کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگەی زیندوو، بژاردەی خەوتوو

00:40 - 1 رەزبەر 2719

ڕووداوی مووشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، یەکێک لە ڕووداوە تاڵ و گەورەکانی مێژووی بزاوتی نەتەوەیی کورد و حیزبی دێموکراتە کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ ئەوە ئەگەرێتەوە کە بۆ یەکەم جار لەو ئاستەدا لە لایەن وڵاتێکی داگیرکەری کوردستانەوە، حیزبێکی کوردی کەوتە بەر پەلاماری مووشەکی. واتە، پیشتر ئەم چەکە، کە بۆ جەنگە گەورەکان و شەڕی نێوان وڵاتان بە کار دەهێنرێ، دژی بزووتنەوەی کورد یان هیچ هێزێکی سیاسی لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان بەکار نەهاتبوو و بۆ یەکەم جار لەسەر پەیکەری بەتەمەنترین حیزبی کوردستان تاقی کرایەوە. ئەم پەلامارە بۆ سەر حیزبی دیموکرات لایەنی جۆراوجۆری هەیە، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازیی و سیاسییەوە لێکدانەوەی قووڵ هەڵدەگرێ و لە ئاستی جیاوازدا قسەی لەسەر کراوە. ئەوەی مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەیە، بەراوەردێکە لە نێوان دوو پەرچەکرداردا بەرانبەر بەم رووداوە لە ئاستی کوردستان دا. یەکەم: دژکردەوە و هەڵوێستی گشتیی کۆمەڵگە، وەک رای گشتی. دووەم: هەڵوێستی توێژی بژاردەی کۆمەڵگە. لەم سۆنگەیەوە، ئەتوانین تیشک بهاوێژینە سەر ئەم پرسیارگەلە کە ئایا دژکردەوەی کۆمەڵگەی ئێمە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بڵێین خاوەن کۆمەڵگەی زیندووین؟ لە بەرانبەردا گەلۆ کارەساتی موشکباران کردنی قەڵا، توانیی بژاردەی سیاسی و ڕووناکبیریی کورد (بەتایبەت لە رۆژهەڵات) وەخەبەر بێنێ؟ یان بەگشتیی دژکردەوەی بژاردەی کۆمەڵگە لە ئاستی گەورەیی کارەساتەکەدا بوو یان نا؟   کاردانەوەی کۆمەڵگە ئەگەرچی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بندەستیی دەسەڵاتێکی داخراوە و ملیتاریستی دایە و دەرەتاتی هەر چەشنە چالاکییەکی ئازادانەی سیاسیی بەڕوودا داخراوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕۆژهەڵات دامرکێ و ببێتە کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ و بێ هەڵوێست. بەسەرنجدان بەوەی کە ئازادیی جموجۆڵی سیاسی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕن و زیندووە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو پەڕی داخراوی سیستمی سیاسی و لە ژێر کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا توانیویەتی ئەم تایبەتمەندییە لە خۆیدا جێ بخا و نموونەیەکی بابەتییانەی کۆمەڵگەیەکی زیندوو بێ. بێگومان هۆکاری سەرەکیی ئەم زیندوویەتییەش ئەگەڕێتەوە بۆ گەشەی بەردەوامی بیری نەتەوەیی و ئەزموونی بەردەوامی کاری ڕێکخراوەیی و سیاسیی لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لەو بەشەی کوردستان. بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش ئاماژە بەم چەند نموونەی خوارەوە بە پێویست ئەزانم: یەکەم، مانگرتنی گشتی خەڵک (هەموو ساڵێک) لە ساڵرۆژی تیرۆری د.قاسملوودا لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا وەک نەریتێک جێ کەوتوە و لە ڕۆژی 22ی پووشپەڕدا، بەشێوەی گشتیی خەڵکێکی زۆر ناچنە سەر کار و وەک ناڕەزایەتییەک لە ماڵەکانیان ئەمێننەوە و دوکان و بازار دادەخەن. دووهەم، ناڕەزایەتیی خەڵکی شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان دژی کوشتنی "شوانەی سەید قادر" لە ساڵی 2005 دا. سێهەم، ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتیی خەڵک دوای لە سێدارەدانی "فەرزاد کەمانگەر" و هاوڕێیەکانی لە ساڵی 2010 دا. چوارەم، ناڕەزایەتیی خەڵک بەرانبەر بە ڕووداوی هۆتێل تارای مەهاباد و کوشتنی فەریناز خوسرەوانی لە ساڵی 2015.  شەشەم، ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی شاری بانە دژی کوشتنی کۆڵبەران لە ساڵی 2017دا. حەوتەم، ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان بەگشتیی و شاری مەریوان بەتایبەتی دوای ڕوودای شەهید بوونی شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی لە ساڵی 2018دا. هەشتەم، مانگرتنی گشتی و هەڵوێستی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە مووشکباران کردنی قەڵای دێموکرات لە ڕۆژی 17ی خەرمانان و هەروەها لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی رامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی لە هەمان رۆژدا کە لە ڕاستیدا تازەترین نموونەی لووتکەی هەڵوێستی خەڵک و لووتکەی زیندوویەتیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بوو. ئەگەر سەرنج بدەین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سیاسەتی سەرکووتکردن و کەشی میلتاریستی زاڵ بەسەر شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، نەتەنیا کەمی نەکردووە، بەڵکوو توندتر و دڕاندانەتر بووەتەوە، ئەوەی لەم نێوانەدا گرنگە پەرچەکرداری خەڵکە کە نەتەنیا داخراویی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی سیستمی سیاسی نەبووەتە هۆی ئەوەی بکشێتەوە و دامرکێ، بەڵکوو وەک ئاگر زیاتر بڵێسە سەندوە و گڕدارتر بووە. بەدیوێکی دیکەدا، ئەکرێ بێژین بەپێی ئەو نموونانەی سەرەوە، هەر چی گوشار و پەلاماری حکوومەت زیاتر و دڕاندانەتر بووبێ، ئەوا لە بەرانبەردا پەرچەکرداری کۆمەڵگە بەرفراوانتر و بەهێزتر بووە. لە دوایین نموونەدا ڕۆژی 21ی خەرمانانی ساڵی پار، بەقەرا گەورەیی رووداوەکە، پەرچەکرداری کۆمەڵگەش گەورە و کاریگەر بوو.   رۆڵی بژاردەی کۆمەڵگە لەپێوەندیی لەگەڵ ئەم ڕووداوە گەورانەدا کە کۆمەڵگە ئەهەژێنن، ناکرێ ڕۆڵی بژاردەی کۆمەڵگە ڕچاو نەکرێ و لە ڕاستیدا بەو جۆرەی کە باوە بژاردەکانی کۆمەڵگە ئەشێ ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن و ئاراستەی ڕووداوەکان بکەن. بۆیە لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە گەلۆ بژاردەی سیاسیی و هزریی ئێمە گەییشتووەتە ئەو ئاستە لە ئاگایی و وشیاریی کە بتوانێ سنوورە تەسکەکان دەرباز بکا و مەودای بیرکردنەوە و ڕوانینی فراوانتر بکا؟ ئەگەر بەپێی بۆچوونی "ئێدوارد سەعید" چاو لە بابەتەکە بکەین کە پێی وایە بژاردە و ڕووناکبیرەکانی کۆمەڵگە ئەشێ بەرانبەر بە ڕووداوەکان هەڵوێستیان هەبێ و ئەخلاق و بەها مرۆییەکان بکەنە پێوەر، ئەوا وەڵامی پرسیارەکە "نا" یە و مەخابن توێژی بژاردە لە کۆمەڵگە ئێمەدا هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە لە ئاگایی و فراوانبیری. لەم ڕوانگەوە ئەگەر سەیری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بکەین، بەتایبەت ئەبینین ئەو بژاردەیە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەژی، نەیتوانیوە ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێ و لەگەڵ گرفتی جیددی بەرەوڕوویە. بەدیوێکی دیکەدا، ئەم توێژەی کۆمەڵگەی ئێمە بەسەر چەندین گرووپی بچووک و ناوەندی جیاجیادا دابەش بوون و مەودای ڕوانین و هەڵوێستیان لەو بازنە بچووکانە ناترازێ و لەبەرگی "کوردایەتییەکی ڕووکەش"دا کە بە وەهم و خەیاڵ بارگاویی کراوە، جاروبار خۆی ئەنوێنێ. هەڵبەت لێرەدا پێویستە دابەشکارییەک بکەین لە نێوان ئەو بژاردەیەدا کە لە دەرەوەی جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێیە کە ئەویش یەکەم: بژاردەی سیاسییە کە حیزبە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵات تەعبیری لێ ئەکەن و دووەم: بژاردەی رووناکبیرییە کە پێک دێ لە کۆمەڵێک دەموچاو و کەسایەتیی جۆراوجۆر کە هەر کام لە بواری خۆیاندا ناسراون و خاوەن ناوبانگ و پێگەن. لە ئاستی یەکەمدا، ئەوەی کە حیزبە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو یەک دەنگ داوای مانگرتنیان کرد و ڕۆژی 21ی خەرمانان خەڵک بەدەم داواکارییەکەیانەوە هاتن و ئەوەی لە چوارچێوەی راگەیەندراوە هاوبەشەکان بینیمان، هەنگاوی باش بوون و تا ئێرە ناتەبا نەبوون لەگەڵ چاوڕوانیی کۆمەڵگە و پەیام و وەڵامی کۆمەڵگەشیان بۆ ئەو پێکەوەبوونە لە 21ی خەرماناندا وەرگرتەوە. ئەوەی لێرەدا جێگای رەخنەیە و سەلمێنەری ئەوەیە کە بژاردەی سیاسی کورد نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە لە ئاگایی کە بازنەی بینینی فراوانتر بکا، ئەوەیە کە لە ئاستی جۆراوجۆردا کارەساتی 17ی خەرمانانیان تێکەڵ بە ململانێی حیزبی کرد و هەوڵ دەدرا لە گەورەیی ڕووداوەکە کەم بکرێتەوە. لە ئاستی دووەمدا، بەداخەوە ئەکرێ بێژین بژاردەی ڕووناکبیریی ئێمە بە هەمان شێوەی بەشێک لە بژاردەی سیاسی، مەودای ڕوانینی فرە کورتە و زۆر جار ئەبنە پاشکۆی گرووپی جیاجیای نێو بژاردە سیاسییەکان. واتە، بەداخەوە ئەم توێژەش لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات نەیتوانیوە دەوری خۆی بگێڕێ ببێتە هاواری دەنگی کپکراوی کۆمەڵگەکەی و داکۆکیکاری حەقیقەت و بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان بێ. بۆ وێنە ئێمە سینەماکاری گەورەمان هەیە کە لە ئاستی فستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا ناسراوە و خاوەن ناوبانگ و پێگەیە لە بواری خۆیدا، کەچی بەرانبەر بە ڕووداوێکی گەورەی وەک 17ی خەرمانان هیچ هەڵوێستێکی نییە. ژمارەیەک هونەرمەند و نووسەری ناودارمان هەیە کە لە ئاست ڕووداوێکی وا گەورەدا بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوون، لە کاتێکدا ئەیانتوانی ڕۆڵی زۆر باش بگێڕن و قورسایی و پێگەی خۆیان بۆ داکۆکی لە مافی نەتەوەکەیان، بۆ بەگژداچوونەوەی هەرچی زیاتری سیاسەتی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بۆ گەیاندنی هاواری ڕەوای گەلەکەیان بە گوێ دونیا، بەکار بێنن. مەخابن، ئەوەی چاوەڕوان ئەکرێ و ئەوەی ئەرکی ڕاستەقینەی ئەم توێژەیە زۆر نامۆیە لەگەڵ ئەوەی لە کرداری بەشێک لەم توێژە بینیمان. سەیر لەوەدایە، ژمارەیەک لە دەموچاوەکانی ئەم توێژە لە دەرکەوتن و ئاخاوتنەکانیاندا زۆر نەتەوەیی و ڕادیکاڵ دەردەکەون و بۆ ڕووداو و کێشەکانی پارچەکانی دیکە، هەمیشە ڕۆڵی "کەواسووری بەر لەشکەر" ئەگێڕن، کەچی بەرانبەری بەوەی پارچەیەکی لەشیان لە لایەن دڕندەترین و مەترسیدارترین دوژمنی سەردەمەوە ئەنجن ئەنجن ئەکرێ، کەڕ و بێدەنگن.   کاردانەوەی بەشەکانی دیکەی کوردستان خاڵێکی دیکە کە گرنگە ئاماژەی پێ بکرێ، کاردانەوەی بژاردە و ڕای گشتیی پارچەکانی دیکەی کوردستانە بەرانبەر بەو هێرشەی کە لە 17ی خەرماناندا کرایە سەر حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ڕۆژهەڵات بۆ پرسە نەتەوەییەکان هەمیشە پێشەنگ بووە و هیچ کات بەرانبەر بەو ڕووداوانەی کە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕوویان داوە بێ هەڵوێست نەبووە و دەسبەجێ پەرچەکرداری هەبووە. بەرانبەر بە ڕووداوەکانی باکوور، بۆ عەفرین و کۆبانێ لە رۆژاوا، بۆ چەسپاندنی فیدرالیزم و ڕێفراندۆم و 1ی شوبات و ... لە باشوور، هەمیشە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات هەڵوێستی بوێرانە و چالاکانەی نواندوە، بەڵام لە بەرانبەر قەت وەڵامەکەی لە بەشەکانی دیکەی جەستەی وەرنەگرتووەتەوە. لە ئاستی حیزبەکاندا، تەنیا بە دەرکردنی چەند ڕاگەیەندراوێک تێپەرێ و لە ئاستی بژاردەی ڕووناکبیریشدا، جیا لە چەند کەسایەتی و چەند ناوێک، هیچ هەڵوێست و بەدواداچوونێکی ئەوتۆمان نەدی، تەنانەت چەند رۆژ دوای رووداوەکە "برێت مەکگۆرک"، نوێنەری تایبەتی ئەوکاتی سەرۆکی ئەمریکا لە ناوچەکە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و "پرێس کۆنفراسێکی هەبوو، بەداخەوە یەک رۆژنامەنووس خۆی لەوە نەدا کە بپرسێ بەڕێز مەکگۆرک چەند ڕۆژ لەمەوبەر، چەند کیلۆمەتر دوورتر لێرە، کۆماری ئیسلامیی ئێران سنووری ئاسمانی عێراقی بەزاند (کە کۆنترۆڵەکەی لە ئەستۆی ئەمریکادایە) و موشەکی دژی هێزێکی کوردی  بەکارهێنا، هەڵوێستی ئێوە چییە؟ ئایا پرسیارێکی لەو شێوەیە زۆری تێدەچوو؟ ئایا ڕووداوەکە ئەوەندە گەورە نەبوو کە لە ئاست تەنانەت یەک پرسیاردا بێ؟ لەئاستی ڕای گشتیی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا، جیا لە بەهاناوە هاتنی خەڵکی شارەکەی "حاجی قادر"، لە هیچ کام لە شارەکانی پارچەکانی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆمان نەبینی. ئەمەش لە کاتێک دایە، ئەگەر ئەم ڕووداوە لە هەرکام لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕووی بدابایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ڕۆژهەڵات خۆپێشاندانی هەزاران کەسی بۆ رێک دەخرا و بەدەیان کەسیش دەستگیر دەکران و ڕاپێچی تاریکخانەکان ئەکران، بەڵام ڕۆژهەڵات ئەم تێچوویەی نەدا کە لێرە تێچووشی نەدەبوو.   ئەنجام زۆر جار ڕووداوی بچووک ئەبێتە سەرچاوەی گۆڕانکاریی و وەرچەرخانی مێژوویی، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە ڕووداوە گەورەکانیش بە ئاسانی تێ ئەپرێنرێن و هیچ ڕوو نادا. بە واتایەکی دی سایکۆلۆژیای کورد زۆر جیاوازە و، رووداوە گەورەکانیش ڕایناچڵەکێنێ. نەتەوەیەک بە ئەنفال و کیمیابارن و ژێنۆساید وەخەبەر نەیە، پێویستە وەڵامی گەلێک پرسیاری کەڵەکەبوو بداتەوە. جوولەکە دوای هۆلۆکاست چییان کرد، ژاپۆن و ڤیێتنام چۆن ڕەوڕەوی مێژوویان بە قازانجی خۆیان گۆڕی، ئەمانە هەمووی ئەزموونی گەورە و بەنرخن و دەبوو کورد تا ئێستا لێیان فێر ببا. مەخابن دوای ئەو هەموو کارەساتەی کە بەسەر کورد هاتوە، ئێستاش ئەبینی هەر وەک خۆیەتی و لە هیچ کام لە ڕووداوە گەورە و چارەنووسسازەکان نەیتوانیوە کەڵک وەربگرێ و مۆرکی خۆی لە میژوو بدا. کاتێک ئاوڕ لە رابردوو ئەدەیتەوە، زۆر سەیر نییە بەلاتەوە کە ڕووداوێکی گەورەی وەک 17ی خەرمانانیش بە ئاسانی تێ ‌ئەپڕێنرێ. موشکبارانی 17ی خەرمانان و لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسی کورد لە هەمان رۆژدا، پەلاماردانی بزووتنەوەیەک بوو کە بەداخەوە نەیتوانی ئاڵا هەڵگرانی بزووتنەوەکە (وەک بژاردەی سیاسی) و هەروەها بژاردەی ڕووناکبیریش لە کۆمەڵگەی کوردستان وەخەبەر بێنێ. 17ی خەرمان هەلێکی گەورە بوو کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەیانتوانی بەباشی کەڵکی لێ وربگرن و بیکەنە خاڵی وەرچەرخان بۆ یەکگرتنەوە و تەبایی زیاتر و دەستپیکردنی سەرەتایەکی نوێ. لە راستیدا، بەپلەی یەکەم لایەنەکانی دیکە لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکدا، بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکە نەکرد و رێزیان بۆ پەیامی مانگرتنی گشتیی خەڵک لە ڕۆژی 21ی خەرمانان دانەنا.  لێرەدایە کە جارێکی دیکە، ئەتوانین بێژین بژاردەی ئێمە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە لە ئاگایی کە فراوان بڕوانێ و داهاتوو بنیات بنێ. بەتایبەتی، بەشێکی بژاردەی رووناکبیریی ئێمە ئەوەند بەرژەوەندخوازە کە هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان لە پێناو خۆیدا پێشێل ئەکا. بەپێچەوانەی بژاردەی کۆمەڵگە، ئەوەی جێگای هیوا و تێرامانە، پەرچەکرداری راێ گشتیی ڕۆژهەڵات بوو کە بە ئاسانی بە لای رووداوەکەدا تێپەڕ نەبوو و بۆ هەمیشە ئەمێنێتەوە. لە لای ئەمەشدا خۆڕاگری و ورە بەرزی بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەکانی پەلاماری مووشەکی 17ی خەرمان، قارەمانێیەتی تێکۆشەرانی راستەقینەی دێموکرات و کۆڵنەدانی بنەماڵەی ئەو سێ بەندییە سیاسییەی کە لەسێدارەدران، بۆ هەمیشە وەک لاپەڕەیەکی زێڕین ئەمێنێتە.