کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مامۆستایەکی نیشتمانپەروەری ئایینی لە ناوچەی بانە

14:06 - 31 خەرمانان 2719

ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، مستەفا تەوحیدی ناسراو بە مامۆستا مەلا مستەفا تەوحیدی لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. مامۆستا لە دایکبووی گوندی "پیاوێنی" ناوچەی بانە بوو، لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، بەشداریی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا کرد و دواتر لە سەردەمی ڕێژیمی خومەینیدا لە دژی هێرشی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان، بەشداری شەڕەکانی ڕیگای بانە سەردەشت بوو. مامۆستا مەلا مستەفا پیاوێکی زانا و کوردێکی نیشتمانپەروەر بوو و پێشنویژی چەند گوندێکی وەک ئەشکان، دۆڵەگەرم، ڕەزگە و وەردێ لە ناوچەی سەردەشت و چەند شوێنێکی تر بووە. لە هەموو ئەو شوینانەی کە مامۆستای ئایینی بووە، وەک کەسێکی دڵسۆزی کورد و دژ بە چەوساندنەوە و زوڵم و زۆری ڕێژیمی ئاخوندەکان بووە. هەمیشە خەڵکی بەرەو ڕێگەی ڕاست و بۆ دژایەتی لەگەڵ زوڵم و ستەم هانداوە و هیچ کات زوڵمی قبووڵ نەکردووە و زۆر جار بۆ دیفاع لە خەڵکی ناوچەکە بەگژ زوڵم و زۆری بەکرێگیراوانی ڕیژیم داچوەتەوە و ئەوەش ببوو هۆی ئەوەی کە خەڵک زیاتر خۆشیان بوێ و ڕێزی لێبگرن. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی مامۆستا مستەفا تەوحیدی، خزم و کەوسوکاری و خەڵکی ناوچەی بانە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.