کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی داراییەکانی خەڵکی ئێران بەدەستی مافیا یاساییەکانی ڕێژیم

16:35 - 31 خەرمانان 2719

فەساد و گەندەڵی وهەڵتۆقینی مافیا ئابوورییەکان بە پانتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ژێرپێی هێز و دەسەڵاتێکی سەربازی تەواودا کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبەری ڕێژیمی ئاخوندی "عەلی خامنەیی" کە لە کێبەرکێی دزی و بەتاڵانبردنی داهات و داراییەکانی خەڵکی ئێراندا کەسی یەکەم و بێڕکابەرە لەلایەک و گەلانی ژێردەست وبێدەرەتانی ئێران لە لایەکی دیکەوە بۆتە شوناسی وڵاتی ئاخوندلێدراوی ئێران . بە وتەی"بێهزاد نەبەوی"چالاکی سیاسی ڕیفۆرمخواز، لەسەتا٦٠ی داراییەکانی ئێران لە ژێر دەستی چوار ڕیکخراودان کە هیچیان پێوەندی بە حکوومەت و مەجلیسەوە نییە،"ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، ئاستانی قودسی ڕەزەوی، قەرارگای خاتەم و بونیادی موستەزعەفان"، کە سێ لەو ڕێکخراوگەلە لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی"عەلی خامنەیی"دایە و تەنیا ڕاپۆرت بە ناوبراو دەدەن ئەویتریشیان بە ناوی "قەرارگای خاتەم" کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمە ناڕاستەوخۆ هەر دێتەوە ژێر باڵی خامنەیی. "نەبەوی" هیچ ئاماژەیەکی بە ڕاددەی داراییەکان نەکردووە، هەروەها لە چل ساڵی ڕابردوودا کەس نەیوێراوە ئامار و داتایەک لەو چوار ناوەندە بڵاو بکاتەوە، تەنانەت مەجلیسی خۆبرەگانی ڕێژیمیش کە بەناو بۆ چاوەدێری بەسەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی درووست بووە دەستی تێکەڵە و خۆی پاراستووە لە هەرچەشنە ئاماژەیەک بەو ناوەندانە. شایەنی باسە کە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ٢٠ی گەڵاڕێزانی٩٢ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکی توێژینەوەییدا نووسی کە تەنیا داراییەکانی "ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام" زیاتر لە ٩٥ میلیارد دۆلارە. هەروەها بێهزاد نەبەوی لە وتووێژێکدا لە گەڵ ماڵپەڕی "ئەلف" وتی: کە نابێ کێشەکانی وڵاتی ئێران بە کردەوە وسیاسەتی دوو باڵی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز پێناسە بکرێن، زۆر قووڵتر لەوانەن . لە درێژەدا نەبەوی ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتی دەوڵەت بە پێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لەسەتا ١٠ تا سەتا ٢٠ی دەسەڵاتی گشتیی وڵاتە هەربۆیە نابێ چاوەڕوانی زۆرترمان لە دەوڵەت هەبێ . جێی ئاماژەیە کە بەرپرسانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدابردنی ڕوانینی کۆمەڵگە، دووباڵەکێ و لەقاودانی یەکتریان لە ئاستێکی سنوورداردا کردۆتە سیاسەتی هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆیان.