کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم 10 کەس لە کوردستان مینیان پێدا تەقیوەتەوە

13:41 - 2 رەزبەر 2719

تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵیشدا لانیکه‌م 9 قوربانیی لێکەوتەوە که‌ ناوه‌ندی مافی مرۆڤ شوناسی 2 که‌س له‌وانی ئاشکرا کردوه‌ کە بەهۆی تەقینەوەی مین لاقیان پەڕیوە. لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵیش‌دا تەقینەوەی مین لە کوردستان زیاتر لە 14 قوربانیی وەرگرتبوو کە "چاونیوز"، ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 8 کەس لەوانی ئاشکرا کردبوو. لەو 8 قوربانییەی تەقینەوەی مین کە ناویان ئاشکرا کرابوو یەک کەسیان گیانیان لە دەست دابوو و 7 کەسیش بریندار بوون. بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەی مین لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە کوردستان کوژراون و بریندار بوون و بە ناو و شوناسیان زاندراوە، 10 کەس بووە. جێی بیرهێنانەوەیە کە تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم 48 قوربانیی وەرگرتبوو کە لەو 48 کەسە 37 کەسیان بریندار و نقوستان ببوون و 11 کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو.