کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان، هەرێمی خوێن و هەستانەوە

01:04 - 1 رەزبەر 2719

خەنەبەندانی خوێنە، خەرمانانە و مانگی خەم و فرمێسک و ژان و هەژان و بەرخۆدان و هەستانەوە. خەرمانانە و مانگی خەزان، دوێنێ شەهیدان لە باشووری نیشتمان لەبەر دەمی قەڵا و ئەمڕۆ لە میکۆنووس لەبەر دەمی قانوون. دوێنێ لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و ئەمڕۆش لە شەقامەکانی بێرلین. دوێنی چراکانی چوارچرا خامۆش دەکرێ، پێشەوای سەرداری کورد لەنێو دڵی نیشتماندا لە دار دەرێ، قاسملوو لەسەر هەق و لە پێناو هەقدا تێرۆر دەکرێ، لە قەڵای دێموکڕات بە بۆمبا لە سەری ئێمە دەدرێ، کۆڵبەرێکی کۆڵ لە کۆڵ لەسەر پاروە نانێ وەبەر ڕەهێلەی فیشەک دەدرێ، دوێنی ئازاد لە دیداری ئازادییدا سەر دەنێتەوە و ئەمڕۆش لەم ڕۆژە تاڵەدا لەبەردەمی کلیسادا شەڕەفکەندی لە خاچ دەدرێ. لە زێدی من قازی لەجێی تاوانبار لە سێدارە دەدرێ، کورد بە ئایەتی قورئان ئەنفال دەکرێ، بە تاوانی کورد بوون ناسنامەی گەلێک دەسووتێ، دوکتۆرەکان وەبەر نەشتەر و شمشیر دەدرێن هەتا پزیشک و خەمخۆری کورد نەمێنن. ئەی نیشتمان! بارتەقای ڕووبارەکان خوێنمان بۆ دای، بە ژمارەی ئەستێرەکان ڕوحمان فڕی، چی لە تۆ پیرۆزتر و چی لە تۆ ئازیزتر و مەزنتر کە گوڵەکانت بە خوێن و دارهەنارەکانت بە فرمێسک ئاو دەدرێن. ئەی نیشتمان! لە باوەشی تۆدا بێکەس و لە داوێنتدا هەر ماڵ لە کۆڵ و بێ پەناین. چ ناخ هەژێنە مردن لە باوەشی دایکدا و ئاوارەیی لە داوێنی نیشتماندا و غەریبی لە ماڵە باواندا. چ دڵتەزێنە حەرامکردنی بزە لەسەر لێو و ڕفاندنی دڵبەر لە ئامێزی دڵدار و پێکەنین لە ناخ و ماڵاوایی لە نیشتمان، بەڵام چ شانازییەک گەورەتر لەمردن لەڕێی ئازادی و بەخشینی ڕوح لە پێناو زێد و نیشتماندا. ئەی ڕەقیب! ئەتۆش دڵنیابە، نە قەڵامان دەچەمێ، نە چیامان لە دار دەدرێ، نە کانیاوەکانمان دەخنکێن و نە قەندیل‌مان دەکرێنە دیل. ئێمە دەبینە دەنگی بێدەنگی و، نە کوردستان بێ پێشمەرگە و نە پێشمەرگە بێ کوردستان دەبێ. ئەی ڕەقیب! بزانە و دڵنیا بە، نە هیواکانی تۆ لە نیشتمانی مندا بەر دەگرن و نە خوێن دەبێتە ئاو. نە قازی دەمرێ و نە وەسیەتەکەی و نە کۆمار فەرامۆش دەکرێن، نە وانەکانی قاسملوو  دەسڕێنەوە و نە قاتڵەکانی میکۆنووس بە ئازادیی دەخولێنەوە. دڵنیابە دڵنیا، ئەمڕۆ یا سبەی گۆڕغەریبەکانی پێرلاشێز بەرەو نیشتمانی دایک دەگەڕێنەوە و ئاڵای سەرکەوتن لە چوارچرای قازی لەسەر کۆشکی کۆمار دەشەکێتەوە. ئێمە لە تۆرەمەی نەتەوەیەکین لە نێو دڵی خاکدا دەڕوێینەوە. لە ڕۆژی تۆڵەدا یەک دەبینینەوە. لە خەرمانانی سووردا گشت شەقامی شارەکانی نیشتمانم بە شێعر و مۆم و گوڵ و مێخەک دەڕازێنینەوە. پەیڤەکانی پێشەوا دەکەینە هەوێنی نەسرەوتن و هەستانەوە. دەوڵەتی کوردی بونیاد دەنێین و گشت ئاسەواری ئێوەی دێوەزمەی شوومی شەڕ لەسەر داروپەردووی نیشتمانم دەسڕینەوە. لەسەر لووتکەی ئازادی هەموومان یەک دەنگ سروودی هەرمان و نیشتمان و ئەی ڕەقیب دەڵێینەوە.