کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لووتکەی خاوەندارێتی لە بزووتنەوەیەکی شوناسخوازانە

04:24 - 1 رەزبەر 2719

لووتکەی خاوەندارێتی لە بزووتنەوەیەکی شوناسخوازانە

(مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی)

ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی _چوار ڕۆژ دوای هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات و لەسێدارەدانی سێ لاوی کورد_ خەڵکی کوردستان لە مانگرتنێکی گشتیدا، ڕق و بیزاریی خۆیان لەم ڕێژیمە دەربڕی. خەڵکی کوردستان لەم ڕۆژەدا (٢١ی خەرمانان) بە داخستنی دووکان و بازاڕ و مانەوەیان لە ماڵەکانیان، هاوکات لەگەڵ مەحکوومکردنی هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکرات و لە سێدارەدانی لاوانی کورد، بۆ جارێکی دیکە و لە ئاستێکی بەربەرینی جەماوەریدا خاوەندارێتییان لە بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوەیی خۆیان کرد. خەڵکی کوردستان لە ڕێگای ئەم مانگرتنەوە بۆ هەمیشە ئەو ئیدیعایەی ڕێژیمی تارانیان لەمەڕ لەپەراوێزکەوتنی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرپەرچ دایەوە و بۆ هەموو لایەک سەلمێندرا کە پێگەی جەماوەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی و حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە بیر و باوەڕی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستاندا چەسپاوە. ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە مێژووی خەبات و هەڵوێستی جەماوەری و گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌ و بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، جێگە و مانایەکی بەرزی لە پرسی خاوەندارێتیی کۆمەڵگەی کوردستان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی ئەم میللەتەدا هەیە. بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە تارانیش مانایەکی تاڵی ددانشکێن و پڕ لە پەیام بەرانبەر بە سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی ئەم نیزامە بوو کە توانی لە ئاستێکی جەماوەری و گشتیدا، تەواوی ئیدیعا دوژمنکارانەکانی ئەم ڕێژیمە وەدرۆ بخاتەوە و تەعبیرێکی سەلمێندراو بێت بۆ پێگەی بەرزی جەماوەیی بزووتنەوەی نەتەوەیی و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو دڵ و باوەڕەکانی خەڵکی کوردستاندا. *** مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانان" چ لە ڕووی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و چ لە ڕووی پەرچەکداری مانایی (هەڵوێستی سیاسی)یەوە، بەرهەمی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و ڕێکخراوە. جەماوەریبوون و گشتگیربوونی ئەم ڕەفتارەی کۆمەڵگەی کوردستان ناکرێ تەنیا لە چوارچێوەی پێگەی سیاسی، جەماوەری و مێژوویی ڕەوتێکی سیاسی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان یان ڕەوتگەڵی سیاسیی وەک حیزبە کوردییەکان (ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران)دا خوێندنەوەی بۆ بکرێ. بەڵکوو لە ڕووی ڕەفتار، جۆری ڕەفتار، گشتگێربوونی ڕەفتار و پەیامەکانی ڕەفتارەوە، دەخوازێ خوێندنەوەیەکی قووڵتری بۆ بکرێ کە بێگومان کاریگەریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر "ڕەفتارێکی سیاسی"ی وەک ٢١ی خەرمانان، بەرچاو و یەکلاکەرەوەیە. مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان کە لە ئەدەبیاتی حیزبی دێموکراتدا هێندێک جار بە پێناسەی "ڕێفراندۆم" باسی لەسەر دەکرێ، لایەنە جەماوەری و گشتگیرییەکەی زیاترین سەرنج و بایەخی لەسەرە. بۆیە ئەم ڕەفتارە بەرین و جەماوەرییە تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و لەسەر پێیە کە شکڵ دەگرێ، کۆمەڵگەیەک کە هەستی خاوەندارێتی تیایدا پێناسەیەکی نەتەوەیی و لە خۆ دەرخستندا، شێوازێکی جەماوەریی بەخۆوە بینیبێ. ئەم حاڵەتە لە ڕەفتاری کۆمەڵگەیەکدا بەبێ بوونی بزووتنەوەیەکی فرەچەشنی کۆمەڵایەتی ئیمکانی نییە لەوەها شکڵ و قەوارەیەکی جەماوەریدا بوونی هەبێ. کەوایە ئەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هەناوی کۆمەڵگەی کوردستانە کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو، ڕەفتاری چین و توێژە جیاجیاکان لە سەر ئاستی جەماوەریدا ڕێک دەخا. ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی جووڵە و بزاڤی مەدەنی‌ لە کوردستاندا هەن و زۆریان لە سەر باس کراوە، لە شکڵگرتن و ڕێکخراوبوونی جۆری ڕەفتاری کۆمەڵگەی کورستان لە ٢١ی خەرماناندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە. ئەوەی لە کۆی ئەم باسەدا خاڵی هاوبەشە و توانیویەتی لە چوارچێوەی پرسە گەورەکەدا -کە پرسی نەتەوەی کورد، حیزبی دێموکرات، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و خەباتی مەدەنی و بە گشتی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانە_ ببێتە هەوێنی ئەم ڕێکخستن و جەماوەریبوونەی ڕەفتاری کۆمەڵگە، "هۆڤییەتی شوناسخوازانە"ی خەباتی نەتەوایەتیی ئەم میللەتەیە. بە واتایەکی دیکە و بە زمانێکی زۆر سادە دەتوانین بڵێین؛ لە قۆناغی ئێستای بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستا‌ندا کە قۆناغی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانە، هەر جووڵە و ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی، مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەپارێزی، سیاسی و..... ماهییەتێکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی هەیە. بەپێچەوانەی قۆناغی دوای ڕزگای و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکان کە هەموو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان ماهییەتێکی سینفی و تایبەت بە خۆیان هەیە، لە ئێستادا نێوەرۆک و ماهییەتی هەر جووڵە و خەباتێک لە کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە بزووتنەوە گەورە شوناسخوازانە نەتەوایەتییەکە. هەر ئەم نێوەرۆک و ماهییەتە هاوبەشەیە کە لە قەوارەیەکی گەورە و جەماوەریدا توانیویەتی لە رێکەوتێکی وەک ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا، ڕەفتاری خەڵک لە شکلێکی جەماوەری و گشتیدا ڕێک بخات.

