کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاترلە سەتا٦٠ی هێزەکانی ڕیژیم لە پارێزگەی سیستان وبەلووچستان

16:08 - 31 خەرمانان 2719

تووشی خەمۆکی دەبن لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندێکی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بە ناوی "زانیاری ئینتیزامی"لە سیستان و بەلووچستان لەم ڕۆژانەدا ئامارو داتایەکی لەسەر هێزەکانی ڕێژیم لەو پارێزگایە بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا هاتووە کە زیاتر لە سەتا٦٠ی هێزەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تووشی داڕمانی کەسایەتی ودڵەڕاوکێ و خەمۆکییەکی سەیردەبن. سیستان و بەلووچستان دوای کوردستان ئاڵۆزترین پارێزگای ئێرانە لە بواری ئاسایشەوە بۆهێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژ نییە کە هەواڵ و ڕاپۆرتی تێکهەڵچوونی چەکداری و گرتن و کوشتنی کاسبکاران و خەڵکی بەلووچ بڵاونەکرێتەوە. کۆماری ئیسلامی هەر وەکوو نەریتی خۆی ڕۆژ نییە کە بە درۆ و چەواشە لە میدیاکانییەوە سووکایەتی و بێڕێزی بە خەڵکی بەلووچ نەکا و ڕاستییەکان بە لارێدا نەبا، ئەمە لە حاڵێکدایە کە پارێزگای ناوبراو یەکێکە لە پارێزگا هەرە هەژارەکانی بندەستی کۆماری ئیسلامی، کە هەر ئەمەش وایکردووە خەڵکی بێکار و بێدەرەتانی بەلووچ ڕوو لە سنوورەکان بکەن و بۆ دابینکردنی ژیانیان گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. هێزەکانی ڕێژیم بە تایبەت هێزە سەربازییەکانی دەورێکی بەرچاویان لە سەرکوت و ئازاردانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی بەلووچدا هەیە و ڕۆژانە یان خەڵکی بێتاوان دەکەنە قوربانی یان خۆیان دەبنە قوربانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئاخوندی، هەربۆیە زیاتر لە بواری ڕۆحی و دەروونییەوە تێکدەچن و هەروەک لە لێکۆلینەوەکەدا هاتووە، تووشی داڕمانی کەسایەتی و خەمۆکییەکی لەڕاددەبەدەردەبن کە لە ژیانی ئاسایی و بنەماڵەیی و تەنانەت ئۆرگانیی و ڕێکخراوەیی خۆیشیاندا ڕەنگدانەوەی بەرچاوی دەبێ کە لێکترازانی بنەماڵەیی و هەڵسوکەوتی نەشیاو و نالەبار لە گەڵ بنەماڵە و خزم و کەسی ئاسایی و تەنانەت هاوکارانی خۆیشیاندا لەم دیاردانەن کە بەرۆکیان پێدەگرێ. هەربەپێی ئەو ئامارگەلە لە یەک حەوتوودا لانیکەم تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەو پارێزگایە ڕوودەدا، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێخستنی بەشگەلێک لە ئێران لەوانە کوردستان و سیستان و بەلووچستان و لە بەرانبەریشدا دەبێتە هۆی بەرەنگاربوونەوەی خەڵک و تێکهەڵچوونی چەکداریشی لێدەکەوێتەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی نەک هەر هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان نانێ، بەڵکوو هەر بڕوای بە مافی مرۆڤ نییە و گاڵتە بە مرۆڤایەتیش دەکا . ئەم ئامارانە دەرخەری سیاسەتی نادرووست و نابەجێی ڕێژیمە دیکتاتۆر و توتالێتێرەکانە کە بەداخەوە هەندێک خەڵکیشی تێوەدەگلێ و دەبنە قوربانی سیاسەت و بەرژەوەندی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکانی ئێران.