کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان ئیلام و کێشەی بێکاری

14:28 - 31 خەرمانان 2719

زیاتر لە سێ هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگای ئیلام ناویان بۆ دامەزراندن لە پترۆکیمیایی ئەو پارێزگایە تۆمارکردووە، بەڵام دوای ساڵێک چاوەڕوانی، پێترۆکیمیایی ئیلام رایگەیاندوە کە دامەزراندنی هێزی کاری نوێیان راگرتووە. بەڕێوەبەرانی ئەو پترۆکیمیاییە دەڵێن، پێویستییان بە هێزی کاری پسپۆڕ و شارەزا هەیە، بەڵام مۆڵەتی دامەزراندنیان نییە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەندامێکی ئەنجوومەنی شاری چواری پارێزگای ئیلام دەڵێت، بەڕێوەبەرانی پترۆکیمیایی ئیلام بە دزی خولی فێرکردنی خەڵک بەڕێوە دەبەن و ئەو کەسانە دادەمەزرێنن کە لە خۆیان نزیکن و زۆربەی ئەو کەسانەی دادەمەزرێن، خەڵکی خۆجێیی نین. تەنیا شتێک کە ئیلامییەکان بۆ دامەزران زۆر دڵیان پێیخۆشە، پیشەسازی نەوت و پترۆکیمیاییە. ئیلام لەم پێوەندییەدا سەرچاوەی زۆری هەیە و دەوڵەمەندە، بۆیە ئەگەری پەرسەندنی زیاترە و هەروەها پێویستییان بە ژمارەیەکی زۆری هێزی کار هەیە بەڵام زۆربەی هێزی کاری ئەو پارێزگایە لە ناوەندە حکوومەتییەکاندا لە دەرەوەی پارێزگاکە هاوردە دەکرێن. شایانی باسە کە ئیلام بەو هەمووسروشتە دەوڵەمەندەوە زیاترین ئاماری خۆکوژی و بێکاری لە ئاستی ئێراندا هەیە.