***

هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە ئامانجگرتنی ئادرەسێک کە نزیک بە ٧٥ ساڵە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی شوناسخوازانەی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکا، هەست و شعووری کۆمەڵگەیەکی تەژی لە بەدواداچوون و بەدواداگەڕانی شوناسی خۆی بریندار کرد و خەڵک بە مەبەستی خۆ بەخاوەنکردنی پرس و داواکانی خۆی، لە ٢١ی خەرمانا‌دا یەکگرتووانە و تێکڕا لە چوارچێوەی مانگرتنێکی گشتیدا ڕق و بێزاریی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی. ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کورستان لەئارا دایە، خەباتێکی شوناسخوازانەی نەتەوەییە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەوڵ و هیمەت و ئازایەتیی بژاردەکانی کۆمەڵگە، چالاکانی مەدەنی و سیاسی و بە پشتیوانیی حیزبەکان، لە شێوەی جۆراوجۆر و ڕێکخراو و لە چوارچێوەی بزووتنەوەی گشتیییە نەتەوەییەکەدا بەڕێوەی دەبەن و رۆژانە هەزینەی بۆ دەدەن. حیزبی دێموکرات کە ڕێبەرایەتی و نوێنەرایەتیی ئەم بزووتنەوە نەتەوەییە دەکا، خۆی بە پشتیوانی هەموو ئەو جموجۆڵ و تێکۆشان و چالاکیانە دەزانێ کە لەم چوارچێوەیەدا لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بەڕێوە دەچن. کاتێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەم حیزبە ڕایگەیاند کە؛" ئێمە ناتوانین بە مووشەک وڵامی هێرشی مووشەکیی ڕێژیم بدەینەوە، چەکی ئێمە ئیرادەی خەڵکی کوردستانە و خەڵکی کوردستان ئەم هێرشە تێرۆریستییە بێ‌وڵام ناهێڵنەوە". هەڵوێستی گشتی و جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرماناندا، درووستبوونی ئەم ئیدیعایەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێگەی ئەم حیزبەی لەنێو دڵ و باوەڕەکانی خەڵکی کوردستاندا سەلماند.