کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکۆڵینەوەی لیژنەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە هێرشەکەی سەر عەڕەبستان بەردەوامە

13:32 - 31 خەرمانان 2719

لیژنەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان چەند ڕۆژێکە خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی عەڕەبستان. لە حەوتووی ڕابردوودا هێرشێکی بەرین کرایە سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ئارامکۆ لە عەڕەبستانی سەعوودی و زیانێکی گەورەی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاند و بازاڕی نەوتی جیهانی لەگەڵ کێشە ڕووبەڕوو کردەوە. هەر لە هەمان کاتدا ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ئەو هێرشەی مەحکووم کرد و دواتر بۆ لێکۆڵینەوە لیژنەیەکی ڕەوانەی عەڕەبستان کرد کە تا ئێستاش ئەو لیژنەیە لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامە و جارێ هیچ ڕاپۆرتێکی لەسەر لێکۆڵینەوەکان بڵاو نەکردۆتەوە. هەر دوای هێرشەکان حوسییەکانی یەمەن کە لە ژێرفەرمانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان، ڕایانگەیاند کە هێرشەکە لە لایەن ئەوانەوە کراوە، بەڵام کارناسانی بواری سەربازی و شارەزایانی ئەو بوارە هەر زوو ڕایانگەیاند کە هێرشەکە لە لایەن حووسیەکانەوە ئەنجام نەدراوە و فڕۆکە و مووشەکەکان لە شوێنێکی دیکەوە ئاراستە کراون. لەگەڵ ئەوەی کە حوسییەکانی یەمەن سەر بە کۆماری ئیسلامین و هێرشی ئەوانیش هەر لەسەر ئەو ڕێژیمە بە حیساب دێ، بەڵام هەر دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان قسەکانی حوسییەکان ڕەتکرانەوە و دەرکەوت کە ئەنجامدانی هێرشەکە ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆماری ئیسلامی و لە شوێنێکی دیکەوە ئەنجامدراوە. سەرەتا باس لە خاکی عێراق دەکرا بەڵام دواتر بە پشتبەستن بە وێنەکانی مانگی دەسکرد، ڕاگەیەندرا کە هێرشەکە لە باشووری ئێرانەوە ئەنجامدراون. لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە نکۆڵیان لەوە کردوە کە دەستیان لەو هێرشەدا بێ، بەڵام پەنجەی تۆمەتی لایەنەکان هەر بەرەو ئەو ڕێژیمەن. کۆماری ئیسلامی بەپەلە چەند کەس لە کاربەدەستانی ڕەوانەی یەمەن کرد و حوسییەکانی یەمەنیش ڕایانگەیاند کە ئیتر هێرش ناکەنە سەر عەڕەبستان، بەڵام هەروەک چۆن لە سەرەتادا بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی ڕایانگەیاند کە هێرشەکە لە لایەن ئەوانەوە کراوە، ئێستا بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی لێکۆڵینەوەکان دەڵێن کە ئیتر هێرش ناکەینە سەر عەڕبستان و کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لەو ڕێگەیەوە خۆی لە دەست لێکۆڵینەوەکان و سزاکان قوتار بکا و بە خەیاڵی خۆی بۆ جارێکیتر بیروڕای گشتیی جیهانی چەواشە بکا.