکردنی هەزینەیەکی زۆری ماڵی، ئینسانی و تەنانەت بە پاڵپشتیکردنی کۆمەڵێک لایەنی نەیاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی لەپەراوێزخستنی پرسی کورد لەم بەشە لە کوردستان دەدرا. هاوکات لە گەڵ هەموو ئەم پیلان و دوژمنکارییانەی ڕێژیم بەرانبەر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەداخەوە حیزبەکان و یەک لەوان حیزبی دێموکرات بە هۆی کێشەی نێوخۆیی و دواتر لێکترازانەوە تا ڕادەیەک لە قورسایی و کاریگەرییان لە سەر ڕەفتاری خەڵکی کوردستان کەم دەبوویەوە. لەم پێوەندییەدا ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات لە گەڵ هەستکردن بە هەموو ئەم پیلانگێڕی و کەمایەسیانە، بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و پێداچوونەوە بەسەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی خۆی، هەوڵی دا بە تێگەیشن لە کەمایەسییەکان، پتانسێلی کۆمەڵی کوردەواری و خوێندنەوە بۆ دەرفەت و مومکینەکان، بە ڕوانین و رویکەردێکی تازەوە درێژە بە خەبات بدا. حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات لەگەڵ پێداگری لە سەر حزووری پێشمەرگانەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لە نێوخۆی وڵات بە مەبەستی چالاکیی تەبلیغی و هیوابەخشین بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لە چوارچێوەی گوتارێکی نوێی گشتگیردا، تێ کۆشا لە ئاست و پانتاییەکی بەربەرینی جەماوەریدا خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی بکاتەوە. ئەوە بوو کە لە گەڵ ئەوەیکە تیمەکانی هێزی پێشمەرگە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا بە حزووری خۆیان، هیوا و هومێدیان بە خەڵک دەبەخشی و پەیامی هەرمانی بزووتنەوەی مافخوازانەیان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگەیاند، ڕێبەریی حیزب بەردەوام ڕوو بە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، چالاکانی سیاسی، مەدەنی، خوێندکاران، ڕێکخراوە ئەدەبی و ژینگەپارێزییەکان، لاوان و ژنانی داوای لێ دەکردن کە بەرانبەر بە چارەنوسی خاک و خەڵکی کوردستان نابێ کەمتەرخەم و پەراوێزخراو بن و پێویستە کە هەر دەرفەت و مەجالێکی گونجاو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ویست و داخوازییە خۆیان و نەتەوەکەیان کەڵک وەربگرن. زۆری نەخایاند کە ئەم هەڵوێست و بڕیارانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی گوتاری "ڕۆژهەڵاتمێحوەری"دا هێوا و جموجۆڵێکی بەرچا و سەرنجڕاکێشیان خستنە نێو دڵ و کۆمەڵگەی کوردستانەوە؛ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە باوەشی ئاوەڵاوە لە ناوچەکانی کوردستان پێشوازییان لێ کرا و سروودی "هاتنەوە هاتنەوە پێشمەرگانی دێموکرات" بوو بە وێردی سەرزمانی گەورە و چووکەی ئەو خەڵکەی کە چاویان بە پێشمەرگەکان دەکەوت و لە دڵ خۆیاندا میواندارییان دەکردن و دەیانحەواندنەوە. لە یەکی دیکەوە جموجۆڵە مەدەنییەکان ڕۆژ لە گەڵ لە پەرەسەندن و گەشەسەندندا بوون، ڕێکخراوە و ئەنجومەن و ناوەندە جۆراوجۆرە مەدەنییەکان زیاتر و ئاوەدانتر بوونەوە. خەڵکی ئاسایی چیدیکە بە چاوی گومان و دڵەڕاوکێوە نەیدەڕوانییە چالاکانی نێوخۆی وڵات و زۆری نەخایاند لە سەر بنەمای پشگیری و پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چالاکانی نێوخۆی وڵات، خەڵک بتمانەیان بە چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەخشی کە ئەمە لە نوعی خۆیدا دەسکەوتێکی بەرزی جەماوەرییە بۆ بزووتنەوەیەک گشگیری نەتەوەیی. پەرەسەندنی گوتاری