کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوی هاتووچۆ لە ڕێگاوبانەکانی بۆکان

15:54 - 2 رەزبەر 2719

بەپێی ئەو هەواڵ و ئامارانەی کە بڵاوکراونەوە لە جادەکانی بۆکان لە کەمتر لە یەک مانگدا ٧٢ کەس بریندار بوون. ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، سەرهەنگ "کەماڵ حسێن‌زادە" بەرپرسی فەرماندەی پۆلیسی ڕێگاوبانی ورمێ، لە کۆبوونەوەی شووڕای هاوئاهەنگیی و ترافیکی شاری بۆکان سەبارەت بە ڕووداوی هاتووچۆ لە ڕێگاوبانەکانی ئەو پارێزگایە، ئاماژەی بەوەدا کە لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٩٨ی هەتاوییەوە لە جادەکانی سەر بە شاری بۆکان ٣١٩ ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە کە بۆتە هۆی گیان لە دەستدانی ١٣ کەس و برینداربوونی ٣٢٩ کەس. ناوبراو هەروەها وتی : کە لە٢٨ ڕۆژی مانگی خەرمانانی ئەم ساڵدا ٦٦ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە کە بۆتە هۆی گیان لە دەستدانی ٣ کەس و بریندار بوونی ٢٩ کەسی دیکە. لە درێژەی باسەکەی دا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرترینی ئەو ڕووداوانە لە نێوان "بۆکان بۆ میاندواو"، لەسەر پێچی گوندی "مەڵڵالەر" بووە کە ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەرمانان، لە سێ ڕووداوی جیاجیادا ١٢ کەس گیانیان لە دەستداوە. لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٩٧ی هەتاویدا هەر لە پێچی "مەڵڵالەر" ١٥ جار لەو شوێنە ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە، کە پێنج کەس گیانیان لە دەستدا و ١٠ کەسیش بریندار بوون. لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ٢٣ ڕووداوی هاتووچۆ کە تێیدا کەسێک گیانی لە دەستدا و ١٤ کەسیش بریندار بوون. شایانی باسە کە ساڵانە بە سەدان کەس بە هۆی نالەباری و ستاندارد نەبوونی ڕێگا وبانەکانی کوردستان بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دەدەن و بریندار دەبن. گرینگی پێنەدانی کاربەدەستان، پێنەدانی بوودجەی پێویست و پێڕانەگەیشتن بە کوردستان هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوانەن کە ساڵانە لە کوردستان و ئێران هەزاران کەس دەبنە قوربانی و گیان لە دەستدەدەن.