کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی خەرمانان شکۆی شار

19:28 - 31 خەرمانان 2719

لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی گەلی کورددا زۆر ڕۆژ و بۆنە هەن کە هەرکام بە جۆرێک دەرخەری ڕووداوێکی گەورەی مێژوویین و لە مێژووی گەلی کورددا جێگای تایبەتییان هەیە. زۆربەی ئەو ڕۆژ و ڕێکەوتانە دوانەیەکن لە کارەسات و بەرنگاری، واتە جاری وابووە کە کارەساتێک رووی داوە و گەلەکەمان بە گشتی هەڵوێستێکیان نواندوە کە نەک لە کارەساتەکەدا نەماونەتەوە کەچی لە دڵی ئەو کارەساتەدا ژیانەوە و بووژانەوە و بەرنگارییان خولقاندوە کە ئەو هەڵوێستە مێژووییانە خۆی بووەتە لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی گەلەکەماندا. کارەساتی ١٧ی خەرمانان واتە مووشەکباران کردنی قەڵای دێموکرات و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمیتە ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە شازدە شەهیدی لێ کەوتەوە و لە سێدارەدانی چەندین زیندانیی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ڕووداوێکی دیکەی لەم چەشنە بوو کە سەرەتا کۆست بوو، بەڵام دواجار شکۆی ٢١ی خەرمانانی بەدوای خۆیدا هێنا. دیارە ئەگەرچی لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە یەکەم جار نییە کە تێکۆشەرانی کورد بکەونە بەر پەلاماری تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە و لەم سۆنگەیەوە زەبریان بەر کەوێ، بەڵام کارەساتی ١٧ی خەرمانان یەکێک لەو دەگمەن ڕووداوانەیە کە دەکرێ بڵێین لە مێژووی بزووتنەوەی کورد و تەنانەت ناوچەشدا گرینگ، بێوێنە و باسهەڵگرە. بێوێنە لەم بارەوە کە ئەوە یەکەم جار و لەو دەگمەن حاڵەتانەیە کە ڕێژیمێک لەم ناوچەیە و بگرە لە جیهانیشدا سەرکردایەتیی حیزبێکی ئۆپۆزیسیونی خۆی بە مووشەکی دوورهاوێژ ئەویش لەنێو خاکی وڵاتێکی دیکەدا بکاتە ئامانج. هەروەها ئەوە یەکەم جارە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە ڕووهەڵماڵاوی بەرپرسایەتیی ئەو پەلامارە دەگرێتە ئەستۆ و ڕاشکاوانە دەڵێ کە ئامانجمان لەو پەلامارە لە نێوبردنی سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. ئەگەرچی ئەو تاوانە تیرۆریستییە زەربەیەکی قورس بوو کە وە حیزبی دیموکراتی کوردستان کەوت و شەش ئەندامی بەوەجی رێبەری و، هەشت کادر و پێشمەرگەی لێهاتووی ئەم حیزبەی لە بزووتنەوەی کورد ستاند، بەڵام ئەوە هەر حیزبی دیموکرات بوو کە توانیی سەرەڕای هەڵگرتنی ئەو برینە قورسە لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێ و بۆ تاقە یەک ڕۆژیش لە کار و تێکۆشان نەوەستێ. ئەم کارەساتە هەر برینێک نەبوو کە حیزب هەڵیگرێ، بەڵکوو لە راستیدا نیشتمانێکی زامدار کردبوو. هەر چوار ڕۆژ دوای ئەم تاوانەی ڕێژیم ئەوە خەڵک و بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان بوون کە لە هەڵوێستێکی ئازایانەدا ڕۆژێکی پڕسەروەریی دیکەیان خستە سەر پاشخانی مێژووی سیاسیی گەلەکەمان. ٢١ی خەرمانان و مانگرتنی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان هەر بۆ ڕیسواکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و پشتیوانی لە حیزب و ڕۆڵە خەباتکارەکانی خۆیان نەبوو، بەڵکوو بەولاوەتر ڕێفراندۆمێک بوو تا بە هەمووان بڵێ کوردستان کوێیە و خاوەنی کێن! بەڵێ ٢١ی خەرمانان تەنیا ڕۆژێک و مانگرتنێکی سادە نەبوو، بەڵکوو زۆرانێکی زۆر جیددیی نێوان بزووتنەوەی کورد و کۆماری ئیسلامی لە ئێران بوو، کە دیار بوو دواتر کامیان براوەن! چل ساڵە کۆماری ئیسلامی بۆ کەلێن خستنە نێوان خەڵک و حیزبەکان و هەروەها شکان و بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی کوردستان هەرچی لە دەستی هاتووە کردوویەتی. لە هەوڵە هەمەلایەنەکانی بۆ دەرپەڕاندنی سەرکردایەتیی حیزبەکان لە کوردستان بگرە هەتا تیرۆر و ڕەشەکوژیی ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کە حیزبەکان لە خەڵکی کوردستان داببڕێ و بە دنیای دەوروبەر و دەرەوەش بڵێ کە شتێک بە ناوی پرسی کورد لە ئێراندا نییە. هەڵبەت لەو ململانێیە چل ساڵەدا دۆڕاوی ئەو مەیدانە هەر کۆماری ئیسلامی بووە، و ٢١ی خەرمانای 1397ی هەتاویش بەڵگەی زیندووی ئەم ئیددیعایەیە. دیارە بە درێژایی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان و بە تایبەتی لەم چل ساڵەی رابردوودا ئەوە یەکەم جار نیە کە خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر رووداوە جۆربەجۆرەکاندا هەڵوێست دەنوێنن. دەکرێ بڵێین سەرەڕای هەموو زەبر و زەنگ و فشار و گرتن و راوەدوونانی چالاکان و رێکخەرانی ئەو جۆرە حەرەکەتانە خەڵک بەردەوام لە سەر پێ و خاوەن هەڵوێست بوون. ئەو هەڵوێستەی خەڵک جاری وابووە بە هاتنە سەرشەقام و تەنانەت بۆ پشتیوانی لە خەباتی پارچەکانی تری کوردستان و جاری واش هەبووە بە مانگرتن و داخستنی دوکان و بازاڕ بەرانبەر بەو سەرەرۆییانەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەڕێوە چووە. نموونەی ئەوە دەکرێ ئاماژە بە هەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە سەرەتای پەلاماری ئەرتەش و سپای کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان یان کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان، یا دواتر ناڕەزایەتی نیشان دان بەرانبەر بە تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو و دواتر زیندانیانی سیاسی و چەندین رووداوی لەو چەشنە، بەڵام ئەو هەڵوێست نواندنە و ئەوخەباتە یەکگرتوو و هەمەلایەنی خەڵکە دەکرێ بڵێین لە ٢١ی خەرماناندا گەییشتە لووتکە. ٢١ی خەرمانان کە زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی بە ڕێفراندۆمی خەڵکی کوردستان ناوی دەبەن، پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاشکرا و ڕاشکاو بوو بۆ هەموو لایەک. بەتایبەت پەیامی ئەو ڕۆژە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران ئەوە بوو کە ئەم گەلە پشت لە ڕۆڵە خەباتکارەکانی خۆی ناکا و هیچ چەشنە ئامراز و شێوەیەکی سەرکوت ناتوانێ ئەوان لە مەیدان وەدەربنێ و بە تێرۆر و مووشەکی بالستیکیش چاوترسێن نابن. هەڵبەت لەو رۆژەدا خەڵکی کوردستان لە جوابی داوای حیزبەکان بۆ مانگرتنی سەراسەری وێڕای جوابدانەوە بە داواکەیان و خولقاندنی ئەو حەماسەیە لە راستیدا پەیامێکیشیان بۆ حیزبەکان هەبوو، ئەویش ئەوە بوو ئەگەر ئێوە یەکرتوو و پاڵپشتی یەکتر بن ئێمەش لە گەڵتانین. پەیامێکی دیکەی ٢١ی خەرمانان بۆ ئەو لایەنانە بوو کە هاوتەریب لەگەل کۆماری ئیسلامی خەونی گولی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەبینن و چەندین ساڵە لە هیچ چەشنە دژایەتی و ناوزڕاندێک بەرانبەر بەم حیزبە درێغییان نەکردوە، لەو ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان سەلماندیان و بە هەموو لایەکیان نیشان دا کە ئەوان حیزب و ڕێکخراوی جێ متمانە و ڕیشەداری خۆیان هەیە و پێوەندیی ئەوان لەگەڵ حیزبەکان و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانیان وەک هەمیشە پێوەندیی ئاو و ماسی و، خاک و خۆرە و هەرواش دەمێنێتەوە. هەر بۆیە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان و ڕێفراندۆمەکەی ئەم ڕۆژە بۆ هەمیشە وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی بزووتنەوەی کورددا دەمێنێتەوە و تابڵۆیەکی جوان و پڕ واتایە لە شکۆی “قەڵا” و “قەڵافەتی “شار”.