کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتاکەی دەرفەتدان و گرتنەوە؟!

02:29 - 16 خەرمانان 2719

هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ کۆمەڵگەی جیهانی لە هەوڵدایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێنێتە ڕەدایە کە وەک دەسەڵاتێکی سیاسیی بە پرەنسیپ هەڵسوکەوت بکا و بەجێی قەیرانخوڵقێنی لە ناوچەدا کۆمەگ بێ بۆ سەقامگیری و ئەمنیەت. ئەو هەوڵانە بە دوو ئاراستەی "هاندان" کە ئورووپا گرتوویەتە ئەستۆ و، "گوشار" کە بە زۆری لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ دەڕواتە پێشێ. ئەو 15 میلیارد دۆلارەش کە ئورووپا ساغ بۆتەوە لە ئەگەری ڕەزامەندیی ئەمریکا و لە زەمانەتی پارەی فرۆشی نەوت بیداتە ئێران بۆوەی پێملی "بەرجام" بمێنێتەوە و ئابوورییەکەی لەژێر گوشاری گەمارۆکانی ئەمریکادا بەتەواوی نەڕمێ؛ هەر لەو چوارچێوەیەدا جێ دەگرێ. ئەمە یەکەمجار نییە کە هەوڵی سازان لەگەڵ ئێران، ئەم ڕێژیمە نەحاواوە لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانی لە تەنگانە ڕزگار دەکا. پێشتر و لە کاتی بڕیاری دادگای مێکونووسیشدا نەرمینواندنی ئورووپا وەفریای ئێران کەوتبوو. بەڵام هۆی چییە کە ئەم هەمووە هەوڵی سازان و حاوانەوە لەگەڵ ئێران نابڕێتەوە؟ ئایا کۆمەڵگەی جیهانی دڵی بەوە خۆشە کە دەتوانێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بکاتە "تەیرە مەعقوول"ەکە؟ ئایا هەتا ئێستاش ئەم باوەڕەیان لەجێی خۆیەتی کە لە نێوخۆی ئێراندا دەکرێ بە هاتنە مەیدانی قۆڵێکی دەسەڵات _ بەناو میانەڕەو و ڕێفۆرمخواز_ ڕێ لە مەترسییەکانی ئێران بگیردرێ؟ یان ئەوەی هەتا ئێستاش ئالتێرناتیڤێک بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدۆزراوەتەوە؟ لە نێوخۆی وڵاتیشدا بارودۆخەکە شپرزەتر لەوەیە باس دەکرێ. کاریگەریی گەمارۆکان لەلایەک، ناکارامەیی و ناوەستایی بەڕێوەبەران لەلایەکی دی و سەرباقی ئەوەش درێژەی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانە نیشتمانییەکان هیندەی دیکە خەڵکی تووشی بێهیوایی و بێدەرەتانی و کۆمەڵگەی بەرەو قەیرانی زێدەتر بردوە. کەچی ئەم بارودۆخە پێچەوانەی چاوەڕوان دەکرێ پەرەی بە ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە ئاستی بەرفراوانی سەرتاسەریدا نەداوە و هەستان و ڕاپەڕینە بنەرەتییەکە بۆ لەکۆڵ کردنەوەی کۆماری ئیسلامی هێشتاکە هەر پاش دەخرێ؟ بۆ؟ ئاخۆ لێرەشدا نەبوونی بەدیل و جێگرەوە هۆکار و سەبەبە؟ ڕوون و ئاشکرایە ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە نیزیکەوە لەگەڵ شۆڕشە گشتگیر و بەربڵاوەکەی خەڵکی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی بوون، ئێستا کە خۆیان لەسەر تەختی دەسەڵاتن دەزانن کە دەبێ هەر هەموو ئەو بوار و بەستێنانە دابخەن کە ڕێفۆڕمی بنەڕەتی یان شۆڕش و ڕاپەڕینی جەماوەریی لێ دەکەوێتەوە. چل ساڵ سیاسەتی زەبروزەنگ، دەسەڵاتی سەرکوت و خنکاندنی ئازادییەکانیش تا ڕادەیەک ئەم ئاسوودەییەی بە ڕێژیم بەخشیوە. ڕاستییەکی تاڵە بەڵام لە ئێستای ئێراندا حیزبێکی سیاسیی بەهێز نییە بتوانێ کۆمەڵانی هەراوی خەڵك لەگەڵ خۆی ڕێک بخا، هەروەها لە هەناوی کۆمەڵگەشدا سازوکار و بزووتنەوەی مەدەنیی هیند بەگوڕ نییە بتوانێ داخوازە گشتییەکان بە ئاراستەی ملبەملەی دەسەڵات ببا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆمەڵگە بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشە و قەیرانەکان عەمباری باڕووتە و زۆرایەتیی بێدەنگ بەڵام ناڕازیی کۆمەڵگە لە چاوەڕوانیی دیتنەوەی مەرجەعێكدایە. ئەگەر لە ڕابردووشدا ڕێژیم بەهۆی دڕندەیی دەزگای سەرکوت و سەپاندنی کەشی ترس و تۆقاندن ئەم وەهمەی دروست کردبوو کە کەس ناتوانێ بەرهەڵستی ببێتەوە؛ لە دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی 96ـەوە ئیدی ئەم ترسەش لای خەڵک ڕەویوەتەوە. ئەوەی وەک بۆشاییەک لەو نێوەدا دەوری سەرەکی دەبینێ دیسان هەر نەبوونی متمانەی هەراوی کۆمەڵگە بەو دەنگ و هێز و لایەنانەیە کە لەو هەلومەرجەدا لە گۆڕەپانەکەدان و خۆیان وەک بەدیلی ڕێژیم وێنا دەکەن. لە تەنیشت ئەم هۆکارانە حەقیقەتێکی دیکەش هەیە: هەتا ئێستا باوەڕمەندبوون بە ڕێفۆڕم و چاکسازی کاتی یەکجار زۆری بۆ ڕێژیم کڕیوە تا بە سەرقاڵکردنی خەڵک بەو پڕۆژەیە درێژە بە سەقامگیریی خۆی بدا. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕوانگەی گشتیی خەڵک و تەنانەت دژبەرانی ڕێژیمیش بۆ نیزامی سیاسیی پاش کۆماری ئیسلامی وەک یەک نییە و ئۆپۆزیسیۆنی پڕشوبڵاوی کۆماری ئیسلامی بەجێی گەیشتن بە خاڵی تێگەیشتنی هاوبەش لە شێوە و جۆری حکومەتی داهاتوو و، یەکخستنی توانا و ڕیزەکانیان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی؛ چوار دەیەیە بەربەرەکانیی فیکری و نەزەریی یەکتر دەکەن. ئەوەی لە فۆڕمی ئۆپۆزیسیوندا هەیە لە ڕاستیدا کۆمەڵێک دژبەر و بەرهەڵستکاری لێک‌دوور و پەرتەوازەن کە دوژمنی هاوبەشیش نەیتوانیوە لە یەک بەرەدا کۆیان بکاتەوە. لە سۆنگەی ئەوەشەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بە گرانی، بە نەبوونی ئازادییەکان و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی گەردەلوولی تویتێری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قەتیس دەمێنێتەوە. بەوەندەش ناکرێ ڕێژیمێکی سەرکوتگەر و نادێموکراتیکی وەک کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە و ملدان بکەیت. دیارە بەوەش وزە و کاتێکی زۆریان بەفیڕۆ داوە و هەنگاوی یەکەم بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی و تێپەڕین لە ڕێژیمیش لێرەوە دەست پێدەکا: وەلانانی ناکۆکییەکان و خڕبوونەوە لە دەوری ئامانج و پڕەنسیپە گشتی و هاوبەشەکان، دوورکەوتنەوە لە دوگماتیزمی ئیدۆلۆژیک و ڕێکخراوەیی و قبووڵکردنی واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران و؛ یەکخستنی توانای گۆڕانخوازی و خەباتکارییان لە دژی ڕێژیم. ئەمە دەکرێ سەرەتا و بنچینەیەک بێ بۆ وەدەستهێنانی متمانەی گشتیی خەڵك کە لە هەموو فاکتەرێک سەرتر و گرینگترە. ئەم یەکیەتییەی هێزە سیاسییەکان لە قۆناغی دواتردا دەتوانێ کاریگەریی لەسەر شەرعییەتی دەسەڵات لە ئێران لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێ و ببێتە خاڵی کۆتایی هەموو ئەو گرتنەوە و دەرفەتدانەی زلهێزە جیهانییەکان هەتا ئێستا بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بوویانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەورەترین قەیرانی ژیانی سیاسیی خۆیدا نوقم بووە. قەیرانە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان تەنگیان پێ هەڵچنیوە، گوشارەکانی ئەمریکا و گەمارۆکان بڕستیان لێ بڕیوە، پاڕتنەر و هاوپەیمانەکانی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە گۆڕینی دۆخەکە لە بەرژەوەندیی ڕێژیمدا نییە، ناڕەزایەتییەکان دەتوانن لە هەموو بەستێنێکدا رێژیم بەچۆکدا بێنن، وە هەموو ئەوانەش لەگرەوی یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن و هاوبەشیی خەڵک لە بزووتنەوە ئێعترازییەکاندایە. دواڕێگا و تاکەڕێگای تێپەڕین لەو ڕێژیمە دروستکردنی ئەلترناتیڤێکی بەهێزە لە هەموو پێکهاتە ئیتنیکی و ئایینییە جۆراوجۆرەکانی ئێران کە باوەڕیان بە مافی بەرامبەر و وەکیەکی هەموو جۆراوجۆری و فرەییەکان لەم وڵاتەدا هەبێ، بۆ ئەوەش دەبێ هەموو لایەک لە خۆیان ڕا دەست پێبکەن و ئەم دێموکراسی و باوەڕمەندییە لە خۆیاندا نەهادینە بکەن و بەرەو قۆناغی یەکیەتیی نێوان خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی ڕێژیم بچن.