کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هۆک: ئێرانییەکان باس لە دێموکراسی دەکەن و کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدەن

13:48 - 3 رەزبەر 2719

برایان هۆک بەرپرسی ناوەندی هەڵوێست دژی ئێران، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئەمریکا تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا قبووڵ ناکا. برایان هۆک لە چاوپێکەوتنێکی هەواڵدەریی لە واشینگتۆن گوتی: "ئەمریکا بە شەرتێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دانووستان دەکا کە واز لە سازکردنی مووشەکی بالستیک و تێرۆریزم بێنێ". ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە سەرانی کۆماری ئیسلامی لە لایەک باس لە دێموکراسی دەکەن و لە لایەکی تر کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدەن. برایان هۆک ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامی لەژێر پەردەی دین و دیانەت دا هەموو شتێک بە ناشەرعی لە قەڵەمدەدا. هۆک لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە تێرۆریزم و میلیشیاکان لە یەمەن و سووریە و عێراق دەکا و لە پێنج قاڕەی جیهان بۆتە پشتیوانی تێرۆریزم و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەکا. هەر لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆریزم ناوبراو ڕایگەیاند کە سپای پاسدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان خسۆتە لیستی تێرۆرەوە چونکە ئەو هێزە چەکدارە چەک و پارە بۆ گرووپ و میلیشیاکان ڕەوانەی یەمەن و لوبنان و سووریە و عێراق دەکا . برایان هۆک هەروەها بۆ جارێکیتر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی عەڕەبستانی سعوودی. تێرۆریزم کاڵای پڕ بە باڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەموو کۆر و کۆبوونەوەیەک بۆتە باسی کاربەدەستان و ڕۆژنامە و میدیاکانی جیهان و ئەو ڕێژیمە سەرتاپای جێگەی گومان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و بۆتە هۆی نەفرەت و بێزاری بیروڕای گشتی لە سەرانسەری جیهاندا.