کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێپەڕینی چوار دەیە بەسەر شەڕی ئێران و عێراقدا

15:59 - 31 خەرمانان 2719

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٩ ساڵ بەسەر هەڵایسانی شەڕی ئیران و عێراقدا تێدەپەڕی کە بوو بەهۆی زیانێکی گەوری ئینسانی و ئابووری بۆ هەردوو وڵات و خەڵکێکی زۆر تێیدا ماڵوێران بوون. دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئاخوندەکان و بڕیاری هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ترس و نیگەرانی لای دەوڵەتانی دەوروبەر دروست کرد و سەرەنجام شەڕی دوو دەوڵەتی ئێران و عێراقی لێکەوتەوە. لەو شەڕە ماڵوێرانکەرەدا کە خومەینی بەڵینیی بەهەشتی بە چەکدارەکانی خۆی دابوو، ڕۆژانە شاهیدی کوژران و برینداربوونی چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە بووین و لە زۆر لەو هێرشانەدا کە ناوی جیاجیایان لەسەر دانرابوو بە هەزاران کەس دەبوونە قوربانی و ڕۆژانە بە هەزاران بنەماڵە داخدار دەبوون. لەگەڵ ئەوەی کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کۆتایی هێنانی ئەو شەڕە بڕیارنامەی ٥٩٨ی دەرکرد، بەڵام خۆمەینی، سەرمەستی ئەوە بوو کە لە ڕێگای کەربەلاوە بگاتە قودس و ئامادەی ڕاگرتنی شەڕەکە نەبوو. لەگەڵ ئەوەی کە زۆر دەوڵەت و لایەن و ڕیکخراو داوایان لێکرد کە کۆتایی بەشەڕەکە بێنن، بەڵام ئاخوندەکان کە گیانی ئینسان و چەکدارەکانیان بەلاوە گرینگ نەبوو، بۆ ماوەی هەشت ساڵ درێژەیان بەو شەڕەدا و سەرەنجام خومەینی کە زانی لە شەڕەکەدا شکست دەخوا، جامی ژاری نۆش کرد و دوای کوژران و برینداربوونی زیاتر لە یەک میلیۆن مرۆڤ، وێران بوونی چەند شار و هەزاران گوند، داڕمانی ئابووری وڵات و دەیان زیانی جۆراوجۆری تر کۆتایی بەو شەڕە ماڵوێرانکەرە هێنا. خۆمەینی وەک کەسێکی شەڕخواز، ساڵێک بەر لە دەسپێکی شەڕی ئێران و عێراق، فتوای جیهادی دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکرد و لەشکری سەرمەستی خوێن و جینایەتی ئەو ئاخوندە لە هێرش بۆ سەر کوردستاندا بە هەزاران کەسیان قەتڵوعام کرد، لاوانی کوردیان لە سێدارە دا و دەستیان دایە وێرانکردنی شار و گوندەکانی کوردستان. ڕێژیمی ئاخوندی بەهۆی درێژەپیدانی ئەو شەڕانەوە ئێرانی بەرەو وێرانی برد و تا ئێستاش ئاسەواری ئەو شەڕە بە ئێرانەوە دیارە. ڕێژیمی شەڕخوازی ئاخوندی دوای شەڕی ئێران و عێراقیش وازی لە شەڕ نەهێناوە و بە سیاسەتی ئاژاوەگێرانە و کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستی بۆ جارێکی تر دەیهەوێ ئێران بەرەو شەڕێکی مالوێرانکەری دیکە پەلکێش بکا. دەستێوەردانی ڕێژیمی ئاخوندی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پێکهێنانی گرووپ و میلیشیای تێرۆریستی لە وڵاتانی دەوروبەر، هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بوونەتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێی وەدەنگ بێ و لە ئاکامی ئەو سیاسەتە ئاژاوەگێڕی و شەرخوازانەدا شەڕێکی مالوێرانکەری دیکە تووشی ئێران بێ و بۆ دەیان ساڵی تر ئێران بەرەو وێرانی بچێ.