کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوێستانەکانی سەقزەوە بۆ دەشتی هەبەتوو

00:32 - 1 رەزبەر 2719

ڕۆڵەکانی سەقز هەر لەکۆنەوە و بەتایبەتی لە دەورانی کۆماری کوردستانەوە لە مەیدانی بەربەرەکانی دژی دوو ڕێژیمی سەرەرۆی پاشایەتی وئیسلامیدا دەوریان بووە و وەک هەمیشە بۆ دیفاع لە مەوجوودییەت و پاراستنی شەرەف وکەرامەتی گەلەکەیان لە هیچ کردەوەیەکی شۆڕشگیرانە بۆ پاراستنی نیشتمان دریغیان نەکرد. بەتایبەتیتر لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی کۆمار ئیسلامی تێکۆشەرانی ئەو مەڵبەندە بەهێزتر دەرکەوتن و وەک رێبوارانی شەهیدانی کۆمار و فیزوڵابیگی هەردەم لەمەیداندا خۆیان نیشان دەدا. سەقز لە پێنج ناوچە وەک خوڕخوڕە، سەرشیو، گەورگ، تیلەکۆ و فەیزوڵابەگی پێکهاتووە و بەشی هەرەزۆریشی کوێستانی و شاخاوین. ئەو ناوچەیە بۆ خەباتگێرانی دێموکرات لەباری نیزامییەوە گرینگیی خۆی هەیە. بەشیكی تیلەکۆ کە پێی دەڵین پێدەشتی "بان هەبەتوو"یان (بان هەوەتوو)، لە نێوان شارەکانی سەقز، دیواندەرە و تیکاب هەڵ کەوتوە و دەشتایەکی زۆرە کە بۆ مانەوە و هەڵسووڕان و مانۆر‌دانی پێشمەرگە شوێنێکی دژوار ئاستەنگ بوو. هێندێک جار بەتایبەتی دوایی میلیتاریزە بوونی ناوچە پێشمەرگە و کادری کومیتەی ناوچە بە چەند ڕۆژ سەردانیان دەکرد و زۆر بە وریایی هاتووچویان تێدا دەکرد و هێندێک جاریش لەگەڵ هێزی دوژمن تووشی پێکدادان دەبوون کە بە داخەوە چەند کادر و پێشمەرگەش لەم ناوچەیەدا شەهید بوون. هاوینی ساڵی ١٣٦١ هەتاوی کۆمیتەی شارستانی سەقز و هێزی عەزیز یوسفی بڕیار دەدەن بە هێزێکی زۆرترەوە جەولەیەک بۆ ئەو ناوچەیە بکەن و ئەگەر لوا زەبرێکیش لە دوژمن بوەشێنن. بۆ ئەو مەبەستە دوو لک پێکەوە بەرەو ناوچەی بان "هەوەتوو" وەڕێ کەوتن. ئەم هێزەی حیزب لە کاتی ڕۆیشتن بۆ بان هەبەتوو ئێوارێ چوونە شوێنێکی حەساسی وەک سەر جادەی سەقز_ سنە و لە نیزیک گوندەکانی "شەمسە" و "میراوە" جادەیان گرت و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک قسەیان کرد. دوای تەواو کردنی کاری سەرجادە ڕوویان لەو پێدەشتە کردو  پاش چەند رۆژ سەردانی چەند گوندی گەورەی ئەو ناوچە و کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵک و باسکردنی سیاسەتی حیزب و لەقاودانی پیلانەکانی ڕێژیم لە کارەکانی ئەو جەوڵەیەدا بوو. ڕێژیم بە بوونی ڕۆڵەکانی دێموکرات لەو ناوچەیە کێچی کەوتە کەوڵی و دستی بە پیلانگێڕی کرد کە بتوانێ لەو ناوچەیە زەبرێک لە ‌هێزی گەل بدا. هەر بۆیەش تێکۆشەرانی دێموکرات بەپێی ئەزموونی خۆیان دەبوو شوێنێک دیاری بکەن کە جێگای بەربەرەکانیی هەبێ بۆ ئەم مەبەستە گوندی "زەکیوە" و "مەڕانی سەروو"یان هەڵبژارد. خەڵکی ئەم گوندانە لە باری ئابوورییەوە بە بەراوەرد بە خەڵکی ناوچەکانی دیکە وەزعیان باشتر بوو، بەڵام بە داخەوە ژمارەیەکیان فریوی رێژیمیان خواردبوو و چەکی دوژمنیان هەڵ گرتبوو، و چەند گوندێکش بەزۆر چەکدار کرابوون کە لەسەر هەڵسووڕان وهاتووچۆی پێشمەرگە لەم دەڤەرە بەربەستیان پێک دێنا. دوای چەند ڕۆژ مانەوە لەنیوەی یەکەمی مانگی گلاوێژ دەستەیەک