نەتەوەیی لە کوردستان و شۆڕبوونەوەی بۆ ناوچەکانی خوارووی کوردستان، بەتایبەت لە ئیلام و کرماشان کە حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتی ئەم گوتارە دەکا و لەم پێناوەدا چ لە ڕووی گرینگیدان بەم ناوچانە لە گوتار و هەڵوێستیدا چ لە ڕووی گرێنگیدان بەم ناوچانە لە میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی‌دا، گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی بەرانبەر بە رێژیم و سیاسەتەکانی بەرفراوانتر کرد. بەتایبەت لە قەزیەی بوومەلەرزەکەی شاروچکەی ئەزگەلەی سەر بە پارێزگای کرماشان کە خەڵکی کوردستان لە هەڵوێستێکی نەتەوەیی گشتگیری جەماوەریدا بە هانای خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوانەوە چوون، لە نەوعی خۆیدا حەماسەیەکی مێژوویی لەبیرنەکراوبوو. سیاسەتی لە پەراوێزخستنی پرسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بە ئاکام گەیاندنی زۆری پیلان گێڕا و زۆری هەزینە بۆ کرد، لە ئاکامی سیاسەت و گوتاری "ڕۆژهەڵات‌مێحوەری"ی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پووچەڵ کرایەوە. ئەمە سەرکەوتنە سیاسییە گەورەیە کە بێگومان ئەگەر هیمەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و گیانبازیی شەهیدانی هەرگیز لەبیرنەکراومانی لە گەڵ نەبا وەدەست نەدەهات، بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان شانازییەکی گەورەیە و ڕیشەی لە پێگەی مێژوویی ئەم حیزبەدا هەیە. پێگەیەک کە ڕێژیمی دژی‌گەلیی کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا چاوی دیتنی نیە، بەڵکوو بۆ سەر تێفکرینە دواکەتوانەکانی و سیاسەتە ناپەسەندەکانی بە مەترسی دەبینێ. بۆیە جارێک بە تێرۆری ڕێبەرانی، قۆنا‌غێک بە ڕەشەکووژی و دەرمانداوکردنی کادر و پێشمەرگەکانی، دەرفەتێک بە لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی بەندکراوی، جارێکی دیکە بە تەقینەوە و دوایین جاریش بە پێشکەوتووترین چەکی ڕۆژ، مووشەکی بالستیک دەیکاتە ئامانج. بە ئامانجگرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە کاریگەریی هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە لە سەر ڕەفتار و هەڵوێستی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، پێوەندی بە پێگەی جەماوەریی ئەم  حیزبە لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، پێوەندی بە ئەو پاشخانە دەوڵەمەندە سیاسی و مەعریفییەوە هەیە کە حیزبی دێموکراتیان کردۆتە بەشێک لە کولتووری سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستان. بەئامانجگرتنی کۆبوونەوەی ڕێبەرێی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی و هێرشی مووشەکیی ڕێژیم بۆ سەر قەڵای دێموکرات، سەلمێنەری بوونی پێگەیەکی بەهێزی جەماوەریی حیزبی دێموکرات لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان و کاریگەربوونی سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئەم حیزبە و لایەنەکانی دیکەیە لە سەر ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بۆ سەڵماندنی ئەم ئیدیعایەش تەنیا پێویستە ئاماژە بە مانگرتنە گشتییە پڕشکۆکەی ٢١ی خەرمانان (چوار ڕۆژ دوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات) بکەین. خەڵکی کوردستان لەم ڕۆژەدا و لە سەر داوای حیزبەکانی کوردستان لە مانگرتنێکی گشتیی بێوێنەدا وڵامێکی ددانشکێنیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران دایەوە و کردەوە تێرۆریستییەکەی رۆژی ١٧ی خەرمانانیان مەحکووم و ڕیسوا کرد.