کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیداکاریی پەرستارێکی لاو، لە سنە

04:53 - 31 خەرمانان 2719

پەرەستارێکی لاوی خەڵکی ناوچەی سنە گیانی خۆی بەخشی هەتا منداڵێک لە مردن ڕزگار بکا. بە پێی سەرچاوە خۆجێیەکانی هەواڵ، ئاکۆ زەندی پەرستاری لاوی نەخۆشخانەی "تەوحید"ی سنە، کە حەوتەی ڕابردوو بۆ ئەوەی منداڵێک لە نێو ئاگر لە باخێک لە دەوروبەری سنە رزگار بکا، وەکوو پەرستاری فریاکەوتن ، بوێرانە هەوڵی خۆی دەدا و ئەو منداڵە ڕزگار دەکا، بەڵام بەشێک لە جەستەی ئەو پەرەستارە مرۆڤدۆستە لە ئاگردا دەسووتێ و پاش حەوتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی گیانی لەدەست‌دا. بڕیارە کۆمەڵگەی مەدەنی شاری سنە و بنەماڵەی مناڵە ڕزگاربووەکە، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا تەرمی ئاکۆ زەندی پەرستاری فیداکار بە خاک بسپێڕن و وەکوو هێمایەک لە ئینساندۆستی ڕێزی لێ بگرن. زانکۆی زانستیی پزیشکی "کوردستان" لە سنە وێڕای پشت‌ڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە پەیامی سەرەخۆشی خۆی بڵاوکردۆتەوە.