لە گوندی زەکی و دەستەیەک بۆ پشتیوانی لە گوندی مەڕان جێگیر کران، مەوقعییەتی گوندی زەکیوە بۆ زەبرلێدان لەدوژمن گونجاوتر بوو. چونکی دار و چەم و چەند بەرزاییەکی لە لەدەوری خۆی هەبوو. دوای ڕووناکیی هەوا دیدەبانەکان هەواڵ بە فەرماندەکانیان دەدەن کە ستوونێکی زەبەلاحی دوژمن بە چەندین ماشێنەوە بەرەو ئەوان دێن. بەبیستنی هاتنی هێزی دوژمن فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە بڕیاریان دا زەبریکی وەها لەبیر نەکراو لە هێزی دوژمن بدەن کە لە ناوچەکەدا دەنگ بداتەوە. هەر بۆیە لە نێو چەم و نزیک ئاوایی کەمینیان بۆ داگیرکەران دانا و دوژمنیان لە داو خست و شەڕێکی سەخت لەبەرامبەر هێزی زۆری دوژمن دستی پێکرد. شەڕی دەستەویەخە تا نزیک  نیوڕۆ درێژەی کێشا و سەرئەنجام هێزی داگیرکەر تووشی شکان هات و دوو ماشینیان کەوتە دەست پێشمەرگەکان و هێزی شکاوی دوژمن گەڕایەوە بۆ شاری دیواندەرە. پێشمەرگەکان بەپێی ئەزموونەکانی شەڕی پارتیزانی دەیانزانی کە دوژمن دوای شکستی هێزەکانی بۆ تۆڵەکردنەوە خۆی ڕێک دەخاتەوە و، بە هێزی زیاتر، چەک وچۆڵی تەیارتر و تۆپخانەی قورستر پێوشوێنیان دەکەوێ. تەنیا چەند ڕۆژ دوای شەڕەکە، پێشمەرگەکان بۆ کاروباری حیزبی ڕوو لە گوندی "گۆڕباوەلی" کە لەسەر ڕێگای تیکاب هەڵ کەوتوە دەکەن کە هەواڵیان پیدان هێزیکی زۆری دوژمن لە ئیرانشا و گەردەنەی تیکاب خۆیان بۆ هێرش ئامادە کردوە. ڕۆژی دواتر پێشمەرگەکانی هێزی عەزیز یوسفی لە چەند لاوە هێرشی گەورەیان کرایە سەر. ڕێژیم دەیویست بە هێرشێکی "گازەنبوری" لە سێ لاوە لە گەمارۆیان بخا و لەو پێدەشتانەی "گۆرباوەلی" و "قەڵا کۆن" زەربەی قورسیان لێ بدا. پێشمەرگەکان لە چەند شوێن کۆکرانەوە و بابەتی پووچەڵ کردنەوەی پیلانی دوژمن و گۆڕینی تاکتیکی خۆیان تاوتوێ کرد. پاشان نانی شەویان خوارد ودواتر هەموو لک و پەل ودەستەکانیان ئاگادار کردەوە کە هەرکەس پارتیزانی نانی خۆی هەلگرێ کە ڕێگایەکی دوور و درێژیان لەپێشدایە. پاش هەموو کارێکی حیزبی و پاش ڕێگایەکی دوور بەری بەیان، ناوچەی بان هەوەتوویان بەجێ هێشت و خۆیان گەیاندە بەرزاییەکانی ناوچەی فەیزوڵابەگی بۆ لای پشتی قەپلانتوو، پاشبلاخ و کۆرکەن. بە گەیشتنیان بۆ ئەو بەرزاییە ئەگەرچی ماندوو بوون بەڵام دڵنیا بوون بێتوو گەورەترین هێزی دوژمنیش هێرشی هێنابایە، پێشمەرگە خۆراگری دەکا و تووشی شکانی دەکات. ماوەتە بڵێم ئەو جەولە سیاسی و نیزامییەی بۆ پیدەشتی بانهەوەتوو کرا، گرینگی خۆی هەبوو. چونکی دوژمن لەمێژبوو لەو ناوچەیە زەبری وێنەکەوتبوو  و لەم جەولەیەدا ئەم زەبرەی خوارد.  پیشمەرگەش هەموو سڵامەت بوون. لەوە گرینگتر تاکتیکی فەرماندە بەتواناکانی حیزب ئەوەی دەرخست کە لەکاتی ئەوتۆدا بۆ هێرشی گەورە مجال بەدوژمن بدەی بەسەر هەواری خاڵیدا بکەوێ و ئەویش لێکگرێدانی هاوکاریی خەڵک پیشمەرگەوە پێکەوە توانی پیلانی دوژمن پووچەڵ بکاتەوە، هەروەها خاڵێکی دیکە ئەوەیە کۆمەڵێک لاوی خوێنگەرمی تازە ڕووی کردە ریزەکانی حیزب کە لە ئەژمار نەدەهاتن. ئەوانەش هەموو نیشانەی سیاسەتی دروست و ئوسولیی حیزب بوون کە لەلای خەڵک پەسند و پیرۆز بوون.